سەرۆکوەزیرانی پێشووی سووریا بۆ رووداو: مووچەکەم 140 دۆلار بوو
رووداو - دیمەشق
مووچەی مانگانەی محەممەد جەلالی، دوایین سەرۆکوەزیری سووریای سەردەمی بەشار ئەسەد 140 دۆلار بوو. ئەو لە ماڵە 150 مەترییەکەیدا باسی گەندەڵیی وڵاتەکەی بۆ کردم کە "لە هەموو دنیادا نموونەی نەبووە، تەنیا قەرزی ئێران لەسەر سووریا گەیشتووەتە 30 ملیار دۆلار".
ئەو دوو هۆکارەی ئەسەدیان رووخاند
محەممەد غازی جەلالی، دوایین سەرۆکوەزیری سووریای سەردەمی بەشار ئەسەد، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو دا، کە لێرەدا بەشێکی لێ بڵاودەکەینەوە و بەشەکەی دیکەی لە بەرنامەی (هێشتا ماویەتی)دا بڵاودەبێتەوە، دەڵێت، "هەژاری و گەندەڵی بوونە هۆی رووخانی رژێمی سووریا، نەک ئەو شەڕەی 13 ساڵە لە وڵاتەکە دەکرێت".
لە بەرەبەیانی 8-12-2024 خەڵکی سووریا لە خەو هەستان و بیستیان، ئەو سەرۆکەی 24 ساڵە حوکمی وڵاتەکەیان دەکات، سووریای بەجێهێشتووە و بەرەو رووسیا رایکردووە.
محەممەد جەلالی پێچەوانەی بەشار ئەسەد و چەندین وەزیر و پلە باڵای دیکەی سەربازی و ئەمنیی سووریا کە ترسیان لە خەڵک و هاتنی دەستەی تەحریری شام هەبووە، سووریایان بەجێهێشت، بڕیاریدا لە دیمەشق بمێنێتەوە. گوتی "هیچ ترسێکم نەبوو تاوەکو رابکەم، کاژێر پێنجی بەیانیی 8-12-2024 پێش ئەوەی چەکدارانی دەستەی تەحریری شام بگەنە دیمەشق، 20 پاسەوانی سەربازیم هەبوون، هەر هەموویان رۆیشتن. خۆم و خێزانەکەم بە تەنیا ماینەوە".
کاژێر هەشتی بەیانیی رۆژی کەوتنی رژێمی ئەسەد، تەلەفۆنێک بو محەممەد جەلالی دێت، پێیدەڵێت "بمێنەوەو پارێزراوی"، تەلەفۆنەکە لەلایەن ئەحمەد شەرع ناوسراو بە (ئەبو محەممەد جۆلانی)، سەرکردەی دەستەی تەحریری شام بووە کە ئێستا کەسی یەکەمی سووریایە. محەممەد جەلالی زیاتر باسی نێوەڕۆکی تەلەفۆنەکە دەکات "ئەحمەد شەرع بە منی گوت بەردەوام دەبین لە پەیوەندی و تۆ پارێزراو دەبی، منیش پێم گوت، من ماوم و وەکو ئەوانی دیکە وڵاتی خۆم بەجێنەهێشتووە."
دوو رۆژ دوای رووخانی ئەسەد، لەسەر داوای ئەحمەد شەرع، محەممەد جەلالی دەسەڵاتەکەی وەک سەرۆکوەزیران رادەستی محەممەد بەشیر دەکات و حکومەتێکی کاتی پێکدەهێنرێت تاوەکو ئاداری 2025.
پلەی وەزیری بە 100 لیرەی زێڕ
محەممەد جەلالی لە دەرەوەی دیمەشق لەگەڵ منداڵەکانی لە شوققەیەکی 150 مەتری لە نهۆمی دووەمی ژێرەوەی یەکێک لە باڵەخانەکان دا دەژیت. لەکاتی ئەم هەڤپەیڤینەدا زوو زوو جگەرەیەکی مارلبۆرۆ لە پاکەتە شینەکە دەردەهێنێت کە نرخی یەک پاکەتی 50 هەزار لیرەی سووریایە و دەکاتە نزیکەی چوار دۆلار. تاوەکو ئەو هەڤپەیڤینەمان تەواوکرد پێنج جگەرەی داگیرساند و ژوورەکەی پڕکرد لە دووکەڵی جگەرە.
پێنج رۆژ بوو ریشە سپییەکەی نەتاشی بوو، کە لێم پرسی بۆچی ریشت هێشتووەتەوە، جگەرەیەکی پێکرد و نەیگوت کەی دەیتاشم.
بەر لەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی سووریا، سەرۆکی زانکۆی سووریای ئەهلی بووە و ماوەیەک وەزیری گەیاندن بووە لە سووریا. لەلایەن وەزیرێکی پێشتری سووریا کە پۆستی ئەمنی هەبووە، تەلەفۆنی بۆ دەکرێت و پێیدەگوترێت "ناوی تۆ لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە لە لێکۆڵینەوەدان بو ئەوەی ببی بە سەرۆکوەزیری سووریا." جەلالی گوتی "پێشتر ئاگادار نەبووم کە ئەو پۆستە بۆ من پێشنیاز دەکرێت".
لەکاتی ئامادەکاری بۆ پێکهێنای کابینەکەی و دەستنیشانکردنی وەزیرەکان، محەممەد جەلالی گوتی، "داوایەک لە رێگەی کەسی سێیەمەوە بۆ من هات کە فلان کەس بکەمە وەزیر و لە بەرامبەردا 100 لیرەی زێڕ بداتە من، بەڵام من رەتمکردەوە و ئەو کەسەم نەکردە وەزیر". محەممەد جەلالی رازی نەبوو ناوی کەسەکە ئاشکرا بکات.
مووچەی وەزیر 70 دۆلار بوو
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، وەک محەممەد جەلالی دەڵێت، "هەژاری و گەندەڵی بوو لە سووریا، کە لە هەموو دنیادا وێنەی نەبووە". گوتی "من سەرۆکوەزیران بووم، مووچەی مانگانەی من دوو ملیۆن لیرەی سووری بوو کە دەکاتە 140 دۆلاری ئەمریکی، وەزیر مووچەکەی یەک ملیۆن لیرەی سووری بوو کە دەکاتە 70 دۆلار، فەرمانبەری سووری 20 دۆلاری هەبوو، سەربازی سووری 17.5 دۆلار".
محەممەد جەلالی لە دوای کاتی کاری فەرمی خۆی وەک سەرۆکوەزیرانی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی کاری دیکەیان دەکرد بۆ پەیداکردنی پارە تاوەکو بژین "پێشتر سەرۆکی زانکۆ بووم، خێزانم ئەندازیارە و لە کۆمپانیایەک کاری دەکرد، لەگەڵ نووسینگەی ئەندازیاریی خۆم راوێژکاریم دەکرد. ناچاربووین وابکەین تاوەکو پارە بۆ ژیان پەیدا بکەین، داهاتی من و خێزانەکەم هەمووی دەگەیشتە 2000 دۆلار".
محەممەد جەلالی بۆ روونکردنەوەی دۆخی سووریای سەردەمی ئەسەد، پرسیارێک دەکات، "کاتێک سەربازی وڵاتی تۆ مووچەکەی 17.5 دۆلاربێت، چۆن گیانی خۆی بێ بەرامبەر دەکاتە قوربانی و بەرگری لە وڵات و دەسەڵات دەکات؟"
ئەسەد چەند پارەی بۆ میللـەتەکەی جێهێشتبوو؟
لە ساڵی 2011ـەوە لە سووریا شەڕە و سووریا بۆ سەر چەندین ناوچەی سەربازی دابەشببوو، لەم شەڕەدا ئابووری سووریا داڕما. بەر لە دەستپێکردنی شۆڕشی سووریا، ئەو وڵاتە رۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمی هەبوو، بەڵام نەوتەکە لەژێر کۆنترۆڵی دیمەشق دا نەما.
حکومەتی سووریا ئامادەکاری دەکرد بۆ بودجەی ساڵی 2025، محەممەد جەلالی دەڵێت، بودجەی ئامادەکراو "52 هەزار ملیار لیرەی سووری بوو، 20% کورتهێنانی هەبوو، داهاتی سووریا زۆربەی هەرە زۆری لە باجەوە کۆدەکرایەوە". ئەو سەرۆکوەزیرە لادراوە زانیاریی زیاتری لەسەر داهاتی سووریا پێگوتین، "کاتێک ئەسەد رووخا لە بانکی ناوەندیی سووریا، دەوروبەری 100 ملیۆن دۆلار پارە هەبوو، ئەویش هەمووی لیرەی سووری بوو، دۆلار و دراوی بیانی نەبوو".
سووریا رووبەڕووی کێشەی گەورەی کارەبا بووەتەوە، 700%ی کارەبای سووریا کەمیکردووە. وەک سەرۆکوەزیرانی پێشوو باسی دەکات، "بەر لەوەی شەڕ لە سووریا دەست پێبکات، 8000 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهات و زیادیش بوو، سووریا بەشێکی کارەبای خۆی دەفرۆشت، ئێستا بەرهەمی کارەبای سووریا دابەزیوە بۆ 1000 مێگاوات کارەبا، بۆ ئەوەی سووریا 24 کاژێر کارەبای هەبێت، پێویستی بە 7000 مێگاوات کارەبا هەیە".
محەممەد جەلالی لەم هەڤپەیڤینەدا باسی پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە رژێمی بەشار ئەسەد دەکات "ئێران مانگانە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی دەدایە سووریا و، ئێمەش ملیۆنێک بەرمیلمان دەکڕی. عێراق لەبەر ئەمریکا نەیتوانی نەوت بداتە سووریا." جەلالی پشتیوانیی دارایی ئێران بۆ سووریا بەو شێوەیە رووندەکاتەوە، "لە سەرەتای شۆڕشەوە ئێران ساڵانە سێ ملیار دۆلاری داوەتە سووریا، ئێستا سووریا 30 ملیار دۆلار قەرزداری ئێرانە".