وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: ئەمریکا و چین گەورەترین سەرچاوەی دەردانی گازەکانن


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژى هەرێمى وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتى نێوەڕاست دەڵێت، ئەمریکا و چین گەورەترین سەرچاوەی دەردانی گازەکانن کە هۆکارن بۆ پیسبوونی ژینگە. لەبارەی سندووقی هاوکاریی وڵاتان بۆ رووبەڕووبوونەوەی کەشوهەوا کە لە کۆنفرانسی کۆپ 28 دامەزرا، گوتی، "پێمانوایە ئەم سندووقە تایبەتە بە زیانەکان نەک بۆ خۆگونجاندن."
 
ساموێڵ بێرگ لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژ عەلی زاڵە لەگەڵی ئەنجامی دا، باسی لە هۆکارەکانی پیسبوونی کەشوهەوا، هاوکاریی وڵاتان بۆ رووبەڕووبوونەوەی، چۆنیەتیی دابەشکردنی هاوکارییەکانی کۆپ 28 بەسەر وڵاتان، کۆنفرانسی کۆپ 28 و چەندین پرسی دیکەی پەیوەندیدار بەو بابەتەوە کرد.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: ئەمریکا و چین گەورەترین سەرچاوەی دەردانی گازەکانن
 
لە 28مین لووتکەی گۆڕانی کەشوهەوا لە ئیمارات کە زیاتر لە 200 وڵات، هەرێم و رێکخراو بەشدارییان تێدا کرد، سندووقی قەرەبووکردنەوەی وڵاتە هەژارەکان راگەیێندرا کە بریتییە لە پارەیەک کە وڵاتانی دەوڵەمەند دەیدەنە وڵاتە هەژارەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەرهاویشتە و زیانەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.
 
هەر یەکە لە ئیمارات و ئەڵمانیا بە 100 ملیۆن دۆلار، بەریتانیا 76 ملیۆن دۆلار، ئەمریکا 17.5 ملیۆن و ژاپۆن بە 10 ملیۆن دۆلار بەشدارییان لە سندووقەکەدا کرد.
 
ساموێڵ بێرگ، گوتەبێژى هەرێمى وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتى نێوەڕاست گوتی، "جێبەجێکردنی ئەم سندووقە پاش ساڵانێک لە دانوستاندن و گفتوگۆ دێت، سەرباری هەموو سەختییەکانی ئەو دانوستاندنانەش بەم ساتەوەختە مێژووییە گەیشتین کاتێک کە جێبەجێکردنی ئەم سندووقە دەبینین، بەڵام دەبێت ئەوەیش بزانین کە ئەم سندووقە یەکێکە لە میکانیزمەکانمان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا، چونکە گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەربوونی مرۆڤ بە گۆڕانی کەشوهەوا زۆر و بەرفرەوانە و ناکرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەنیا یەک ئامراز یان یەک سندووق یان یەک دەستپێشخەری بەکاربهێنین."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ساموێڵ بێرگ:
 
رووداو: لە کۆنفرانسی کۆپ 28 لە دوبەی، یەکێک لەو کۆنفرانسانەی کە زۆرترین بەشداربووی کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ دۆخی کەشوهەوا بدۆزنەوە، یەکێک لە بەشداربووەکان بێگومان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، وڵاتێکی پیشەسازی کە زۆرترین دەستی هەبووە لە پیسکردنی ژینگە، بەڵام ئەمریکا سەرەڕای ئەوەش تەنیا بودجەیەکی 17.5 ملیۆن دۆلاری تەرخانکردووە بۆ سندووقی زیانلێکەوتووان، یان ئەو سندووقەی کە قەرەبووی وڵاتانی زیانبەرکەوتوو دەکاتەوە. دەمەوێت لەگەڵ گوتەبێژی هەرێمیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گفتوگۆ بکەم. بۆچی ئەمریکا ئەو بڕە پارە کەمەی تەرخانکردووە وەکو یەکێک لە پیسکەرانی ژینگە کە 40٪ی گازە زیانبەخشەکان لەلایەن ئەمریکا و چینەوە دەردەرێت، لەهەمان کاتدا ئەمریکا داوا لە وڵاتەکانی دیکە دەکات کە رێژەی دەردانی گازە زیانبەخشەکان کەمبکەنەوە، لەگەڵ ساموێڵ بێرگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە دوبەی دەمەوێت باسی ئەو پرسە بکەم.
 
رووداو: زۆر سوپاس لەگەڵمانی با لەوەوە دەستپێبکەم، بۆچی تەنیا 17.5 ملیۆن دۆلار؟
 
ساموێل بێرگ: چەندین ساڵە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەڕێگەی ژمارەیەک ئامراز و میکانیزمەوە هاوکاریی لە بواری ژینگە و کەشوهەوا پێشکێش کردووە، لەوانە ئەم سندووقە نوێیە و سندووقی کەشوهەوای سەوز وەک لە کالیلا هاریسی جێگری سەرۆکەوە بیستمان کە سێ ملیار دۆلارە، واتە ژمارەیەک ئامراز و میکانیزممان هەن لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەروەها بەشێوەی دوولایەنە. لەگەڵ هەندێ وڵاتدا پەیوەندیی دوولایەنەمان هەیە، ئێمە هاوکاریی دوولایەنە پێشکێش دەکەین، بۆ نموونە لەڕێگەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی گەشەپێدانی ئەمریکایی USAID و ئاژانسگەلی دیکەی ئەمریکایی وەک هەوڵێک بۆ یارمەتیدانی ئەو وڵاتانە لە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوادا.
 
رووداو: بەڵام دەبینین کە سندووقەکە راگەیێندرا، ئیمارات 100 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کرد، ئەڵمانیا 100 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکرد، ئەمە وادەکات هانی وڵاتانی دیکەش بدات کە ئەوانیش ببینن گرنگی بەو سندووقە دەدرێت و وڵاتان خەمی ئەوەیانە کە سندووقەکە پارەدار بکرێت، تێدەگەم تۆ دەڵێی ئێمە ئەوەندە پارە بۆ سندووقەکە دابین دەکەین، بەڵام پارە بۆ سندووقەکانی دیکەش ئامادە دەکەین، بەڵام بۆچی ئەمریکا گرنگی بەو سندووقە نادات و نیگەرانییەکانتان بە تەواوی چییە؟
 
ساموێل بێرگ: سەبارەت بەم سندووقە هیچ نیگەرانییەک و هیچ ترسێک لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە نییە، ئێمە خوازیار بووین دامەزراندنی ئەم سندووقە ببینین، جۆن کێربی گوتی "ئێمە پێشوازی لەم سندووقە دەکەین". جێبەجێکردنی ئەم سندووقە پاش ساڵانێک لە دانوستاندن و گفتوگۆ دێت، سەرباری هەموو سەختییەکانی ئەو دانوستاندنانەش بەم ساتەوەختە مێژووییە گەیشتین کاتێک کە جێبەجێکردنی ئەم سندووقە دەبینین، بەڵام دەبێت ئەوەیش بزانین کە ئەم سندووقە یەکێکە لە میکانیزمەکانمان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا، چونکە گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەربوونی مرۆڤ بە گۆڕانی کەشوهەوا زۆر و بەرفرەوانە و ناکرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەنیا یەک ئامراز یان یەک سندووق یان یەک دەستپێشخەری بەکاربهێنین. نەخێر، پێویستە ئەوە بزانین کە ئاڵنگاری هەن لەلایەن دەردانی گازەکان و بەکارهێنانی خەڵووز و کەرتەکانی وەک گواستنەوە و وزە و کارەساتە مرۆییەکان و لافاوەکان. هەموو ئەم ئاڵنگارییانە وادەکەن بە گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەر ببین، ئێمە پێمانوایە ئەم سندووقە سندووقێکی تایبەتە بە زیانەکان و سندووقێک نییە بۆ خۆگونجاندن بۆ نموونە، سندووقێکیش نییە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر بەروبوومەکان و خاک بۆ نموونە. دەستپێشخەرییەکی نوێمان هەیە سەبارەت بەم بیرۆکەیە. پێش دوو رۆژ دەستپێشخەرییەکی نوێمان راگەیاند کە ئێمە بە ئینگلیزی پێی دەڵێین ڤاکس، کە بریتییە لە دیدگەیەک سەبارەت بە بەروبوومەکان و خاکە گونجێنراوەکان. دەبێ تێبگەین ئەم هەموو کاریگەرییانەی گۆڕانی کەشوهەوا کار دەکەنە سەر توانای ئێمە بۆ دابینکردنی خۆراک، خۆراکی پێویست بۆ مرۆڤ، کاریگەریی زۆر نەرێنی هەن لە سەر بەروبوومەکان و خاک لە سەرانسەری جیهاندا و لەبەر ئەمە ئەم دەستپێشخەرییە نوێیەمان راگەیاند و ویلایەتە یەکگرتووەکان بە 50 ملیۆن دۆلار ئەم دەستپێشخەرییەی دەستپێکرد. واتە ئێمە لە هەموو ئەم دەستپێشخەرییانەدا بەشداری دەکەین، چونکە پێمان وایە کە ناکرێت یەک دەوڵەتێک بە تەنیا هەموو چارەسەرەکان پێشکێش بکات و، تەنیا یەک دەستپێشخەری ناتوانێت هەموو چارەسەرکانمان پێشکێش بکات.
 
رووداو: پێشتر لە گفتوگۆکانتان لە کۆنفرانسی کۆپ 27 و پێش ئەویش ئەمریکییەکان و ئەوروپییەکان دەیانویست تەنیا ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە، یان ئەو وڵاتە دوورگە بچووکانەی کە هەڕەشەی زۆری گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە پارەی ئەو سندووقە بەکاربهێنن، ئایە نیگەرانیتان لەسەر ئەوەبوو کە هەندێ لە وڵاتانی دیکە توانای خۆیان هەیە، بەڵام دەیانەوێ سوود لە پارەی سندووقەکە وەربگرن و پارەی خۆیان بەکارنەهێنن، واتە نیگەرانییەکان ئەوە بوون؟ ئەگەر نا ئەمریکا بۆ ئەوەندە جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە پارەی سندووقەکە بۆ چەند وڵاتێکی دوورگە بچووکەکان و وڵاتانی زۆرترین زیانلێکەوتوو بەکاربێت؟
 
ساموێل بێرگ: ئێمە لە رۆژان و هەفتە و مانگەکانی دادێن باسی هەموو ئەم وردەکارییانە دەکەین، چونکە ئێستا گەیشتووینەتە خاڵی جێبەجێکردنی ئەم سندووقە، بەڵام دەبێت ئێستا لیژنەیەک هەبێت سەرکردایەتیی ئەم سندووقە بکات و وردەکارییەکان لەلایەن ئەندامانی لیژنەکە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت. لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە پێمانوایە کاتێک باسی زیانەکان دەکرێت زۆر سەختە بڵێین کامانەن ئەو وڵاتانەی دووچاری زیان بوونە و کامانەن ئەو وڵاتانەی هۆکاری زیانەکان بوونە، چونکە هەموومان وەک مرۆڤ بەرکەوتەی زیانەکانی گۆڕانی کەشوهەواین و هەموومان وەک مرۆڤ بەبێ هەڵاوێرد بەشدارین. کەواتە پێویستە گوێ لە دەوڵەتە بچووکەکان و دوورگە بچووکەکان بگرین چۆن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوادا مامەڵە دەکەن و پێویستییەکانیان چین و لەڕووی تاتای خۆگونجاندن و خۆڕاگرییەوە چ تواناگەلێکیان هەیە، پێویستە گوێ لەم وڵاتانە بگرین پێش ئەوەی ئێمە ناوەکان راگەیێنین و بڵێین ئەم دەوڵەتە شایانی بڕە پارەیەکە، نەخێر، دەبێت گوێیان لێ بگرێن و کاتێکیش ئەوە دەکەین پێویستە پێوەری نێودەوڵەتیمان هەبن.
 
رووداو: گەورەترین نیگەرانیی ئەمریکا لەو کۆنفرانسە (کۆپ28) چییە؟
 
ساموێل بێرگ: راستییەکەی گرینگیدانی سەرەکیمان بە هاوئاهەنگییە، لەبەر ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا بینیمان چۆن هەموو دەوڵەتەکان لەوە ئاگەدارن کە گۆڕانی کەشوهەوا بوونی هەیە. ئەم بیرۆکەیە قسە و مشتومڕی تێدا نییە. بەڵێ گۆڕانی کەشوهەوا هەیە، بەڵێ چالاکییەکانی مرۆڤ و چالاکییە پیشەسازییەکان بوونە هۆی ئەم گۆڕانی کەشوهەوایە و بوونە مایەی بەرزبوونی پلەی گەرمی و هتد. هەروەها، ژمارەیەک چارەسەریمان هەن، ئێمە چارەسەرییەکان دەزانین و دەبێت بەم قۆناخەدا تێپەڕ ببین کاتێک وزەی کۆڵڕاو (الطاقة الأحفورية) بەکاردەهێنین و بەرەو قۆناخێکی نوێ بچین کە تیایدا نزیکەی لە سەدا سەد وزەی جێگرەوە وزەی خۆر وزەی بێ دەردانی گاز یان دەردان تیایدا سفر بێت، بەکاربهێنین. واتە چارەسەرمان هەیە، زانستمان هەیە، هەموو ئەم زانیاری و وردەکارییانەمان لەبەردەستن. بۆیە، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: ئێمە چۆن هەموومان وەک جیهان مامەڵە لەگەڵ ئەم کاریگەرییانەی گۆڕانی کەشوهەوادا دەکەین؟ چونکە باسی ئەوەمان کرد کە پیسبوونی ژینگە هیچ سنوورێکی جوگرافیایی یان سیاسی ناناسێت، پیسبوونی ژینگە کاریگەریی بەسەر ئێمەوە هەیە وەک مرۆڤ جا ئەمریکایی بین یان کورد یان عێراقی یان میسری یان ئیماراتی. هەموومان دەکەوینە بەر مەترسی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە. لەبەر ئەمەیە ئێمە پێمان وایە گرینگترین شت و رەنگە گرینگترین ئاڵنگاری لە بەردەمماندا هاوئاهەنگییە. سەرباری جیاوازییەکانی نێوانمان لەڕووی سیاسییەوە یان هەر روویەکی دیکەوە لەگەڵ دەوڵەتانی دیکە سەبارەت چەندان دۆسیە، پێویستە لە بابەتی گۆڕانی کەشوهەوا هاوئاهەنگی و هاوکاریی یەکدی بکەین. کەواتە ئێمە پێمان وایە کە بەڵێ گەیشتووینەتە دەستکەوتی گەورە وەک جێبەجێکردنی ئەم سندووقە و لەبارەی زیانەکان و دەستکەوتی دیکەمان هەبوون و راگەیاندنی نوێمان هەبوون بۆ دەستپێشخەریی نوێ، بەڵام هێشتا کاتمان بە دەستەوەیە لەم کۆپ-28دا و پێویستە بەدوای زۆرترین هاوئاهەنگی و هاوکاریدا بگەڕێین لەنێوان هەموو وڵاتاندا.
 
رووداو: دەتوانم بڵێم هەندێ لە وڵاتانی بەشداربوو دوودڵن لەوەی لەگەڵ دیدگای ئەمریکادابن، چونکە ئەمریکا بۆخۆی یەکێکە لە گەورەترین پیسکەرانی ژینگە و ئەمریکا و چین چەند رێژەی گازی زیانبەخش دەردەدەن کە پێکەوە نزیکەی 40٪ـی گازە زیانبەخشەکان ،دەردەن ئەمریکا بۆخۆی چ هەنگاوێک دەنێت، هەنگاوی راستەقینە و ماندار و کرداری دەڵێم، چونکە بەبێ کەمکردنەوەی رێژەی دەردانی گازە زیانبەخشەکانی ئەمریکا و چین هەموو ئەو کۆنفرانس و مانا و خواسانە مانایەکیان نابێت؟ 
 
ساموێل بێرگ: ئەمە پرسیارێکی زۆر گرینگە، چونکە ئەم ئیدارەیە پێیوایە کە ناکرێت ئێمە لۆمەی وڵاتانی دیکە بکەین بەبێ ئەوەی خۆمان بەرپرسیارێتییەکە هەڵگرین. تۆ لە سەدا سەد راست دەڵێیت لەبارەی ئەوانەی کە گەورەترین سەرچاوەی دەردانی گازەکانن، کە ویلایەتە یەکگرتووەکان و چینن، وڵاتانی دیکەیش هەن وەک هیندستان و رووسیا و هتد، بەڵام ناکرێت ئێمە لۆمەی ئەوانی دیکە بکەین بەبێ ئەوەی ئێمە رێکارە ناوخۆیی و خۆجێیەکان بگرینە بەر. بۆیە بینیمان سەرۆک بایدن و ئەم ئیدارەیە رێکاری قووڵ و درێژخایەن و زۆر گرینگیان گرتەبەر لەوانە بۆ نموونە، گەورەترین وەبەرهێنان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا لەڕێگەی ئەم ئیدارەیەوە بووە بە یاسای کەمکردنەوەی هەڵاوسان، یاسای کەمکردنەوەی هەڵاوسان یاسایەکی ناوخۆیی ویلایەتە یەکگرتووەکانە، بەڵام وەبەرهێنانی زۆر لەخۆدەگرێت لە هەموو چارەسەرییەکانی پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەواوە، هەروەها ژمارەیەک یاسا و رێسا و رێکاری نوێ هەن لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، بۆ نموونە لەبارەی بەکارهێنانی خەڵووزەوە، ئێمە دەمانەوێت کۆتایی هەموو ئەو دامەزراوە و شوێنە نوێیانەی خەڵووز ببینین. بۆچی؟ چونکە وزەی جێگرەوەمان هەیە و توانای دیکەمان هەن و نامانەوێت بەکارهێنان یان پشتبەستن بە خەڵووز ببینین. واتە ئەم رێکارانەمان هەیە. رێکاری دیکەیشمان هەن لەڕووی گواستنەوە یان گۆڕین لە ئۆتۆمبێلی نەریتییەوە بۆ ئۆتۆمۆبێلی کارەبایی. هەموو ئەم رێکارانە رێکارگەلی ناوخۆیین. لەلایەکی دیکەیشەوە دەبێت بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگرین وەک سەرچاوەیەکی گەورەی دەردانی گازەکان و دەوڵەتێکی پێشکەوتوو و یارمەتیی پێشکێشی دەوڵەتانی دیکە بکەین. کەواتە لێرەدا دوو روو هەن. رووی یەکەم رێکارە ناوخۆییەکانن و رووی دووەم یارمەتیدانی دەوڵەتەکانی دیکەیە.
 
رووداو: بەڵام هەندێ لەلایەنەکان، بۆ نموونە پێشتر من لەگەڵ شاندی عێراقی قسەم کرد هەستێک لەلایەن لایەنەکانی دیکە هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆسەر یەکسانیی ژینگەیی و مێژووی پیسکردنی ژینگە، ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی پپێشەسازی بە رێگەیەکی مێژوویی ژینگەیان پیسکردووە، لەبەر ئەوەی هەندێ لەلایەنەکانی دیکە واهەست دەکەن کە ئەوان دەستیان لە پیسکردنی ژینەگەدا نەبووە، لەبەر ئەوە ئابووریی خۆیان تێکنادەن بۆ شتێک کە پێیان وایە ئەوان هۆکارنەبوون، ئەمریکا چی دەکات بۆ ئەوەی ئەو وڵاتانەش رازی بکات، بۆ نموونە وڵاتێکی وەکو عێراق رێژەیەکی زۆری گازە بیرە نەوتەکانی دەچێتە ئاسمان و رێژەی پیسبوونی ژینگەی زۆرە؟
 
ساموێل بێرگ: پرسیارێکی زۆر گرینگە و، هەر لەبەر ئەمەشە کە ژمارەیەک چارەسەر و ژمارەیەک دەستپێشخەریمان هەن، چونکە دەبێت ئەوە بزانین کە هەندێک وڵات هەن کە زیانەکان گەورەترین ئاڵنگارین بۆیان، وڵاتانی دیکەش هەن کە گەورەترین ئاڵنگاری بۆ ئەوان خۆگۆنجاندنە و، هەندێ وڵاتیش هەن کە ئامادەن بۆ گواستنەوە بەرەو قۆناخە نوێیەکە و تەنیا پێویستیان بە تەکنۆلۆجیا هەیە. کەواتە دەبێت لەوە تێبگەین کە هەموو وڵاتەکان لە هەمان قۆناخدا نین و خاوەنی هەمان توانا و هەمان تەکنۆلۆجیا و هەمان پارەدارکردن نین، بۆیە پێویستە چارەسەری جۆراوجۆرمان هەبن بۆ ئەوەی یارمەتیی گونجاو پێشکێش بە هەر دەوڵەتێک بکەین و پێویستە لە دۆخی عێراقدا بزانین ئەو ئاڵنگارییە گەورانە چین کە رووبەڕووی عێراق بوونەتەوە لە بابەتی گۆڕانی کەشوهەوادا، وشکەساڵی، بەبیابانبوون، لەناوبردنی دارستانەکان، کەواتە هەندێک ئاڵنگاری هەن رووبەڕووی دەوڵەتێکی وەک عێراق دەبنەوە هەمان ئەو ئاڵنگارییانە نین کە رووبەڕووی دەوڵەتێکی دیکە دەبنەوە. لەبەر ئەمە پێویستە چارەسەری جۆراوجۆرمان هەبن کە بۆ هەموو دەوڵەتان گونجاو بن، بەڵام تۆ لە سەدا سەد راست دەڵێیت، ویلایەتە یەکگرتووەکان لەم ئیدارەیەدا پێیوایە کە ناکرێت ویلایەتە یەکگرتووەکان لۆمەی دەوڵەتانی دیکە بکات، بە تایبەت دەوڵەتانی وەک عێراق کە سوودمەند نەبوونە لە شۆڕشی پیشەسازیی پێش 200 ساڵ وەک ئەوەی ئێمە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و دەوڵەتانی ئەوروپا کردمان، نەخێر. هەر لەبەر ئەمەش پێویستە بزانین کە هەموو دەوڵەتان دۆخی تایبەت بە خۆیان هەیە و دەبێت لەگەڵ هەر دەوڵەتێک بە گوێرەی دۆخی خۆی مامەڵە بکەین نەک بەو پێوەرانەی ئێمە لە رۆژئاوا و لە ویلایەتە یەکگرتووەکان هەمانن.
 
رووداو: باشە ئەوە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ گفتوگۆیانە کە لەسەر هەردوو میکانیزمی خۆگونجاندن لەگەڵ گۆرانی کەشوهەوا یان رێگریکردن لە خراپتربوونی ژینگە هەیە، بۆ نموونە بۆ وڵاتێکی وەکو عێراق خۆگونجاندن لای شاندی ئەوان زۆر گرنگترە، بەڵام دەڵێن کار لەسەر رێگریکردن لەسەر خراپتربوونی ژینگەش دەکەین، بەڵام هەموو سەرنجی خۆمان ناخەینە سەر رێگریکردن، بەڕاستی ئەوان دەکەن هەموو وڵاتانی دیکەش سەرنج بخەنە سەر خۆگونجاندن بیرکردنەوەی ئەمریکا لەسەر ئەوە چییە ئەمریکا ئەو جیاوازییە دەبینێت کە هەندێ وڵات کاری زیاتر لەسەر خۆگونجاندن بکەنم واتە هاوکاری هەندێ وڵات دەکات بۆ خۆگونجاندن، تەنانەت ئەگەر ئەو وڵاتەکە پیسکەری ژینگەش بێت؟
 
ساموێل بێرگ: ئەم ئیدارەیە پێی وایە هەموو ئەو ئاڵنگارییانە لە هەمان کاتدا رووبەڕوومان دەبنەوە. بۆ نموونە هیچ یەکێکی لە ئێمە ناتوانێت باس لە بنبڕکردن یان کەمکردنەوەی دەردانی گازەکان بکات بەبێ ئەوەی لە هەمان کاتدا باسی خۆگونجاندن و خۆڕاگری بکات و لە هەمان کاتیشدا باسی زیانەکان بکات، چونکە ئەم ئاڵنگارییانە لە یەک کاتدا رووبەڕوومان دەبن. لە ساڵانێکی بەر لە ئێستاوە ئەو بیرۆکەیەمان هەبوو کە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا پاش 50 ساڵ رووبەڕوومان دەبن و باس لە 2030 و 2050 مان دەکرد، بەڵام نەخێر ئێمە ئێستا کاریگەرییەکان دەبینین کاتێک تەماشای لافاوەکانی لیبیا و ئاگرکەوتنەوەکانی پاکستان دەکەین، هەموو ئەم کاریگەرییانە و هەروەها پلەکانی گەرمی کە لەم ساڵانەی دوایی و ئەم ساڵ تۆمار کران. کەواتە هەموو ئەم کاریگەرییانە رووبەڕوومان بوون. بۆیە پێویستە لە یەک کاتدا جەخت لە سەر هەموو ئەم ئاڵنگارییانە بکەین. ئەمەیش ئەوە ناگەیێنێت کە هەموو دەوڵەتەکان هەمان توانایان هەیە. تەواو وەک ئەوەی گوتت، هەندێک لە وڵاتان پێویستە بەر لە هەر شتێک مامەڵە لەگەڵ خۆگونجاندندا بکەن بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی خۆیان لە کاریگەرییەکان بپارێزن، بەڵام لە هەمان کاتدا پێویستە بە لای کەمەوە دەست بە گفتوگۆ بکەین سەبارەت رێگری و سووککردنەوە.
 
رووداو: باشە ئەگەر بگەڕێمەوە سەر سندووقی قەرەبووکردنەوە، هەندێ لە نیگەرانییەکان لەسەرەتادا ئەوەبوون کە جگە لەوەی کێ سوود لە سندووقەکە وەردەگرێت، نیگەرانییەکان لەسەر ئەوەبوون کە کێ دەبێت پارەی بۆ دابین بکات، بە بۆچوونی ئەمریکا کێ دەبێت پارە بۆ سندووقەکە دابین بکات؟

 

ساموێل بێرگ: ئێمە گفتوگۆ لە سەر هەموو ئەم وردەکارییانە دەکەین، لە لیژنەکەدا باسیان دەکەین و لە رۆژان و هەفتە و مانگەکانی دادێن هەموو وردەکارییەکان دەبینین، بەڵام لە سەرەتاوە ویلایەتە یەکگرتووەکان پێی وابوو کە بەرپرسیارێتیمان لە سەر شانە هەر بۆیە دەستمان دایە ئەم بەشدارییە نوێیە یەکەمە، کە بە راستی یەکەمە، 17 ملیۆن دۆلارە. کێ سوودمەندە و کامانەن ئەو دەوڵەتانەی سوودمەند دەبن، بۆ ئەمە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ پێوەرەکان، بەڵام وەک باسمان کرد، تەنیا ئەم سندووقە نییە کە توانای پێشکێشکردنی یارمەتیمان بۆ دەستەبەر دەکات بۆ یارمەتیدانی ئەم دەوڵەتانە. نەخێر، ویلایەتە یەکگرتووەکان توانای پێشکێشکردنی هاوکاریی دووقۆڵیشی هەیە و ئەمەشمان لەڕێگەی ئاژانسی USAID و ژمارەیەک ئاژانس و دامەزراوەی دیکەی ئەمەریکاییەوە ئەنجام داوە. توانای پێشکێشکردنی هاوکاریی دووقۆڵیمان هەیە و هیچ بەربەستێک و رێگرێک لەپێشمان نییە بۆ ئەوەی هاوکاریی دووقۆڵی پێشکێش بکەین. ئەمە سەرباری یارمەتیدانی هەموو ئەم پڕۆژە و دەستپێشخەرییانە و سندووقە نوێیانەش هێشتا توانای ئەوە هەیە هاوکاریی دووقۆڵی پێشکێش بکەین و ئەمەیش دەکەین.
 
رووداو: بەڵام کە دێتە وڵاتانی دیکەی وەکو چین و سعودیە، بۆ نموونە سعودیە وڵاتێکی دەوڵەمەندە، بەڵام تازەپێگەیشتووە هەڵوێستی ئەمریکا لەسەر ئەو وڵاتانە چۆنە، ئەمریکا داوا دەکات کە ئەو ولاتانە پارە بۆ سندووقەکە دابین بکەن یان ئەمریکا دابینکردنی پارە بۆ سندووقەکە نابەستێتەوە بۆئەوەی کێ دیکە پیویستە پارە دابین بکات؟ چونکە کیشەکە ئێستا کێشەیەکی جیهانییە و کێ کێشەکەی دروستکردووە و کێ دروستی نەکردووە بخەینە لاوە، ئێستا کێشەکە کێشەی هەمووانە؟
 
ساموێل بێرگ: بەڵێ پاش ساڵانێکی درێژ لە گفتوگۆیانە، چونکە چەند ساڵێکە ئەم بیرۆکەیە لە رێککەوتنی پاریس باس کرا کە دەبێت میکانیزم و ئامراز هەبن بۆ مامەڵەکردنی لەگەڵ زیانەکاندا. واتە، سەرباری ئەو دانوستاندنە سەختانەی چەند ساڵیان خایاند گەیشتینە ئەم هەلە مێژووییەی بەردەممان بۆ دامەزراندن و جێبەجێکردنی ئەم سندووقە تاوەکوو بتوانین مامەڵە لەگەڵ زیانەکان، بەڵام ئێستا قۆناخێکی نوێمان لەپێشە بۆ گەڕان بەدوای هەموو وردەکارییەکاندا و رێککەوتن لە سەریان. رێککەوتین کە پێویستە سندووقەکە هەبێت و لە سەرەتاوە یارمەتی یان بەشداری لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە هەبوو بە 17 ملیۆن دۆلار. هەموو ئەم پرسیارانە، کێ سوودمەند دەبێت؟ ئایا پێویستە هەموو وڵاتە پێشکەوتووەکان یان ئەوانەی بودجەی زەبەلاحیان هەیە بەشداری بکەن؟ تائێستا نەگەیشتووینەتە هیچ پێوەرێک یان وردەکارییەک نییە کە لە سەری رێککەوتبین بۆیە پێمان وایە ئێمە هێشتا لە سەرەتاداین. وەک باسیشمان کرد، ئێمە ئەم هەموو دەستپێشخەرییانەی دیکەمان هەن، هەر لە دەستپێشخەرییە دووقۆڵییەکانەوە تا دەگاتە دەستپێشخەرییە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەکان. بۆیە تا ئەم ساتە ویلایەتە یەکگرتووەکان هیچ بیرۆکەیەکی نییە بۆ ئەوەی دەوڵەتانی دیکە ناچار بکرێن بەشداری لەم سندووقەدا بکەن.
 
رووداو: دواپرسیارم ئەم ساڵ خۆشحاڵم کە دەبینم گفتوگۆ لەسەر بەشداریی پێکهاتە و کەمینەکان و خەڵکی رەسەن لە کۆنفرانسی +28 هەیە، چونکە پێکهاتە کەمینەکانی وڵاتان هەندێکجار زیانی زۆر زیاتریان لە گۆڕانی کەشوهەوایان بەردەکەوێت هەندێکجار حکومەتی ناوەندیی وڵاتانان سەکۆیەک بۆ ناوچەکانی خۆیان ناڕەخسێنن، دەمویست بزانن ئەمریکا چۆن لەو بەشدارییەی ئەوان دەڕوانێت؟ 
 
ساموێل بێرگ: لە دیدگەی ئەم ئیدارەیەوە، ئیدارەی بایدن، پێی وایە ناتوانین کار بکەین یان هیچ گفتوگۆیەک ئەنجام بدەین لە بارەی گۆڕانی کەشوهەواوە بەبێ ئەوەی تێبگەین کە کەمینەکان لە زۆربەی کاتەکاندا کەمینەکان لە هەموو کونجێکی جیهاندا زیانمەندترینن لە گۆڕانی کەشوهەوا، چونکە لە هەندێ وڵاتدا کەمینەکان خاوەنی کەمترین دەنگن لە بڕیارەکانی حکومەتی ناوەند جا لە هەر شوێنێک بێت لەبەر ئەمەش هەر زیانێک بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە هەندێک جاران کاریگەریی زۆرتری لەسەر کەمینەکان دەبێت. هەر بۆیە ویلایەتە یەکگرتووەکان چەندین ساڵە هانی ئامادەیی و بەشداریی کەمینەکان و خەڵکی رەسەن دەدات و بانگەشە بۆ یەکسانیی جێندەر دەکات لە هەموو ئەم گفتوگۆیانەدا. ویلایەتە یەکگرتووەکان پێی وایە کە پێویستە گوێ لە کەمینەکانی هەموو وڵاتان بگیرێت، لەنێویشیاندا کورد لە عێراق و هەندێک کەمینەی دیکە لە ئاسیا و لە ئەفریقا و لە شوێنانی دیکە، هەروەها لە ویلایەتە یەکگرتووەکانیش، ئێمە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان خەڵکی رەسەنمان هەیە و کەمینەمان هەیە، بۆیە پێویستە گوێیان لێ بگرین و، وەک زیاتر لە جارێک لەم هەڤپەیڤینەدا باسمان کرد، گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی بە سەرمانەوە هەیە بەبێ گوێدان بە سنوورە جوگرافیاییەکان و جێندەری و رەگەزییەکان و هەموو شتەکانی دیکە. کەواتە پێویستە بزانین لە نێو کۆمەڵگەکاندا کامانەن ئەو گرووپانەی کە زیانمەنترین بوون لە گۆڕانی کەشوهەوا لە رابردوودا کە لە زۆربەی دەوڵەتاندا دەبینین ئەوانە کەمینەکانن. ئێمە پێمان وایە کە ناکرێت. ئەم شتەیش لە کۆپ شتێکی جوانە و شتێکی جیاوازە لە کۆنگرەی لایەنەکان لەبارەی ژینگە و دەکرێت جیای بکاتەوە لە هەندێ لووتکە و کۆنگرەی دیکە، بۆ نموونە دەبینی لە پشتمانەوە لێرەدا تەنیا سەرکردە سیاسییەکان و سەرۆکەکان و وەزیرەکان نین، بگرە چالاکەکانی ژینگەییش دەبینین لەگەڵ دامەزراوەکان و رێکخراوە ناحکومییەکان و رۆژنامەڤانان هەموویان لە یەک شوێندا مامەڵە لەگەڵ یەکتردا دەکەن، چونکە تێگەیشتنێک هەیە کە گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی لە سەر هەموومان هەیە بەبێ جیاکاری، بۆیە دەبێ تێبگەین لەوەی هەموو توێژێک و هەموو کۆمەڵگەیەک دەبێت دەنگی هەبێت.
 
رووداو: زۆر سوپاس
 
ساموێل بێرگ: سوپاس