سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زیندانەوە بۆ رووداو دەدوێت

رووداو - ئەدرنە

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت: "بڕوام وایە کورد بەیەکەوە دەتوانن ئەم کاتە سەختە تێبپەڕێنن، پێویستە خەڵکی تورکیاش لەوە تێبگەن کە خەباتی کورد بۆ دیموکراسی لە رابردوودا سوود بە هەموو گەلانی تورکیا دەگەیێنێت". دەشڵێت: "نێچیرڤان بارزانی کەسایەتییەکی سیاسیی کاریگەرە لە ناوچەکە و ئازادی منی دەوێت".

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە و کاندیدی ئەو پارتە بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، لە زیندانی ئەدرنەوە لەبارەی چەند پرسێک وەڵامی پرسیارەکانی رووداوی داوەتەوە. ناوبراو لەبارەی ئەوەی ئایا بڕوای وایە لەم هەڵبژاردنە سەرکەوتوو دەبێت و دەبێت بە سەرۆکی تورکیا، دەڵێت: "بەدڵنیاییەوە دەبم بە سەرۆک. سیاسەت پێویستی بەوە هەیە پێداگربیت. ئێمەش تاوەکو ئێستا هەمیشە تموحمان هەبووە، بەردەوام و سەرکەوتووبووینە، چونکە ئەگەر سەیری دۆخی ئێستای تورکیا بکەیت، پێویست بەوە ناکات بێهیوا و رەشبین بیت".

دەمیرتاش لەبارەی ئەوەی ئایا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەتوانێت هاوکاربێت بۆ ئازادبوونی لە زیندان، ئاماژە بەوە دەکات کە دۆستایەتییەکی نزیکی لەگەڵ هەیە و دەڵێت: "نێچیرڤان بارزانی سیاسییەکی کاریگەرە لە ناوچەکەدا و بەدڵنیاییەوە ئازادبوونی منی مەبەستە، بەڵام من چاوەڕێی ئەوە نە لە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و نە لە کەسایەتییەکی دیکەی سیاسی دەکەم کە هاوکاربن لە ئازادکردنم، بەڵکو من لەگەڵ ئەوەدام کە نابێت چیدیکە دەسەڵاتی دادوەری لەژێری گوشاری سیاسیدا بێت"

 

هەروەها دەشڵێت: "ئێمە وەک سەرکردەکانی کورد هەموومان بەیەکەوە خەبات دەکەین بۆ ئازادی خەڵکەکەمان، ئەگەر خەڵکی ئێمە براوەبن و ئازادبن، ئەوە بۆ ئێمە بەسە، لێرە دەمەوێت رێز و خۆشەویستیم بۆ بەڕێز مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و هەموو سەرکردە سیاسییەکانی دیکە و خەڵکی هەرێمی کوردستان بنێرم، من بڕوام وایە خەڵکی کوردستان دەتوانن پێکەوە ئەم کاتە سەختانە تێبپەڕێنن".

دەقی هەڤپەیڤینەکە لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش:

رووداو: پێتوایە دەبیت بە سەرۆکی تورکیا؟

سەڵاحەدین دەمیرتاش: بەدڵنیاییەوە دەبم، سیاسەت پێویستی بەوەیە پێداگر بیت. ئێمە تاوەکو ئێستا هەمیشە خواست (تموحمان) هەبووە، پێداگر و سەرکەوتوو بووین. ئەگەر سەیری دۆخی ئێستای تورکیا بکەیت، پێویست بەوەناکات بێهیوا و رەشبین بیت. ئێمە بە شوێنکەوتنی خەونی ئازادی و دیموکراسیمان گەیشتووینەتە ئەم خاڵە. چێ گیڤارا قسەیەکی هەیە دەڵێت"واقیعی بە، داوای موستەحیل بکە".

رووداو: هەندێک لە ئاژانسەکانی هەواڵ دەڵێن تۆ بۆیە خۆت بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەڵبژاردووە، تاوەکو لە زیندان بێیتەدەرەوە، خۆت لەم بارەیەوە چی دەڵێیت؟

سەڵاحەدین دەمیرتاش: لەپێناوی خەڵکەکەمدا دەستبەرداری هەموو خواستە کەسییەکانم دەبم. من بەبێ هیچ سازشێک بەردەوامیم بەم خەباتەم داوە. دەمتوانی رابکەم و نەچمە زیندانەوە، بەڵام ئەوکاتە هەدەپە دابەش دەبوو و، جارێکی دیکە یەکگرتوو نەدەبووەوە. ئەگەر ئەمڕۆ هیوایەک هەیە، لەبەر ئەم هەڵوێستەیە، کە ئێمە لە دەرەوە و لە ناوەوەی زیندان هەمانە. من، نەمدەتوانی لە زیندان پشت لە هەزاران منداڵی ئازای خەڵک بکەم و رابکەم.

رابەرایەتیکردنی حیزب لە دەرەوە شتێکی ئەستەمە، هەروەها رازیکەر نییە. ئەگەر بمویستایە، دەمتوانی ببم بە بەربژێر بۆ ئەندامییەتی پەرلەمان، ئەوکاتە بە بەدەستهێنانەوەی پارێزبەندی دەمتوانی لە زیندان ئازادبم. هاوڕێکانم ئەوەیان بۆ پێشنیازکردم، بەڵام من ئازادی خەڵکم بەلاوە گرنگ بوو، نەک ئازادی تاکە کەسیی خۆم. چونکە ئەگەر خەڵکی ئێمە ئازادبن، ئێمەش ئازاد دەبین. لەبری ئەوەی هەڵسەنگاندنێکی سادە لەسەر من لەبەرچاو بگیرێت، شتێکی دادپەروەرانە دەبێت کاتێک قسە لەسەر من دەکرێت، شتێکی پراکتیکی بگوترێت. 

رووداو: لەبارەی داواکەی ئۆپۆزیسیۆن بۆ ئازادکردنی تۆ، بۆچوونت چییە؟ بۆچی ئەوان بەر لەوەی کاتی هەڵبژاردن دیاریبکرێت، ئەو داوایەیان نەکرد؟ دەکرێت ئەمە بانگەشەی هەڵبژارد نبێت؟

سەڵاحەدین دەمیرتاش: بە لەبەرچاونەگرتنی کاتی گفتوگۆکە، من دەڵێم، ئەم داوایانە گرنگ و مانادارن. پێموایە لەرووی ئەنجامی سیاسیشەوە سوودبەخشن. لە سیاسەتدا، لەجیاتی ئەوەی پرسیار لەسەر خواست بکەیت، گرنگترە زیاتر سەرنجت لەسەر ئەنجامەکەی بێت. 

رووداو: نیگەرانییە سەرەکییەکانی خەڵکی تورکیا چین؟

سەڵاحەدین دەمیرتاش: کێشە هەرە جدییەکە ئابوورییە. بێکاری و هەژاری گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز. دادپەروەری، ئاسایش، تەندروستی و پەروەردەش کێشەی دیکەن. هۆکاری سەرەکی هەموو ئەو کێشانە دیموکراسییە. ئێمە وەک هەدەپە، پرۆژەیەکی چارەسەری گونجاو و کردەییمان دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسانە، کە بە دڵنیاییەوە کاریگەری دەبێت.

رووداو: خۆت دەزانی ئیستا تۆ لە زیندانی. تاچەند لەنێو هەلومەرجی زینداندا دەتوانیت بانگەشەی هەڵبژاردن ئەنجامبدەیت؟

سەڵاحەدین دەمیرتاش: لێرە دەرفەتی زۆرم نییە. لە راستیدا، هاوڕێیانم لە دەرەوە هەڵمەتی بانگەشەکە بەڕێوەدەبەن. من تەنیا دەتوانم هاوکارییەکی کەم پێشکەش بکەم، چونکە دواجار بەڕێوەبردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن موستەحیلە.

رووداو: پارێزەرەکەت رایگەیاندووە دوای چەند رۆژێکی دیکە ئازاد دەکرێیت، بڕوات وایە کە بە ئازادی دەمێنیتەوە؟

سەڵاحەدین دەمیرتاش: پارێزەرەکەم لە جەنگێکی زۆر جدی و یاساییدایە، هەروەها ئەوان بەباشترین شت کە لە دەستیان بێت دەیکەن، بەڵام یاسا و دەسەڵاتی دادوەری لە تورکیا کار ناکەن. سیاسەت گوشارێکی زۆر تووندی لەسەر دادگا هەیە. خەڵکێک بڕیاردەدات کە من ئێرە جێدێڵم، نەک دادگا. ئەگەر دەسەڵاتی دادوەری بەتەنیا بڕیاریبدایە، من لێرە نەدەبووم.

رووداو: پێتوایە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەتوانێت رۆڵی هەبێت لە ئازادکردنی تۆدا؟

سەڵاحەدین دەمیرتاش: ئێمە دۆستایەتییەکی نزیکمان لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانیدا هەیە. ئەو کەسایەتییەکی سیاسی گرنگە لە ناوچەکە، بەڵام من شتێکی وا نە لەو و نە لە هیچ کەسایەتیێکی دیکەی سیاسی چاوەڕێ ناکەم. بەپێچەوانەوە، من پشتیوانی لەو راستییە دەکەم کە پێویستە دەسەڵاتی دادوەری چیدیکە لەژێر گوشاری سیاسیدا نەبێت. هیچ گومانم نییە کە بەڕێز بارزانی بە دڵسۆزییەوە ئازادی منی دەوێت، بەڵام شتێکی نادادپەروەرانە دەبێت کە رۆڵ و ئامانجێکی لەم جۆرە بەو بدرێت. 

ئێمە هەموومان خەبات بۆ ئازادی خەڵکەکەمان دەکەین. ئەگەر خەڵکی ئێمە براوە و ئازاد بن، ئەمە بۆ ئێمە بەسە. دەمەوێت رێز و خۆشەویستیم بۆ جەنابیان و بەڕێز مەسعود بارزانی و هەموو سەرکردە سیاسییەکانی دیکە و خەڵکی هەرێمی کوردستان بنێرم. پێموایە خەڵکی کوردستان هەموویان پێکەوە دەتوانن ئەم کاتە سەختانە تێبپەڕێنن.

رووداو: بۆچی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبارەی زیندانیکردنی تۆ بێدەنگە؟ ئەمە لەبەر ئەوەیە کە ئەم دۆخە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەواندا نایەتەوە؟

سەڵاحەدین دەمیرتاش: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگ نییە، بەڵکو تەنیا سەرکردەکانیان بێدەنگن. کاتێک دێتە سەر پرسی بەهای دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ، ئەوان هەمووکات سازش لەسەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان ناکەن. بەر لە ئێستاش هەمان هەڵوێستی دووڕووییمان بینی، کاتێک لەبارەی هێرشەکانی سەر گشتپرسییەکەی کوردستان و کەرکووک بێدەنگبوون.
 
بەدڵنیاییەوە، کورد لەمە وانە فێردەبێت. هەمووشتێک کاتی خۆی هەیە. خوا گەورەیە. خەڵکی ئێمە دەبێت باوەڕیان بە خۆبەڕێوەبەری و هەروەها یەکڕیزی نیشتمانی خۆیان هەبێت، نەک هی خەڵکانی دیکە. بەیەکەوە لەماوەیەکی کورتدا ئەم رۆژە سەختانە تێدەپەڕێنین. ئەوانەی کە پێیان وایە کورد دابەش بووە و کۆتایی هاتووە، چونکە خۆیان بێدەنگن، شەرمەزاردەبن.

رووداو: ئەگەر هەڵبژاردن بچێتە قۆناخی دووەمەوە، ئێوە وەکو هەدەپە پشتیوانی لە کێ دەکەن؟

سەڵاحەدین دەمیرتاش: من لە قۆناخی دووەم دەمێنمەوە و، هەدەپەش جارێکی دیکە پشتیوانی لەمن دەکات، ئەمە هەموویەتی بۆ ئێستا.

رووداو: پەیامی تۆ بۆ کۆمەڵگەی کوردی و تورکی چییە؟

سەڵاحەدین دەمیرتاش: گەلی کورد ژیانێکی ئازاد، شکۆمەندانە و یەکسانیان دەبێت لەم سەدەیەدا. ئەو ئاستەی خەباتی ئێمە ئێستا پێگەیشتووە، پاشەکشەی لێناکرێت. ناوبەناو ئێمە هەوڵێکی بێپچڕان، هەروەها سووربوونێکمان هەبووە لەسەر ئەوەی کە گەلەکەمان بە ئاراستەیەکی باشدا ئاراستە بکەین، هەتا ئەگەر لە رووی سیاسییەوە کەموکورتی و هەڵەشمان هەبێت. 

ئەمڕۆ ئێمە کاتی خۆمان بۆ بەدواوەبوونی بەرژەوەندی بچووک بەفیڕۆ نادەین. ناتوانیت بە گفتوگۆی ناپێویست وزەی خۆمان بەفیڕۆ بدەین، دەبێت بەگیانی یەکڕیزیی نیشتمانی و هاوپەیمانی و ئاشتی نێوخۆییمان بەهێزبکەین.

تورک دەبێت لەوەتێبگات: خەباتی کورد بۆ دیموکراسی بۆ هەموولایەکە، هاوکات سوود بە کۆمەڵگەی تورکیش دەگەیێنێت. ئەگەر خەڵکی ئێمە بتوانن بۆدەستهێنانی ژیانێکی ئازاد و یەکسان هاوئاهەنگبن، ئێمە دەتوانین بە ئاشتییانە کێشەکانمان چارەسەربکەین. بۆ ئەمەش، هەدەپە پێویستی بە بەهێزبوونە لە رووی سیاسییەوە. لەم چوارچێوەیەشدا، داوادەکەم بە هەستی بەرپرسیارییەتی مێژووییەوە هەموولایەک دەست بە هەدەپەوە بگرن.


وەرگێڕان: دیار کوردە

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار