ئەحمەد تورك: لە 31ـی ئادار وەڵامی قەیومەكان دەدەینەوە
لە هەڵبژاردنی رابردووی شارەوانییەكانی توركیا لە مێردین 180 هەزار دەنگی هێنا، بەڵام زۆری نەبرد لە پۆستەكەی لادرا و قەیومێك لە شوێنی دانرا، ئەحمەد تورك، سەرۆكی پێشووی شارەوانیی مێردین، ئەمجارەش خۆی بەربژێر كردووەتەوە. ئەو دەڵێت لە رۆژی هەڵبژاردنی شارەوانییەكان كە بڕیارە لە 31/3/2019 بەڕێوەبچێ، وەڵامی قەیومەكان دەدەنەوە و دڵنیاشە لەم هەڵبژاردنە زیاتر لە هەڵبژاردنی رابردوو دەنگ دێنێ.
رووداو: بۆچی جارێكی دیكە وەك بەربژێری هەدەپە خۆت بۆ شارەوانیی مێردین بەربژێر كردووەتەوە؟
ئەحمەد تورك: ئەمڕۆ بەرپرسانی كورد ئەركێكی قورسیان لەسەر شانە. وەك دەزانین ئەو سەرۆك شارەوانیانەی پێشتر لە رێگەی هەڵبژاردنەوە دانرابوون، لادران و قەیومیان لە شوێن دانرا و دەست بەسەر ئیرادەی دەنگدەراندا گیرا، بەم هەڵبژاردنە دەمانەوێ جارێكی دیكە ئیرادەی كورد پێشانی هەموو لایەك بدەینەوە.
رووداو: لە 17/11/2016 قەیوم لەسەر شارەوانی مێردین دانرا و ئێوەش لە سەرۆكی شارەوانی دوورخرانەوە، دواتر لەماڵەكەی خۆتان دەستبەسەر كران و دوای چوار رۆژ لە 25ی تشرینی دووەم گواسترانەوە بۆ زیندانی سلیڤری، كاتێك قەیوم لە شوێنی ئێوە دانرا هەستتان بە چی كرد؟
ئەحمەد تورك: لەڕاستیدا نەك ئێمە هەست بەچی دەكەین، بەڵكو گرنگ ئەوەیە گەل هەست بە چی دەكات. ئەوان دەست بەسەر ئیرادەیاندا گیرا و وەڵامی ئەوەش دەدەنەوە. شارەوانی مێردین و هەموو شارەوانییەكانی دیكەیان وەكو سەربازگەیەك لێكردووە. خەڵك ناتوانێت لە باڵەخانەكەشی نزیك ببێتەوە. پەرژین و پاسەوانیان داناوە. ئەگەر ئێمە لەماڵی خۆمان دانیشین، ناتوانین دیموكراسی بەرەوپێش ببەین. ئەمڕۆ سیاسەتێكی زۆردارانە لە كوردستان بەڕێوەدەچێت. ئەمەش زیان بە هەموو گەلی توركیا دەگەیەنێ. واتە كاتێك دیموكراسی نامێنێ، كاریگەری لەسەر كورد و هەموو توركیا دەبێ.
رووداو: خەڵكی مێردین چۆن لە قەیومەكان دەڕوانن؟
ئەحمەد تورك: لە 31ی ئادار، دەتوانین وەڵامی ئەوە وەربگرینەوە. ئێستا هەرچییەك بڵێین زۆر سیاسیانەی نابینم.
رووداو: بەڵام قەیومەكان دەڵێن ئەو خزمەتگوزاریەی ئێمە پێشكەشمان كردوون وەكو دروستكردنی شەقام، خانوو، پرد و پارك لە مێژووی توركیادا وێنەی نەبووە؟
ئەحمەد تورك: راست نییە، گەل ئەو خزمەتە دەبینێت، ئەگەر كارەكە بایی 10 دۆلار بێت ئەوان بە 20 دۆلار كردوویانە.
رووداو: لە كۆی 102 شارەوانی 94یان لەدەستی قەیومەكاندان، دەگوترێ زۆربەی پرۆژەكانیان بە قەرز كردووە و قەرزێكی زۆر بۆ ئێوە جێدێڵن، ئایا ئەوە كێشەتان بۆ دروست ناكات؟
ئەحمەد تورك: راستە. ئەوان دەڵێن ئەو پڕۆژانەمان داوەتە رێكخراوەكانی یوئێن، یان وامان كردووە و وا دەكەن، بەڵام قروشێكی پارەی ئەو پڕۆژانەیان نەداوە. هەمووی لەسەر قەرز دەڕوات بەڕێوە. وەك شارەوانی ئەوە بۆ ئێمە زەحمەتییەكی مەزنە. ئەو رۆژەی ئێمە لە شارەوانی دوورخراینەوە 94 ملیۆن لیرە (17 ملیۆن و 458 هەزار و 620 دۆلار) لە خەزێنەی شارەوانیدا هەبوو، ئێستا یەك قروشی تێدا نییە. رۆژێك كە بووینە سەرۆكی شارەوانی ئەو فایلانە دەبێت یەك بەیەك دەربخەین بۆ ئەوەی بزانین ئەو ئیحالە و بابەتانە چۆن كراون. ئێمە ئەو 94 ملیۆن لیرەیەمان بۆ پڕۆژە تەرخان كردبوو، بەڵام ئەمڕۆ ئەو پڕۆژەیە لە واقیعدا نییە. ئێمە كە شارەوانیمان وەرگرتەوە، هەموو شتێك بۆ رای گشتی ئاشكرا دەكەین، چ كارێكیان كردووە، چەند لە سەدی كارەكانیان شكستی هێناوە. بۆ بابەتی پرۆژەی رێگەوبان، ئێمە 20% و 24%مان نەدەدا، بەڵام ئەوان كۆمپانیایان لە ئەلەزیز هێناوە 80%ی دەدەنێ.
رووداو: واتە كۆمپانیاكان هی ناوچەكەن نین؟
ئەحمەد تورك: نەخێر. رۆژێك گەل حاڵ و حیسابی ئەوەیان لەگەڵ دەكات.
رووداو: بۆ هەڵبژاردنی شارەوانی ئێوە چۆن كەمپین دەكەن؟ چونكە ئەوانەی بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕێوەدەبەن زۆربەیان لە زیندانن.
ئەحمەد تورك: ئێمە بە هەوڵ و هاوكاریی هەڤاڵەكانی خۆمان ئەو كەمپینە بەڕێوەدەبەین. ئەو گوشار و گرتنانەی ئەمڕۆ لەدژی هەدەپە بەڕێوەدەچێت ئەگەر بە پێچەوانەوە لە دژی ئەندام و كادیر و لایەنگرانی ئاكپارتی بووایە، ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسیدا یەك كەسیان لەگەڵ نەدەما.
رووداو: لە خولی رابردووی هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا چەند بەڵێنێكتان بە دەنگدەران دا، لەو هەڵبژاردنەدا چ بەڵێنێك بە خەڵكی دەدەن؟
ئەحمەد تورك: هەوڵ دەدەین خزمەتگوزاریەكانمان زیاتر بكەین. بەڵام ئەوەشمان لەبیر نەچێت كە ئێمە لە چ دۆخێكداین، لە راستیدا ئەگەر رێ لە خەباتی دیموكراتیانەی ئێمە بگرن زۆر ئاڵۆزی و ئاستەنگیمان بۆ دروست دەكەن، ئەوەش دەزانین.
رووداو: لەو باوەڕەدای دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەكان هەڵوێستی ئاكپارتی بەرامبەر پرسی كورد بگۆڕێ، لە كاتێكدا لەگەڵ پارتێكی وەكو مەهەپە رێككەوتنی هەیە؟
ئەحمەد تورك: لە وڵاتێكی وەكو توركیادا گۆڕانكاری، نوێبوونەوە و سیاسەتێكی نوێ زوو دروست نابێت. واتە: ئەخلاقی سیاسەتی دیموكراسییەكەی وایە. ئەو سیاسەتانەشی بەڕێوەدەچن ناتوانێت ساڵەهای ساڵ بەردەوام بن. گۆڕانكارییەكان بەخۆیان روودەدەن نەك لەلای ئەوانەوە. بەڵام هیچ باوەڕ و هیوایەكمان بەو دەسەڵاتەی ئێستا نییە كە لەسەر بنەمای دیموكراسی شتی نوێ بێنێتە ئارا بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد.
رووداو: دەنگۆی ئەوە هەبوو بۆ شارەوانی مەزنی ئامەد ببنە بەربژێر، بەڵام بەڕێزتان شارەوانی مێردینتان هەڵبژارد، مێردین بۆ ئێوە چ واتایەكی هەیە؟
ئەحمەد تورك: مێردین شاری منە، سەرۆكی شارەوانی بووم قەیومیان لە شوێنی من داناوە. دەست لە مێردین بەردەم و بڕۆمە ئامەد پێموانییە شتێكی گونجاو بێت. دەزانم لەلایەن گەلی ئامەد داواكارییەكی وا هەبوو، بەڵام لەكوێ رێگایان لە بەردەم سیاسەتی تۆ داخست دەبێت لەوێوە دەستپێبكەیت. چونكە ئەساسی سیاسەت ئەوەیە. مێردین شارێكی فرەڕەنگە و پێویستە رەنگینتری بكەین.
رووداو: لە هەڵبژاردنی رابردوودا 180 هەزار دەنگتان بەدەستهێنابوو، كە ئەوە دەنگی كورد و دەنگی عەرەب و سریانەكانیش بوو. لەو بڕوایەدان ئەو پێكهاتانە دیسان دەنگی خۆیان بەتۆ بدەنەوە؟
ئەحمەد تورك: لەو بڕوایەدام لە هەڵبژاردنی رابردوو دەنگی زیاتر دێنین.