سەرۆکی هوداپار: لە سایەی ئەم دەستوورەدا کەس ناتوانێت باسی فیدراڵی و ئۆتۆنۆمی بکات

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هوداپار رایگەیاند، تاوەکو دەستووری ئێستای تورکیا بەوشێوەیە بمێنێتەوە، کەس ناتوانێت باسی فیدراڵی و ئۆتۆنۆمی بکات. دەشڵێت، ئەو سوورە لەسەر قسەکانی کە گوتبووی پێویستە چوار مادەی سەرەتای دەستووری تورکیا هەموار بکرێتەوە.
 
جارێکی دیکە هەموارکردنەوەی هەندێک لە مادەکانی دەستووری تورکیا بووەتە رۆژەڤ. زەکەریا یاپیجیئۆغلو، سەرۆکی هوداپار چەند جارێک داوای کردووە، چوار مادەی یەکەمی دەستوور، کە هەموارکردنەوەیان 'هێڵی سوورە'، هەموار بکرێنەوە. 
 
زەکەریا یاپیجیئۆغلو، کە رۆژی چوارشەممە 18-09-2024 میوانی بووڵتەنی باکووری کوردستان بوو، گوتی: "ئێمە ویستمان باس لەوە بکەین گفتوگۆ لەسەر سیستمی فیدراڵی و خۆسەری بکەین، بەڵام قیامەت هەستا."
 
سەرۆکی هوداپار بە مافی پەرلەمانتارانی دەزانێت قسە لەسەر هەموارکردنەوەی دەستوور بکات، لەو باوەڕەشدایە پەرلەمان دەستوور هەموار بکاتەوە، بەڵام دەڵێت: "هەموارکردنەکە نابێتە دەرمان و چارەسەری کێشەکان ناکات."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەرۆکی هوداپار:
 
رووداو: بۆچی رژدن لەسەر هەموارکردنەوەی چوار مادەی یەکەمی دەستوور، مادەکانی دیکەی دەستوور بە دڵی ئێوەن؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: نەخێر هەموو مادەکانی دەستوور بە دڵی ئێمە نین. ئەو دەستوورە لە ساڵی 1982 نووسراوەتەوە، دەستووری کودەتای سەربازییە. ئێمە دەمانەوێت گفتوگۆ لەسەر دەستووری کودەتا بکرێت. هەموو لایەنە سیاسییەکان زۆرجار ناڕەزاییان لە دژی ئەو دەستوورە نیشانداوە، دەیان ساڵە گفتوگۆ لەسەر ئەو دەستوورە دەکرێت. ئێمە ویستمان گفتوگۆ لەسەر ئەو دەستوورە بکرێت و بزانرێت ئەو دەستوورە چییە، گۆڕین و نووسینەوەی دەستوور مافی کێیە؟ بە گوێرەی زانستی سیاسی بە مافی خۆمان زانی ئەو گفتوگۆیە بکەین. با ئەو گفتوگۆیە تەنیا سیاسی نەبێت، با زانستیش بێت، بەڵام هەندێک کەس بە تووندی هێرشیان کردینەسەر و سوکایەتییان پێکردین. بەشێوەیەکی زانستی و سیاسی گفتوگۆیان لەگەڵ نەکردین. هەندێک کەس دەڵێت ئەوە مافی پەرلەمانتاریش نییە دەستوور بگۆڕێت.
 
ئێستا باس لەوە دەکەن کە ئێمە باسی چوار مادەکەی دەستوورمان کردووە. بە گوێرەی مادەی چوارەم کەس بۆی نییە سێ مادەی سەرەتای دەستوور دەستکاری بکات. ئێمە ویستمان گفتوگۆ لەسەر ئەوە بکەین، کێ مافی ئەوەی هەیە ئەو مادانە بگۆڕێت؟ سەرەتا جەهەپە و کەسانی دەروبەریشمان گوتیان: "لەسەر ئەو خاڵە مافی قسەکردنت نییە، ئێوە لەسەر ئەو بابەتە قسە مەکەن". بەپێی گوێرەی زانستی سیاسی و زانستی ماف، گۆڕینی دەستوور مافی پەرلەمانتارە. منیش وەکو پەرلەمانتارێک ویستم ئەو خاڵانەی کە رێگە لە هەموارکردنەوەی دەستوور دەگرن، گفتوگۆیان لەسەر بکرێت. بە تایبەتی من ویستم گفتوگۆ لەسەر خاڵی چوار بکرێت، کە رێگری لە هەموارکردنەوەی دەستوور دەکات. دوای ئەو قسەیەی من هێرشەکان دەستیانپێکرد. لەوە تێنەگەیشتن ئایا پەرلەمانتار مافی هەیە دەستوور بگۆڕێت یان نا؟ ئێستا دەڵێن، کە ئێمە بۆمان نییە ئەو گفتوگۆیە بکەین. ئێمە دەڵێین دەبێت پەرلەمانتاران بە هەموو هەموو رەنگ و لایەنەکانەوە خۆیان بە خاوەن ماف بزانن. ئایا پەرلەمانتار ئەو مافەی هەیە دەستوور هەموار بکاتەوە یان نا. ئایا پەرلەمانتار دەتوانێت دەستووری نوێ ئامادە بکات یان نا؟ 
 
رووداو: هەر یەک لە جەهەپە و مەهەپە و ئاکپارتی هەڵوێستی خۆیان لەسەر قسەکانی تۆ نیشان دا، ئایا سووریت لەسەر قسەکانت؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: ئێمە دەڵێین، پێویستە پەرلەمانتاران بە هەموو رەنگەکانیان خاوەنداریێتی مافی خۆی بکات. ئایا پەرلەمانتار ئەو مافەی هەیە دەستوور هەموار بکاتەوە یان نا. ئایا پەرلەمانتار دەتوانێت دەستووری نوێ ئامادە بکات یان نا. یان تەنیا دەبێت سەربازان کودەتا بکەن و ئەوان دەستوورێکی نوێ ئامادە بکەن. پێویستە لەمە تێبگەن، ئەگەر پەرلەمان خاوەنداریێتی لە مافی خۆی نەکات، ئەوکاتە ناتوانێت دەستوورێکی نوێ ئامادە بکات. ئێمە سوورین لەسەر قسەکانی خۆمان. ئێمە دەمانەوێت ئەو گفتوگۆیە لە رووی زانستی و سیاسی و یاسایی بەردەوام بێت. ئەوانەی ناتوانن لە رێگەی سیاسی و زانستی وەڵاممان بدەنەوە، دەست دەکەن بە سوکایەتیکردن. یان ئەوانەی سوکایەتی ناکەن دەڵێن ئەو چوار بڕگەیەی دەستوور لەلایەن دامەزرێنەرانی کۆماری تورکیاوە لە دەستووری 1924 جێگیرکراون و لە هەموو دەستوورەکاندا هەن و 100 ساڵە جێگەیان گرتووە.ئەوان دەڵێت ئەو چوار خاڵە لە دەستووری 1924 و 1961دا هەبووە، بەڵام ئەوە راست نییە. دەبێت لەلایەن خەڵک لەمە تێبگات. ساڵی 1980 کەنعان ئەڤرەن کودەتای کرد و پەرلەمان و دەستووری 1961ی نەهێشت. خۆی ئەو دەستوورەی ئێستای ئامادە کرد و بە ئیرادە و قەڵەمی خۆی، ئەو چوار خاڵەی نووسیوە. کەنعان ئەڤرەن گوتوویەتی: "نابێت هیچ کەسێک سێ خاڵی یەکەمی بگۆڕێت، قەدەخەشە پێشنیازی گۆڕینیان بکرێت."
 
دەبێت لەو شتانە تێبگەن. ئێمە بە کەمالیستەکان دەڵێین: کەمالیست بن و بۆچوونەکانتان بۆخۆتان بن. بەس لەوە تێبگەن لەسەردەمی مستەفا کەمالدا چ گۆڕانکارییەک لە دەستوورەکاندا کراون. ئەو خاڵانەی  کە ئێوە بەرگری لێدەکەن، خاڵی چوارەم نە لەدەستوورەکانی سەردەمی جەهەپەدا هەبوو، نە لە سەردەمی مستەفا کەمالدا هەبوو، جەپەهە ئەو خاڵانەی نەخستوونەتە نێو دەستوور.
کەی ئەمە روویدا؟ ساڵی 1982 کەنعان ئەڤرەن کودەتای کرد و ئەو دەستوورەی ئامادە کرد، ئەو سەرۆکی سەرانی کودەتا بوو، دواتر گیرا و دادگایی کرا، هەموو پلە سەربازییەکانی لێسەندرایەوە. ئەوەی کە کردوویەتی فەرزکردنی ئیرادەی خۆی بووە، ئێمە دەمانەوێت گەل لەو هەڵەیە تێبگات کە ئەو کەسە کردوویەتی. ئێمە ئامانجمان ئەوەیە لە زەمینەیەکی لەباردا باس لە هەمواردنەوە و نووسینەوەی دەستوور بکرێت.
 
رووداو:  پێشنیازتان لەبارەی پاراستنی ئاینی ئیسلام و چەسپاندنی لە دەستووردا هەیە؟

 

زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: ئێمە دەستوورێکمان دەوێت لە دژی لە دژی بیروباوەڕی خەڵک نەبێت. دەستوور نابێت لەگەڵ بیروباوەڕی گەل دژ بێت. 100 ساڵە هەندێک خاڵی دەستوور.
 
هەندێک خاڵ و مادە کە لە دژی بیروباوەڕی خەڵکە لە دەستووردا هەن، ئێمە دەمانەوێت ئەوە نەمێنێت.
 
رووداو: پرسی کورد و چارەسەری پرسی کورد لە دەستووردا چۆن دەبێت؟ ئێوە لە چوارچێوەی مافە گشتییەکان سەیری ئەو پرسە دەکەن؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: ئێمە لە بەرنامەی پارتەکەمان بە روونی نووسیوە، پێشنیازی خۆمان لەسەر دەستوور بە شێوەیەکی روون نووسیوە. ئەوانەی دەیانەوێت بۆچوونی ئێمە لەو بارەیەوە بزانن، دەتوانن سەیری پڕۆگرامی ئێمە بکەن. ئەو کەسەی سەیری بەرنامەی ئێمە بکات دەزانێت ئێمە لەسەر مافی گەلان چیمان گوتووە. ئێمە دەڵێین کوردیش وەکو تورکان دامەزرێنەری ئەو دەوڵەتەن، مافی ئەو گەلانە لەسەر ئەو خاکەن هەر چییەک بێت،  نە زیاد بن  و نە کەم بن دەبێت مافی کوردانیش وەها بن. دەبێت ئێمە وەکو مافی مرۆڤ تەماشای بکەین،  نابێت ناوی میللەتێک بە تەنیا لە دەستووردا هەبێت. ئەگەر لە دەستووردا باسی گەلان بکرێت، دەبێت بگوترێت کورد و تورک پێکەوە ئەو دەوڵەتەیان دامەزراندووە. ئێمە دژی ئەوەین بە تەنیا باسی ناوی یەک میللەت بکرێت. دەبێت مافی مرۆڤەکان یەکسان بێت. نابێت هەندێک خاوەن ماڵ بن و هەندێکیش کرێچی ماڵەکە بن.
 
رووداو: پرسی زمانی دایک یەکێكە لەو پرسانەی هەتا ئێستا چوارچێوەکەی دیاری نەکراوە. ئێوە پێشنیاز دەکەن خوێندن بە زمانی دایک لە قۆناخی سەرەتاییەوە تاوەکو زانکۆ لە دەستووردا جێگیر بکرێت؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: دەستووری ئێستا رێگە لە خوێندن بە زمانی کوردی دەگرێت. چونکە لەو دەستوورەدا نووسراوە: 'زمانی ئەو وڵاتە تورکییە و جگە لە زمانی تورکی بە چ زمانێکی دیکە ناخوێندرێت'. ئەوەش ئاستەنگێکە لە بەردەم  پەروەردە بە زمانی دایک. نەک تەنیا زمانی کوردی، ئێمە دەخوازین لە ناو تورکیا هەر کەسێک بیەوێت بە زمانی دایکی خۆی بخوێنێت. ئەوە مافێکی سرووشتی هەر کەسێکە.
                       
رووداو: بڕگەی 66 زۆر سەرنجڕاکێشە و کەمجاریش باسی لێوە دەکرێت. بەگوێرەی ئەو خاڵە، هەموو ئەو کەسانەی لە ناو سنووری تورکیا دەژین، تورکن. بەوپێیە بێت، تەواوی کوردی ئەوێ تورکن. ئێوە دەتانەوێت ئەو بڕگەیە بگۆڕدرێت؟ خوازیارن ناوی گەلی کوردیش لەو بڕگەیەدا هەبێت؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: راستکردنەوە و بەجێکردنی ناوی کورد لەو بڕگەیەدا، لەوانەیە نەکرێت بە شێوازێکی دروست دابنرێت و ئەمە رێگەی تێنەچێت. بۆچی؟ لە تورکیادا زیاتر لە 20 نەتەوەی جیاواز هەن. ناکرێت ناوی هەموو ئەو نەتەوانە لەو خاڵەدا ریز بکرێت. گفتوگۆی زۆر لەسەر ئەو بڕگەیە کراوە. ئەو کەسەی لە تورکیا دەژی، هاووڵاتیی تورکیایە و هیچ کەسێکیش بە دروستی نەیتوانی لەمە تێبگات و تێگەیشتنێک دەست بخات. لەوانەیە پێویست نەکات خاڵێکی وەها لە دەستووری تورکیادا هەبێت. ئەوانە هاووڵاتیی تورکیان و پێویست ناکات ناویان لێ بنرێت. کاتێک ئەو کۆمارە دامەزرا، لەسەر دوو بنەما بونیات نرا. یەکێکیان تورکپەرستی بوو و ئەوەی دیکەش دژایەتیکردنی ئیسلام بوو.
 
هەر بۆیە ئێمە دوو تایبەتمەندیمان هەیە. یەکەمیان ئەوەیە کە ئێمە بە زمانی کوردی قسە دەکەین، ئەوەی دیکەش ئەوەیە کە ئێمە ئیسلامین. گوتە و گفتوگۆی ئێمە ئیسلامییە. لەبەر ئەم دوو هۆکارەیە هێرش دەکەنە سەرمان. هەدەپەش کە ئێستا دەم پارتییە، باس لە گۆڕینی دەستوور دەکات.
کاتێک ئێمە باسمان لەوە کرد و بە پێویستمان زانی گفتوگۆ لەسەر سیستمی خۆسەری و فیدراڵی بکرێت، قیامەت بەرپا بوو. ئێمە ویستمان ئەم بابەتە بخرێتە گفتوگۆ و هەمووان بە سەربەستی باسی لێوە بکەن، ئینجا خەڵک بڕیاری لەسەر بدات.
 
تاوەکو هەمووان بزانن لایەنە باشەکانی خۆسەری و فیدراڵی چین و لایەنە خراپەکانی چین؟ ویستمان هەر لایەنێک بۆچوونی خۆی نیشان بدات. ئەوەبوو قیامەت بەرپابوو. کێ قیامەتی بەرپا کرد؟ لەسەر ئەم گوتانەی ئێمە جەهەپە قیامەتی بەرپاکرد. دەم پارتی گوتی 'ئێمە خۆسەریی دیموکراسییانە رادەگەیەنین و بەڕێوەی دەبەین' کەچی قیامەت هەڵنەستا. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی لەڕووی ئایدۆلۆژیاوە لە یەکدی نزیکن. 
 
هەروەک گوتم، ئێمە دوو تایبەتمەندیمان هەیە. یەکیکیان کوردبوونمانە و ئەوەی دیکەش ئەوەیە کە ژیانی ئێمە ئیسلامە. گوتاری ئێمە ئیسلامییە. جا کاتێک جەهەپە دەڵێت، ئێوە مافی قسەکردنتان نییە، من گوتەی خۆم دووبارە دەکەمەوە.
 
ئەگەر پەرلەمانتار نەتوانن قسە لەسەر گۆڕینی دەستوور بکەن، پارتە سیاسییەکان نەتوانن بۆچوونی خۆیان لەبارەی گۆڕینی دەستوور بخەنەڕوو، باشە ئەو دەستوورە چۆن بگۆڕدرێت؟ پێویستە ئێمە دەستی پێبکەین بۆ ئەوەی دەستوور بگۆڕدرێت. پێویستە ئێمە بەیەکەوە دابنیشین و را و بۆچوونمان بخەینەڕوو و پرس و را بە خەڵکیش بکەین. 
 
رووداو: بەڕێز زەکەریا یاپیجیئۆغڵو، ئێوە باسی خۆسەری-ئۆتۆنۆمیتان کرد. ئایا رێگەی تێدەچێت لە دەستووری نوێدا گۆڕانکارییەکی لەمجۆرە بکرێت؟ وەک ئەوەی هوداپار پێشنیازی ئەوە بکات و خاڵێک لەبارەی ئۆتۆنۆمی لە دەستووردا جێگەی بکرێتەوە؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: مادەی چوارەمی دەستوور دیاریکردووە کە نابێت سێ یەکەمین مادەکان بگۆڕدرێن و ناشبێت پێشنیازی گۆڕانکاری لەمبارەیەوە بکرێت. هەتا ئەم دەستوورە بەمجۆرە بێت، هیچ کەسێک ناتوانێت باسی فیدراڵی و ئۆتۆنۆمی بکات و هیچ کەسێکیش ناتوانێت باسی مادەی 66ی دەستوور بکات. ئێستا لە تورکیادا هیچ کەسێک ناتوانێت دەستوور بگۆڕێت و ئەم باسە بکاتەوە.
 
رووداو: ئێوە لەو باوەڕەدان لەم خولەی پەرلەماندا کۆدەنگییەک لەسەر هەموار کردنەوەی دەستووردا دروست ببێت و دەستوور هەموار بکرێتەوە؟
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو: دەکرێت، بەڵام ئاسان نییە دەستوور بگۆڕدرێت. پێشتر 21 جار دەستوور هەموار کراوە. نابێت تەنیا بەشێکی دەستوور بگۆڕدرێت، دەبێ دەستوور بە گشتی بگۆڕدرێت. زۆر زەحمەتی و ئاستەنگ لەبەردەم گۆڕینی دەستوورن. وا دەردەکەوێت دەستوور هەموار بکرێتەوە، بەڵام نابێتە دەرمان و کێشەکان چارەسەر ناکات.