کۆنسوڵی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان: پڕۆژە گەورەکەی یەکخستنەوەی پێشمەرگە بە باشی جێبەجێ ناکرێت
رووداو دیجیتاڵ
کۆنسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان لەبارەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەڵێت، هەرچەندە "خەڵکێکی زۆر هەن" کە هەوڵدەدەن هەندێک بەرەوپێش بچێت، "بەڵام بەڕاستی پڕۆژە گەورەکەی یەکخستنەوە بە باشی جێبەجێ ناکرێت." لەبارەی ئازادیی رادەربڕینیشەوە ئاماژەی بەوە کرد، "دۆخی ئێستا نیگەرانکەرە، چونکە هەندێک لەو دەستکەوتانەی لە رابردوودا بەدەستهاتوون، بە راستی لەژێر گوشاردان."
یاکۆب، کۆنسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەهیان تەحسین لەگەڵی سازداوە، باسی چەند پرسێکی کرد، لەوانەش یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، مافی مرۆڤ، ئازادیی رادەربڕین، پەیوەندیی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا، کۆچ و چەند پرسێکی دیکە.
کۆنسوڵی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان پێیوایە، "دۆخەکە لە چەند مانگی پێشوودا وەکو ئەوەی ئێستا کە بووە، خراپ نەبووە." دەشڵێت، "ململانێی ناوخۆیی بەرەو خراپتر چووە. هەردوو لایەن بە هەموو جۆرەکان یەکدییان تۆمەتبار کردووە. تەنانەت ئەو بەرپرسانەیشیان دیاری نەکردووە کە پێویستە کارەکە بکەن، لە راستیدا بەرپرسان زیاتر و زیاتر لاوازتر دەکرێن. راستییەکەی، ململانێی زۆری ناوخۆیی هەیە."
رووداو: بەڕێز کۆنسوڵ، زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە و بەخێر بێیت بۆ رووداو.
یاکۆب: زۆر سوپاس بۆ میواندارییەکەتان. بەر لەوەی دەست پێبکەم، دەمەوێت پیرۆزباییتان لێ بکەم بۆ بردنەوەی (خەڵاتی ستیڤی)، چونکە بەلامەوە گرنگە ئاماژەی پێبدەم. پیرۆزتان بێت و سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە.
رووداو: زۆر سوپاس. مایەی خۆشحاڵیمە. بەو پێیەی کۆنسوڵخانەکەتان زۆر گرنگی بە کشتوکاڵ دەدات و وەکو دەزانن کوردستان زەوییەکی بەپیتی هەیە، بۆیە پێم خۆشە لێرەوە دەست پێبکەم و دەمەوێت بزانم ئامانجتان لە سەرنج خستنە سەر کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان چییە؟ ئەنجامی ئەم سەرنجە چییە؟
یاکۆب: زۆر سوپاس بەوە دەستت پێکرد، چونکە پێموایە یەکێکە لەو بابەتانەی دەستکەوتی زۆرمان تێدا بەدەستهێناوە، نەک ئێمە وەکو هۆڵەندا، بەڵکو ئێمە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئێرەشدا پێکەوە. رەنگە پێویست بێت بەوە دەست پێبکەم، کە بڵێم لەڕاستیدا بۆچی دەمانەوێت لەگەڵ ئەم هەرێمەدا کار لەسەر کشتوکاڵ بکەین. سەرەتا، ئەوە یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانی خودی حکومەتی هەرێمی کوردستان. بۆیە ئەوە هۆکارێکی گرنگە. پاشان، هۆڵەندا بە زانیاری و ئەزموونەکەی لە بواری کشتوکاڵدا بەنێوبانگە. ئینجا پێموایە تۆ ئاماژەت بەوە دا کە لێرە شیانێکی زۆر هەیە. زەوی بەپیتە. زۆر کارامەیی کارکردن بەردەستن. بۆیە تێکەڵەی ئەم شتانە وای لێ دەکات بۆ ئێمە کەرتێکی زۆر سەرنجڕاکێش بێت؛ بۆیە ئەوەی بە درێژایی ساڵانێک کردوومانە ئەوەیە سەرنجمان خستووەتە سەر سێ بواری جیاواز. هەموویان بە "پی" دەستپێدەکەن. لە بنچینەدا سێ "پی" هەن. یەکەمیان "پۆلیسیی کار"ە، دووەمیان "پەرەدانە بە کەرتی تایبەت" کە پەیوەندیی بە کۆمپانیاکانەوە هەیە، سێیەمیشیان "پرۆژەکان"ە، مەبەستم لە پرۆژەکان ئەو رێگایانەیە کە هەوڵ دەدەین لە رێگەیانەوە ئەوەی رێی تێدەچێت رایبگەیێنین و بە جووتیاران و خەڵکی پیشان بدەین کە دەتوانن لەگەڵ کشتوکاڵی هاوچەرخدا دەتوانن چی بکەن. بە درێژایی چەند ساڵی پێشوو کارمان لەسەر ئەم سێ لایەنە کردووە. بۆ نموونە 'پۆلیسیی کار' مانای ئەوەیە کە ئێمە سێ راوێژکار و شارەزای هۆڵەندامان هەبوون سەیری هەرێمەکەیان کرد، تا بزانن لە کشتوکاڵدا چی رێی تێدەچێت. جا ئەوان سیاسەتێکی کاریان بۆ حکومەت نووسی کە لەسەری بڕۆن. هێشتا لە قۆناخی کۆتاییدایە، چونکە لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانە و دەبێت پێداچوونەوەی کۆتایی بۆ بکرێت. رەنگە ئەوەیش بەمزووانە بکرێت. بەو مانایەی کە دەتوانین رێڕەوێکی درێژخایەنی بۆ دابنێین. پرۆژەکان و پەرەدان بە کەرتی تایبەت شتانێکن کە ئێمە خۆمان دەتوانین زیاتریان تێدا بکەین، چونکە ئەوە شتێک نییە کە حکومەتی ئێرە پێویستی بێت. جا خەریک بووین کاری زۆرمان کردووە لەو بوارەدا، وەکو پرۆژەکانی باخداری کە تەکنەلۆجیای هاوچەرخمان پیشان داوە و سەرنجی کۆمپانیاکانمان راکێشاوە و زنجیرەی بەهاییمان داناوە، بۆ نموونە لە کەرتی پەتاتەدا. بۆیە زۆر هەیە کە دەتوانم لەبارەیەوە بڵێم.
رووداو: دەمەوێت بزانم پلانی داهاتووتان بۆ باشکردنی کشتوکاڵ لە کوردستان چییە؟ بۆ نموونە بۆ پشتیوانیی جووتیاران لەبارەی ئامێری پێویست و تەکنەلۆجیا و تەکنیکی نوێوە دەتوانن چی بکەن؟ پلانەکەتان چییە؟
یاکۆب: با بڵێین سیاسەتەکانی کارن، ئەو سێ "پی"یەن ئێستا روونم کردنەوە. دەتوانیت بە شێوەیەکی بنچینەیی وەکو توێی جیاواز بیانبینیت، چونکە یەکێکیان "لە حکومەتەوە بۆ حکومەت"ە. ئێمە وەکو حکومەتی هۆڵەندا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کار لەسەر پۆلیسییەکە دەکەین. لە تەنیشت "حکومەت بۆ حکومەت"دا "حکومەت بۆ بازرگانی" هەیە، کە ئەوەیش مانای وایە ئێمە هەوڵ دەدەین لەبارەی تەکنیکەکان و نوێگەرییەکان و شتانی لەو جۆرەوە راوێژ بە کۆمپانیاکانی ئێرە بدەین.
رووداو: بازرگانانی هۆڵەندا یان کوردستان؟
یاکۆب: نا، بازرگانانی کوردستان، چونکە لە "حکومەت بۆ بازرگانی"دا لەم بارەدا ئاماژە بە حکومەتی هۆڵەندا دەکەم کە هەوڵ دەدات راهێنان بە خەڵکی ئێرە بکات، هەوڵ دەدات جۆری تایبەت بدۆزێتەوە کە چۆن بتوانن زیاتر بەرەو تەکنیکە نوێیەکان بگۆڕدرێن. جا لەپاڵ ئەوەدا "بازرگانی بۆ بازرگانی"مان هەیە کە ئەویش گرنگە. بەو مانایەی کۆمپانیا هۆڵەندییەکان لە هەرێمی کوردستان دەست بە وەبەرهێنان دەکەن و لەگەڵ کۆمپانیا هاوبەشەکانی ئێرەدا قسە دەکەن. ئینجا چوارەمیان لە تەنیشت "حکومەت بۆ بازرگانی" و "بازرگانی بۆ بازرگانی" و "حکومەت بۆ حکومەت"دا "زانیاری بۆ زانیاری" هەیە کە بۆ ئێمە مانای وایە ئێمە ئەوەندەی بتوانین، بۆ نموونە لە هۆڵەندا هەوڵ دەدەین خەڵک فێر بکەین کە چۆن لە کەرتی کشتوکاڵدا پێش بکەون، بەڵام دەکرێت لەوە فراوانتریش بێت. جا لە ساڵانی داهاتوودا لەم هەموو ئاستانەدا بەردەوام دەبین؛ بۆیە ئەگەر لێم بپرسیت پلانتان بۆ داهاتوو چییە، ئەوا دەڵێم ئەو سیاسەتی کارەیە کە روونم کردەوە. ئێمە لەو ئاستانەدا لەسەر ئەوە بەردەوام دەبین. ئینجا هەوڵیش دەدەین وەبەرهێنان بکەین لە گەیاندنی زانیاری بە ئاستی دواتر.
رووداو: باش دەبێت ئەگەر هەندێک داتا هەبن. چەند کۆمپانیای هۆڵەندیتان هەن کە لە کەرتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستاندا وەبەرهێنان بکەن؟
یاکۆب: خۆی کۆمپانیا هۆڵەندییەکان ئەو بەشەیە کە پێویستە کاری زیاتری لەسەر بکەین، چونکە چەند کۆمپانیایەک لێرەن، بەڵام سەدان نین. بۆ نموونە ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێ بدەم ئەوەیە لە مانگی ئەیلوولدا لێرە لە هەولێر "پاکەتی کشتوکاڵی (ئاگرۆ پاک)"مان دەبێت. "باخی کشت" پێشانگەیەکی بازرگانیی گەورەی کشتوکاڵییە. جا نزیکەی 10 کۆمپانیا لە هۆڵەنداوە دەهێنین کە سەروکاریان لەگەڵ باخداری و ئاودێری و هەموو ئەو شتانەدا هەیە کە لێرە بازاڕیان هەیە. هەروەها هەندێک شتی نوێیش دەهێنینە بازاڕەکەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا، لەگەڵ ئەرکێکی شیرەمەنیدا تێکەڵی دەکەین کە تێیدا ئەو کۆمپانیایانەی بەتایبەتی چاو بۆ بەرهەمی شیرەمەنی دەگێڕن، دێن بۆ هەولێر و هەروەها دەیشچن بۆ سلێمانی، چونکە بە دڵنیاییەوە سلێمانییش لایەنێکی گرنگی گەشەکردنی ئەم سیاسەتانەیە.
رووداو: بەو پێیەی من خەڵکی دهۆکم، ئەی بۆ دهۆک چی؟
یاکۆب: ئەوە پرسیارێکی باشە. خۆی جاروبار دهۆک هەندێک ئاسانترە، چونکە هاتن لە دهۆکەوە بۆ هەولێر ئاسانە. بە دڵنیاییەوە دەستپێشخەریشمان هەیە کە دەچێتە ئەوێ. یەکێک لەو شتانەی گەشەمان پێداوە خوێندنگەی مەیدانیی جووتیارانە. ئەوە دڵنیایی دەدات کە لەم ناوچانەی بۆ نموونە وەکو دهۆک جووتیاران تۆڕێکیان هەبێت، چونکە بەگشتی لێرە بە شێوەیەکی زۆر نەریتی کشتوکاڵ دەکرێت. جووتیارەکان زۆر لە کۆمپانیاکان دابڕاون. جا بە رێکخستنیان لە تۆڕێکدا وایان لێدێت کە لە یەکدییەوە فێر ببن و زۆر بەهێز ببن و دەتوانن ئاسانتر بەرهەم لە بازاڕدا زیاد بکەن، چونکە قەبارەی گەورەتریان هەیە و دەتوانن ئاسانتر وەبەرهێنان بکەن، چونکە سەرمایەی زیاتر کۆدەکەنەوە. جا ئەمانە ئەو شتانەن کە زۆر پێیانەوە سەرقاڵین و لە ساڵانی داهاتوویشدا وا دەبین.
رووداو: ئەوە زۆر باشە. با باسی بەرهەمە ناوخۆییەکان بکەین. هۆڵەندا زۆر بەرهەم، خواردەمەنی و میوە لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهانەوە هاوردە دەکات، بۆ نموونە وڵاتانی ئەمریکای لاتین و ئەفریقا و تورکیا و تەنانەت خورما و زەیتوون لە فەلەستینەوە. ئاسۆی ئەگەری هاوردەکردنی بەرهەم لە کوردستانەوە بۆ هۆڵەندا لە کوێدا دەبینیت؟
یاکۆب: بە دڵنیاییەوە شیانی ئەوە هەیە کە ئەوە باش بکرێت. قورسترین لایەنی ئەوە چییە؟ ئەوەیە کە هۆڵەندا بەشێکە لە یەکێتیی ئەوروپا و زۆربەی بڕیارەکان لە برۆکسلەوە دێن، لە [پەرلەمانی] یەکێتیی ئەوروپاوە. بۆیە لە ئەوروپا بۆ پاراستنی خۆراک و جۆرێتییەکەی و پێوانەکردنیان پێوەری زۆر تووند هەن. لەم ساتەدا بازاڕی هەرێمی کوردستان پێویستی بەوەیە زۆر باشتر بکرێت لەو لایەنەوەی کە چۆن خۆراک دەپارێزرێت و تاقیگەکان چۆن پشکنین بۆ پاراستنی خۆراک دەکەن. هەروەها لە لایەنی ساردکەرەوەیشەوە، بۆ نموونە دوای بەرهەمهاتنی شتێک، راستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ شوێنێک کە سارد دەکرێتەوە، لەوێوە بە شێوەیەکی دروست لە پاکەت دەنرێت و دەنێردرێت. بە مانایەکی دیکە، توانایەکی گەورە هەیە، بەڵام بۆئەوەی بگەیتە ئەو ئاستەی هاوتای پێوەرەکانی یەکێتیی ئەوروپا بیت، هێشتا دەبێت هەندێک باشتر بکرێت. بۆیە ئێمە هەوڵ دەدەین لەوەدا وەبەرهێنان بکەین. هەوڵ دەدەین دڵنیا ببینەوە لەوەی ئەو بەرهەمە لە زنجیرەی بەهاییدایە. تۆ سەیری ساردکەرەوە و پرۆسەی خۆراک دەکەیت، هەروەها پشکنینی کوالێتیی خۆراکەکەیش باشتر دەبێت. بەم دواییە لەسەر ئاسایشی خۆراک راهێنانمان بە ژمارەیەک کەسی هەرێمی کوردستان کرد، ئەوە یەکەمین راهێنان بوو لێرە بە شێوەیەکی دیجیتاڵی. پاشان سەردانی هۆڵەندایش دەکەن. بۆیە هەوڵ دەدەین ئەوە زیاتر جێگیر بکەین و پێموایە لەو خاڵە بەدواوە بازاڕەکە لە ئەوروپا دەبێت نەک تەنیا لە هۆڵەندا، بەڵکو ئاسانتر دەبێت بەرهەمی هەرێمی کوردستان بگاتە بازاڕی گشتیی ئەوروپا.
رووداو: ئەوە زۆر باشە. هۆڵەندا لە یەکخستنەوەی پێشمەرگەدا چالاکانە بەشدارە. پێمخۆشە بزانم، بەرەوپێشچوونی ئەم پرۆسەیە تائێستا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
یاکۆب: خۆی ئەگەر لەم خاڵەدا تەواو راشکاو بم، زۆر بە باشی کار ناکرێت. راستییەکەی ئێمە لە دۆخێکداین کە دەبینین شتێکی زۆر بە دەست ناهێنین. ئەوەیش بە زۆری لە قۆناخی ستراتیجیدایە. با بڵێین، بەڕاستی ئامانجەکانی ئەم پرۆژەیە هەر تەنیا بۆ ئەوە نەبوو پێشمەرگە بکرێتە هێزێکی پیشەگەر، بەڵکو وەکو گوتت بۆ یەکخستنەوەیان بوو، بۆ ئەوە بوو بەشی زۆرتر هەبێت کە تێیدا فەرمانێکی ناوەندی هەبێت، کە تێیدا پێشمەرگە سەر بە لایەنێک لە دوو لایەنەکە نەبێت، بەڵکو لە ناوەندەوە بەڕێوەببرێن. بە ئاراستەیەکی دروستدا ناڕوات. بە درێژایی پار، ئەوەمان دیوە. لەگەڵ ئەوەیشدا ئێمە بە چەندین رێگە هەوڵمان داوە، هەر تەنیا ئێمەیش نەبووین، بەڵکو لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا هەوڵمان داوە رێگەگەلێک بدۆزینەوە بۆئەوەی بگەینە ئاستی سیاسی تاوەکو پشتیوانیی ئەو شتە بکەین کە بۆ ئەمە پێویستە. ئاستی سیاسی لە بنبەستدایە. پێموایە شتێکی باشە جەخت بکەمەوە کە ئێمە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە داوامان لێ کرابوو لەوەدا بەشداری بکەین. جا پێمان وایە ئەوە پرۆژەیەکی زۆر بەهادارە. هێشتا لەو بڕوایەداین، بەڵام داواکاریی حکومەتی ئێرەیش ئێستا بە بنبەست گەیشتووە، لەبەر ئەوەی لەم ساتەدا خودی حکومەتیش لەئارادا نییە، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە کە چالاکانە ئەم پرۆسەیە بەڕێوە ببات، بە زۆری دوولایەنەیە.
رووداو: دوولایەنە؟ کێ لەگەڵ کێ؟
یاکۆب: لە هێزەکاندا. لە هێزەکانی 70 و 80دا؛ بەڵام بە دڵنیاییەوە ئاستی سیاسی لە سەرووی ئەوەوەیە، کە پارتی و یەکێتین. جا لەبەر جیاوازی لە ئاستی سیاسیدا دەبینیت بە شێوەیەکی بنچینەیی هەر شتێک ئاستی سەربازی پێویستی بێت بیکات، ئەوان لە رێگەی ئەم دۆخە سیاسییەوە دەستیان بەسەردا گرتووە، چونکە ئەو هێزانە لەنێوان یەکێتی و پارتیدا بەش کراون. جا لەبەر ئەو دابەشکارییە سیاسییە، هیچ رێگەیەک نییە کە وا بکەیت سوپا هاوکاری بکات. بە دڵنیاییەوە هەندێک بەرەوپێشچوون لە ئاستی تەکنیکیدا دەبینین. خەڵکێکی زۆر هەن لەناو خودی سوپادا بەڕاستی هەوڵ دەدەن هەندێک بەرەو پێش بچێت، بەڵام بە راستی پرۆژە گەورەکەی یەکخستنەوە بە باشی جێبەجێ ناکرێت.
رووداو: دڵنیام تۆ ئەم نیگەرانییانەت بە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حیزبەکان گەیاندووە. وەڵامی ئەوان چی بوو؟
یاکۆب: پێموایە دەکرێت وەڵامەکە بۆ دوو یان سێ دەستە دابەش بکەین. بە دڵنیاییەوە دەسەڵاتدارانیش ئەمە درک دەکەن و دەیڵێن و دانی پێدا دەنێن کە بە باشی کار ناکەن.
رووداو: ئایا باسی هۆکارەکان دەکەن؟
یاکۆب: نەخێر، لەبەر ئەوەی رەنگە ئەوە وەڵامی دووەم یان سێیەم بێت کە وەریبگرین. وەڵامی دووەم ئەوەیە کە هەندێک جار دەڵێن دەستمان بەستراوە، لەبەر ئەو راستییەی کە ناتوانین جگە لەمە هیچی دیکە بکەین، بەهۆی دۆخەکەوە، بەهۆی هەموو جۆرەکانی هۆکارە دەرەکییەکانەوە. ئینجا سێیەم وەڵام، بە گشتی ئەوەیە کە لایەنی بەرامبەر هەڵەیە. بۆیە پەنجە بۆ ئەوی دیکە درێژ دەکەن، هەردوو لایەن ئەوە دەکەن. بۆیە ئەوە زۆر سەختە، پێموایە پێویستی بە سەرکردایەتییەکی سیاسیی زۆر بوێرە و دەبێت بڕیاری زۆر بوێرانە بدرێت بۆئەوەی بە جۆرێک سەربکەوێت. با بڵێین، ئەگەر ئێمە بە راستی وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان پێمان وابێت ئەم پرۆژەیە زۆر گرنگە، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەبێت هەندێک لە جیاوازییە سیاسییەکان بخەینە لاوە و بە راستی کاری لەسەر بکەین. بۆ نموونە دیاریکردنی سەرکردەی بێلایەن لەسەر پرۆژەکە، چونکە ئەوەی روودەدات بێ متمانەییەکی زۆر گەورەیە. بێ متمانەیی لەنێوان هەردوو لایەندا. جا ئەگەر متمانەتان بە یەکدی نەبێت، هەرگیز ناتوانن قەوارەیەک پێکبهێنن. هەرگیز ناتوانن لە یەکخستنەوەدا بەرەوپێش بچن.
رووداو: کەواتە ئەوەی لە تۆوە تێگەیشتم بە پشتبەستن بە وەڵامەکانیان، باشترین شت کە بتوانین پێی بگەین ئەمەیە؟
یاکۆب: پێموایە ئەمە شێوازی داڕشتنەوەی تۆیە، بەڵام هاوڕایشم. تا رادەیەک ئەو وەڵامەیە کە تێیدەگەیت. بەڵێ، رێک ئەوەیە، چونکە ئێمە ناتوانین باشتری بکەین. دەیشبیستم کە دەیانەوێت باشتری بکەن، بەڵام روونە کە ئێستا ناتوانن رێگەیەک بدۆزنەوە باشتری بکەن. جا پێموایە ئەوان، هەردوو لایەن و حکومەت بە گشتی، بە دڵنیاییەوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەندێک لە هاوبەشە نیودەوڵەتییەکاندا لەدەست دەدەن، چونکە، بۆ نموونە، من خۆم وەکو نوێنەرێکی حکومەتی هۆڵەندا، بە راستی ناتوانم بە سەرەوەی خۆم بڵێم کە ئێستا لەم دۆخەدا شتێک هەیە بەدەست دەهێندرێت، هەر هەوڵێکی تێدا بخەنەگەڕ، ئەگەر ویستی سیاسی نەبێت بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی، ئەوا سەرناگرێت.
رووداو: بۆ نموونە، هیچ وادەیەکی دیاریکراو هەیە؟
یاکۆب: ئێمە هێشتا پابەندین بەوەی لە بەشداریکردن بەردەوام بین، بەڵام هەموو ساڵێک پێداچوونەوەی بۆ دەکەین. بە واتایەکی دیکە، ئەوە پابەندێتیمان پێ دەنێتە 2024ەوە، بەڵام لە 2024دا دەبێت پێداچوونەوەی بۆ بکەین کە ئاخۆ لەم پرۆسەیەدا لەگەڵ هەندێک لە بەرپرسانی باڵادا لە پابەندێتییەکەدا بمێنینەوە، جا بە هیچ شێوەیەک دڵنیایی تێدا نییە کە ئەوە لەم دۆخەی ئێستادا رووبدات.
رووداو: ئایا وەکو ئێستا بە روونی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستاندا قسەت کردووە لەبارەی، بۆ نموونە، کشاندنەوەی سەربازانتانەوە ئەگەر پرۆسەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە بەو شێوەیەی ئێوە دەتانەوێت بەرەو پێش نەچێت؟ ئەوان لەو بارەیەوە چی دەکەن؟
یاکۆب: خۆی من نازانم ئەوان لەو بارەیەوە چی دەکەن. بە درێژایی ئەم چەند هەفتەیەی رابردوو دۆخەکە خراپ بووە. خۆی دۆخەکە لە چەند مانگی پێشوودا وەکو ئەوەی ئێستا کە بووە، خراپ نەبوو.
رووداو: چی گۆڕاوە؟
یاکۆب: ململانێی ناوخۆیی بەرەو خراپتر چووە. هەردوو لایەن بە هەموو جۆرەکان یەکدییان تۆمەتبار کردووە. تەنانەت ئەو بەرپرسانەیشیان دیاری نەکردووە کە پێویستە کارەکە بکەن، لە راستیدا بەرپرسان زیاتر و زیاتر لاوازتر دەکرێن. راستییەکەی، ململانێی زۆری ناوخۆیی هەیە. ئێستا ئێمە خەریکی گەیاندنی ئەم پەیامانەین و بە دڵنیاییەوە کە قسەت بۆ دەکەم یەکێکە لە رێگەکانی گەیاندنی ئەو پەیامە، بەڵام لە مانگەکانی داهاتوودا، لە پەیامەکەماندا لەم بارەیەوە روونتر دەبین. جا پێموایە گرنگە جەخت بکەمەوە کە ئەمە پرۆسەی ئێمە نییە. بە مانایەکی دیکە، بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە، بەڵام ئێمە لێرە نین بۆئەوەی فەرمان بدەین کە پێویستە چی بکرێت. هەوڵ دەدەین لە پرۆسەکەدا یارمەتیدەر بین، بەڵام تەنیا ئەو کاتە یارمەتی دەدرێن کە لەلایەن کەسی خاوەنی پرۆسەکەوە هەوڵی جددی هەبێت.
رووداو: جوانە. پێشتر لەم مانگەدا لە رۆژنامەی "NRC"ی هۆڵەندیدا بڵاوکرایەوە دوو بەرپرسی سەربازیی کەمپی رۆتەردام قسەیان لەو بارەیەوە کردووە و رەخنەیان لە بەرەوپێشچوون لە پرۆسەی یەکگرتنەوەکە گرتووە، هەروەها باسی ئەوەیان کردووە کە سەربازانی هۆڵەندا کۆتایی بە مانەوەیان دەهێنن. پاشان رۆژنامەکە راستی کردەوە و گوتی نەخێر، دەمێننەوە. جا دەمەوێت لە تۆوە پشتڕاستی بکەمەوە، ئایا سەربازانی هۆڵەندا لە 2024دا دەمێننەوە و لە راهێنانی پێشمەرگە و راوێژپێدانیان بەردەوام دەبن؟ ئەگەر وایە، ئەم رێکخستنانە چۆن جێبەجێ دەکرێن؟
یاکۆب: پێموایە گرنگە دوو شت جیا بکەینەوە. ئێمە بەشدارییەکی سنووردار و کەممان لە چاکسازیی پێشمەرگە و پرۆسەی یەکخستنەوەدا هەیە. لەپاڵ ئەوەدا، سەربازانمان بە شێوەی جیاواز لێرەن لە هەرێمی کوردستان و لە عێراق بەگشتی، چونکە بەشە زۆر گەورەکە لە رێگەی "OIR"ەوەیە کە هاوپەیمانێتیی دژی داعشە. ئێمە لەوەدا بە هاوبەش دەمێنینەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا ئەمساڵ هەندێک سەربازی هۆڵەندیمان کشاندوونەتەوە. ئێمە لە "OIR"دا بە هاوبەشی دەمێنینەوە. هەمان قسەیش بۆ ئەرکی "NATO" دروستە کە لە بەغدایە. لەوەدا بە هاوبەشێکی بەهێز دەمێنینەوە و ناڕۆین. هەمان قسەیش بۆ ئەرکی راوێژکاریی یەکێتیی ئەوروپا راستە. بۆیە ئەوانە لە پرۆژەی یەکخستنەوەی پێشمەرگە جودان. جا ئەگەر لێم بپرسیت لەو نووسینەدا لەبارەی پرۆژەی پێشمەرگەوە راستییەکە چی بوو، ئەوە دڵنیایی نییە. بۆ داهاتوو دەیڵێم، ئەگەر لەو دۆخەدا بمێنێتەوە کە تێیدایە، بەشەکانی دیکە، "OIR" و "NATO" و یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵیاندا بە هاوبەش دەمێنینەوە و پابەند دەبین بە بەردەوامبوون لە وەبەرهێنان لەوەدا.
رووداو: تەنانەت بە لەبەرچاوگرتنی کێشە تەناهییە بەردەوامەکان، هێشتا داعش مەترسین. ئەگەر باسی داعش و مەترسییەکانی بکەین، ئایا بیر لەوە ناکاتەوە کە سەربازەکانی لە هەرێمی کوردستان نەکشێنێتەوە؟
یاکۆب: بەڵێ، ئەوە ئەوەیە هەوڵ دەدەم بچمە سەری. ئێمە هێشتا لەو هاوپەیمانێتییانەدا هاوبەشین. ئێمە بەمزووانە بەرنامە دانانێین کە لەوە جودا ببینەوە. ئەو قسانەی پێشتر کردمانن رەنگە نەچێتە ئەو بوارەوە، بە تەواوەتی لەسەر چاکسازیی پێشمەرگە بوو کە ئەوەیش جودایە لە بەشداریی سەربازی دژی داعش. لەبەر ئەوەی نیگەرانیی تەناهی نەڕەویوەتەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا بە باشی بەرەو پێش چووین، بەڵام تا رادەیەک رۆژانەیش لە هەواڵەکاندا دەیبینین کە هێشتا رووداوی نیگەرانکەر لێرە و لەوێ هەن، نەک تەنیا لەم هەرێمەدا، بەڵکو لە تەواوی عێراق و هەروەها لە ناوچەکەیشدا لە وڵاتانی دەوروبەری عێراق.
رووداو: زۆر باشە. بەڕێز کۆنسوڵی گشتی، دۆخی مافی مرۆڤ و ئازادیی رادەربڕین لە هەرێمی کوردستاندا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
یاکۆب: پێموایە گرنگە دان بەوەدا بنێم، ئەم هەرێمە فەرهەنگ و پێشینەیەکی لەم ناوچەیەدا هەیە، لەم پرسانەدا کە لە بارەیانەوە دەپرسیت زۆر باشە. ئەگەر سەیری مێژوو بکەیت و سەیری ئەوە بکەیت کە چی لە هەرێمی کوردستاندا هەبووە، ئێستایش تا رادەیەک هەیە، ئازادییەکی زۆری رادەربڕین هەبووە. دەبینیت کە مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و مافی ئافرەت بەراورد بە هەندێک شوێنی ئەم ناوچەیە هەر زۆر باشە. بەڵام دۆخی ئێستا نیگەرانکەرە، چونکە پێموایە هەندێک لەو دەستکەوتانەی لە رابردوودا بەدەستهاتوون، بە راستی لەژێر گوشاردان. ئێمە بەگشتی ئەوە دەبینین، بۆ نموونە ئازادیی رادەربڕین، پێموایە بەتایبەتی رۆژنامەڤانی کە بەشێکی گرنگیەتی، بەڕاستی لەژێر گوشاردایە. جا هۆکاری ئەوەی کە پێموایە رۆژنامەڤانی بەشێکی گرنگە، ئەوەیە کە رۆژنامەڤانی یەکێکە لەو رێگایانەی تێیدا دەتوانیت لە کۆمەڵگەدا لەسەر شتانێک دەنگ هەڵببڕیت کە راست نین. بۆ نموونە، هەمووان لێرە و سەرکردە سیاسییەکانیش هەمیشە باسی ئەو راستییە دەکەن، کە گەندەڵی چەندە خراپە و پێویستە شەڕ دژی گەندەڵی بکەین، بەڵام خۆ خەڵکە ئاساییەکەی سەر شەقامەکان نین کە گەندەڵی دەکەن. ئەوان هەر ناتوانن بیکەن. تۆ پێویستت بە رۆژنامەڤانیی لێکۆڵینەوەییە. پێویستت بە راگەیاندنی ئازادە. تۆ پێویستت بە کۆمەڵگەیەکی سڤیلی زیندووە تا بتوانێت شەڕی گەندەڵی بکات. حکومەت خۆی بە تەنیا ناتوانێت بیکات، چونکە بەشێک لە حکومەت لە گەندەڵیدا تێوە گلاون و شەڕەکە زۆر قورس دەکات. بۆیە تۆ پێویستە ئەو بەشەی کۆمەڵگە بپارێزیت کە وا دەکەن ئازادیی رادەربڕین هەبێت. هەروەها لەبەر ئەوەی لەم ناوچەیەدا مێژوومان هەیە کە دەبینین چەندە سەختە بۆ کۆمەڵە لاوازەکان، کەمینەکان، ئەو کۆمەڵە لاوازانەی خۆیان دەنگیان نییە. ئازادیی رادەربڕین بۆ ئەم کۆمەڵانەیش شتێکی بنچینەییە تا ئەو رێگایانە بدۆزنەوە بۆ پێشخستنی ئەوەی لە کۆمەڵگەدا ئەزموونیان کردووە. هەروەها زۆر گرنگە جەخت لەوە بکەینەوە، کە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پابەندی هەندێک لەم رێککەوتنە نێودەوڵەتییانەن، هەر بۆیە پێویستیان بەوەیە لەو لایەنەوە بەرەو پێش بچن.
رووداو: لە پەیوەندیدا لەگەڵ پاراستن و پارێزگاری لەم مافانە و ئازادیی رادەربڕین، هۆڵەندا چەندە پشتیوانیی هەرێمی کوردستان دەکات؟
یاکۆب: سەرەتا پێموایە گرنگە باسی ئەوە بکەین، کە ئێمە پشتیوانی دەکەین لە... بۆ نموونە ئێستا کە لەبارەی رۆژنامەڤانییەوە قسە دەکەین و تۆ خۆت رۆژنامەڤانیت و لە دامەزراوەیەکدا کار دەکەیت، ئەوە لە تەواوی ژینگەی رۆژنامەڤانیی ئێرەدا گرنگە. بۆیە گرنگە ئەم پەیامە بڵێم کە ئێمە لەم بارەیەوە نیگەرانین. ئینجا بە دڵنیاییەوە لە بەرنامەکانماندا هەوڵ دەدەین لایەنەکانی پشتیوانیکردن لە مافەکانی مرۆڤ تێکەڵ بکەین. بۆ نموونە، مافەکانی ئافرەتان یان کۆمەڵە لاوازەکانی دیکە. ئێمە زۆر کار لەسەر پرسی ئێزدییەکان دەکەین. بۆ کارکردن لەسەر مافەکانی مرۆڤ زۆر شێواز هەن، بەڵام زۆریش گرنگە وا بکەیت ئەوانەی دۆخیان باش نییە و لە مەترسیدان یان لەژێر گوشاردان پێیان بڵێیت پشتیوانیان هەیە و پێیان بڵێیت ئێوە ئاگاتان لەو راستییەیە کە ئەوان لەژێر گوشاردان. تەنانەت تۆ دەزانیت، با بڵێین چەند رۆژنامەڤانێک دەیانەوێت دژی ئەو راستییە ناڕەزایی دەرببڕن، کە هەندێک رۆژنامەڤان خراونەتە گرتووخانە، کەچی گوشارێکی زۆریان لەسەرە تا دەنگ هەڵنەبڕن، هیچ نەڵێن. جا ئەوە نیگەرانکەرە، چونکە رێگری لەو شتانەی ئێستا باسم کردن، وەکو دەنگهەڵبڕین بۆ ئەو کەسانەی بە راستی پێویستیان پێیەتی. رێگری دەکات لە بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە کە بتوانێت بەرەنگاری گەندەڵی ببێتەوە.
رووداو: هۆڵەندا چی کردووە بۆ سنووردارکردنی کۆچی نایاسایی بۆ ئەوروپا یان هۆڵەندا؟ ئەو کارانەی لێرە لە هەرێمی کوردستان کرابن.
یاکۆب: پێموایە هەندێک لە شتەکان قسەمان لەبارەوە کردن راستەوخۆ پەیوەندییان بەوەوە هەیە، چونکە باسی پێشکەوتنی ئابووری و ئازادیی کەسیمان کرد. جا ئەو دوو توخمە هۆکاری زۆر گرنگن بۆئەوەی کە بۆچی خەڵک دەیانەوێت ئەم هەرێمە جێبهێڵن. بۆ نموونە، ئەگەر سەیر بکەیت، لەناو ئەو گەنجانەدا کە هەوڵ دەدەن بگەنە ئەوروپا، زۆربەی پاڵنەرەکانیان لە یەکێک لەم دوو توخمەوە سەرچاوەی گرتووە، یان هەست بە گوشار دەکەن و لە ئازادییە کەسییەکانیاندا زۆر ئازاد نین، کە ئەو شتانە بکەن دەیانەوێت بیانکەن، یان ئاسۆیەکی ئابوورییان نییە کە گرنگترینیانە. لێرە ژیانێک بۆ خۆیان نابینن کە داهاتووی تێدا بونیات بنێن. بۆیە ئەو دوو توخمە، کە بە جۆرێک روونم کردنەوە، هۆکاری گرنگن بۆئەوەی هەوڵ بدەیت خەڵک داهاتووی خۆیان لێرە ببینن نەک لە شوێنێکی دیکە. بە دڵنیاییەوە لەسەر پرسەکانی کۆچکردن لەگەڵ حکومەت و دەسەڵاتداراندا قسە دەکەین، کە چۆن بتوانین لە داهاتوودا سەیری ئەو رێگایانەی کۆچ بکەین کە زیاتر یاسایین. ئەگەر تێگەیشتنێک هەبێت بۆئەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ کۆچی نایاساییدا بکرێت، بۆ نموونە پێویستت بەوەیە وەڵامێکت هەبێت بۆئەوەی چۆن کۆچی یاسایی بکەن بۆ ئەوروپا بۆئەوەی پارە پەیدا بکەن و بگەڕێنەوە بۆ ئێرە و لێرە بمێننەوە.
رووداو: رێگە یاساییەکان چین بۆ گەنجان، گەنجانی بەهرەمەند، کە دەیانەوێت زیاتر بخوێنن یان کار بکەن لە هۆڵەندا؟ رێگە یاساییەکان چین تا بیانگرنەبەر؟
یاکۆب: رێگەی یاسایی هەن، بەڵام بە زۆری بۆ کرێکارە زۆر بەهرەمەندەکانە، هەر بۆیە هەمیشە ئاسان نییە. بۆیە راست نییە ئەگەر بڵێم ئێمە بە تەواوەتی دەرگامان بۆ هەموو کەسێک کراوەیە کە بیەوێت لە هۆڵەندا بەدوای کاردا بگەڕێت، چونکە ئەوە گرنگ نییە، بەڵکو دەبێت مەرجەکانی پێوەرێکی زۆر تایبەتت تێدا بێت و یەکێک لە گرنگترین مەرجەکانیش ئەوەیە کە دەبێت پشتگیرییەکت هەبێت، پشتگیرییەک لە هۆڵەندا کە بیەوێت لەبەر خوێندنەکەت یان کارەکەت پشتیوانیت بکات. لە راستیدا بە ئۆنلاین هەیە و دەتوانیت لیستێک لە کۆمپانیا هۆڵەندییەکان و پەیمانگە فێرکارییە هۆڵەندییەکان بدۆزیتەوە. ئەگەر بەختی ئەوەت هەبێت پشتگیرییان بەدەست بهێنیت تا بێیت بۆ هۆڵەندا بۆ خوێندن یان بۆ کار، ئەوا رێگە بۆ ئەوە هەیە. هەروەها هەوڵ دەدەین بەرنامەی راهێنان و سکۆلارشیپمان هەبێت کە تێیدا گەنجان بتوانن سوودی لێ وەربگرن. ئێمە بەرنامەی سکۆلارشیپی "مێنا (MENA)"مان هەیە کە سکۆلارشیپ بۆ پیشەگەرانی گەنج پێشکێش دەکات، بۆ ئەوانەی دەستیان بە پیشەیەک کردووە و دەیانەوێت هەنگاوی دواتر بنێن. بۆیە بە دڵنیاییەوە دەرفەت هەیە. هەروەها "بەرنامەی زانیاریی پرتەقاڵی" هەیە کە یەکێکی دیکەیە، بەڵام بۆ هەمووان نییە. ئاسانیش نییە. دەیڵێمەوە، پێموایە دادپەروەرانەیە، کە جەخت لەوە بکەمەوە، چونکە بەو جۆرە نییە کە هەر کەسێک سوودی لێ وەربگرێت.
رووداو: کێ دەتوانێت سوودی لێ وەربگرێت؟
یاکۆب: خۆی دۆزینەوەی پشتگیری زۆر گرنگە. جا ئەوەیش کەیس تا کەیس جیاوازە، بەڵام بە زۆری پەیوەندیی بە کرێکارە زۆر بەهرەمەندەکانەوە هەیە. بۆ بەشەکەی دیکە، بە دڵنیاییەوە ئێمە هەوڵ دەدەین وەبەرهێنان لە گەنجاندا بکەین تا لێرە لە کوردستان داهاتوویان بونیات بنێن. جا یەکێک لەو بەرنامە زۆر گرنگانەی بۆ ئەوانمان هەیە "بەرنامەی گۆشە پرتەقاڵییەکان"ـە. جا "بەرنامەی گۆشە پرتەقاڵییەکان" بەرنامەیەکی پێگەیاندنە کە تێیدا سەیری کارە بچووکەکان دەکەین، بۆ کارسازە گەنجەکان، نەک تەنیا لە هەولێر، بەڵکو لە هەموو کوردستان. جا ئێمە هەوڵ دەدەین لە رێگەی ئەو بیرۆکە و کارانەوە هەڵیانبژێرین کە پێمان وایە بە راستی دەکرێت سەرکەوتوو بێت. بەڵام دەیڵێمەوە، هەموو کەسێک ناتوانێت ئەمە بکات. ئینجا دوای هەڵبژاردن دەیانخەینە بەرنامەیەکی راهێنانی زۆر تووندەوە. جا کۆمەڵە جیاوازەکان و بەشداربووان دەچنە راهێنان و رێنوێنییەوە. لە تەواوی پرۆسەکەدا رێبەرییان دەکەین کە بتوانن تێیدا بیرۆکەی کارەکەیان پێش بخەن. هەروەها لەگەڵ ئەوەیشدا تۆڕێکی تایبەت بە خۆیان دروست دەکەن، چونکە ئەوان لەمەدا پێکەوەن. پەیوەندی لەگەڵ کارسازە گەنجەکانی دیکەدا دروست دەکەن و دەیانناسن. کەواتە تۆڕەکەیان گەورە دەکەن و هەندێک جاریش لەمەوە چیرۆکی زۆر سەرکەوتووانە پەیدا دەبێت.
رووداو: تۆ ساڵێکت لێرە بەسەربردووە و ساڵێکت ماوە، بە تێگەیشتنی خۆت بۆ هەرێمی کوردستان و گەنجانی کوردستان، دیدگەی تۆ چییە؟ ئایا پێویستە لە کوردستان بمێننەوە یان پێویستە بەدوای دەرفەتی خوێندن و کاردا بگەڕێن بۆ نموونە لە هۆڵەندا؟
یاکۆب: خۆی ئەگەر دەرفەت هەبێت بۆ باشترکردنی خۆت لە شوێنی دیکەی جگە لێرە، ئەوە بە دڵنیاییەوە دەبێت بیقۆزیتەوە، بەڵام پێموایە بۆ زۆرینەی گەنجان، ئەوە گرنگە بتوانن خۆیان لە داهاتووی ئێرەدا ببیننەوە. لە راستیدا زۆرینەی خەڵک حەز ناکەن لە شوێنی خۆیان دووربن. خێزانەکانیان لێرەن. سەر بە پاشخانی ئێرەن. فەرهەنگیان لێرەیە. ئەوە گرنگە ئاسۆیەکت هەبێت بۆ بونیاتنانی وڵاتەکەت یان هەرێمەکەت و زیاتر پێشی بخەیت. بۆیە ئامۆژگاری و هیوام بۆ گەنجانی کورد ئەوەیە بە راستی ئەو کەسە بن کە لێرە داهاتوو دەبینێت و لێرە داهاتوو بونیات دەنێت. زۆر جار ئەم کەسانەم دیوە. لێرە زۆر گەنج هەن کە بە راستی پڕ وزەن و لەبارەی ئەو دەرفەتانەی لێرە دەیانبینن زۆر ئەرێنین. جا پێموایە بە راستی پێویستمان بەوەیە ئەوە پەروەردە بکەین. زۆر گرنگە پشتیوانیی ئەوە بکەین. هەر بۆیە "بەرنامەی گۆشە پرتەقاڵییەکان" هەیە. زۆر گرنگە کە گەنجی زیرەک و خوێندەوار و پڕ وزە بمێنێتەوە و داهاتووی هەرێمی کوردستان بونیات بنێت، چونکە ئەگەر هەمووان هەوڵ بدەن لە شوێنێکی دیکە داهاتووی خۆیان بدۆزنەوە، ئەی هەرێمەکە بۆ کێ جێبهێڵین؟ لێرە زۆر شتی جوان هەن کە پەرەیان پێ بدرێت. بە راستی گەلێک دەرفەت هەن. بە راستی حەز دەکەم بڵێم با ئەوە یەکەم بژارەیان بێت و، ئینجا بە دڵنیاییەوە ئێمە دەتوانین لە دەرەوە بە هەموو شێوەیەک بە زانیاری یارمەتییان بدەین.
رووداو: پرسی ڤیزا بۆ دانیشتووانی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە. بەڵام بۆچی هۆڵەندا لە پێشەوەی ئەو وڵاتە ئەوروپاییانەدا نییە کە ڤیزا بە خەڵكی هەرێمی کوردستان دەدەن؟ ئایا مەرجەکان زۆر تووندن یان داواکاریی کەم هەیە؟ دەتوانیت پێم بڵێیت هۆیەکە چییە؟
یاکۆب: من تەواو تێدەگەم کە بۆچی پرسێکی گرنگە. ئەوە راستە کە ئێمە ژمارەی ڤیزامان کەمە...
رووداو: داواکردن؟
یاکۆب: داواکاری هەیە، بەڵام داواکارییەکانیش کەمن. پێت دەڵێم کە بۆچی ڤیزای گەشتیاری نادەین. ئێمە لە شێوازی خۆماندا تەنیا ڤیزای بازرگانی دەدەین. ئەوە مانای وایە، کە هۆیەکی بازرگانی یان بانگهێشتنامەیەکی بازرگانیت هەبێت بۆ هۆڵەندا کە دەکرێت بۆ کۆنفرانسێک یان سەردانی کار یان بازرگانییەک بێت کە بچیت بۆ لای هاوتاکەت، یان بۆ راهێنان یان سکۆلارشیپ و ئەو شتانە بێت، بەڵام بۆ گەشتیاری نابێت. بۆیە ئەگەر کەسێک بچێت بۆ نووسینگەی ڤیزامان و داوای ڤیزا بکات بۆ گەشتکردن لە هۆڵەندا و کاری تایبەت، ئەوا ڤیزای نادەینێ.
رووداو: ئایا ئەمە رێگەیەکە بۆ خۆپاراستن لە کۆچ؟
یاکۆب: ئەوە هەمووی پەیوەندیی بە کۆچەوە نییە، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە ئێمە ژمارەیەکی زۆر کەیسمان بینیوە کە خەڵک ناگەڕێنەوە. زۆر کەیسمان بینیوە کە خەڵک لە ناوچەی شنگن دیارنامێنن. بۆ ئێرەیش ناگەڕێنەوە، بەڵام بە جۆرێک لە جۆرەکان لە شوێنێک دیارنامێنن. هێشتا فێڵ هەیە. هەندێک فێڵ هەن کە ئاشکرامان کردوون. بە مانایەکی دی، نووسینگەکانمان وریان و زۆر ئاگایان لەم هەرێمەیە، چونکە هێشتا لە پرۆسەی ڤیزادا زۆر سەرپێچی هەیە.
رووداو: بە دڵنیاییەوە لە رۆژئاوای کوردستان خەڵک هەن دەیانەوێت لەگەڵ خێزانەکانیاندا لە ئەوروپا یەکبگرنەوە. جا ئێوە لێرە لە هەرێمی کوردستان دەتوانن چییان بۆ بکەن؟
یاکۆب: بەڵێ، لەوە تێدەگەین، ئەوە شتێکە پێویستیان بەو خەڵکەیە کە لە ئەوروپا یان هۆڵەندان و هێشتا خێزانەکانیان لەوێن. بۆیە بەمنزیکانە دەست دەکەین بە پرۆژەیەکی تاقیکاری بۆ یەکگرتنەوەی خێزانەکان. ئەوە مانای وایە ئێمە هەوڵ دەدەین رێگەیەک بدۆزینەوە کە ئەم پرۆسەیە بکرێت و خەڵک بتوانن بگەنەوە بە خێزانەکانیان و بۆ هۆڵەندا گەشت بکەن. ئەگەر لەوێ کەسیان هەبێت، ئێمە دەتوانین ئاسانکارییان بۆ بکەین. ئەوە هێشتا لە سەرەتادایە، چونکە پرۆسەیەکی زۆر ئاڵۆزە. دەبێت ئەوە بزانیت کە هەندێک لەم خێزانانە بەڵگەنامەیان نییە، پێویستە بایۆمەترییان هەبێت. ئێمەیش دەبێت پەنجەمۆریانمان هەبێت. سەرەتا دەبێت ئەوە رێکبخەین کە بزانین کێ کێیە. کارێکی زۆر ئاڵۆزە، بەڵام کاری لەسەر دەکەین، ئەوەندەی بتوانین هەوڵ دەدەین ئەم پرۆسەیە لە مانگەکانی داهاتوودا دەست پێبکەین.
رووداو: زۆر سوپاس. خۆشحاڵ بووم. سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە.
یاکۆب: زۆر سوپاس بۆ میواندارییەکەتان.