فەوزی هەریری: یاسای کورتهێنانی بودجە نابەجێ بوو، هەندێک لایەن بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاریان هێنا

 
رووداو دیجیتاڵ

فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ رووداو باسی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی کرد و گوتی، ئێمە کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا تەنیا پارە نین. هەروەها لەبارەی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەوە ئاماژەی بەوە دا کە یاساکە نابەجێ بوو، هەندێک لایەن بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاریان هێنا و واتێدەگەن بە دژایەتیی کورد دەنگیان لە ناوچە شیعەنشینەکاندا زیاتر دەبێت. لەبارەی هەوڵی نێودەوڵەتییەوە بۆ چارەسەری کێشەکانی نیوان بەغدا و هەولێر باسی لەوە کرد، رەنگە هەفتەی داهاتوو هەموو دۆستەکانی عێراق، ئەوانەی بەرژەوەندی و سەقامگیریی عێراقیان بوێت، بێنە پێش. هاوکات خودی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جەنابی سەرۆکوەزیران دەیانەوێت پێکەوە ئەم کێشەیە، کە نەدەبوو بێتە پێش، چارەسەر بکەن.
 
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دوایین کۆنفرانسی رۆژنامەڤانییدا داوایکرد نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بێتە سەر هێڵ. دوای ئەوە چ گۆڕانکارییەک روویدا؟
 
فەوزی هەریری: ئەو کاتە خاتوو جینین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، لە هەرێمی کوردستان بوو. هەفتەی رابردووش بەشداریی لە کۆبوونەوەکەی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کرد بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال و سەردانی شنگالیشی کرد. هەروەها بۆ دیداری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لێرە بوو، دوو-سێ دیداریان سازدا و باسی ئەو بابەتانەیان کرد. خاتوو جینین بەردەوام راوێژ بە هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات، راوێژ بە حکومەت و سەرۆکی حکومەتیش دەکات، چونکە پێویستی بە راوێژە. 
 
ئەگەر باسی مێژوو بکەین، پێش ساڵی 2003 هەرێمی کوردستان نیمچە سەربەخۆ بوو، تەنانەت پارەی خۆیی بەکاردەهێنا. هەرێمی کوردستان دراوی سویسری و بەغداش دراوێکی تر. ئێمە تەنیا نوێنەرمان لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا نەبوو، ئەگینا بە هەموو پێوەرێک سەربەخۆ بووین. دۆستەکانمان، ئەمریکا، بەریتانیا و نەتەوە یەکگرتووەکان، گوتیان ئەمە عێراقێکی نوێیە و فەرموون وەرن بۆ بەغدا بۆ ئەوەی پێکەوە عێراقێکی نوێ دروستبکەین کە بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی عێراق و کوردستانی تێدا بێت. 
 
دەستوورێکی نوێمان نووسییەوە کە بە دڵی هەرێمی کوردستان، شیعە و سوننە بوو. لەو 17 ساڵەی رابردوودا بە راستی دەبینین کە بەغدا ئەو نیەتەی نییە کە دان بەو دەستوورە و بە سیستمی فیدراڵییەتدا بنێت. ئێستاش بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدات بە شێوەی مەرکەزییەت مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکات. 
 
لە هەموو کابینەکانی رابردووی هەرێمی کوردستاندا دانوستان لەگەڵ کابینەکانی حکومەتی عێراقدا هەبووە. ئێمە ئێستا باسی مووچە و 320 ملیارەکە دەکەین، بەڵام ئێمە کێشەکانمان تەنیا پارە نین. کێشەی دەستوور، نەتەوەیی، فیدراڵییەت، ماددەی 140، یاسای وزە، یاسای دارایی و یاساکانی دیکەین کە دان بە فیدراڵییەتی هەرێمی کوردستاندا دەنێن بە هەموو دامودەزگا فەرمییەکانییەوە.
 
ئێستا دەبێت هەموو جارێک بگەڕێینەوە بۆ بەغدا باسی مووچە و ئەو پارەیە بکەین کە بەغدا نەیناردووە. بۆیە بۆچوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوە بووە کە دۆستەکانمان، ئەوانەی بەرژوەندیی عێراقیان لە بەرچاوە، بێن یارمەتیی هەردوولامان بدەن تاوەکو بتوانین پێکەوە ئەم کێشانە چارەسەر بکەین. هەمان داوامان لە ئەمریکا و بەریتانیا کردووە و خودی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆک ماکرۆنی گوت: "ئێوە دۆستی ئێمەن، پێویستە بێنە سەر هێڵ، فەرمانمان پێمەکەن، بەڵام وەرن یارمەتیمان بدەن بۆ ئەوەی ئەم کێشانە چارەسەر بکەین، چونکە 17 ساڵە چارەسەر نەکراون."
 
 
رووداو: دوای تێپەڕاندنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە لە پەرلەمانی عێراق، ئایا سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیچ هەوڵێکی لەو بارەوە داوە و گفتوگۆی لەگەڵ وڵاتان و نەتەوە یەکگرتووەکاندا کردووە؟
 
فەوزی هەریری: بەڵێ، بەردەوامە. ئەو یاسایە یاسایەکی نابەجێ بوو، کاتەکەی زۆر زۆر خراپ بوو. خەڵکانێک بۆ بەرژەوەندیی خۆیانیان بەکارهێنا، چونکە لە هەڵبژاردن نزیکدەبینەوە. هەندێک لایەن بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاریان هێنا و واتێدەگەن بە دژایەتیی کورد دەنگیان لە ناوچە شیعەنشینەکاندا زیاتر دەبێت. 
 
ئێستاش ئێمە ئامادەین دانوستان لەگەڵ حکومەتی بە‌غدا بکەین لەسەر ئەو یاداشتانەی کە لەگەڵیاندا ئیمزامان کردوون. ئێمە لەگەڵ عێراقدا رێککەوتنمان لەسەر خاڵ بە خاڵی یاساکان هەیە: لەسەر نەوت، پارە، بودجە و دەروازە سنوورییەکان هەمووی رێککەوتن هەیە بە شایەتیی خودی ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، گوتەبێژی حکومەتی عێراق کە خۆی گوتی: "ئەوەی هەرێمی کوردستان دەیڵێت راستە و خۆمان ئەو رێککەتنانەمان کردوون." بۆیە ئەو بڕیارەی پەرلەمان لە کاتێکی باشدا دەرنەچوو، بەپێچەوانەوە کێشەی نێوان هەولێر و بەغدای قووڵتر کردەوە. 
 
ئێمە لەگەڵ حکومەت و سەرۆکی حکومەتی عێراق پەیوەندیی باش و بەردەواممان هەیە. جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جەنابی سەرۆکوەزیران و سەرکردایەتیی سیاسیی کورد پەیوەندیی بەردەوامیان لەگەڵیاندا هەیە، بەڵام دیارە سەرۆکوەزیرانی عێراقیش ناتوانێت هەموو شتێک بە دڵی خۆی بکات، چونکە دامەزراوەیەک هەیە دەیەوێت ئیشەکان بە دڵی خۆی بەڕێوەببات.
 
 
رووداو: جگە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، هیچ هەوڵێکی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان هەیە؟
 
فەوزی هەریری: وەکو گوتم، فەرەنسییەکان لەسەر هێڵ بوون، ئەمریکییەکان لەسەر هێڵ بوون، بەریتانییەکان هەفتەی رابردوو لەسەر هێڵ بوون. رەنگە هەفتەی داهاتوو هەموو دۆستەکانی عێراق، ئەوانەی بەرژەوەندی و سەقامگیریی عێراقیان بوێت، بێنە پێش. بەڵێ، هەیە و هەموویان لەسەر خەتن. خودی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جەنابی سەرۆکوەزیران دەیانەوێت پێکەوە ئەم کێشەیە، کە نەدەبوو بێتە پێش، چارەسەر بکەن.
 
 
رووداو: ئایا یوئێن دەتوانێت کارێک بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە بکات؟
 
فەوزی هەریری: ئێمە باسی ناوچە دابڕێنراوەکان دەکەین نەک 320 ملیار دینارەکە. ئێمە باسی یاسای وزە دەکەین کە ئەمانە بەشێکن لە دەستووری عێراق، پێویستە پەرلەمانتارەکانمان لە بەغدا بەدواداچوون بۆ ئەم کێشانە بکەن، ناکرێت هەموو جارێک سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان بە دەنگ بێت. ئێمە زیاتر لە 50 پەرلەمانتارمان هەیە، با نیوەیان لەگەڵ ئەو ئاراستەیەدا نەبن، بەڵام ئەوانی دیکە پێویستە بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیانە بکەن. بەڵێ، ئەمریکی و بیانیی و وڵاتان دەیانەوێت کێشە لەنێوانماندا روونەدا، ئەگەر کێشە رووبدات تەنیا لە بەرژەوەندیی ناسەقامگیری و داعشدایە. 
 
 
رووداو: تاوەکو ئێستا خاڵەکانی رێککەوتنی شنگال جێبەجێنەکراون. بۆچی جێبەجێ ناکرێن؟
 
فەوزی هەریری: ئێمە تائێستا لە چۆنییەتیی بەڕێوەچوونی ئەو رێککەوتنە رازیین. هەفتەی رابردوو چەند خاڵێکی جێبەجێ کران و دەست بە جێبەجێکردنی هەموو خاڵەکان کراوە. ئێمە پشتگیری لە هەموو ئەو هەنگاوانە دەکەین کە تاوەکو ئێستا نراون، بۆ نموونە هێنانی پۆلیسی فیدراڵی بۆ ناوچەکە، دوورخستنەوەی ئەو چەکدارانەی کە پێویستە لەوێ نەمێنن. ئەو هەوڵە هی حکومەتی فیدراڵە، ناوچەکە سەر بە پارێزگای نەینەوایە. پشتگیریی هەموو هەنگاوەکان دەکەین و بەردەوامیش لەسەر هێڵین، ئەگەر هەنگاوێک جێبەجێنەکرێت قسەی خۆمان دەکەین.
 
 
رووداو: یانی پرۆسەکە بە ئاسایی بەڕێوەدەچێت؟
 
فەوزی هەریری: بەڵێ، بە ئاسایی بەڕێوەدەچێت. تا ئەم ساتە لە دۆخەکە رازیین. 
 
 
رووداو: لیژنەیەکیش بە هەمان شێوە کاری بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک دەکرد. چ زانیارییەکتان لەو بارەوە هەیە؟
 
فەوزی هەریری: کەرکووک گەورەترین کێشەی ناوچە دابڕێنراوەکانە. ئەگەر کێشەی کەرکووک چارەسەر بکەیت، دەتوانیت هەموو کێشەکانی عێراق چارەسەر بکەیت. ئەو هیممەتەی لەوێ هەیە، ئەگەر لە کەرکووکیش هەبێت، بە دڵنیاییەوە دەکرێت. رێککەوتنی شنگال سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ خاتوو جینین، هەولێر و بەغدا، دەتوانرێت هەمان مۆدێلی شنگال لە کەرکووکیش رەچاوبکرێت بە رەچاوکردنی مافی هەموو پێکهاتەکانەوە. 
 
ئێمە ناڵێین هەموو شتێک بۆ خۆمانە؛ ئێمە بەشێکین لە عێراق، ئەرکمان هەیە و مافیشمان هەیە. نابێت داوای جێبەجێکردنی ئەرکەکانمان لێبکرێت و مافەکانیشمان بخورێت. دەبێت بەغدا لەوە تێبگات. هەندێک جاریش سەرکردە سیاسییەکان لە بەغدا نایانەوێت لەوە تێبگەن. ئێمە لە هەوڵداین.
 
 
رووداو: کەی شاندی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا؟
 
فەوزی هەریری: دەبێ بزانین ئەو شاندە بۆچی دەچێتە بەغدا. ئێمە دوو-سێ رێککەوتنمان لەگەڵ بەغدادا هەیە، بەپێی قسەی گوتەبێژی حکومەتی عێراق، بە‌غداش دانی بەوەدا ناوە کە ئێمە رێککەوتنمان هەیە. دەبێت ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکەین. بەغدا مووچەی مانگەکانی 5 و  6 و 7ی هەرێمی کوردستان قەرزارە. ئەگەر باسی ئەو یاسایە بکەین کە دەرچوو، خۆ یاساکە نایگرێتەوە.
 
ئەگەر ئێستا شاند بنێرینە بەغدا، دەبێت تەنیا گفتوگۆ لەسەر جێبەجێکردنی ئەو خاڵانە بکەن کە لەسەری رێککەوتووین. لە راستیدا هیچ شتێکی دیکەی نوێ نییە باسی بکەین. 
 
 
رووداو: کەی لەبارەی بودجەی 2021ـەوە گفتوگۆ دەکەن؟
 
فەوزی هەریری: تائێستا وەزارەتی دارایی عێراق بودجەی 2021ـی پێشکەش نەکردووە. کە پێشکەشیکرد، بێگومان دەبێت گفتوگۆی لەسەر بکەین. بەڵام ئەوەی کە تاوەکو ئێستا باسدەکرێت تەنیا بودجەی 2020ـە. ئەگەر پێویست بێت شاند بڕوات، دەڕوات. بەڵام کە رۆیشت، چی دەکات؟ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران لەگەڵ کازمی لەسەر هێڵن، هیوادارم لەم رۆژانەدا چارەسەر بکرێت.
 
 
رووداو: پێشبینی دەکەن لەم رۆژانەدا کێشەکان چارەسەر ببن؟ زانیاریتان هەیە کە کەی 320 ملیار دینارەکە دەنێرن؟
 
فەوزی هەریری: بەڵێنیان بە هەرێمی کوردستان داوە کە لەم هەفتەیەدا چارەسەری بکەن. قسەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان زۆر روون بوون. بۆچی خەڵکی هەرێمی کوردستان سزا بدرێن؟ ئێمە بەشێکین لە عێراق یان بەشێک نیین؟ ئەگەر بەشین، دەبێت مافی خەڵکی کوردستان بدرێت. نابێت بکرێتە کارتی فشار بۆ سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمە قابیلی قبووڵ نییە.