بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئینتەرنێتی ستارلینکی هێنایە هەولێر

رووداو  دیجیتاڵ

بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو تاقیکردنەوە، ئینتەرنێتی ستارلینکی هێناوەتە هەرێمی کوردستان و کاریپێدەکات، ئەو بەرپرسە، کە کەسی یەکەمی بواری تەکنەلۆجیایە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت ستارلینک "خێراییەکەی زۆر سەرنجڕاکێشە."
 
هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداری لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال کرد و، روونیکردەوە "کارکردنی ئینتەرنێتەکە فەرمی نییە" بەڵکو لە سوێد کڕیویەتی و هێناوییەتی لە کوردستان تاقی دەکاتەوە. 
 
وەکو هیوا ئەفەندی باسی دەکات "هیچ رێگرییەک لەبەردەم هەرێمی کوردستان نییە لەوەی هەوڵبدات لەگەڵ کۆمپانیای ستارلینک رێکبکەوێت و ئەو جۆرەی ئینتەرنێتە دابین بکرێت". 
 
لەبارەی کێشە تەکنیکییەکانی ئینتەرنێتی ستارلینک، هیوا ئەفەندی گوتی "هیچ کێشەیەکی تەکنیکی و جوگرافیی نییە، ئێستا لە هەرێمی کوردستان کاری پێدەکەم، کارپێکردنی زۆر ئاسانە و هەموو کەسێک دەتوانێت بەکاریبهێنێت". پێشیوایە ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵبدات ئەو جۆرەی ئینتەرنێتە دابین بکات "سەربەخۆیی ئینتەرنێت دەستەبەر دەبێت لە هەرێمی کوردستان و وڵاتان هەر کێشەیەک بۆ هێڵی ئینتەرنێتەکانی دیکە دروست بکەن، کێشەمان نابێت و راستەوخۆ پەیوەستین بە سەتەلایتەکانەوە." 

دەقی هەڤپەیڤینەکە لەگەڵ هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان. 

رووداو: هۆکاری چی بوو کە ویستت ئینتەرنێتی ستارلینک بەکاربهێنیت یاخود بیهێنیتە هەرێمی کوردستان؟
 
هیوا ئەفەندی: خۆی وەکو فەرمانگەیەک (فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری) کە بەرپرسە لە خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانی حکومەت، بۆ ئێمە زۆر گرنگە لە نزیکەوە ئاگاداری پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیاکان و دوایین پێشکەوتنەکان بین، ئامانجی سەرەکیی من ئەوە بوو، ئەو سیستمانە یەکەمجار لە رووی تەکنیکییەوە تاقیبکەمەوە، تاوەکو بزانم لە رووی جوگرافییەوە دەتوانرێت پەیوەندی لەگەڵ سەتەلایتەکانی ستارلینک دروست بکرێت، دوای ئەوە کردەکانی وەکو داونڵۆد، ئەپڵۆد چەند میلی سێکەند (چرکە)ـی تێدەچێت. 
 
رووداو: کە هێنات و لێرە تاقیتکردەوە، چ کێشەیەکت بۆ دروست بوو؟
 
هیوا ئەفەندی: لە رووی تەکنیکییەوە هیچ کێشەیەک نییە، سیستمەکانی ستارلینک یەک سەتەلایت نییە، بەڵکو ستارلینک نزیکەی شەش هەزار سەتەلایتی لە ئاسمانە، کە نزیکەی 540 تاوەکو 570 کیلۆمەتر لە زەوی دوورن و بەردەوام دەجووڵێنەوە و دەسووڕێنەوە، کە دیشی ستارلینک دادەنێیت، هەر چوار خولەک جارێک ئینتەرنێتەکەت پەیوەیست دەبێت بە سەتەلایتێک، چونکە سەتەلایتەکان بەخێرایی 28 هەزار کیلۆمەتر لە خولەکێکدا بە دەورووی زەوی دەخولێنەوە، من ویستم بزانم لە رووی جوگرافییەوە دەکرێت لە کوردستان دایبنێین، لە رووی تەکنیکییەوە کوالێتییەکەی چۆن دەبێت. لەو روانگەوە زۆر سەرکەوتوو بوو. کێشەکان زیاتر کارگێڕین، کە دەبێت کۆمپانیای ستارلینک لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان رێکبکەوێت، بۆ ئەوەی ئەو مافەی هەبێت، ئەو خزمەتگوزارییە پێشکێش بکات. ئەوەی من کردوومە سەبسکریبشنەکەی سوێدییە، بەڵام بۆ کوردستانی بەکاردەهێنم وەکو تاقیکردنەوە.
 
رووداو: واتە ئەوەی بەکارت هێناوە، لە بنچینەدا بۆ سوێدت کڕیوە، بەڵام هێناوتەتەوە کوردستان، هۆکاری ئەوەیە کە تێچووەکەی زیادیکردووە؟ واتە ئەگەر بۆ کوردستان بیکڕیت تێچووەکەی هەمان تێچوو دەبێت لەگەڵ سوێد؟
 
هیوا ئەفەندی: لەوانەیە کەمتر بێت، لە سوێد بەهۆی ئەوەی باجی لەسەرە، دەگاتە نزیکەی 50 دۆلار، بەڵام ئەگەر هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵی رێکبکەون، رەنگە تێچووەکەی کەمتر بێت و لەنێوان 30 بۆ 40 دۆلار بێت، خێراییەکەشی زیاتر دەبێت. چونکە ئەوەی من بەکاریدەهێنم، پێیدەگوترێت گڵۆباڵ رۆمینگ، ئەو ترافیکەی من دەخرێتە دوای ئەو ترافیکەی بۆ شوێنەکانی دیکە دانراوە و لەپێشینە نییە. 
 
رووداو: یەکەم کەسیت ستارلینک لە کوردستان بەکاربهێنیت؟ زانیاریت هەیە پێشتر کەسی دیکە لە کوردستان بەکاریهێنابێت؟
 
هیوا ئەفەندی: دڵنیا نیم، بەڵام گوێم لێنەبووە کەسی دیکە ئەو کارەی کردبێت، ئەگەر کەسێکیش بەکاریهێنابێت، زانیارییەکەی بۆ خەڵک رانەگەیاندووە، ئامانجی من ئەوە بووە ئەو جۆرەی ئینتەرنێتە تاقیبکەمەوە و ئەو زانیارییەی وەریدەگرم بڵاوی بکەمەوە، تاوەکو خەڵک ئاگادار بێت. بۆ زانین، ستارلینک چەندین خزمەتگوزاریی دیکەی هەیە، ئەوەی من بەکارمهێناوە بۆ ماڵ بووە، بەڵام جۆری دیکە و بژاردەی دیکەی ئینتەرنێتیان هەیە، کە کوالێتییەکەیان باشترە. ئەوە دەستپێکێکی باشە بۆ ئەوەی بتوانین ئینتەرنێتێکی سەربەخۆ بەکاربهێنین، چونکە وەک دەزانین، ئینتەرنێتی کوردستان لە وڵاتانی دیکەوە دێت، لەکاتێکدا تووشی کێشەیەکی گەورە بین، لە حاڵەتی وادا ئینتەرنێتێک کە راستەوخۆ پەیوەستە بە سەتەلایتەکان، رەنگە رێگەیەکی باش بێت بۆ شکاندنی گەمارۆکان. بۆیە گرنگە تاقییبکەینەوە و بزانین شێواز و بەکارهێنانەکەی چۆنە. تاوەکو ئاگاداری تەکنەلۆژیاکە بین. 
 
رووداو: دەمەوێ لە رووی بەکارهێنانەکەی، خێرایی، شێوازی بەکارهێنانی و ئاسانکارییەکەی بزانم، لەو روانگەیەوە چۆن بوو؟ بۆ نموونە ئەوەی ئێستا هەیە و بە کێبڵ لە ماڵانە، خیراییەکەی بەرامبەر بەوە چۆنە؟
 
هیوا ئەفەندی: ئینتەرنێتی لە رێگەی سەتەلایت یان FTTH کێبڕکێ لەگەڵ یەکدی ناکەن، بەڵکو تەواوکاری یەکدین، هەردووکیان باشیی خۆیان هەیە. ئەوەی جێگەی سەرنج بوو لای من خێرایی ئینتەرنێت بوو لە رێگەی سەتەلایتەکان. بۆ نموونە ئێمە لە هەولێر ئەگەر لە رێگەی FTTH لە چرکەیەکدا 100 تاوەکو 150 مێگابایتمان هەبێت، ترافیکەکەی هاوبەشە، واتە ئەگەر لە گەڕەکێکدا هەموویان بەیەکەوە داونڵۆد بکەن، ئەو خێراییە دادەبەزێت. بەڵام لە ئینتەرنێتی ستارلینک 100 تاوەکو 400 مێگابایت، واتە 10 دیکەیتی خۆتت هەیە لە چرکەیەکدا و گەرەنتییە. بە بڕوای من ئەگەر لە رووی نرخەوە داببەزێت، کێبڕکێیەکی تووندی ئەو ئینتەرنێتانە دەکات، کە بە کێبڵەوە پەیوەستن بۆ ماڵان. کارکردن و دابەزاندنیشی زۆر ئاسانە. دیشێکی هاوشێوەی کاخەزێک هەیە، لەسەربان دایدەنێیت بە رووی ئاسمان، راستەوخۆ بە سەتەلایتەکانەوە پەیوەست دەبێت، هەر کەسێک دەتوانێت بە ماوەیەکی کەم پەیوەستی بکات بە سەتەلایتە جیهانییەکان. تەنیا بەشێک لە ئاسمان بۆی کراوە بێت، دیشەکە یەکسەر سەتەلایتەکان دەدۆزێتەوە. هەرچۆنێک لە سەربان دایبنێی، خۆی سەتەلایتەکە دەدۆزێتەوە. هەر چوار خولەک جارێک دیشەکە پەیوەستی سەتەلایتێکی دیکە دەبێت. جیاوازییەکی گەورە هەیە لەگەڵ ئەو سەتەلایتانەی بۆ ئینتەرنێتەکانی دیکە دادەنرێت و لەمپەیەکیان هەیە. لە ستارلینک دیشەکەی خودکارییانە کاری خۆی دەکات، خۆیشی بەرگەی سەرما و گەرما دەگرێت. 
 
رووداو: لەو بڕوایەدای عێراق رێگە بە ستارلینک بدات کاربکات؟
 
هیوا ئەفەندی: لە حکومەتی عێراق، بەداخەوە بڕیارەکان زانستی نین، بەڵکو زیاتر سیاسین. لەو بڕوایەدام وەکو هەموو گوشارەکانی دیکە بۆ سەر خەڵکی کوردستان، رەنگە رێگە بە ستارلینک نەدەن لێرە کاربکات، بەڵام هیچ رێگرییەکیش لەبەردەم هەرێمی کوردستان نییە ئەو تەکنەلۆژیایە بەکاربهێنێت، رێگە هەیە بۆ ئەم بابەتە. واتە بڕیارەکە زیاتر سیاسییە. 
 
رووداو: واتە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەربەخۆ دەتوانێت بڕیاربدات بەکاریبهێنێت یاخود بۆ خەڵک دەستەبەری بکات؟
 
هیوا ئەفەندی: ئەو بابەتە مشتومڕی لەسەرە، دەبێت وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بابەتەکە تاوتوێبکات، بەڵام هیچ دەقێکی یاسایی نییە لە عێراق بۆ ئەمە رێگری لە هەرێمی کوردستان بکات، چۆن ئێمە ‌هێڵەکانی فایبەر لە تورکیاوە دەهێنینە هەرێمی کوردستان و مافمان هەیە ئەو کارەکە بکەین، مافی بەکارهێنانی ئینتەرنێتی سەتەلایتیشمان هەیە و وەکو ماف، کەس نابیت رێگریمان لێبکات. 
 
رووداو: ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاربدات ستارلینک بەکاربهێنێت، چ گۆڕانکارییەک روودەدات؟
 
هیوا ئەفەندی: یەکەم شت لە هەموو ئەو شوێنانەی ئینتەرنێتیان پێنەگەیشتووە و تۆڕیان بۆ دابین نەکراوە، راستەوخۆ ئینتەرنێت بۆ ئەو شوێنانە پەیدا دەبێت، بۆ نموونە لە دەروازەیەکی وەکو زێت یان سەرزێڕی، هیچ کۆمپانیایەک ئینتەرنێتی بۆ نەبردووە، چونکە تێچووەکەی زۆرە، ئەگەر ستارلینک بەکاربێت، بەبێ تێچوویێکی زۆر، راستەوخۆ ئینتەرنێت بۆ ئەو دەروازە سنوورییانە و خەڵکی ئەوێ و فەرمانبەران دابین دەکریت بە تێچووێکی کەم. تاکە شت کە پێویستە، تەزووی کارەبایە، ئەوەش دەتوانرێت لە رێگەی سۆلار پاوەر دابین بکرێت، ئینتەرنێتەکەش ئەوەندە خیرایە کێبڕکێ لەگەڵ هێڵەکانی دیکەی ئینتەرنێتی FTTH دەکات، بە کورتی بۆ ئەو شوێنانەی دوورن، باشترین چارەسەرە. دواتر بۆ هەموو ئەو کەسانەی نایانەوێت یان متمانەیان بە هیڵەکانی FTTH نییە و لە تایبەتمەندییەکانیان دەترسن، راستەوخۆ پەیوەیستی ستارلینک دەبن و هەموو ئەو مەترسییانە تێدەپەڕێنن. واتە هۆکارەکان زۆر زۆرن ئەگەر کەسێک بیەوێت ستارلینک بەکاربهێنێت. نموونەیەکی دیکە، ئەگەر تورکیا یان ئێران کێشەیان بۆ هەرێمی کوردستان دروست کرد، هێڵەکانی FTTH پچڕان، تۆ دەبێت بەردەوامی بە کارکردن بدەیت و دامەزراوەکان کاربکەن بێئەوەی کێشە بۆ خەڵک دروست ببێت. واتە بۆ حکومەت بۆ خەڵکیش سوودی زۆرە. 
 
رووداو: واتە سەربەخۆیی دابین دەکات لە رووی ئینتەرنێتەوە؟
 
هیوا ئەفەندی: رێک وایە، سەربەخۆیی ئینتەرنێت دەستەبەر دەکات. 
 
رووداو: بۆ سیستمی LTE کە بۆ پەیوەندی راستەوخۆی مۆبایل بە سەتەلایتەوە لە زۆر شوێن تاقیدەکرێتەوە، وەکو ئەمریکا، ئەمە بۆ هەرێمی کوردستان دەستدەدات و دەشێت تاقیبکرێتەوە؟
 
هیوا ئەفەندی: یەکەمجار بیرۆکەی پەیوەستکردنی ئامێرەکانی مۆبایل بە سەتەلایت، ئێستا لە پایڵۆتدایە، ئاگادارم کە کۆمپانیای دۆچە تێلێکۆم لەگەڵ ستارلینک لە ئەمریکا خەریکن ئەو بابەتە پایڵۆت دەکەن، هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو قۆناخەی 100٪ بێت، بەڵام دڵنیام سەردەکەون. هەر شتێک لەرووی تەکنەلۆژیاوە دەشێت لە ئەمریکا کار بکات، بێگومان لە هەرێمی کوردستانیش کاردەکات، چونکە سیستمەکانی LTE کوردستان پێشکەوتوون، کەواتە وەڵامەکە بەڵێیە و، دەکرێت، بەڵام دیارنییە کەی کارەکە دەکرێت. بەڵام ئەوەی لەوە گرنگترە، ئێستا سیستمەکانی ستارلینک، بۆ ئەوەی ئینتەرنێت بدەن بە سەتەلایتەکانی خۆیان تاوەکو دواتر بیدەنەوە بەکارهێنەر، نزیکەی 150 وێستگەی زەوینی بەکاردەهێنن، بۆ نموونە ئەو سەتەلایتەی من پێیەوە پەیوەست دەبم، خۆی ئینتەرنێت لە وێستگەیەکی بولگاریا وەردەگرێت، بەڵام لە داهاتوویێکی نزیکدا ئەو سەتەلایتانە لە نێوانی خۆیاندا لەیزەر لینک دروست دەکەن، ئەو لەیزەرلینکە وادەکات، لە ئەمریکاوە ئینتەرنێت بە سەتەلایتەکان بدرێت، واتە ئەو ئینتەرنێتەی بۆ من دێت لە داهاتوودا، راستەوخۆ لە ئەمریکاوە دێت، ئیدی لە وێستگەکانی زەوییەوە نایەت. ئەوەش بابەتێکی دیکەیە. 
 
رووداو: پرسیارێکی دیکە دەکەم، پەیوەندیی بە ئینتەرنێتەوە نییە، پەیوەندیی بە دیجتاڵکردنەوە هەیە، پڕۆژەی بەدیجیتاڵکردنی دامەزراوەکانی حکومەت بە کوێ گەیشت، کەی ئیدی واز لە کاخەز دەهێنین؟
 
هیوا ئەفەندی: بە دیجیتاڵکردنی دامەزراوەکانی حکومەت پرۆژە نییە، پرۆسەیە، ئەو پرۆسەیە نزیکەی 500 پڕۆژەی تێدایە، هەر حکومەتێک 400 تاوەکو 500 خزمەتگوزاری پێشکەشی خەڵکەکەی دەکات، هەموو ئەوانە بە دیجیتاڵی دەکرێن، رەنگە پرسیاری باشتر ئەوە بێت، بڵێین 'کامە لەو کارانە کراوە؟' بەگوێرەی روانگەی سەرۆکوەزیران، ئێمە کار لەسەر کۆمەڵێک لەپێشینە دەکەین، لەپێشینەکان چوار تەوەری سەرەکین، یەکەمیان دەبێت بناخەیەکی دیجتاڵی دابنیێن، کە خۆی لە داتا سەنتەر دەبینێتەوە، دروستکردنی داتابەیسی ناوەندی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، کە لەو کابینەیە بەرەو تەواوبوونە، هەم وەکو داتا سەنتەر، هەم سیستمی تۆماری بایۆمەتری کە حکومەتی عێراق داوا لە هەرێمی کوردستان دەکات. کە هەموو خەڵک خۆی تۆمار بکات و، بەشێکە لەو کارە و تەواو کراوە، دواتر فۆکەسمان لەسەر پارێزراوییە. بۆ ئەمەش، بۆ نموونە بۆ وەزارەتی ناوخۆ 5 سیستم دروستکراون، وەکو سیستمی ڤیزای ئەلیکترۆنی، بۆردەر کۆنترۆل سیستم، سیستمی دەستەبەری کۆمپانیاکانی ڤیزا. بۆ وەزارەتی بازرگانی تۆماری کۆمپانیاکان بە شێوازێکی مۆدێرن دروستکراوەتەوە. بۆ وەزارەتی دارایی سیستمی کۆنترۆڵی خەرجییەکان دروستکراوە، ئێستاش سیستمی ئەلیکترۆنیی ئامادەکردنی مووچەی مانگانە خەریکە دەکەوێتە کار و کە کێشەمان لەگەڵ بەغدا و لانیکەم ئەو بیانووانەی ئەوان هەیانە، لەکۆڵمان دەکاتەوە. نزیکەی 28 سیستم وەکو فەرمانگە لەو کابینەیە تەواوبوون، هەژماری من یەکێک لەوانەیە. نزیکەی 14 خزمەتگوزاریی وەزارەتی دیکە لای ئێمە خانەخوێ کراوە. کەواتە پرۆسەیەکی بەردەوامە. ژێرخانی دیجتاڵی دانراوە، لە چوار ساڵدا 28 سیستمی دیجیتاڵی دانراوە. دەبێت بەردەوامیش بین تاوەکو هەر 300 خزمەتگوزاری تەواو دەبن، بەپێی لەپێشینە و گرنگییان. هیچ حکومەتێک نییە لە دونیادا، هەر 300 خزمەتگوزارییەکەی دیجیتاڵی بێت. کەواتە پرۆسەیەک زیاتر لەوەی پڕۆژە بێت.