ئۆتۆمبێلی خێزانێکی عەرەب لە دەشتی هەریر "وەرگەڕا" و کەسێکیان گیانی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ 

ئۆتۆمبێلی خێزانێکی عەرەب پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەسەر رێگەی دەشتی هەریر لە سنووری هەولێر "وەرگەڕا"، لەئەنجامدا کەسێکیان گیانی لەدەستدا و سێی دیکەش بریندار بوون.
 
رووداوەکەی هاتووچۆ لە جووتسایدی دەشتی هەریر کە جووتسایدی هەریر باسرمەی پێدەگوترێت، ئەمڕۆ لە یەکەم رۆژی ساڵی نوێ (1-1-2024) لە نزیک گوندی ئافریان روویداوە.
 
ئەنجام جەبار، پەیامنێری رووداو لەبەردەم نەخۆشخانەی هەریرەوە گوتی "بەپێی ئەو وێنانەی بەدەست ئێمە گەیشتوون، تەنیا یەک ئۆتۆمبێل دیارە، کە وەرگەڕاوە و قوربانییەکان سەرنشینی ئەو ئۆتۆمبێلەن. قوربانییەکان بەشێکیان گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی هەریر و بەشەکەی دیکە دەگوترێت گەیەندراونەتە، شەقڵاوە."
 
محەممەد ئامۆکەیی، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی شەقڵاوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "تائێستا دوو کەس گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی هەریر، کەسێکیان کە خەڵکی بەغدایە ناوی مونتەزر کەریمە، تەمەنی 42 ساڵە و گیانی لەدەستداوە، براکەشی لە نەخۆشخانەکەیە و بریندارە، بەڵام رەوشی تەندروستیی باشە و دەکرێت ئەمڕۆ نەخۆشخانە جێبهێڵێت."
 
بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی شەقڵاوە ئاماژەی بەوەش دا "دەگوترێت دوو منداڵی دیکەش لە رووداوەکە بریندارن، کە هەموویان ئەندامی یەک خێزانن. وەک نەخۆشخانە سێ ئەمبیوڵانسمان ناردە شوێنی رووداوەکە، بەڵام کەس لەوێ نەمابوو و، دوو منداڵە بریندارەکە دەگوترێت گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی شەقڵاوە."
 
بەهۆی ئەوەی لە هەریر و شەقڵاوە دادپزیشکی نییە، تەرمی ئەو هاووڵاتییەی گیانی لەدەستداوە، دەگوازرێتەوە دادپزیشکی هەولێر و لەوێوە رادەستی کەسوکاری دەکرێتەوە، ئەوە وەک محەممەد ئامۆکەیی باسی دەکات.