کۆنسوڵی کۆریای باشوور بۆ رووداو: پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆریا زۆر تایبەتە

رووداو دیجیتاڵ 

کۆنسوڵی گشتیی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان لە نوڕۆژی رووداو باسی ژیانی تایبەتیی خۆی و کارەکانی لە هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند: پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان عێراق و کۆریا زۆر زۆر تایبەتە. هەموو ئەمەیش لەو کاتەوە دەستیپێکرد کە یەکەی زەیتوونی کۆریا لە 2004ـەوە تاوەکو 2008 لە کوردستان جێگیر بوو. 
 
رۆژی دووشەممە 23-1-2023، هەڤپەیڤینەکەی رووداو لەگەڵ چۆ کیجۆنگ، کۆنسوڵی گشتیی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان پەخشکرا. لەسەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەو بۆی دەرکەوتووە هەڵپەڕکێی کوردی هاوشێوەی سەمای ئەوانە "بۆیە کۆریەکان حەزیان لە هەڵپەڕکێی کوردییە."
 
کۆنسوڵی گشتیی کۆریای باشوور مانگی شوباتی ساڵی رابردوو بۆ یەکەم جار هاتووەتە کوردستان و دەڵێت "کوردستان دیمەنێکی جوانی هەیە. گەلێک چیای بەرزی تێدایە کە رووکەشێکی پوخت و جوانیان دروست کردووە. من سەردانی هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستانم کردووە. هەموو جارێک چیاکان و دیمەنەکەی زۆر کاریان تێکردووم."
 
دەشڵێت "پێموایە کە چیاکانی ئێوە [کوردستان] لەوانەی ئێمە بەرزترن. گەرچی وڵاتەکەی ئێمە زیاتر لە 70٪ی لە چیا پێکهاتووە، کەچی هەندێک جار چیاکانی ئێوە لەوانەی ئێمە بەرزترن."
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی رووداو لەگەڵ چۆ کیجۆنگ، کۆنسوڵی گشتیی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان 
 
 
رووداو: سڵاو جەنابی کۆنسوڵ، ئێوە باشن تەندروستیت باشە؟
 
چۆ کیجۆنگ: سڵاو، بەیانیت باش. خۆشحاڵم بە بینینت. 
 
رووداو: بەختی تۆ کەشوهەواش ئەمڕۆ خۆشە، خۆشحاڵم کە تۆم بینی
 
چۆ کیجۆنگ: زۆر سوپاس. زۆر سوپاس. کەشوهەواکەی خۆشە، بەڵام خۆت دەزانی کە ئێمە خۆشحاڵین. 
 
رووداو: ئۆتۆمبێلێکی جوانت هەبوو، بەڵام کۆری نەبوو، کۆریا ئۆتۆمبێلی جوان دروستدەکات، بۆچی؟
 
چۆ کیجۆنگ: بە دڵنیایییەوە گەلێک ئۆتۆمبێلمان هەیە. زۆر سوپاس.
 
رووداو: کتێبەخانەی زەیتونە، هێزی زەیتون هەر لێرە ماوە؟ ساڵانی 2003 - 2004 هێزی زەیتون لێرەبوون، من سەردانی ئەوانم کردبوو، چەند سەربازم بینیبوون، ئێستا هێزەکان نەماون وایە؟ تەنیا دیپلۆماتکار ماون؟
 
چۆ کیجۆنگ: ئەم کتێبخانەیە لەلایەن یەکەی زەیتوونەوە دروستکراوە. لە 2004ـەوە تا 2008 یەکەی زەیتوون لێرە بوو. واتە لە 2008ـدا هەرێمی کوردستانی عێراقیان جێهێشت. 
 
رووداو: بەڵێ، ئەو کات هاتم چەند کارێکی کولتووریمان پێکەوە کرد، کۆریان حەزیان لە هەڵپەڕێکی کوردی دەکرد، من ئەوانم هەندێک فێرکردن. 
 
چۆ کیجۆنگ: بەڵێ، پێموایە. دەزانی، بۆم دەرکەوتووە کە هەڵپەڕکێی کوردی هاوشێوەی سەمای ئێمەیە. بۆیە کۆریەکان حەزیان لە هەڵپەڕکێی کوردییە.
 
رووداو: ئێوەش وەکو ئێمەن، ئێمەی کورد، ئاهەنگ بێت، یاخود جەژن و سەیران، بانگەشەی هەڵبژاردن بێت هەتا خۆپێشاندانیش بێت، ئێمە هەڵپەڕێکی دەکەین.
 
چۆ کیجۆنگ: بەڵێ، ئەوەم زۆر زۆر بە دڵە. بەڵێ.
 
رووداو: فەرموو، ئەتمۆسفرێکی کوردی لێرە دروست بوو وانییە؟ 
 
چۆ کیجۆنگ: بەڵێ، بەڵێ، تایکواندۆ. هەموو ئەمانە، وەک دەزانی، یەکەی زەیتوون لە هەولێر جێیهێشتن.
 
رووداو: ئەوانە کاروچالاکییەکانتانە لە هەرێمی کوردستان
 
چۆ کیجۆنگ: ئەوەی راستی بێت، ئەم وێنانە بۆ پیشاندانی چالاکییەکانی یەکەی زەیتوون. ئەمە تۆماری یەکەی زەیتوونە بۆ چالاکییەکانیان. 
 
رووداو: ئێوە وەکو کۆنسوڵ، 10 مانگە لێرەن، پێش ئەوەی بێیت کوردستانت دەناسی؟ هیچ زانیاریت لەسەر هەبوو؟
 
چۆ کیجۆنگ: بەڵێ، دەتوانم بڵێم کە تەواو بە هەرێمی کوردستانی عێراق ئاشنا بووم. ئەگەرچی پێشتر سەردانی ئەم هەرێمەیشم نەکردبوو. سەرەتا وەک دەیبینین، زەیتوون دیڤیژن لە 2004 بۆ هەولێر نێردرا تا 2008. لەو ماوەیەدا هەندێک لە هاوڕێکانم لە وەزارەتی دەرەوە هاوەڵیی هێزەکانیان دەکرد و بەردەوام بوون هێنانەوەی ئەزموون و چالاکییەکانیان لە هەولێرەوە. بۆیە، وەک دەزانی، سەرەتا لە رێگەی هاوڕێکانمەوە ئاشنا بووم. لەو هاوڕێیانەمەوە دەمبیست کە لێرە ئەزموونیان هەبوو. ئینجا، دەزانی، هەروەها لەو کاتەدا راگەیاندنە کۆرییەکانیش دەرچەیەک بوون، راپۆرتیان لەسەر چالاکییەکانی یەکەی زەیتوونی کۆری و بارودۆخی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکرد. 
 
رووداو: پێش ئەوەی ببی بە کۆنسوڵ سەردانی کوردستانت کردبوو؟
 
چۆ کیجۆنگ: نا، دەزانی، هەرگیز گەشتم بۆ ئەم هەرێمە نەکردبوو. لە راستیدا یەکەم جارمە. شوباتی پار بۆ یەکەم جار لە ژیانمدا گەیشتمە ئێرە.
 
رووداو: کە هاتی بۆ کوردستان، چ شتێک سەرنجی تۆی راکێشا؟
 
چۆ کیجۆنگ: بەڵێ، دەزانی، لێرە لە هەولێر گەلێک شتی سەرنجڕاکێش هەن. خۆت دەزانی ئەوە 10 مانگ تێدەپەڕێت کە لە هەولێرم. بە راستی سەختە بۆ من باس لە هەموو بابەتەکان بکەم. ئەگەر هەندێک لە بابەتە سەرنجڕاکێشەکان هەڵبژێرم، ئەوا سەرەتا دەبێت پێت بڵێم کە کوردستان دیمەنێکی جوانی هەیە. گەلێک چیای بەرزی تێدایە کە رووکەشێکی پوخت و جوانیان دروست کردووە. من سەردانی هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستانم کردووە. هەموو جارێک چیاکان و دیمەنەکەی زۆر کاریان تێکردووم.  دەزانی، خەڵکی کۆری حەزیان لە شاخڕەوییە. تەنانەت ئەوەم بە بیردا هات کە رۆژێک لە رۆژان، بۆ نا؟ زۆرێک لە کۆرییەکان دەتوانن گەشت بکەن بۆ ئەم هەرێمە تەنیا بۆ ئەوەی لە ناوچە شاخاوییەکاندا شاخڕەوی بکەن. هەر بۆیە بڕوام وایە کە چیاکان...
 
رووداو: پێش ئەوەی باسی گەشتیاری بکەین، ئەو کاتەی چیایەکی بەرزی کوردستان دەبینی، چیت بە مێشکدا دێت؟ وەکو هەوڵێک بۆ چ شتێک تەماشەی دەکەی، بۆ گەشتیاری یان کانزا یاخود شتێکی دیکە؟ کە هەرێمی کوردستان تا ئێشتا سوودی لێنەکردووە؟
 
چۆ کیجۆنگ:  بڕوام وایە ئەگەرچی هیچ سەرچاوەیەکی دیکەی سرووشتیی وەک نەوت و شتی لەو جۆرە نابینم، ئەوا دیمە سرووشتییە جوانەکەیش بەو جۆرەیە و کەرەستەیەکی سەرنجڕاکێشە، چونکە خەڵک سرووشتیان خۆش دەوێت و دەبێت سرووشتیش وەک خۆی بپارێزرێت. جا وەک پێم گوتیت دیمەنیی سرووشتیی کوردستان دیمەنێکی زۆر جوانە. بۆیە لەو بڕوایەدام ئەمە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە کە چیا جوانەکانیان وەک خۆیان بپارێزن. 
 
رووداو: رۆیشتووی بۆ سەر چیاکان؟
 
چۆ کیجۆنگ: خۆزگە هەندێک دەرفەتم بۆ ئەمە هەبووایە، بەڵام بە داخەوە هیچ دەرفەتێکم نەبووە کە بە چیادا هەڵبگەڕێم. بەڵام وەک دەزانیت تەنیا چەند دەرفەتێکم هەبووە کە گەشت بکەم بۆ ناوچە چیایییەکان. بۆیە بەر لە هەر شتێک کە لە هەولێرەوە دەچم بۆ سلێمانی، لەوێ دیمەنێکی جوانی چیا هەیە. ئینجا هەلیشم بۆ رەخسا کە لە کانوونی یەکەمی رابردوودا سەردانی گوندی بارزان بکەم و بینیم ئەو دیمەنە سرووشتییە جوگرافییانەیە؛ رووباری لێ بوو، ئەو هەموو چیایەی هەبوو، لەگەڵ ئەو هەموو درەختەدا. بۆیە ئەوە دیمەنێکی جوانی لای من دروست کرد.
 
رووداو: چیاکانی ئێمە بەرزن یان ئەوانەی ئێوە؟
 
چۆ کیجۆنگ: خۆی پێموایە کە چیاکانی ئێوە لەوانەی ئێمە بەرزترن. گەرچی وڵاتەکەی ئێمە زیاتر لە 70٪ی لە چیا پێکهاتووە، کەچی هەندێک جار چیاکانی ئێوە لەوانەی ئێمە بەرزترن.
 
رووداو: بەشێوەیەکی گشتی پەیوەندی کۆماری کۆریای باشوور لەگەڵ هەرێمی کوردستان چۆنە؟ لەسەر ئاستی حکومی و حزبەکان و جەماوەری؟
 
چۆ کیجۆنگ: پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و کۆریا زۆر زۆر تایبەتە. هەموو ئەمەیش لەو کاتەوە دەستیپێکرد کە یەکەی زەیتوونی کۆریا لە 2004ـەوە تاوەکو 2008 لێرە جێگیر بوو. یەکەی زەیتوونی کۆریا لە سێ هەزار سەرباز پێکهاتبوو. وەک بینیت، لێرە گەلێک چالاکییان هەبوو. دەزانی، ئەوان کاری بونیاتنانەوەیان دەکرد، ژمارەیەکی زۆر نەخۆشخانەیان بەڕێوە بردووە، دواجاریش ئەم بینایەیان وەک میراتێک جێهێشت. جا دوای ئەوەیش ئێمە پارێزگاری لەم دامەزراوەیە دەکەین، وەک یادگارییەکی هاوڕێیەتی کە لەلایەن یەکەی زەیتوونی کۆریاوە جێهێڵراوە. بەم شێوەیە، پەیوەندیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا زۆر تایبەتە. بە تایبەتی لە ئاستی حکومەتدا پێکەوە خەریکی پارێزگاریکردن بووین..
 
رووداو: وەکو کۆنسوڵی کۆریای باشوور، پلانێکت هەیە کە لەم ساڵدا 2023 دا هەنگاوی زیاتر بنێن لە پەیوەندییەکانتان دا لەگەڵ هەرێمی کوردستان، شتێکی تایبەت هەیە یاخود وەکو هەیە بەردەوام دەبێت؟
 
چۆ کیجۆنگ: بە دڵنیاییەوە، دەزانی، لەبەرئەوەی پەیوەندییەکەمان تایبەتە، بە تایبەتی لە ئاستی حکومەتدا، بەردەوام دەبین لە پارێزگاریکردن لەم پەیوەندییە لە ئاستی حکومیدا. لە هەمان کاتدا پێموایە زۆر گرنگە کە پەیوەندی و هاوبەشایەتییەکەمان لەسەر کەرتی تایبەت چڕ بکەینەوە. چونکە بەهێزکردنی هاوبەشایەتی لەنێوان بازرگانانی هەردوولادا کلیلی سەرکەوتنە. بۆیە ئێمە هەوڵ دەدەین، ئەوەی لە تواناماندا بێت دەیکەین بۆ ئەوەی بازرگانانی هەردوولا پێکەوە ببەستینەوە. 
 
رووداو: کۆریای باشوور چۆنە، جیاوازیمان هەیە لە کەشوهەوادا؟ لە پلەکانی گەرما و وەرزەکانی ساڵدا؟
 
چۆ کیجۆنگ: ئێمە چوار وەرزی دیاریکراومان هەیە. هاوینێکی زۆر گەرممان هەیە، زستانێکی زۆر ساردمان هەیە، هەروەها بەهار و پایزێکی زۆر جوانیشمان هەیە. دەزانم لێرەیش چوار وەرز هەیە، بەڵام جیاوازییەکەی نێوان ئێرە و کۆریا ئەوەیە کە ئێوە هاوینێکی گەرمترتان هەیە و، زستانیشتان لە کۆریا گەرمترە. 
 
رووداو: هەموو کات وەکو ئێستا هەواکە خاوێن نییە لە هەرێمی کوردستان، هەموو شوێنێکیش ئەوها خۆش نین، هەندێجار خوڵ دەبارێت، پلانی ئێوە چۆن بۆ خاوێن راگرتنی ژینگە، ئێمە دەتوانی ئەزموون لە چ شتێکی ئێوە وەربگرین بۆ خاوێنڕاگرتنی ژینگە؟ لە کۆریای باشوور خوڵ دەبارێت؟  
 
چۆ کیجۆنگ: بە دڵنیایییەوە، ئێمەیش لە هەندێکجار زستانان شەپۆلی خۆڵبارینمان هەیە کە لە کیشوەرەکەوە دێت. پێموایە کە دەبێت دوو کاری سەرەکی بکرێت: سەرەتا لە گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتە دراوسێکاندا بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی لەبارەی ئەم خۆڵبارینەوە شتێک بکرێت. هەروەها یارمەتیی وڵاتە دراوسێکان دەدەین کە لە ناوچە بیابانییەکاندا درەخت دەڕوێنن. ئینجا لە هەمان کاتیشدا رێکاری گرنگ بۆ خزمەتی خۆمان دەگرینە بەر. بۆ نموونە، داوا لە خەڵک دەکەین هێڵی گواستنەوەی گشتی بەکار بهێنن. پێموایە کە خەڵک هەموو ئۆتۆمبێلەکانیان بە کارناهێنن. ئەگەر هێڵی گواستنەوەی گشتی بە کار بهێنن، ئەوا پێموایە کە ئەوە رێگەیەکی باشە بۆ کەمکردنەوەی دەردانی دووکەڵ کە ئەوەیش هەندێک جار برەو دەدات بە ...
 
رووداو: ئێمە چی بکەین کە لە هەرێمی کوردستان ئامرازەکانی گواستنەوەی گشتی لاوازن، هێڵی شەمەندەفەر نییە، چ رێگەیەکی دیکە هەیە کە ژینگە خاوێن بکرێتەوە یاخود تەنیا دارچاندنە، تەکنەلۆژیا دەتوانێت رۆڵ ببینێت؟
 
چۆ کیجۆنگ: پێموایە هەردوو رێگەکە پێویستن. سەرەتا ئەگەر حکومەت لە بونیاتنانی تۆڕی هێڵی گواستنەوەی گشتیدا وەبەرهێنان بکات، ئەوە دەبێتە باشترین رێگە بۆ کەمکردنەوەی دەردانی دووکەڵ و خۆدوورگرتن لە پیسبوون. ئینجا لە هەمان کاتیشدا دارڕواندن و پاراستنی سرووشت وەک خۆی زۆر گرنگن. جا بەم شێوەیە دەبێت زۆر شانازی بەم پارکەوە بکەن. پارکی سامی عەبدولڕەحمان سەرمایەیەکی نایابە. 
 
رووداو: بەشێوەیەکی گشتی رووبەری سەوزایی لە کوردستان چۆنە؟ پێت باشە یان نا؟
 
چۆ کیجۆنگ: زۆرم حەز لێیەتی. دەزانی، من زۆر رێز دەگرم لە سەوزاییەکی هێندە نایاب لە شاردا. براکەم پێی گوتم، رەنگە هەولێر کەوتبێتە ناوەڕاستی مەترسییەوە، بەڵام کاتێک گەیشتمە ئێرە، پارکێکی گەورەی وەک ئەمەم لە شارێکی گەورەی وەک هەولێردا بینی. دەزانی، زۆر سەرنجڕاکێش بوو. 
 
رووداو: کێشەیەک لێرە هەیە لە پرسی گلدانەوەی ئاو، یاخود سوودوەرگرتن لە ئاوی باران، ئەزموونی ئێوە چۆنە، ئێوە چۆن سوود لە ئاوی باران وەردەگرن؟ چۆن ئاو گلدەدەنەوە؟ بۆ ئەوەی تووشی کەمئاوی نەبن.
 
چۆ کیجۆنگ:  لە رابردوودا کاتێک دەستمان کرد بە گەشەدان بە ئابوورییەکەمان، بیرمان لە لەدەستچوون و بەکارهێنانی سەرچاوە ئاوییەکان بە کاریگەرترین شێوە کردەوە. وەک بەشێک لەم هەوڵە، حکومەتەکەمان لە بونیاتنانی ژمارەیەکی زۆر بەنداودا وەبەرهێنانی گەورەی کرد، چونکە لە کۆریا هاوینێکی زۆر باراناوی و زستانێکی زۆر وشکمان هەیە. بۆیە ئەمە... چۆن بیڵێم؟ ناهاوسەنگییەکە لەنێوان وەرزی باران و وەرزی بێبارانیدا. بۆیە بۆ راگرتنی هاوسەنگی لە بەکارهێنانی سەرچاوەکانی ئاودا حکومەت گەلێک بەنداوی لەسەر رووبارەکان دروست کردووە.
 
رووداو: بازرگانی چۆن لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆریای باشوور، قەبارەکەی چەندە ئێستا؟
 
چۆ کیجۆنگ: بڕواناکەم تۆمارێکی فەرمی هەبێت بۆ بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆریا، بەڵام لەو بڕوایەدام کە ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا کۆرییەکان زۆر بە باشی لە هەرێمی کوردستاندا ناسراون. بۆ نموونە ناوی گەورەی وەک ئێڵ جی ، هۆندا مۆتۆرز، کیا مۆتۆرز و زۆری دیکەیش. ئەوانە لە هەرێمی کوردستاندا باش ناسراون. بەڵام، دەزانی، ئەمانە هەر تەنیا لە هەرێمی کوردستان نەناسراون، بەڵکو لە هەموو بازاڕی عێراقدا ناسراون. 
 
رووداو: چ بەرهەمێکی کۆری زیاتر لە هەرێمی کوردستان  هەیە؟ زیاتر بازرگانی لە چ بوارێکدایە؟
 
چۆ کیجۆنگ: دەزانی، گەلێک بەرهەمی کۆری هەن کە هاوردە دەکرێن. لێرە بازرگان دەناسم. بۆیە هەر وەک پێم گوتیت، گەلێک بەرهەمی ئەلیکترۆنیی ئێڵ‌ جی هەن، هەروەها گەلێک ئۆتۆمبێل هەن کە لە کۆریا دروست کراون، وەک هیوندای و کیا. هەروەها ئامێری بیناکارییش هەن...
 
رووداو: هاوکاریتان کردووە بۆ ئەوەی بازرگانانی هەرێمی کوردستان زیاتر ئاستی بازرگانیان بەرزتر بکەنەوە؟
 
چۆ کیجۆنگ: بەهێزکردنی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆریا لە کارە لەپێشینەکانمە. پێموایە کە هاوبەشایەتیی نێوان کۆمپانیا کۆرییەکان و بەڕێوەبەرە بازرگانییە ناوخۆییەکان بەهێزە. ئەرکی من ئەوەیە کە ئەو جۆرە هاوبەشایەتییانەی نێوان کۆمپانیا کۆرییەکان و بازرگانە نێوخۆییەکان زیاد بکەم. من بیرۆکەیەک هەیە.
 
رووداو: لە بواری گەشتیاریدا زۆر هاتووچۆی گەشتیاری نییە، خەڵک سەردان ناکات، خۆی خەڵکی هەرێمی کوردستان حەز بە کۆریا و کولتوورەکەی دەکەن، بۆچی خەڵک سەردانی کۆریا ناکەن بەڕای ئێوە؟
 
چۆ کیجۆنگ:  بەر لە هەر شتێک، دەزانی، کاتێک باس دێتە سەر گەشتیاری، هەردوو رێگەکە هەن. لەم کاتەدا خەڵکێکی زۆر زیاتری کورد ئاواتەخوازن گەشت بکەن بۆ کۆریا. جا ئێستا ئێمە کاری ڤیزامان زیاد دەبێت. بۆیە خەڵکی زۆر زیاتری هەرێمی کوردستان دەتوانن گەشت بکەن بۆ کۆریا. 
 
رووداو: ئاسایشی هەرێمی کوردستانت پێچوونە؟ 
 
چۆ کیجۆنگ:  دەزانی، راستییە جێگیرەکەی ئێرە ئەوەیە کە ئێمە لێرە زۆر هەست بە پارێزراوی دەکەین... لە هەولێر هەست بە پارێزراوی و سەقامگیری دەکەین. 
 
رووداو: ئێمە زیاتر دەڕۆینە نێو کولتووری کۆرییەکان و خواردنتان، ئەو هاوبەشیانەی کە لەگەڵ کورد هەن، برۆین لەسەر یەک مێز دانیشین و شتێک بخۆین؟ زیاتر قسە بکەین
 
چۆ کیجۆنگ: بەڵێ، بە خۆشحاڵییەوە.
 
رووداو: ئەگەر زۆرت برسی بێت حەز دەکەی چ خواردنێک بخۆیت؟
 
چۆ کیجۆنگ: بەر لە هەر شتێک برنج. ئێمە حەزمان لە برنجە ... بەڵێ.
 
رووداو: ئەوە لە کۆریا، ئەی لە کوردستان ئەگەر برسیت بوو؟
 
چۆ کیجۆنگ: دۆڵمەم بە لاوە باشە. دۆڵمەم بە لاوە باشە. ئینجا زۆر حەزم لە مریشکی کوردییە. زۆر بەتامە. 
 
رووداو: مریشکی کوردی! ئێ باشە مریشکی کوردی  چۆنن؟
 
چۆ کیجۆنگ: گۆشتەکەی زۆر خۆشە. ئینجا گەورەیشە.
 
رووداو: مریشک هەر مریشکە لە هەر شوێنێک بێت، بەڵام ئێمە لێرە پێی دەڵێین مریشکی کوردی، ئێوەش لەوێ پێی دەڵێن مریشکی کۆری؟
 
چۆ کیجۆنگ: نا، لەوێ جودایە. جا لەو بڕوایەدام کە مریشکی کوردی یەکێکە لە باشترین مریشکەکانی جیهان. زۆر خۆشە.
 
رووداو: چ شتێکی کورد و کۆری زۆرتر وەکو یەکە؟
 
چۆ کیجۆنگ: بەر لە هەر شتێک حەزیان لە گۆرانیگوتنە. خەڵکی کۆریا حەزیان لە گۆرانییە. ئینجا بۆم دەرکەوتووە کە بە دڵنیاییەوە خەڵکی کوردیش حەزیان لە گۆرانییە. هەروەها خەڵکی کۆریایش وەک خەڵکی کورد حەزیان لە هەڵپەڕکێیە. پێم وایە ئەوە هۆکارە کە کولتووری کۆریا لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە باش پەسند کراوە. 
 
رووداو: قاوەیەک بخۆینەوە، فەرموو.
 
چۆ کیجۆنگ: بە دڵنیاییەوە. ئێوە قاوەی کوردیتان هەیە. 
 
رووداو: : بەڵێ هەیە، قاوەیی کوردی، قاوەیەکی کوردی دەخۆینەوە و بەکوردیش قسە دەکەین.
 
رووداو:  ئەو رۆژانەی کاتی زیادت هەیە دوای کارکردن زیاتر چی دەکەی؟ چ شتێک دەکەی؟
 
چۆ کیجۆنگ: پێموایە زۆر شت هەن کە دەتوانم بیانکەم. دەزانی لە 10 مانگی رابردوودا هەندێک دەرفەت بقۆزمەوە بۆ لێنانی چێشتی کۆری لەگەڵ هەندێک خەڵکی کۆریدا کە لە هەولێر دەژین. باشترین رێگە بوو بۆ من کە لە چێشتی وڵاتەکەم لێ بنێم. هەروەها توانیم لە دەوروبەری کۆنسوڵخانەدا لەگەڵ هاوڕێکانمدا تێنس بکەم. جا لێرە هیچ کێشەیەک نییە کە یاریی تێنس بکەیت. 
 
ئینجا ئەم رۆژانەیش شوێنێکی خۆشم دۆزیوەتەوە بۆ ئەوەی نەرمەڕاکردن و پیاسە. ئەویش هەمان ئەم شوێنەیە، پارکی سامی عەبدولڕەحمان. شوێنێکی زۆر خۆشە بۆ پیاسەکردن. بۆیە لەگەڵ ستافەکەمدا دەستمان کردووە بە لایەنی کەمەوە هەفتەی جارێک پیاسە بکەین. 
 
هەروەها دەزانی، کاتێک پیاسە دەکەم، ئەوە بۆ من وەرزشێکی زۆر باشە. ئینجا چاوم لەوەیە کە ناوچەی گۆڵفی هەولێر بکرێتەوە، چونکە هەولێر باشترین دۆخی بۆ دامەزراوەی وەرزشی هەیە. بەڵێ. ئەوە گۆڕانکارییەکە لە شێوەی گشتیی هەولێردا. ئینجا دەبێتە شانازییەکی باشی کۆمەڵایەتی بۆ هەولێر. بۆیە من چاوم لەوەیە کە یەکەم ناوچەی گۆڵف لە عێراقدا بکرێتەوە. 
 
رووداو: پرسیارێکی دیکە بکەم لەبارەی ئەولەویاتی سیاسەتی 2023 ی کۆریا، ئێستا چ شتێک لە ئەولەویاتی کۆریای باشوور دایە؟
 
چۆ کیجۆنگ: سەرەتا، زۆر سوپاس بۆ ئەوەی ئێوە حەزتان بە وڵاتەکەم هەیە. ئەمساڵ گەلێک ئاڵنگاری و مەترسی هەن. بەر لە هەر شتێک، لە کەناراوی نیمچەدوورگەی کۆریا ئەم ساڵ ساڵیادی 70 ساڵەی ئاگربەستە لە نیمچەدوورگەی کۆریا کە مانای ئەوەیە 70 ساڵ بەر لە ئێستا شەڕی کۆریا کۆتاییهات. هاوکات کۆریای باکوور بە جێگیرکردنی مووشەکی بالیستیکی بەردەوامە لە تووڕەکردن (دنەدان). تەنانەت وا دەردەکەون کە ئامادەن بۆ جێبەجێکردنی حەوتەم تاقیکردنەوەی ناوەکی. جا بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەم ئاڵنگارییانەی کۆریای باکووردا حکومەتەکەمان باشترین کاری خۆی دەکات بۆ ئەوەی ئامادەبوونمان بە پێداگرییەوە پیشان بدات؛ ئامادەبوونمان بۆ بەرگری لەخۆکردن. لە هامان کاتدا ئێمە دۆخێکی جیۆپۆلەتیکیی فریودەرمان هەیە کە لەنێوان هێزە گەورەکاندا بە دووژمنکارانە دروست کراوە. ئەوە بۆیە ئێمە هاوپەیمانێتیمان لەگەڵ ئەمریکادا بەهێز دەکەین کە زۆر گرنگە بۆ ئێمە کە پارێزگاری لە پەیوەندییە هاوکارییانەکانمان بکەین لەگەڵ دراوسێکاندا، وەک چین و ژاپۆن. بۆیە حکومەتەکەمان باشترین کاری دەکات بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی باشی لەو جۆرە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا بپارێزێت. 
 
لە کۆتاییشدا، لە نێوخۆدا ئەجێندای چاکسازیی کۆمەڵایەتیمان هەیە. بۆ نموونە. چاکسازیی بازاڕی دراوسێکان، چاکسازیی سیستمی پەروەردە و مووچەی خانەنشینی زۆر گرنگن بە لامانەوە. 
 
رووداو: منداڵت هەنە، وایە؟
 
چۆ کیجۆنگ: بەڵێ، سێ منداڵم هەیە.
 
رووداو: سێ منداڵ، کوڕن یان کچ؟
 
چۆ کیجۆنگ:  کوڕێک و دوو کچم هەیە.
 
رووداو: تەمەن درێژبن منداڵەکانت 
 
چۆ کیجۆنگ: زۆر سوپاس.
 
رووداو [جەعفەر موبەشرنیا]: منیش دوو کچم هەن، خۆیان فێری زمانی جیاواز دەکەن، هەوڵ دەدەم رۆژێک زمانی کۆری فێرببن.
 
چۆ کیجۆنگ: ئۆو، زۆر سوپاس! زۆر سوپاس! ئەگەر پێویستیت بە هەر شتێک بوو، دوودڵ مەبە لەوەی پەیوەندیم پێوە بکەیت.
 
رووداو: منداڵەکانت فێری کوردی بکە، با لە هەولێر فێری کوردی ببن؟
 
چۆ کیجۆنگ: بە داخەوە، منداڵەکانم لەگەڵمدا نین. ئەگەر لەگەڵمدا بوونایە، ئەوا من زۆر حەزم دەکرد کە زمانی کوردییان فێریان بکەم کە زۆر سەرنجڕاکێشە. 
 
رووداو: بیری ئەوانت نەکردووە؟
 
چۆ کیجۆنگ: زۆر زۆر بیریان دەکەم.
 
رووداو: کچ شیرینن، زۆر ناز دەکەن لەگەڵ کوڕ جیاوازن؟
 
چۆ کیجۆنگ: بەڵێ، بەڵێ، وایە. زۆر سوپاس بۆ ئەو قاوە خۆشە. 
 
رووداو: نووشی گیان بێت، وەکو دەزانی ئەوە قاوەی کوردییە.
 
چۆ کیجۆنگ: زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. مایەی خۆشحاڵی و شانازیمە کە لەلایەن کەناڵەکەتانەوە بانگهێشتکرام. جارێکی دیکە زۆر سوپاس کە چالاکییەکانی من و پەیوەندیی نێوان کۆریا و هەرێمی کوردستانی عێراقتان پێ خۆش بوون. زۆر سوپاس.
 
رووداو: قسەکردن لەگەڵ تۆ زۆر خۆشە و حەزم لێنییە تەواوی کەم، بەڵام کاتەکەمان کۆتایی هات، زۆر خۆشحاڵبووم کە لەگەڵ تۆ گفتوگۆمان کرد و کۆمەڵێک زانیاری باشمان لە ئێوە وەرگرت، هیوادارم پێشنیازەکانیشت جێبەجێبکرێن.