سیاسەتڤانێک: ئەوەی بەسەر کوردی عەفرین دەهێندرێت بۆ کەس رووینەداوە
رووداو دیجیتاڵ
سیاستەڤانێکی خەڵكی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، چەکداران لە گوندی کاخوری عەفرین کشاونەتەوە و دۆخی گوندەکە هێور بووەتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، پاراستنی ئاسایشی عەفرین رادەستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکرێت.
عەبدولڕەحمان ئاپۆ، سیاسەتڤانی خەڵکی عەفرین لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ی تۆڕی میدیایی رووداودا کە دڵدار هەرکی پێشکێشی کرد، باسی لە دۆخی ئێستای گوندی کاخور و هەرێمی عەفرین کرد.
گوندەکە لە 15ـی ئەم مانگەوە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا گەمارۆیان دابوو.
عەبدولڕەحمان ئاپۆ گوتی، پێش ساڵی 2018 لە گوندەکەدا 720 خێزان هەبوون و هەموویان کوردبوون، ئێستا نیوەیان عەرەبی هاوردەن و ئەو کوردەش ماوە دەرفەتی بۆ رێکبکەوێت چۆڵی دەکات.
ئەو سیاستەڤانە کوردە گوتی، چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا لە گوندەکانی هەرێمی عەفرین بۆ هەر دارێکی زەیتوون داوای 8 دۆلار باج دەکەن و دەڵێن، خاوەندارێتییان بۆ پەکەکە دەگەڕێتەوە؛ گوتیشی، چەکدارەکان بە پاساوی جیاواز خەڵک دەستگیردەکەن و دەکوژن.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ عەبدولڕەحمان ئاپۆ:
رووداو: دوایین زانیاری لەبارەی گوندی کاخور چییە؟
عەبدولڕەحمان ئاپۆ: کوخرێ نموونەیەکە لە گوندەکانی عەفرین کە (خەڵکەکەی) ئازار و ئەشکەنجە دەبینن. ئەوەش جاری یەکەم نییە لە کاخور، بەڵکو چەند جارێکی دیکە گەمارۆ، ئازار و ئەشکەنجە دراون. ئەوەی لە کاخور روویداوە زۆر گەورەیە؛ ئەوەی چەتەکانی عەمشات کە سەر بە داگیرکاریی تورکیان لەو گوندە کردوویانە لە 15ـی ئەم مانگەدا لە رۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەر بووە سڵاوی خودای لەسەر بێت.
لە کاخور چی روویدا؟ پێش گەمارۆدانی کاخور چەند کەسێکیان دەستگیرکرد؛ یەکێک لەوان ئیدریس عەبۆ بوو و دوای دەستگیرکردنیان ئەشکەنجەیان دان. دواتر هاوژین، دایک و خوشکی ئەو کەسانە کە ئیدریس و چوار کەسی دیکە بوون چوون لە سۆراخیان بپرسن، پێیان گوتبوون دەبێت ئیدریس عەبۆ 11 هەزار دۆلار باج بدات بۆ ئەوەی ئازاد بکرێت، ئەگەرنا ئازاد ناکرێت.
لە ژنەکانیان دا و دواتر ژنێک لە مزگەوتەوە بانگەوازی کرد و ئیدی هەموو ژنان کۆبوونەوە، ئەوانیش لە بەرامبەردا هێزی زیاتریان لە ناوچەکانی شیا و ماباتاوە بردە کوخرێ. هەرچی ژن هەبوو ئەشکەنجە درا و لێی درا و دواتر گولـلە بە ئاراستەی قاچیان تەقێندرا. هەندێک کە گوللە لە سەریان درابوو و برینیان قووڵ بوو، برانە نەخۆشخانە و لەوێ قەرەباڵخییەک دروستبوو. ئەو کاتە هەموو کوڕ و پیاوانی گوندەکەش چوونە دەرەوە و بەشێکیان دەستگیرکران؛ هەندێکیشیان رایانکرد و چارەنووسیان نادیارە و لە دەرەوەی گوندەکەن. رۆژی دواتر چەکدارەکان تەواوی گوندەکەیان گەمارۆدا و ماڵ بە ماڵ هەرچی کامێرا و مۆبایل هەبووە شکاندیان و چەند کەسێکی دیکەشیان دەستگیرکرد. ئەوانەی لەوێن کورد نین، سەرەڕای ئەوەی لە باوەشی ئێمەدا دانیشتوون و خێروبێری ئێمە دەخۆن و ئەشکەنجەشمان دەدەن. ئەمڕۆ لەگەڵ چەند کەسێکی کاخور قسەم کرد، چەکدارەکانیان لە نێو گوندەکە گواستووەتەوە دەوروبەری.
رووداو: دۆخی گوندەکە چۆنە؟
عەبدولڕەحمان ئاپۆ: گوندێکی گەورەیە، 720 ماڵی تێدایە؛ ئێستا 375 ماڵی عەرەبی بۆ هاوردە کراوە و ئەوانەی ماونەتەوە کوردن. پێش ساڵی 2018 کە چەتەکان چوونە عەفرین، هەموو دانیشتووانی گوندەکە کورد بوون. ئەوەی ئێستاش ماوە دەیەوێت هەڵبێت و چۆڵی بکات. ئەوەی بەسەر کورد دەهێندرێت بەسەر کەسدا نەهێندراوە؛ ئەوەی لە کاخور روویداوە لە جیهاندا نەبووە.
رووداو: چەند کەس لە خەڵکی گوندی کاخور رازی بوون باج بدەن؟ دەڵێن 9 کەس رەزامەندییان دەربڕیوە. ئەوە راستە؟
عەبدولڕەحمان ئاپۆ: خەڵکی ناچار دەکەن و کاخەزی سپی دەخەنە بەردەمیان؛ بە زۆر پەنجەمۆر و رەزامەندییان لێ وەردەگرن.
رووداو: دوای ئاڵۆزییەکەی 15ـی مانگ، ئێستا هیچ کەسێک هەیە دەستگیرکرابێت و لە زیندان بێت؟
عەبدولڕەحمان ئاپۆ: بەڵێ هەیە؛ 10 کەس دەستگیرکراون؛ زۆرینەی گەنجەکانی هەڵاتوون و سێ رۆژە لە چیا و دەرەوە دەمێننەوە و ناوێرن بگەڕێنەوە گوندەکە، ئەو ژن و پیاوانەشی لە گوندەکە ماونەتەوە لە ترسدا دەژین و تەنیا بۆ وەرگرتنی نان لە ماڵ دەردەچن و دەگەڕێنەوە ماڵ. ژیان لە گوندەکەدا نائاساییە. سەرۆکی چەتەکانی عەمشات خۆی چووبووە گوندەکە و سەرۆکی عەشیرەتی بردبوو بۆ ئەوەی شانۆیەک دروست بکەن، کە شەڕ لەنێوانی خێزانی کورد و عەرەبدا دروستبووە.
رووداو: شەڕ هەڵنەگیرساوە؟
عەبدولڕەحمان ئاپۆ: نەخێر، کورد هەر ناوێرن لەژێر زۆرداری و چەکدا سەریان بەرزبکەنەوە. ئیدی چۆن شەڕ بکەن؟
رووداو: باسی ئەوەت کرد کەسێک بەناوی ئیدریس عەبۆ دەستگیرکرا و ژنەکان چوون بزانن لە کوێیە. بۆچی ئیدریس و چوار کەسەکەی دیکە دەستگیرکران؟
عەبدولڕەحمان ئاپۆ: ئیدریس عەبۆ رەتیکردبووەوە باج بدات، داوای 11 هەزار دۆلاریان کردبوو و گوتبووی ساڵی پێشتر تراکتۆرەکەمم فرۆشتووە، تاوەکو توانیومە باج بدەم، ئێستا 11 هەزار دۆلاری دیکە لە کوێ بێنم، لە کاتێکدایە 5 بۆ 6 ساڵە بێ کارین، لە عەفرین کارین نییە و هەمووی گەمارۆ دراوە.
رووداو: چەکدارەکان بۆ هەر دارێک چەند باج لە خاوەنەکەی وەردەگرن؟
عەبدولڕەحمان ئاپۆ: هەشت دۆلار بۆ هەر یەک دار. دەڵێن ئەم دار زەیتوونانە خاوەندارێتییان بۆ پەکەکە دەگەڕێتەوە. ئێ پەکەکە داری نییە؛ داری کورد هەیە. ئەو گوشارە دەکەن و دەزانن پەکەکە وەک فکر دەمێنێ، بەڵام وەک رێکخستن و حیزب نامێنێت. حیزب ئێستا لە عەفریندا نەماوە. هاتوون ئەو باجە دەخەنە سەر خەڵک بە تۆمەتی پەکەکەبوون؛ یەکێک دەستگیردەکەن و یەکێک دەکوژن؛ پێیان دەڵێن لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کاریان کردووە. بەرپرسیاری ئەم دۆخە هاوپەیمانیی نیشتمانیی سووریا و تورکیایە، چونکە تاوەکو ئێستا تورکیا ناوی لە خۆی نەناوە داگیرکار؛ ئەو تاوانانەی دەکرێن لەبن سێبەری هاوپەیمانیدان. ئەوەی ئێمەش کە ئەنجوومەنی نیشتمانیی سووریایە کاری خۆی لەنێو هاوپەیمانییەکەدا (هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا) راگرتووە. ئێمە لە هیچ کۆبوونەوەیەکدا ئامادە نابین تاوەکو ئەو پێشێلکارییانەی لە عەفرین دەکرێن رانەگیرێن.
رووداو: هاوپەیمانی وەڵامی داونەتەوە؟
عەبدولڕەحمان ئاپۆ: هاوپەیمانی تاوەکو ئەمڕۆ وەڵامی نەداوەتەوە، بەڵام وەڵام دەدەنەوە، چونکە هەڵوێستی ئەم جارەی ئەنجوومەن بەهێزە و لەگەڵ گەلی خۆی وەستاوە؛ دەمانەوێت بێنە پێشەوە و چارەسەری دۆخی کاخور و عەفرین و گەلی کورد لە عەفرین و ناوچە داگیرکراوەکانی دیکە بکەن و پاراستنی بکەوێتە ژێردەستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
رووداو: هاوپەیمانی دەتوانێت نوێنەری عەمشات لەنێوخۆیدا دەربکات تاوەکو ئەنجوومەن بگەڕێتەوە؟
عەبدولڕەحمان ئاپۆ: باوەڕ ناکەم.
رووداو: چەند ژن ئەشکەنجە دراون؟
عەبدولڕەحمان ئاپۆ: تاوەکو ئێستا 8 ژن بریندار بوون. هەموو ژنەکان ئەشکەنجە دراون؛ 50 ژنیان بردە لای شوێنی سەربازیی خۆیان، دەستبەسەریان کردن و دواتر ئازادیان کردن. ئەمجارە زیاتر بابەتەکە لە راگەیاندن بڵاوبووەوە، چونکە راپەڕینێکی ژنان بوو کە ژنیش لای ئێمە زۆر بەڕێزن.
رووداو: دەگوترێت ئەو چەکدارانە گوتوویانە دەستدرێژی بکەنە سەر ژنەکان، ئەگەر هاوژینەکانیان نەچن و نەڵێن دارەکان داری پەکەکەن، ئەوە راستە؟
عەبدولڕەحمان ئاپۆ: بەڵێ، ئەوە گوتراوە و راستە و لەوە زیاتر کراوە. ئەو ناڕەزاییە لەبەر ئەوە دروستبوو.
رووداو: بە کرداری دەستدرێژی کرابوو؟
عەبدولڕەحمان ئاپۆ: گوتبوویان دەستدرێژی دەکەن، ئەگەر هاوژینەکانیان نەچن و ئەوەی ئەوان دەیانەوێت واژۆی نەکەن.
رووداو: ئەو چەکدارانەی گوندی کاخور خەڵکی کوێن؟ عەمشات یان خەڵکی کام ناوچەی سووریان؟
عەبدولڕەحمان ئاپۆ: خەڵکی حمس و حەمان، تورکمانن. عەمشات و هەمزات تورکمانن.
رووداو: وەک عەفرینییەک بانگەوازت بۆ خەڵکی کاخور و عەفرین چییە؟
عەبدولڕەحمان ئاپۆ: سەری خۆم بەرامبەریان نەوی دەکەم، بەتایبەت ژنانی ئێمە کە شێرن. ئەوە جاری یەکەم و دووەم نییە بۆ ئەوان. ئەوان دیواری ترسیان شکاند و پێشتریش شکاندوویانە؛ لە نەورۆزدا و هەر کاتێک کەسێک شەهید دەبێ، ئەوان هەڵدەستنە سەرپێ. ئەمجارەش ژنانی کورد بە قارەمانییەوە لەبەرامبەر چەتەکان وەستانەوە و قسەی خۆیان پێ گوتن. چەتەکانیش دەبێت وانەی خۆیان وەرگرتبێت.
رووداو: داوای ئێوە چییە؟ ئەنجوومەنی نیشتمانی خەڵکی ئەوێ بپارێزێت؟
عەبدولڕەحمان ئاپۆ: وەک دەبینرێت چەند رۆژێک تێپەڕی و ئەنجوومەن بێ هەڵوێست بوو بەرامبەر ئەوەی لە عەفرین کرا؛ چەند کەسێک شەهید کران. ئەوان کەمێک سست بوون، بەڵام ئێستا ئەنجوومەن بڕیاری دا. ئەمە هەنگاوی یەکەمە. بە بڕوای من هەنگاوی دووەم و سێیەمیش دەبێت، چونکە گوتوومانە کە نوێنەرانمان چی دیکە قبووڵ ناکەن و چۆن دەبێت شکۆی ژنانی کورد بخرێتە زەوی؛ ئەوە هێڵی سوورە.
ئەوە هێڵی سوورە بۆ ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردیی سووریا. دەبێت ئەنجوومەنەکەمان خاوەنداری لە خەڵک بکات و بتوانێت ئەو بڕیارەی پێشتر لە هاوپەیمانییدا دراوە جێبەجێی بکات و ئەگەر نووسینگەی خۆی لە عەفرین بکاتەوە، ئەوە باشە و گۆڕانکاری دروست دەبێت. پێویستە هێزی نێودەوڵەتی گوشار لە تورکیا بکات. دەبێت [گرووپە چەکدارەکان] لە نێو شارەکانەوە بچنە سنوورەکان، بەڕێوەبردنی عەفرین لەلایەن خەڵکی رەسەنی عەفرینەوە بێت و عەرەبی هاوردە دوور بخرێتەوە، ئەوە شەش مانگ بۆ ساڵێک کاتی دەوێت و دەبێت داواش لە تورکیا بکرێت ئەو چەتانە بباتە دەرەوەی عەفرین.
ئێمە وەک رۆشنبیران و دانیشتووانی عەفرین نامەیەکی تایبەتمان بۆ هەریەکە گێر پێدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا، لیژنەی لێپرسینەوەی نێودەوڵەتی و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رەوانە کردووە. هەریەکە لە لیژنەی لێپرسینەوەی نێودەوڵەتی و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز وەڵامێکی خۆشیان داینەوە؛ دەمانەوێت وەڵامێک وەربگرین کە لە ئەنجوومەنی ئاسایشدا بڕیارێک دەربکرێت و پاراستنی نێودەوڵەتی بۆ عەفرین دابینبکرێت.