هۆشیار زێباری: بەمنزیکانە لەگەڵ یەکێتی و لایەنەکانی دیکەی کوردستان کۆدەبینەوە

20-11-2022
هیدایەت جان
 هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ هۆشیار زێباری، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ هۆشیار زێباری، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگیڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو رایگەیاند، ئەگەر یەكێتی گلەیی لە پارتی هەبێت، پارتیش گلەیی لە یەکێتی هەیە و دەڵێت: "ناکرێت تۆ لە یەککاتدا لە حکومەت بیت و ئۆپۆزیسیۆنیش بیت."
 
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگیڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە لە بووڵتەنی کاژێر 12:00 پەخشکرا و سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی کرد، لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی رایگەیاند، "پەیامی یەکێتی و حیزبەکانی دیکەش ئەرێنییە و ئێمەش بە ئەرێنی هەڵیدەسەنگێنین، ئەمە زەمینەیەکی باش دروستدەکات بۆ ئەوەی دانوستاندنی داهاتوو جیددی بێت".
 
لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەندامەکەی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی گوتی، حیزبەکەی لەگەڵ ئەوە بوو کە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت، چونکە بە بڕوای ئەو، پێگەی هەرێمی کورستان بەهێزتر دەبوو و، پارتی دەنگی زیاتری بەدەستدەهێنا. دەشڵێت، بەڵام مادام تەمەنی پەرلەمان درێژکرایەوە، "دەبێ هەوڵبدەین یاسایەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دەربکەین، لەڕاستیدا ئەوە پرۆسەکەی دواخست، ئەگینا دەمانتوانی بیکەین."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ هۆشیار زێباری، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی:
 
رووداو: لە رۆژانی کۆنگرە و لە راگەیێندراوی کۆتایی کۆنگرە و لە راگەیێندراوی یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانیش باسی چارەسەری کێشەکانی هەرێمی کوردستان و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەکەن، پلانتان بۆ ئەمە چییە و مەبەستتان چییە لەوەی دەڵین لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەدەنەوە؟
 
هۆشیار زێباری: راستە هەموو ئەو هەڵوێستانەمان هەبووە و لەڕاستیدا پەیامەکە ئەمەیە کە پارتی لەگەڵ ئەوەیە دانوستاندن لەگەڵ هێزە کوردستانییەکان هەبێت، بەتایبەتی یەکێتیی نیشتمانی و حیزبە کوردستانییەکانی دیکەش، لەبەرئەوەی ژینگەیەکی باش نییە لە کوردستان، کێشە هەن هێرشی میدیایی لە دژی یەکتر هەیە و ئەو ژینگەیە ناتەندروستە، هەم بۆ حوکمڕانی و هەم بۆ بەرژەوەندیی هەموو هێزەکانی کوردستان، دەبێ بیریک بکەینەوە چۆن کێشەکان چارەسەر بکەین کە ئەویش بە دانوستاندن دەبێت. پەیامی پارتی ئەمەیە، واتا ئێمە لایەنی دنەدەر و دروستکەری ئاڵۆزییەکان نین، ئەگەر کێشە لەنێوان حیزبەکان هەیە وەرن با قسەی لەسەر بکەین، ئەگەر کێشە هەیە لە حوکمڕانی، هەموو لایەنەکانی بەشداری حوکمڕانین با لە نێوان خۆیان چارەسەری بکەن.
 
لەم یەک دوو رۆژە لە کۆنفرانسی زانکۆی ئەمریکیش ئەو مژارە باسکرا، هەندێک لە نوێنەران کە نوێنەرایەتیی بۆچوونی یەکێتی و پارتییان دەکرد و نوێنەرانی حیزبەکانی دیکە بەشداربوون، پێداگرییەکی زۆر لەسەر ئەوە هەیە کە دەبێ ئێمە ناوماڵی خۆمان رێکبخەین. رەنگە رێککەوتنی 100٪ نەبێت، بەڵام لانیکەم بتوانین بەیەکەوە کاربکەین، لەبەرئەوەی ئاڵنگاریی زۆر لە دەوروبەرمان و لە جیهان هەیە، ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر هەرێمی کوردستان و داهاتووی ئەو هەرێمە و هەر بۆیەش دەبێ خۆمان ئامادە بکەین.
 
رووداو: لەبارەی نەرمینواندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوای کۆنگرەی 14، یەکێتی و لایەنەکانی دیکەش بە ئەرێنی دەیبینن و ئەوانیش دەڵێن ئامادەین نەرمی بنوێنین بۆ چارەسەری کێشەکان، ئەمە کەی دەبێتە کردار و بەنیازن کەی لەگەڵ یەکێتی کۆببنەوە؟
 
هۆشیار زێباری: هەموو کۆنگرەیەک وێستگەیەکە بۆ بەخۆداچوونەوە، لە کۆنگرەی 14ـی پارتی ئەو پێداچوونەوەیە کرا، واتا پێش کۆنگرە چەندین لیژنە هەبوو راپۆرتەکانیان نووسیوە و ئامادەیانکرد، لەو راپۆرتانە هەمووی باس لەو کێشانە کراون، ئەوەی لە کۆنگرە راگەیێندرا، ئەنجامی ئەو گفتوگۆ ناوخۆییانەمان بووە. بۆ دەستپێکردنیش، ئێمە ئێستا لە لە قۆناخی دوای کۆنگرەین کە یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی کراوە و مەکتەبی سیاسی دەستنیشانکراوە و چەند کێشەیەکی ناوخۆیی و رێکخستن هەیە بۆ دابەشکردنی ئیشوکار لەسەر سەرکردایەتیی پارتی، جا چ لەسەر ئاستی لقەکان و پارێزگاکان و نووسینگە سەرەکییەکان، ئێمە پشت بەخوا سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەو کۆبوونەوەیە دەستپێدەکەین، کاتێک ئامادەبووین، پەیامەکەمان راگەیێندراوە و ئامادەیە و دەست بە پرۆسەی دیدار لەگەڵ حیزبەکانی کوردستان دەکەین. 
 
رووداو: کۆدەبنەوە؟ سەردانیان دەکەن؟
 
هۆشیار زێباری: پشت بەخوا، زۆر رێگە هەیە.
 
رووداو: لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش؟
 
هۆشیار زێباری: لەگەڵ یەکێتیش، بڕیاری ئێمە بەو شێوەیە، بەدڵنیاییەوە.
 
رووداو: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر کۆمەڵێک بابەت گلەییان لە پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە، پارتی چی دەکات بۆ رەواندنەوەی گلەییەکانی یەکێتی؟
 
هۆشیار زێباری: ئێمەش گلەییمان هەیە، نابێت تۆ لە حکومەت بیت و لە هەمان کات ئۆپۆزیسیۆن بیت، گلەییت هەیە لە بەڕێوەبردنی حکومەت، وەرە با گفتوگۆ بکەین، کێشەت هەیە لەگەڵ ناوچەی سلێمانی کە مافی خوراوە، وەرە با گفتوگۆ بکەین، وەرن لەسەر بنەمای داتا با گفتوگۆ لەسەر هەموو شتێک بکەین، راستییەکەی ئێمە لەو بوارەدا پشتڕاستین کە ئەم کێشانە هەمووی چارەسەرییان هەیە، پەیامی ئەوان و حیزبەکانی دیکەش ئەرێنییە و ئێمەش بە ئەرێنی هەڵیدەسەنگێنین کە ئەمە زەمینەیەکی باش دروستدەکات کە دانوستاندنی داهاتوو جیددی دەبێت و کردارییش دەبێت.
 
رووداو: گەشبینی بەوەی چارەسەری کێشەکان بکرێت؟
 
هۆشیار زێباری: هەموو لایەک پێویستی بەمە هەیە، بە بۆچوونی من دۆخی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەک هاتووە کە هەموو هێزەکان پێویستییان بەیەکتر هەبێت، هەر بۆیەش چارەسەرییەکان ئاسانترن.
 
رووداو: یەکێک لەو ناکۆکییانەی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەتانبوو، بابەتی هەڵبژاردن بوو، ئەوە وایکرد هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا نەکرێت؟
 
هۆشیار زێباری: ئێمە لەگەڵ ئەوەبووین هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت، پێگەی هەرێمی کورستان بەهێزتر دەبوو و دەنگمان بەرزتر دەبوو، لەگەڵ ئەم دۆخە قەیراناوییەی لە عێراق و دەوروبەردا هەیە، کاریگەریمان زیاتر دەبوو. دواتر وایلێهات کە دواخرا، تەمەنی پەرلەمان درێژکرایەوە و دەبێ هەوڵبدەین یاسایەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دەربکەین، راستییەکەی ئەوە پرۆسەکەی دواخست، ئەگینا دەمانتوانی بیکەین. لەگەڵ ئەوەش هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی کوردستان چارەنووسسازە.
 
رووداو: تەمەنی پەرلەمان ساڵێک درێژکرایەوە بۆ ئەوەی بتوان لەو ماوەیەوە لەڕووی سیاسییەوە رێککەوتن بکەن؟

 

هۆشیار زێباری: ئەویش تەنازولکردنی دوولایەنە بوو.
 
رووداو: پرسیارەکەی من ئەوەیە، لەو ماوەیە کەی دەست دەکەن بە بابەتی یاسای هەڵبژاردن؟
 
هۆشیار زێباری: بە زووترین کات دەبێ دەستپێبکات، کات لە بەرژەوەندی ئێمە نییە، دەبێ بە زووترین کات خۆمان ئامادە بکەین.
 
رووداو: حکومەتی عێراق لەسەر بنەمای رێککەوتنێکی سیاسیی لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا دروستبووە، لەناویشیاندا پارتی و یەکێتی، خەڵکی کوردستان چاوەڕێیە کێشەکانی هەولێر و بەغدا لەم کابینەیە چارەسەربێت، ئێوە چۆن لەمە دەڕوانن؟
 
هۆشیار زێباری: لە پانێڵەکەی زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک باسی ئەو بابەتەم کرد. ئەمە حکومەتێکی نوێیە و وەکو گوترا بە نەشتەرگەری لەدایکبووە، دەرفەتی پێدەدرێت بۆ ئەوەی هەوڵ بدات خۆی بسەلمێنێت، جا 100 رۆژە، چوار مانگە، شەش مانگە. وەک هێزە سیاسییەکان رێککەوتنێکی سیاسیی واژۆکراوە بۆ دامەزراندنی ئەو حکومەتە، واتا ئێمە لایەنێکین لە دامەزراندنی ئەو حکومەتە بەپێی ئەم رێککەوتنە سیاسییە و کات و زەمەنیان بۆ دیاریکراوە، بۆ نموونە ئەو کێشەیە دەبی لە چ ماوەیەکدا چارەسەر بکرێت و ئەم یاسایە چەند ماوەی دەوێت. ئەمە دەبێتە مەحەک بۆ پابەندبوون بە جێبەجێکردنی. ئەگینا ئەزموونمان لەگەڵی هەیە، بەڵی هەمانە، بەڵێنەکانی پێش ئێستا جێبەجێکراون؟ نەخێر ناوەڵڵا. ئەم جارە لەگەڵ جارانی پێشوو چ جیاوازییەکی هەیە، جیاوازیی هەیە.
 
رووداو: جیاوازییەکە چییە؟
 
هۆشیار زێباری: جیاوازییەکە ئەوەیە کە پێویستییان بە ئێمە هەیە، بەبێ کورد و سوننە ئەم حکومەتە بەڕێوەناچێت.
 
رووداو: گەشبینییەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە بۆ ئەم حکومەتە، ئەم گەشبینییە لەسەر چ بنەمایەکە؟
 
هۆشیار زێباری: لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنە سیاسییەیە کە واژۆکراوە، واتا هەموو ئەوانەی بەشدارن لە حکومەت واژۆی خۆیان خستووەتە سەر ئەم رێککەوتنە.
 
رووداو: پێشتر قەت شتی لەمجۆرە روویندەداوە؟ رێککەوتن هەبووە جێبەجێ نەکرێت؟
 
هۆشیار زێباری: پێش ئێستاش هەبووە، بەڵام ئەمجارە فراوانترە.
 
رووداو: ئەنجوومەنی تێکۆشەران کەی دروستدەبێت؟
 
هۆشیار زێباری: ئەویش هەیە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پارتی ئەویش سیستمێکی بۆ دادەمەزرێت و خەڵکێک دەستنیشاندەکرێن لەناویدا کاری خۆیان بکەن.
 
رووداو: ئەندامانی ئەنجوومەنی تێکۆشەران لەسەر چ بنەمایەک دادەنرێن و کێ دەبن؟

 

هۆشیار زێباری: ئەوانەی خزمەتیان هەیە و ماندوو بوون، ئەوانەی دەوریان هەبووە، رەنگە زۆر لایەن بگرێتەوە و تەنیا ئەندامانی سەرکردایەتی حیزب نەبن، رەنگە هەندێک سەرکردەی پێشمەرگە بن، هەندێک خەڵکانی کۆمەڵایەتیبن، ئاینی بن، واتا بڕێک فراوانتر دەبێت.
 
رووداو: کاریان چی دەبێت؟
 
هۆشیار زێباری: راوێژپێکردن، بەڵام رێز و حورمەتیان لێدەگرن، مافەکانیان دەپارێزرێت و بۆچوونیشیان دەبێت. ئەم بابەتە تازە نییە، لە هەموو دنیا ئەو ئەنجوومەنانە هەیە، لە وڵاتی دایکی هەموو دیموکراسی جیهان، لە بەریتانیا ئەنجوومەنێکی لەم شێوەیە هەیە. 
 
رووداو: ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارێزگاکان گۆڕا بە مەکتەبی رێکخستنی پارێزگاکان، لە دهۆک ئەمە نییە، دروستی دەکەن؟
 
هۆشیار زێباری: لە دهۆک و هەولێر و سلێمانی دروستی دەکەین.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە