بەرپرسی پلاتفۆرمی دیفاکتۆ لە قامشلۆ: بۆ چوونە شام حیزبەکانی رۆژئاوا نەرمی دەنوێنن
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی پلاتفۆرمی دیفاکتۆ لە قامشلۆ دەڵێت: بۆ چوونی شاندی کورد بۆ دانوستاندنەکانی شام، هەست بە نەرمی نواندنێک لەنێوان حیزبەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکەم. دەشڵێت: "ئێستا لە هەوڵدان بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێک و تاوەکو سەری ساڵ دەبێ ئەنجامی هەبێت و شاندێکی هاوبەش هەڵببژێردرێت."
شێروان یووسف، میوانی بوڵتەنی کۆڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو. لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و دیالۆگی کوردی - کوردی قسەی کرد.
شێروان یووسف گوتی: "جموجۆڵ و دانوستاندن بە چاودێریی وڵاتانی نێودەوڵەتی بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و هەرێمەکانی رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا."
گوتیشی: "لەم دواییەدا نەرینی پارتە کوردییەکان ئاشکرا کران و هەڵوێستی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بەدیارکەوت. ئێستا دەبێ ئەو مژارە روون بکرێتەوە کە بەرنامەیەک هەیە یان پرۆژەیەکی ئەمریکی- فەرەنسی هەیە کاری لەسەر دەکرێت کە لەگەڵ ژمارەیەک پارتی کوردی کۆبووبوونەوە، بۆ نموونە؛ پارتی پێشڤەڕۆ گوتیان فەرەنسییەکان لەگەڵ ئێمەش کۆبوونەتەوە، لەکاتێکدا پارتەکە لەنێو دیالۆگی کوردی - کوردی نییە کە ئەمریکا بەڕێوەی دەبات."
بەرپرسی پلاتفۆرمی دیفاکتۆ لە قامشلۆ دەڵێت: "ئەم دانوستاندنانە بۆ کۆکردنەوە و هەڵسەنگاندنی هەڵوێستی پارتە کوردییەکانە کە لەنێویاندا ئەنەکەسە، پەیەنەکە، پێشڤەڕۆ و ئەلوەحدە هەن. پێشتریش لەگەڵ پەیەدە کۆبووبوونەوە."
لەبارەی لێکنزیکبوونەوەی پارتە کوردییەکانیش گوتی: "خاڵی هاوبەش ئەوەیە کە هەموویان پێیانوایە کە ئەم هەرێمە بە پارێزراوی بمێنێتەوە، لە دەست رێڤەبەری کوردان دا بمێنێتەوە، دەبێ رێڤەبەرییەکی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان هەبێت؛ ئەمە خاڵێکی بەرچاوە."
بەرپرسی پلاتفۆرمی دیفاکتۆ لە قامشلۆ، نەیشاردەوە کە ناکۆکیش هەیە و گوتی: "لەسەر وردەکارییەکانی بەڕێوەبردن کۆک نین، هەندێک رای جیاواز هەیە، بەڵام جەنەراڵ عەبدی جەختی لەوە کردووەتەوە کە هیچ لایەنێکی کوردی بەتەنیا نەچێتە شام بۆ دانوستاندن. هەوڵەکانی ئەمریکا و فەرەنساش لەو چوارچێوەدایە."
بە گوتەی شێروان یووسف، "ئێستا لە هەوڵدان بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێک و تاوەکو سەری ساڵ دەبێ ئەنجامی هەبێت و شاندێکی هاوبەش هەڵببژێردرێت. لە پارتەکانی دەرەوەی ئەنەکەسە و پەیەنەکەشمان پرسی کە ئەوانیش هەمان بۆچوونیان هەیە، ئەوی دیکە کە دەمێنێت وردەکارین و دەبێ روون بکرێنەوە. هیوادارم نێوەندگیرییەکەی ئەمریکا و فەرەنسا ئەنجامی هەبێت، بەڵام پرۆژەیان پێ نییە."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ شێروان یووسف، بەرپرسی پلاتفۆرمی دیفاکتۆ لە قامشلۆ:
رووداو: ئەمریکی و فەرەنسییەکان بۆ لێکنزیکردنەوەی لایەنەکان لە هەوڵدان، هەوڵەکان بە کوێ گەیشت؟
شێروان یووسف: پێشتر هەوڵی چوون بۆ شام [بۆ دانوستاندن] هەبوو، هەم لەلایەن مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و هەروەها لەلایەن ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)ـەوە، هەروەها ئەنەکەسە لە دەرەوەش هەوڵێکی زۆری دیپلۆماسی دەدات، ئەم جموجۆڵ و دانوستاندنە بە چاودێریی وڵاتانی نێودەوڵەتی بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و هەرێمەکانی رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. لەم دواییەدا نەرینی پارتە کوردییەکان ئاشکرا کران و هەڵوێستی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بەدیارکەوت. ئێستا دەبێ ئەو مژارە روون بکرێتەوە کە بەرنامەیەک هەیە یان پرۆژەیەکی ئەمریکی - فەرەنسی هەیە کاری لەسەر دەکرێت کە لەگەڵ ژمارەیەک پارتی کوردی کۆبووبوونەوە، بۆ نموونە؛ پارتی پێشڤەڕۆ گوتیان فەرەنسییەکان لەگەڵ ئێمەش کۆبوونەتەوە، لەکاتێکدا پارتەکە لەنێو دیالۆگی کوردی - کوردی نییە کە ئەمریکا بەڕێوەی دەبات. ئەم دانوستاندنانە بۆ کۆکردنەوە و هەڵسەنگاندنی هەڵوێستی پارتە کوردییەکانە کە لەنێویاندا ئەنەکەسە، پەیەنەکە، پێشڤەڕۆ و ئەلوەحدە هەن. پێشتریش لەگەڵ پەیەدە کۆبووبوونەوە.
رووداو: ئێوە لێکۆڵەرن و ئاگاداری رەوشی سیاسین، کێشەی حیزبە کوردییەکان لەسەر چییە؟
شێروان یووسف: هەمان کێشەکانی پێشوون، وەکو هەر حیزبێک کە کێشەی هەیە، لەسەر پەیوەندیی دەرەوە، لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنە، لەسەر خۆسەری بڕیاردانی کوردە لە سووریا. دەبێ کورد لە رۆژئاوای کوردستان چارەنووسی خۆیان دیاریبکەن و حیزبەکانی دیکەی کوردستانیش پشتیوان بن، چ لە باشووری کوردستان بێت یان لە قەندیل. ئەمەش بە روونی لەلایەن مەزڵووم عەبدییەوە گوتراوە کە ئەو ئامادەیە و دەبێ پارتە کوردییەکان بە یەک شاند بچنە شام.
رووداو: لەنێوان ئەنەکەسە و پەیەنەکە خاڵی هاوبەش زیاترە یان ناکۆک؟
شێروان یووسف: بێگومان خاڵی ناکۆک و جودا هەن، بەڵام دەبوو ئەم دیالۆگە پێش چوار مانگ دەستیپێکردبا...
رووداو: مەبەستم ئەوەیە، بۆ ئەوەی روون بێت با لە خاڵە هاوبەشەکانەوە دەستپێبکەین، خاڵی هاوبەش چین؟
شێروان یووسف: خاڵی هاوبەش ئەوەیە کە هەموویان پێیانوایە کە ئەم هەرێمە بە پارێزراوی بمێنێتەوە، لە دەست رێڤەبەری کوردان دا بمێنێتەوە، دەبێ رێڤەبەرییەکی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان هەبێت؛ ئەمە خاڵێکی بەرچاوە. بەڵام لەسەر وردەکارییەکانی بەڕێوەبردن کۆک نین، هەندێک رای جیاواز هەیە، بەڵام جەنەراڵ عەبدی جەختی لەوە کردووەتەوە کە هیچ لایەنێکی کوردی بەتەنیا نەچێتە شام بۆ دانوستاندن. هەوڵەکانی ئەمریکا و فەرەنساش لەو چوارچێوەدایە. ئێستا لە هەوڵدان بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێک و تاوەکو سەری ساڵ دەبێ ئەنجامی هەبێت و شاندێکی هاوبەش هەڵببژێردرێت. لە پارتەکانی دەرەوەی ئەنەکەسە و پەیەنەکەشمان پرسی کە ئەوانیش هەمان بۆچوونیان هەیە، ئەوی دیکە کە دەمێنێت وردەکارین و دەبێ روون بکرێنەوە. هیوادارم نێوەندگیرییەکەی ئەمریکا و فەرەنسا ئەنجامی هەبێت، بەڵام پرۆژەیان پێ نییە.
رووداو: هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر هەڵوێستی لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان دا هاتووە؟ نەرمی نواندن دەبینی؟
شێروان یووسف: بەڵێ هەستی پێدەکەم. ئەمڕۆ نوێنەری پەیەدە بەشێوەیەکی ئاشكرا لێدوانێکی دا کە بانگی ئەنەکەسە و پارتە کوردییەکانی دیکە کردبوو هەموویان بێنە سەر هێڵ و پێکەوە دەتوانن لە سەرەتا دەستپێبکەنەوە و نوێنەری کورد دەستنیشان بکەن و شاند بنێرن بۆ شام. ئەنەکەسەش زیاتر خۆی لە رێڤەبەری رۆژئاڤا نزیک دەکاتەوە و دەیەوێ ئەم هەرێمە بە پارێزراوی بمێنێتەوە و ئیدی کورد لەم هەرێمە کۆمەڵکوژ نەکرێن. پارتەکانی دیکەش هەمان هەڵوێستیان هەیە. پێدەچێت ئەمەش لە بەرژەوەندی گەلی کورد بێت لە رۆژئاوای کوردستان.
رووداو: لەم هەفتەی رابردوودا چەند سەرکردەی کوردت بینی و هەڵوێستی ئەوانت چۆن بینی؟
شێروان یووسف: ئەمڕۆ لەگەڵ چوار حیزب کۆبوومەوە، پێشتریش کەسی نزیکی ئەنەکەسەم بینی، کەسی نزیکی رێڤەبەری هەسەدەشم بینی. بە گشتی هەوڵ و پشتیوانی هەن، نەرینێکی گشتیی هەیە، پرۆژە هەن، بژاردە هەن، کە یەک و دوو نین، پێکەوەییەکی گشتیی هەیە. دەبێ رێکارەکان دیاری بکرێن.
رووداو: ئەنەکەسە و پەیەنەکە هێڵی سووریان هەیە؟ یان نەماون؟
شێروان یووسف: هێڵی سوور ئەوەیە کە هەرێمەکە لە بن دەستی کورد بێت.
رووداو: مەبەستم ئەوەیە هێڵێک هەیە کە ئەنەکەسە بڵێ ئەوە سوورە و قبووڵی ناکەم ببەزێنرێت یانیش پەیەنەکە بەهەمانشێوە؟
شێروان یووسف: مرۆڤ ناتوانێ شتێک بڵێ دەترسێ ببێتە ئاشووب، ئێمە ناکۆکییەکان زەق بکەینەوە باش نییە. بەڵام هێڵی سوور بۆ هەمووان ئەم بەڕێوەبەرایەتییەیە، هەسەدە و هێزەکانی پاراستنی ئەم هەرێمەیە، لە دەرەوەی ئەمە هەرچییەک هەبێت شایانی دانوستاندنە.
رووداو: ئەگەری ئەوە هەیە کە کورد بە یەک شاند نەچێتە شام؟
شێروان یووسف: ئەوە دەوەستێتە سەر ئیئتیلاف. ئێستا بەڕێز عەبدولحەکیم بەشار لە شامە، بەڵام دەڵێن بە ناوی کەسیی خۆی چووە یان بەناوی ئەنەکەسە و ئیئتیلاف نەچووە. ئەگەر ئەنەکەسە لەنێو شاندی کورد بچێتە شام زۆر باش دەبێت، ئەمەش پێویستی بە پاڵپشتیی هەولێرە.