جۆن بۆڵتن: ئەگەر ترەمپ کوردەکان بەجێبهێڵێت، نێوبانگی لەکەدار دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

جۆن بۆڵتن لە ساڵانی 2018 بۆ 2019 وەک راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە کۆشکی سپی کاری کردووە و کەسێکی نزیک بووە لە دۆناڵد ترەمپ، دواتر لەسەر ناکۆکییەکانی لەگەڵ ترەمپ دەستی لەکارکێشایەوە. لەم هەڤپەیڤینەدا باسی دۆخی سووریا، مافی کورد و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان دەکات. 
 
بۆڵتن دەڵێت: نیگەرانم لەوەی "ئەردۆغان لە رابردوودا ترەمپی فریودا" و، ئامانجی تورکیا "داگیرکردنی زۆربەی باکووری سووریایە." هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە بە چوونی سەربازی تورکیا بۆ سەر سنوورەکانی سووریا، کورد لە مەترسیدایە. 
 
ئەو راوێژکارەی پێشووی ترەمپ جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت حکومەتی داهاتووی سووریا بەتەواوی لە تورکیا سەربەخۆ بێت. هەروەها "دەبێت کورد بەشی دادپەروەرانەیان لە حکومەتی داهاتووی سووریا پێبدرێت."
 
لەبارەی کەوتنی دەسەڵاتی ئەسەد، بۆڵتن پێی وایە ئەوە "گورزێکی گەورە بووە بۆ ئێران،" هەروەها ئەو وڵاتە ئێستا لە دۆخێکی زۆر لاوازدایە. دەشڵێت، سەقامگیرییەکی بەردەوام لەو ناوچەیەدا نابێت تاوەکو ئایەتوڵڵاکان لە دەسەڵاتدا بن.
 
لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا بڕیاریدا هێزەکانی وڵاتەکەی لە ناوچە سنوورییەکانی سووریا بکشێنێتەوە، دوای ئەوەش تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد. بۆڵتن دەڵێت، کوردەکان زۆر گرنگ بوون بۆ سەرکەوتنی ترەمپ و ئەگەر "ترەمپ کوردەکان بەجێبهێڵێت، نێوبانگی لەکەدار دەکات."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جۆن بۆڵتن: 
 
رووداو: بەڕێز بۆڵتن ئەم کاتەت باش. خۆشحاڵم کە گفتوگۆ لەگەڵ بەڕێزت دەکەم، بەتایبەتی لەم کاتە هەستیارەدا کە دۆخێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە. نوێترین گوتاری ئێوەم خوێندەوە، زۆر گەشبینانە سەیری داهاتووی سووریا ناکەن. بۆچی پێتانوایە داهاتووی سووریا باشنابێت؟
 
جۆن بۆڵتن: خۆشحاڵم کە لەگەڵتانم. بێگومان ئەوە شتێکی باشە کە رژێمی ئەسەد کەوتووە. هیچ گومانی تێدانییە. ئەمەش گورزێکی گەورەیە لە ئێران، کە بەبڕوای من مەترسیی سەرەکییە بۆ ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. هەرچەندە لە سووریا دەستەی تەحریری شام بەسەر دیمەشقدا زاڵە، کەچی هاوپەیمانانی تورکیا هێشتا نیگەرانم دەکەن. نازانین ئایا دەستەی تەحریری شام دەبێتە درێژکراوەی داعش یان چی، یان ئیدی گرووپێکی تیرۆریستی نییە، وەک خۆیان دەڵێن. پێموایە دەبێت زۆر وریابین پێش ئەوەی بە روواڵەتی بڕوا بە بانگەشەکانیان بکەین کە وازیان لە تیرۆریزم هێناوە. بەڵام تەنها دەستەی تەحریری شام کێشە نییە. بەشداریی تورکیا بە ئامادەییەکی بەرچاو لە ئیدلیب و باکووری رۆژئاوای سووریا کێشەیەکی گەورەیە. نازانین هاریکارییان لەگەڵ دەستەی تەحریری شام چۆن بووە بۆ هەوڵدان بۆ رووخاندنی ئەسەد، بەڵام گومانم وایە رەنگە زۆر بووبێت. هەروەها دەزانین کە پێشتر لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دژی منبج دەستیان داوەتە جووڵە، کە رێککەوتنێک کرا هێزەکانی بەرگریی سووریا بکشێنەوە. بەڵام تورکیا، وەک لە رێگەی مێژووەوە دەزانین، ئامانجی داگیرکردنی زۆربەی باکووری سووریایە، بەدرێژایی سنووری باشووریان و مەترسی گەورە دەخاتە سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات، هێزە کوردەکان لەو ناوچەیە و، رەنگە هەڕەشە لە ئەمریکاییەکانیش بکات. جگە لەوانە، دانیشتووانی کریستیان و دروز لە سووریا هەن. ئەگەر دەستەی تەحریری شام هێشتا وەک داعش گرووپێکی تیرۆریستیی توندڕەو بێت، ئەوا مەترسییەکی گەورەیە بۆ زۆرێک لە خەڵکی ناو سووریا.
 
رووداو: باشە، بە دیاریکراوی باسی کوردت کرد، پێگەی کورد لە سووریای نوێ چۆن دەبینیت، پێتوایە هەرێمی کوردستانی سووریا دروستببێت لەگەڵ ئەو هەموو ئاڵنگارییەی کە هەیە؟
 
جۆن بۆڵتن: بەڵێ، هیوادارم وابێت. من لەم بابەتەدا تووشی هەمان شت بووم لە یەکەم ماوەی سەرۆکایەتیی ترەمپدا کاتێک ئەردۆغان هەوڵیدا ترەمپ قایل بکات هێزە ئەمریکییەکان بکشێنێتەوە، بەپێچەوانەوە دەیگوت ئەو لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کێشەی تیرۆریزم چارەسەر دەکات، کەچی مەبەستی ئەوە بوو بیانوویەک بگرێتە دەست بۆ ئەوەی هێزە سەربازییەکانی تورکیا بچنەسەر کورد و هێزەکانی سووریای دیموکرات. توانیمان بەرەنگاری ئەوە ببینەوە. ئێستاش نزیکەی 900 ئەمریکی لەو ناوچەیەدان. بەڵام جیا لەوەی دەستەی تەحریری شام چی دەکات، پێموایە کوردەکان لە مەترسیدان بە هۆی هاتنی سەربازی تورکیا بۆ سەر سنوور. کێشەیەکی دیکەشمان هەیە، ئەویش زیندانیە داعشەکانە کە هێزە کوردییەکان ئەرکی چاودێریکردنیان هەبووە لە هەڵمەتی دژبە داعشدا. ئەوە زۆر مەترسیدارە. دەزانین ویلایەتە یەکگرتووەکان لەم دواییانەدا هێرشی کردووەتە سەر شوێنەکانی داعش لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، بە تایبەتی کۆگەکانی چەک و تەقەمەنییان. کەواتە گومان و مەترسی زۆرە. هیوادارم کاتێک سەرۆک ترەمپ دێتەوە، بتوانرێت رازی بکەن هێزەکانی ئەمریکا نەکشێنێتەوە و هاوپەیمانە کوردەکانی لەژێر مەترسیی تورکیا یاخود دەستەی تەحریری شامدا بەجێنەهێڵێت.
 
رووداو: باشە باسی هەڵوێستی ترەمپت کرد. بەڕێز بۆڵتن، جەنابتان لە کتێبی "ئەوەی لە ژوورەکەدا روویدا" رەخنە لە ترەمپ دەگرن، بە خیانەتکردن لە کورد تۆمەتباری دەکەن لە بەرامبەر ئەوەی کە سەربازانی ئەمریکای لە هەندێک شوێن کشاندنەوە کە دواتر کەوتنە بەر شاڵاوی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی. پێتوایە ترەمپ لەم ئیدارە نوێیەیدا کە جارێکی دیکە دێتەوە دەسەڵات هەمان کار دووبارە بکاتەوە؟
 
جۆن بۆڵتن: زۆر نیگەرانم. لە کۆتاییدا توانیمان رازی بکەین نەکشێتەوە، بەڵام زۆر نزیک بوو. ئەگەر نەچووبایە بنکەی ئەسەد لە عێراق لە شەوی کریسمس و، گوێی لە ئەمریکاییەکانی ناو بنکەکە نەگرتبا کە چەندە گرنگە هێز و راوێژکارانمان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بهێڵینەوە، رەنگە بکشایەتەوە. بۆیە نیگەرانم ئەگەر راوێژی دروستی پێنەدرێت، ئەوا رەنگە ئەم پرۆژەیەی جێبەجێ بکات. بۆیە بە بڕوای من زۆر گرنگە دۆستانی کوردستان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دڵنیا بن کە راوێژکارانی داهاتووی ترەمپ بزانن بۆچی ئەم ناوچەیە لەڕووی ستراتیژییەوە بۆ کورد و هەروەها بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانیش گرنگە.
 
رووداو: بەڕێز بۆڵتن، هەرچەندە نامەوێت لە بابەتە سەرەکییەکە دوور بکەومەوە، بەڵام ئەمەش بەشێکە لە بابەتەکە. ئەم راوێژکار و وەزیرانەی کە لە کابینەی نوێدا ترەمپ پێشنیازی کردوون و پۆستیان دەبێت، چۆنیان دەخوێنیتەوە. پێتوایە لە ئیدارەی نوێی ئەمریکادا راوێژی چۆن بە دۆناڵد ترەمپ دەدەن؟
 
جۆن بۆڵتن: من بە تەواوی متمانەم بە مارکۆ رووبیۆ هەیە. ئەو سێناتۆرەی وەکو وەزیری دەرەوە دیاری کراوە. متمانەشم بە مایکڵ واڵتز، ئەندامی کۆنگرێس هەیە کە وەکو راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی دیاری کراوە. بەڵام نیگەرانم لە هەندێک لەوانی دیکە، وەکو تولسی گابارد کە وەکو بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی دیاری کراوە، کە هیوادارم بەو پێگەیە نەگات. ئەو لە ساڵی 2017دا سەردانی ئەسەدی کرد و دوای ئەوە گوتی کە سووریا هەڕەشەیەکی راستەوخۆ نییە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان. کە بێگومان هەڕەشەیەکی گەورە بوو بۆ زۆرێک لە هاوپەیمانەکانمان. هەروەها ئەو قسەی باشی لەسەر رووسیا کرد و، رەخنەی توندی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئۆکراینا گرت. زۆر نیگەرانم لەوەی کە بۆچوونەکانی بە چ ئاراستەیەک بن. بۆچوونەکانی زۆر تووندڕەوانەن و زۆر لە بۆچوونی ئەو راوێژکارانە دوورن کە دەبێت لە دەوری ترەمپ بن. بۆ ئەوانەی دەیانەوێت ئەو سەقامگیرییە بچووکەی ئێستای باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بپارێزرێت، ئەم کاتە کاتێکی گرنگە بۆ پەیوەندیکردن بە ئەندامانی کۆنگرێسی ویلایەتە یەکگرتووەکان و، هەروەها بە سێناتۆر رووبیۆ و کۆنگرێسمان واڵتزەوە بۆ ئەوەی پێیانبڵێن بۆچی پاراستنی ئەوەی ئێستا لە بەرژەوەندی ئەمریکایە گرنگە. ئەویش بەردەوامبوونە لەوەی کە بۆ زیاتر لە 10 ساڵ دەیکەین و، پێویستە پشتیوانیی هاوپەیمانە کوردەکان بکەین کە لە تێکشکاندنی داعشدا هاوکاربوون.
 
رووداو: کەواتە بەڕێز بۆڵتن، با من ئەوە بپرسم لەگەڵ ئەم تێبینیانەی کە لەسەر ئەو خەڵکانە هەتن کە لە ئیدارەی نوێی دۆناڵد ترەمپدا دەستبەکاردەبن، پێتوایە ئەمریکا تاوەکو کوێ بتوانێت پشتیوانی لە دۆزی کورد بکات؟ پشتیوانی لە کورد لە رۆژئاوای کوردستان.
 
جۆن بۆڵتن: سەیرکە، پێموایە بەرژەوەندیی ئەمریکا لەوێ هەر بەوجۆرە دەمێنێتەوە کە بۆ ماوەیەکی درێژە لە سەردەمی پەیمانی بەرەنگاربوونەوەی داعشەوە هەیبووە. ئەویش دڵنیابوونە لەوەی داعش دوای ئەو تێکشکانەی پێیگەیشت دووبارە خۆی رێکناخاتەوە و نایەتەوە. هێشتا ژمارەیەکی زۆری چەکدارانی داعش هەن. دڵنیابوون لەوەی ئیدی هیچ زەوییەک لە دەستیاندا نامێنێت و خەلافەتەکەیان نەماوە. بەڵام ئەوەی پەیوەندیی بە دەستەی تەحریری شامەوە هەیە کە ئێستا بەسەر دیمەشق و ئەوەی لە توانای سەربازیی حکومەتی ئەسەد ماوەتەوە زاڵە، دەکرێت مەترسییەکی زۆر گەورەتر دروستبکات. رەنگە هەڕەشە بکاتە سەر ئوردون، یان ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جۆلان، هاوئاهەنگی لەگەڵ تورکیا بکات لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و بە درێژایی سنوور. بەڵام باشییەکەی لەوەدایە کە پێموایە رەنگە هێزەکانی ئێران و رووسیا تەواو لە گۆڕەپانەکە دووربکەونەوە. بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە کە دۆخەکە بووەتە دۆخێکی سەقامگیر، بەڵکو تاوەکو هەڕەشەی داعش هەبێت و ئەگەری ئەوە هەبێت کە دەستەی تەحریری شام هێشتا هەمان ناوەڕۆکی داعشی لەناخدا بێت، مافی کوردان لە مەترسیدایە. بۆیە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبێت لەوێ بمێنێتەوە.
 
رووداو: باشە. با بە دیاریکراوی باسی تورکیا بکەین. ئەمریکا چۆن دەتوانێت هەژموونی خۆی بەسەر تورکیادا بەکاربهێنێت؟ بەوەی لە سووریای نوێدا مافە سیاسییەکانی کورد پارێزراوبن. بە دیاریکراوی بەڕێزت دەزانیت لە چەند رۆژی رابردوودا دۆناڵد ترەمپ لە گوتارێکدا پەسنی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیای کرد.
 
جۆن بۆڵتن: من نیگەرانم. ئەردۆغان لە رابردوودا ترەمپی فریودا، بەڵام خۆشبەختانە راوێژکارانی ترەمپ لە واشنتن توانییان ناچاری بکەن کە شتێکی جیاواز بکات. بەڵام پێموایە ئەگەر ئەردۆغان لە داهاتوودا قسە لەگەڵ ترەمپ بکات، هەمان شت دەڵێتەوە کە لە 2018 و 2019دا گوتی، کە ئەویش ئەمەیە: من دڵنیایی ئاسایشی باکووری سووریا دەکەم. دەتوانن هێزەکانتان بکشێننەوە. من دڵنیا دەبم کە هەموو شتێک باش دەبێت، بەڵام ئەمە لە گۆشەنیگای تورکیاوەیە، نەک لە گۆشەنیگای ئەمریکا، یان کوردان، یاخود ئەوانی دیکەی ناو سووریا. باشدەبێت بزانین بۆ نموونە، دەستەی تەحریری شام چەندە دەتوانێت سەربەخۆ لە تورکیا کاربکات. ئەگەر ژێردەستەی تورکیا بن، ئەوە شتێکە، ئەگەر بیانەوێت لە تورکیا جیا بن و، بۆ تەواوی سووریا بن، ئەوەش شتێکی دیکەیە. ئەمە زانیارییەکی گرنگە کە من پێموایە لای ئێمە نییە، بەڵام پێموایە دەکرێت جیاوازیی گەورە دروستبکات.
 
رووداو: باشە بەڕێز بۆڵتن، بەڕێزت شارەزاییەکی باشت لە سیاسەتی رۆژهەڵەتی نێوەڕاست هەیە و لەماوەی رابردوودا تەواو ئاگاداری دۆخی کورد بوویت. دەمەوێت لە بەڕێزتان بپرسم کورد دەبێت چی بکەن تاوەکو لە حکومەتی داهاتووی سووریادا خاوەن دەنگ و نوێنەرایەتی بن؟
 
جۆن بۆڵتن: من پێموایە ئەوە زۆر گرنگە، چونکە تەنیا شتێکە کە لە سووریا هەموو لایەنەکان رازی دەکات و دەبێتە هۆی سەقامگیری. ئەوەی نایزانین ئەوەیە ئایا دەستەی تەحریری شام بە جیددی دەیەوێت حکومەتێک لە سووریا دروستبکات کە پێکهاتەی دانیشتووانەکەی نوێنەرایەتی بکات یان نا. بەشێکی گرنگی ئەوەش ئەوەیە کە ئەو حکومەتە دەبێت بە تەواوی لە تورکیا سەربەخۆ بێت و، کوردان دەبێت بەشی دادپەروەرانەیان پێبدرێت تاوەکو بتوانن دڵنیا بن لەوەی حکومەت بەرژەوەندیی ئەوانیش وەک خەڵکی دیکە دەپارێزێت. سەرکردەکانی دەستەی تەحریری شام ئێستا شتی باش دەڵێن، بەڵام ئایا راستگۆن؟ ئێستا من ناتوانم ئەوە بڵێم، بەڵام پێموایە کوردی سووریا رەنگە لە باشترین پێگەدا بن کە یارمەتیمان بدەن تاوەکو تێبگەین کە ئێستا ئەم گرووپی دەستەی تەحریری شامە لە چ روانگەیەکدایە و چی دەوێت. ئەگەر بتوانین ئەوە بزانین و هەڵسەنگاندنێک بکەین بۆ ئەوەی بزانین باوەڕپێکراون کاتێک دەڵێن وازیان لە تیرۆریزم هێناوە وەکو ئەوەی خۆیان دەیڵێن یان نا. من هیچ زانیارییەکم نییە کە پشتگیریی ئەمە بکات. بەڵام ئەگەر بتوانین تێگەیشتنێکی ورد بۆ ئامانجەکانیان پەیدا بکەین، ئەوا ئەمە رێنوێنیی ئەوە دەکات کە کوردەکانی سووریا چی بکەن، هەروەها ئەوەش کە ویلایەتە یەکگرتووەکان چی بکات.
 
رووداو: باشە بەڕێز بۆڵتن، با ئەگەرەکانیش لەبەرچاو بگرین. لە ئەگەری هەڵوەشاندەوەی هەسەدە و کۆنترۆڵکردنی ناوچەی پێگەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵات و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، ئایا ئەمریکا دەتوانێت هاوبەشێکی وەکوو هەسەدە بدۆزێتەوە؟
 
جۆن بۆڵتن: نەخێر، پێموانییە. ئەگەر هێزەکانی سووریای دیموکرات تێکبشکێن، ئەوا سوپای نیشتمانیی سووریا کە میلیشیایەکە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت، گەورەترین براوە دەبن. ئەمەش بەتەواوی سەپاندنی داگیرکاریی تورکیا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەسەلمێنێت، رەنگە تەنانەت زاڵبوونیشی بێت بەسەر ئەو ناوچەیەدا. لە حاڵەتێکی دیکەدا، ئەگەر داعش دووبارە سەرهەڵبداتەوە بەبێ هێزەکانی سووریای دیموکرات، نازانم چی دیکە بەردەستدەبێت. عیراق ئێستا لە بارودۆخێکی زۆر جیاوازدایە بەراورد بەوەی 10 ساڵ پێش دەستپێکردنی هەڵمەتی دژ بە خەلافەتی داعش. کوردەکان لە هەموو ماوەیەکدا چالاکترین و وەفادارترین هێز بوون. بۆیە بینینی ئەوەی کوردەکان بەجێبهێڵرێن یان تێکبشکێن، بە بڕوای من کارەساتێک دەبێت بۆ سەقامگیری لە سووریا، بۆ کوردەکان و بۆ ئەمریکایش.
 
رووداو: با فراوانتر سەیری وێنەکەش بکەین، یان سەیر لایەکی دیکەی وێنەکە بکەین. لە دوای لاوازبوونی حیزبوڵڵای لوبنانی و حەماس و رووخانی بەشار ئەسەد، ئایا بەڕێزت پشتیوانی لە زیاتر لاوازکردنی بەرەی ئێران و هاوپەیمانییەکەی دەکەیت؟
 
جۆن بۆڵتن: بەڕاستی هیوادارم وابێت. مێژوو لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر خێرا دەجووڵێت. دوێنێ بینیمان ئەمریکا هێرشی کردە سەر ئامانجێکی حوسییەکان لە سەنعای پایتەختی یەمەن، دوای ئەویش هێرشەکانی ئیسرائیل دەستیان پێکرد. حوسییەکان یەکێکی دیکەن لە لایەنە تیرۆریستییەکانی سەربە ئێران کە دەبێت تێکبشکێنرێن. پێموایە ئێران لە دۆخێکی زۆر لاوازدایە. شتێکی ئەرێنی کە لەبارەی دەستەی تەحریری شامەوە دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە دیارە بڕیاریانداوە رێگەی گواستنەوەی ئێران لە عیراقەوە بۆ سووریا و پاشان بۆ حیزبوڵڵا بگرن، ئەوەش گورزێکی دیکە دەبێت بۆ حیزبوڵڵا لە وەرگرتنی چەک و تەقەمەنی لەڕێگەی وشکانییەوە. هەروەها راپۆرتی میدیایی بەرفراوان هەیە لە ناوچەکە و رۆژئاوا کە باسی ناکۆکی و سەرزەنشتکردن دەکەن لەنێو ئێراندا لەسەر لەدەستدانی ئەسەد، کە ئێستا بووەتە نیگەرانیی گشتی. سوپای پاسداران، جەنەڕاڵەکان، سوپای ئاسایی، هەمووان ناکۆکن. لە سەرووی هەمووشەوە، ئەم باسوخواسە لەناو خودی خەڵکی ئێرانیشدا بڵاوبووەتەوە، ئەوان ئەم پرسیارە دەکەن: بۆچی حکومەت بە درێژایی دەیان ساڵ دەیان میلیار دۆلاری بۆ دروستکردنی ئەم گرووپە تیرۆریستییانە خەرجکردووە، کەچی ئێستا هیچیان پێناکرێت؟ ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم پارەیە بۆ خەڵکی ئێران خۆی خەرجنەکراوە. پێموایە لەم دۆخەدا، ئەو شکستانەی ئێران لە سووریا و لوبنان و غەززە و شوێنەکانی دیکەدا یەکجار گوشارێکی گەورەیان خستووەتە سەر رژێمەکەی. کاتێک لە سەرەوە گوشار دروستدەبێت، کاتێک سەرکردایەتی ناکۆک دەبێت و دژی یەکدی دەوەستنەوە، ئەوا ئەگەری گۆڕانکاری لەلایەن خەڵکی بێچەکەوە زیاتردەبێت، دەتوانن گۆڕانکاری کاریگەر لە رژێمەکە دروستبکەن و بیڕووخێنن، ئەوەش ئێستا لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە.  وەکو هەموو کەس دەزانێت، رێبەری باڵای ئێران تەمەنی 85 ساڵە، تەندروستیی باش نییە، پلانێکی روونیش بۆ جێنشینی نییە. ئەمە قۆناخێکی دیکەی لاوازبوونی گەورەی ئەم رژێمەیە. بۆیە پێموایە دەبێت هەموومان هەوڵی ئەوە بدەین کە سوود لەم دۆخە وەربگرین، چونکە هیچ ئاشتی و سەقامگیرییەکی بەردەوام لەو ناوچەیەدا نابێت هەتا ئایەتوڵڵاکان لە دەسەڵاتدا بن.
 
رووداو: باشە. لە دوای سووریا، پێشبینی دەکەیت ئیسرائیل رێکاری سەربازی دژی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق بگرێتەبەر؟
 
جۆن بۆڵتن: پێموایە ئەوە ئەگەرێکە، بێگومان هێزە سەربازی و کارمەندە مەدەنییەکانی ئەمریکا لە عێراق رووبەڕووی هێرشی زۆری میلیشیا شیعەکان بوونەتەوە کە لەلایەن ئێرانەوە رێکخراون و پارەیان پێدراوە. پێموایە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبوو لە ساڵی رابردوودا لە دوای 7ی ئۆکتۆبەرەوە زیاتر کاری لەسەر ئەم میلیشیایانە بکردایە لە عێراق. پێموایە پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە کە ئایا ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران کاتێک ئیدارەی بایدن لە مانگی داهاتوودا کۆتایی پێدێت و ئیدارەی ترەمپ دەستپێدەکات؟ من پشتگیری لەوە دەکەم. پێموایە ئەگەر ئەمە رووبدات، دەبێتە هۆی گوشارێکی دیکە بۆ سەر رژێمی تاران. دەیڵێمەوە، ئەو خەڵکەی ئێران ئێستا بە دەسەڵاتدارانیان دەڵێن ئێوە ئەو هەموو پارەیەتان لە بەرنامەی ئەتۆمیدا بە هەدەر دا. ئەوەش بەڵگەیەکە بۆ ئەوەی کە دەبێت حکومەتی ئێستا و ئایەتوڵڵاکان بڕۆن.
 
رووداو: باشە. زۆر بە کورتی ئەگەر وەڵام بدەیتەوە، بەڕێز بۆڵتن. ئەمە دوایین پرسیارم دەبێت. ئەگەر جارێکی دیکە بەڕێزتان وەکو راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ترەمپ دەستبەکار ببیەوە، چ ئامۆژگارییەکی دۆناڵد ترەمپ دەکەیت پەیوەست بە کورد لە سووریا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گشتی؟
 
جۆن بۆڵتن: لە یەکەم ماوەی دەسەڵاتیدا، کاری گەورەی کرد بۆ ئەوەی خەلافەتی داعش لەنێوببات. ئەوە دەڵێم کە کوردەکان زۆر گرنگ بوون بۆ سەرکەوتنی ترەمپ لەوەدا. بۆیە ئەگەر ترەمپ کوردەکان بەجێبهێڵێت، ئەوا نێوبانگی لەکەدار دەکات. ئەوە باشترین رێگەیە بۆ راکێشانی سەرنجی ترەمپ.
 
رووداو: بەڕێز جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، خۆشحاڵ بووم کە لەگەڵم بوویت. سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە.
 
جۆن بۆڵتن: زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە.