ئەحمەد تورك: لە زیندانی ئامەد بە داری خودا و پێغەمبەر لێیان دەداین
رووداو- مێردین
ئەحمەد تورك، سیاسەتڤان و پەرلەمانتاری پێشووی توركیا، لە بەشی دووەمی ئەم هەڤپەیڤینەدا كە پوختەیەكی بەرنامەی پەنجەمۆری تەلەڤزیۆنی (رووداو)ـە، زیاتر لە بارەی لێدان و ئەشكەنجەدانی نێو زیندانی ئامەد قسە دەكات و دەڵێت چەندین كەس بەرگەی ئەشكەنجەی زیندانیان نەگرت و مردن. هەروەها باسی هۆكاری دەركردنی لە جەهەپە و بەربژێری خۆی بۆ پەرلەمان وەكو كاندیدی سەربەخۆ و دامەزراندنی یەكەم پارتی كوردی لە باكووری كوردستان دەكات.
بەشی دووەم
رووداو: لە ئەڵقەی پێشوو باسمان لە ژیانی زیندان كرد، حەز دەكەین زیاتر لەسەر ئەم بابەتە بوەستین..
ئەحمەد تورك: كاتێك ئێمەیان بردە زیندانی ئامەد، بەزۆری ئێمەیان دەبردە ژووری بچووكەوە، كە تەنیا بەتانییەكی تێدابوو. ئەوكاتەی گیراین، مانگی ئادار بوو، كەشوهەوا سارد بوو، لە ئامەد بەفر باریبوو. جامەكانی زیندانەكە شكابوون، بۆ ئەوەی گەرممان ببێتەوە پشتمان لە یەكدی دەكرد، جلوبەرگی خۆمان لە زیندان لێ سەندرابوو، شەش مانگ لەو ژوورانەدا ماینەوە.
هەندێك كادیری دیاری پەكەكە لەوێ مردن، وەكو خەیری دورموش، كەمال پیر و زۆری تر. شەو و رۆژ ئەشكەنجەدان هەبوو. زۆر كەسیان دەستگیر دەكرد كە پەیوەندییان بە سیاسەتەوە نەبوو. لە شەمزینان كەسێكیان هێنا یەك وشەی توركی نەدەزانی، ئەشكەنجەیان دەدا و دەیانگوت دەبێت مارشی نەتەوەیی توركیا بڵێی. داماوە شەوان دوای لێدان و ئەشكەنجە دەهاتە لای ئێمە دەیگوت مارشی نەتەوەییم فێر بكەن. هەندێكجار ئێمەیان دەبردە دەرەوە دەیانگوت دەبێت شتی پیس لەخۆتان بسوون، ئەگینا سزاتان دەدەین. رۆژێكیان لە كاتی هاتنە دەرەوەمان، لە شەرەفەدین كایایان دا، چاوێكیان كوێر كرد.
دەیانگوت بۆ خۆتان پشوو بدەن و یاری بكەن، دواییش دەیانگوت دەبێت سواری پشتی یەكتر بن. رۆژێك من سواری پشتی كەسێكی قەڵەوی چوار شانە بووم. دوایی گوتیان بەپێچەوانەوە ئەمجارە دەبێ ئەو سواری سەر پشتی تۆ بێ، ئەو كەسە نزیكەی 130 كیلۆ دەبوو، كە لەسەر پشتم دانیشت یەكسەر كەوتم بە زەویدا.
رۆژێكیان بە حوسێن یڵدرمیان گوت دەبێت وەكو كەر بزەڕی، ئێمەش پێكەنینمان دەهات. یان دەیانگوت دەبێت وەكو كەڵەشێر بقوقێنن یان وەكو پشیلە بمیاوێنن. ئا بەوجۆرە رەفتاریان لەگەڵمان دەكرد.
رووداو: قاوشەكان جیاواز بوون؟ بۆ نموونە قاوشی پەكەكە جیابوو لە قاوشی گیراوە سیاسییەكانی دیكە؟
ئەحمەد تورك: كەس كەسی نەدەبینی، بەڵام پەكەكە سیستەمێكی دانابوو لەناو زیندان كە بەخەیاڵی كەسماندا نەدەهات. چۆن گیراوانی پەكەكە هەواڵیان بەیەكتر دەدا؟ سیستەمێكی وایان دانابوو كاتێك شتێك روویدابایە هەموو پەكەكەییەكان ئاگادار دەبوون. كاتێك دەچووینە گۆڕەپان لە قاوش تەماشامان دەكرد كێ لەوێیە، ئەویش بە نهێنی و لەژێر پەردەوە دەمانڕوانی.
وەكو دی هیچ پەیوەندییەك نەبوو، هیچ كەس نەیدەتوانی لەگەڵ ئەوەی دیكە گفتوگۆ بكات.. كاتێك كاژێر چوار ئێمەیان دەبردە دەرەوە، لە پشتەوە دەستیان كەلەپچە دەكردین. دەیانگوت پێویستە كەس تەماشای كەس نەكات. ئەوجا چوار بۆ پێنج كاژێر دەبووایە بەو شێوەیە بوەستین كە ئەوەش مردنێك بوو بۆخۆی، لە راستیدا لە مردن خراپتر بوو. دەبووایە چوار بۆ پێنچ كاژێر تەماشای قاچی خۆت بكەیت. كێ بەتەنیشتتەوەیە نەتدەتوانی بیبینی.
رووداو: دەڵێن ئەو دارەی لە زیندان بۆ لێدان بەكاریان دەهێنا لەسەری نووسرابوو: خودا لێرە نییە؟
ئەحمەد تورك: بەڵێ، لەسەر دارەكان زۆر شت نووسرابوون، نووسرابوو ئەوە داری خودایە، ئەوە داری پێغەمبەرە.
بەڕێوەبەرانی زیندان بەو دارانە لێمانیان دەدا. لەسەر هەندێك لە دارەكان نووسرابوو بەو دارە تەربیەتتان دەدەین. رۆژێكیان ویستیان لە ئێمە بدەن، لێمیان پرسی دایكی ئەتاتورك ناوی چییە؟ بەڵام من چاو و خەیاڵم هەر لەلای دارەكە بوو، ئاخۆ كەی دارەكە بەر سەرم دەكەوێت.
رووداو: كوردی پارچەكانی دیكە لە زیندانی ئامەد هەبوون؟
ئەحمەد تورك: بەڵێ هەبوون. كوردی رۆژئاوا بە تۆمەتی چوونیان بۆ نێو پەكەكە دەستگیر كرابوون. هەندێك لە گیراوەكان هی باشوور و هەندێك توركمان و هەندێك گیراوی ئیسلامیش هەبوون، بەڵام ئەوان دواتر بوون بە پیاوی دەوڵەت.
رووداو: زیندانی ئافرەتان هەبوو؟ ئەوان دەستدرێژییان دەكرایە سەر؟
ئەحمەد تورك: لەڕاستیدا لەوبارەیەوە زۆر شت دەگوترێ، بەڵام ژنان لە ئێمە زیاتر بەرخۆدانیان دەكرد. بەرپرسانی زیندان بێ ئەدەبییان دەكرد، بەڵام ژنەكان بەرگرییان لە شەرەفی خۆیان دەكرد.
رووداو: ئەوانەی ناسراوبوون و ئیعترافیان كرد، دەكرێت ناوەكانیان بڵێی؟
ئەحمەد تورك: ئەوەی بەناوبانگ بوو شەرمی لەخۆی دەكرد و نەدەبووە ئیعترافچی، بەڵام ئەوانەی گەنج بوون و لەناو سیاسەت بوون، زۆریان ئیعترافیان كرد. ئەو كەسانە لەناو سیاسەتیش هێندە قاڵ نەبوون و نەیاندەزانی سیاسەت چییە.
هەندێكیان هەبوو چووبوونە فەڵەستین و لەوێ پەروەردەیان بینیبوو، كەچی بوونە ئیعترافچی، وەكو مەنا گونگور و هتد.. هەتا لەناو پەكەكە لەناو كۆمیتەی سیاسیش هەندێكیان ئیعترافیان كرد.
رووداو: زۆر باسی مەزڵوم دۆغان دەكرێت، لەبارەی ئەو چی دەڵێی؟
ئەحمەد تورك: مەزڵوم دۆغان لە قاوشی ئێمە نەبوو، بەڵام دوو برازام لە قاوشی ئەو بوون. لە گوندەكەمان سەربازێك و فەرماندەیەك كوژرابوون. هەلیكۆپتەر بەسەر گونددا دەسووڕانەوە، ئەوكات مەزڵوم دۆغان بانگی برازاكانمی كردبوو گوتبووی نەچنەوە بۆ گوند بچنە لای مامتان. وەك برازاكانم باسیان دەكرد كەسێكی عاقڵ و بە ویژدان بوو.
رووداو: ئەی مەهدی زانات دەبینی؟
ئەحمەد تورك: رۆژێكیان لە ژوورێكدا ئێمەیان بۆ چەند كاژێرێك هێنایە لای یەكدی. بە مەهدی زانایان گوتبوو تۆ ئەحمەد تورك دەناسیت، ئەویش پێیاندەڵێ: سەگی تێبەردە. هەمان پرسیاریشیان لەمن كرد، گوتم نایناسم. گوتیان مادام ئێوە حەز بە چارەی یەكدی ناكەن دەتانبەینە لای یەك. بەڵام تەنیا یەك دوو كاژێر بەیەكەوە بووین.
رووداو: ئێوەیان برسی نەدەكرد؟
ئەحمەد تورك: خواردنی باشمان شۆربای نیسك بوو كە نیوەی بەرد و خۆڵ بوو. جگەرەیان دەداینێ دەشیانگوت قەدەغەیە بیكێشن. منیش نەمدەتوانی بەبێ جگەرە بم. هەڤاڵێكی ئەرمەنی لە زینداندا هاوكاری دەكردم. سۆندەی ئاوم لەگەڵ خۆم دەبردە ژێر بەتانی و بۆ نێو توالێت درێژم دەكرد، لەژێر بەتانی جگەرەم دەكێشا و فووم بە سۆندەكەدا دەكرد و دووكەڵی جگەرەكە دەچووە توالێت.
رووداو: چۆن لە زیندان ئازادكرای؟
ئەحمەد تورك: دوای ئەوەی دادگایی كرام، بڕیاری ئازادكردنم بۆ دەرچوو، بەڵام فەرماندەیەكی سەربازی سكاڵای لەسەرم هەبوو، جارێكی دیكە تەوقیفیان كردم. پاشان بەردرام، بەڵام سكاڵایەكەی دیكەم 6 مانگ درێژەی كێشا. لە ناوچەی جەیلان پنار چەند كەسێك كوژرابوون، گوتبوویان دەستی ئەحمەد توركی تێدایە. بەڵام دواتر بێ تاوان دەرچووم.
بەو شێوەیە 22 مانگ لە زیندانی ئامەد مامەوە. لە كۆتایی ساڵی 1986 جارێكی دیكە دەستگیركرامەوە. سەركردەی لەشكری مێردین منی برد و لێمی پرسی ئاخۆ بۆچی هاوكاری دەوڵەت ناكەم.
رووداو: مەسەلەی مارشی نەتەوەیی، ئەگەر باسی بكەی كە دەڵێن لەدوای ئازادبوونیشت لەبەر خۆتەوە دەتگوتەوە، ئەمە چۆن بوو؟
ئەحمەد تورك: مارشی نەتەوەیی كاریگەری هەر مابوو، مرۆڤەكان كاتێك دەچوونە دەرەوە و دەهاتنەوە ژووری زیندان بەدەم گوتنەوەی مارشەكە دەڕۆیشتنە رێوە. ئێمەش دەمانگوت هەرچەندە ئازادیش بووین بەس ترسی ئەوەمان هەبوو رۆژێك بێت و دەستگیر بكرێینەوە، بۆیە هەندێكجار نیوەی شەو ئەو مارشەم لەبەر خۆم دەگوتەوە بۆ ئەوەی لەبیری نەكەین.
رووداو: مامۆستا تۆ خاوەنی پارتێك بووی، ئەو پارتە بەرگری لێ نەكردی؟
ئەحمەد تورك: لەدوای كودەتای 1980 هیچ شتێك بەناوی پارت نەما. پارتەكان داخران، سیاسەت هیچ كاریگەرییەكی نەمابوو. ساڵی 1980 ئەوكات چەندین سەرۆكی پارت سیاسەتیان لێ قەدەغە كرابوو. بولەند ئەجەوید و سلێمان دەمیرێل برانە كەمپەكان و دەستبەسەر كران. لەنێو دەوڵەتدا لە كورد بەولاوە هیچ كەس نەبوو بەرخۆدانێك دژی كودەتاچییەكان بكات. هەمیشەش كورد قوربانییەكەی دەدا.
رووداو: دوای ئازادبوونت دەستت بە سیاسەت كردەوە؟
ئەحمەد تورك: دوای ئازادبوونم چووم بۆ گوند، سیاسەتكردنم لێ قەدەغە كرابوو، تاوەكو ساڵی 1985 قەدەغەبوو سیاسەت بكەم، دوای ئەوەی ماوەكە تەواو بوو، جارێكی دیكە بوومە كاندیدی جەهەپە بۆ پەرلەمان، بەڵام هەندێك دژی جەهەپە وەستان و گوتیان ئەحمەد تورك كوردچییە، بۆیە جەهەپە ناوی منی لە لیستی خۆی دەرهێنا. پاشان وەكو كاندیدی سەربەخۆ خۆم هەڵبژارد و دەرچووم، لە مێردین 1100 دەنگدەر هەبوون، 983یان دەنگیان بەمن دا.
رووداو: ئەوكات قەدەغەی گەشتكردنت لەسەر بوو؟
ئەحمەد تورك: نەخێر، دەچووم و دەهاتم، زۆرجار دەچوومە باشوور سەردانی كاك مەسعود و مام جەلالم دەكرد. لە دوای ساڵی 1988 كە بە چەكی كیمیایی لە هەڵەبجە درا، چووین بۆ ئەوروپا و هاوكاریمان بۆ لێقەوماوانی شارەكە كۆكردەوە.
رووداو: وابزانم لەسەر بابەتی كیمیابارانی هەڵەبجەش سەریان ئێشاندووی؟ رووداوی هەڵەبجە چۆن بوو، لەباكوور چ دەنگدانەوەیەكی هەبوو؟
ئەحمەد تورك: گەلی باكوور بۆ هەڵەبجە هەستی بە ئازارێكی قووڵ دەكرد. گەلی باكوور وەك دەڵێن دڵی دەئێشا. ئەو كەسانەشی هێنرانە كەمپەكان خەڵكی باكوور خاوندارییان كردن. لەڕاستیدا هەندێكجار كە دەچووینە كەمپەكان دۆخی خەڵكەكە بەجۆرێك بوو جلوبەرگی خۆمان بۆ جێدەهێشتن. ماوەیەك مادام دانیێل میتران هاتە ئەوێ . ئەوكات هاتنی خەڵك و رێكخراوەكان بۆ توركیا قەدەغە بوو، بەهۆی ئەوەی پەرلەمانتار بووم پەیوەندییان پێمەوە دەكرد و هاوكارییەكانم وەردەگرت و بەسەر كەمپەكانمدا بەشدەكرد. هەردەم كە دەچوومە ئەوروپا پارەم كۆدەكردەوە و دەمهێنا و بەسەر خەڵكی كەمپەكاندا دابەشم دەكرد.
رووداو: ساڵی 1989 كۆنفرانسێك لە پاریس سازكرا، ئێوەش بەشدار بوون؟ ئەمە چۆن بوو؟
ئەحمەد تورك: بۆ كۆنفرانسەكە بانگهێشتكراین، ئێمە چەند هەڤاڵێك گوتمان بچینە كۆنفرانسەكە، لەوانە محەممەد عەلی ئەرەن، ئیبراهیم ئاكسۆی، ساڵح سونەر و بەندە و كەسێكی دیكە. چەندین هەڤاڵی دیكەشمان گوتیان ئێمە دێین، دوایی پارتەكەمان رێگەی نەدا، بۆ نمونە: مەمەد قەهرەمان و جمهور كەسكین ئەوانیش ویستیان بێن، بەڵام دوایی دەنیز بایكال رێگەی نەدان و ئەوان نەهاتن.
رووداو: واتە جەهەپە نەیدەخواست ئێوەش بچن؟
ئەحمەد تورك: نەیدەویست كۆنفرانسێكی كوردی بەو شێوەیە بەڕێوەبچێت و ئێمە بەشدار بین، لە راستیدا پێیان قەبووڵ نەدەكرا دەنگی كورد، ناوی كورد و كۆنفرانسێكی كوردی هەبێ و ئێمە بەشدار بین. ئەردال ئینونو بانگی منی كرد و گوتی ئێمە بەڵێنمان داوە و هەرچییەك بێت دەچین، منیش گوتم باشە. لەناو پارتدا ناكۆكی هەبوو، بایكاڵ دەیویست لەبەرامبەر ئینونو بوەستێتەوە. ئەوكاتە ئینونو هاوكاری كورد بوو، ئێمەش هاوكاریمان دەكرد لە كۆنگرەكەدا. بەو شێوەیە فرسەتێكیش دروست بوو، بەڵام كە گەڕاینەوە جەهەپە تەجمیدی كردین.
رووداو: كۆنفرانسەكە چ مەبەست و ئامانجێكی هەبوو؟ كێ لەپشتی بوو؟ لە كۆنفرانسەكەدا ئێوە چیتان كرد؟
ئەحمەد تورك: كۆنفرانسەكە كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر كورد هەبوو. كۆنفرانسەكە دەیویست دەنگی كورد بگەیەنێتە ئەوروپا و لە نێو كورد یەكێتییەك بنیات بنرێت. لەم كۆنفرانسەدا یەكێتی و پارتی و چەندین كەس و لایەنی دیكەش بەشدار بوون. لەباكوور و پارچەكانی دیكە، لە رۆژئاوا و رۆژهەڵاتیش گەلێك كەس بەشدار بوون.
رووداو: كێ كۆنفرانسەكەی رێكخستبوو؟
ئەحمەد تورك: ئەنیستتیوتی كوردی لە پاریس رۆڵێكی گەورەی لە رێكخستنیدا هەبوو. سیاسەتمەدارانی هەرچوار پارچەی كوردستان دیالۆگیان كرد و لەسەر ئەو بنەمایە كۆنفرانسەكە كرا. واتە بۆ كورد وەكو جوڵانەوەیەكی دیپلۆماسی بوو.
رووداو: بۆچی پەكەكە بەشداری كۆنفراسەكەی نەكرد؟
ئەحمەد تورك: پەكەكە بەشدار بوو، هەندێك دژ بوون و هەندێكیش بەشدار بوون. نوێنەری ئەوروپای پەكەكە لە كۆنفرانسەكەدا گوتاریشی پێشكەش كرد، بەڵام لە دەرەوەی هۆڵی كۆنفرانسەكە هەندێك لە گەنجانی پەكەكە كۆنفرانسەكەیان پرۆتستۆ كرد. راستی ئەوكات منیش سەرم سوڕما.
رووداو: پەیوەندیتان لەگەڵ دانیێل میتران و فەرەنسا هەبوو؟
ئەحمەد تورك: هەركاتێك بچووینایەتە فەرەنسا سەردانمان دەكرد. پەیوەندییەكانمان زۆرباش بوون، كاتێكیش هاتە توركیا، لە هەموو گەڕان و دیدارەكانی بەشدار دەبووین. هەروەها سەردانی فرانسوا میترانیشمان كرد كە ئەوكات من، لەیلا زانا و چەند كەسێكی دیكە بووین، ئەو دیدارە دوای كۆنفرانسەكە بوو. تەنانەت ساڵی 1994 كە ئێمەیان لە پەرلەمانتاری دوورخستەوە، فرەنسوا میتران پەرلەمانتارەكانی ناردە توركیا و سەردانی ئێمەیان كرد، باڵیۆزخانەی فەرەنسا گوتیان ئەگەر دەتانەوێت لە توركیا دەتانبەینە دەرەوە و مافی پەنابەری سیاسیتان پێدەدەین، بەڵام رەتمانكردەوە.
رووداو: ساڵی 1989 ئێوەیان لە جەهەپە دەركرد، ئێوە چیتان كرد؟ ئایا پارتێكی دیكەتان دامەزراند؟
ئەحمەد تورك: كاتێك ئێمەیان لە حیزب دەركرد، هەموو سەرۆك شارەكانی حیزب دەستیان لەكاركێشایەوە. لە كوردستان هەرچی بەرپرس و ئەندامی پارت هەیە وەكو ناڕەزاییەك دەستیان لەكار كێشایەوە. ئەوكاتە كورد و هەندێك لە چەپەكانی تورك ئەوانەی لە كورد نزیك بوون، خاوەن ویژدان و سیاسییەكان ویستمان بەیەكەوە پارتێكی نوێ بنیات بنێین. بەڵام توركە چەپەكان پەشیمان بوونەوە، بۆیە بڕیارماندا پارتی (هەپ) دامەزرێنین. ئەو پارتە لە رووی سیاسییەوە یەكەم پارت بوو لەسەر گۆڕەپانی سیاسی توركیادا بەناوی كوردییەوە سیاسەت بكات. هەرچەندە ئێمە نەماندەگوت پارتێكی تەنیا كوردییە، بەڵام هەموویان دەیانزانی پارتێكی كوردییە. لە ئەندامەوە بگرە تاوەكو بەرپرس، هەمووی كورد بوون.
رووداو: لە پەرلەمانی توركیا چ ئاستەنگێكتان لەبەردەمدا هەبوو، دەنگی كوردتان بردبووە نێو پەرلەمان باسی چیتان دەكرد؟
ئەحمەد تورك: كاتێك لە پەرلەمانی توركیا قسەمان دەكرد، باسمان لە مافی كورد، نەورۆز و پرۆژەی كورد و سیاسەتی كورد دەكرد. رۆژی زمانی كوردی لە كۆبوونەوەی پەرلەماندا بە كوردی قسەمان كرد، تەلەفزیۆنی فەرمیی دەوڵەت لە پەخشی خۆیدا ئاخاوتنی بە كوردی پەخش نەكرد و پەخشەكەی پچڕاند.
رووداو: ئەوكات زۆر كەس تیرۆر كران، خەڵكی رۆشنبیر، پەرلەمانتار و مامۆستا موسا عەنتەر و ویداد ئایدن و زۆر كەسی تر، ئێوەی پەرلەمانتار و رۆشنبیر و سیاسییەكان هیچ هەڕەشەتان لەسەر هەبوو؟
ئەحمەد تورك: بەڵێ هەڕەشەمان لەسەر هەبوو. گوللەیان بۆمان دەنارد وەكو هەڕەشەیەك.
رووداو: بەچی دەیاننارد، بە پۆست؟
ئەحمەد تورك: بەڵێ بە پۆست دەیاننارد. لە رێگە تەلەفۆنەوە هەڕەشەیان دەكرد. دەیانگوت دەتانكوژین ، ئەمە زۆر جار روویدەدا. زۆرجار پۆلیس و سەرباز تەلەفۆنیان بۆ دەكردین و هەڕەشەیان دەكرد. ئەوانەی سیاسەتمان دەكرد لەژێر هەڕەشەدابووین، ئەمە شەو و رۆژ بەردەوام بوو. ئەمڕۆش هەڕەشەمان لەسەرە.
رووداو: بۆ رووداوەكانی بكوژ نادیار، هیچ ئامارێكتان لەبەردەستدا هەیە، دەزانرێت ئەوانەی كوژراون ژمارەیان چەندە، كێ بوون ئەوانەیان دەكوشت؟
ئەحمەد تورك: دەڵێن بكوژەكان كۆنترا گەریلابوون كە جوڵانەوەیەكی نێو دەوڵەت و ماوەی 50 ساڵە هەیە. ئێمە بەڵگەمان زۆرە، هەتا لەسەر كوشتنی موسا عەنتەر و هەڤاڵەكانی دیكە، دەمانزانی كێن ئەوانەی هاتن ئەوانیان برد. لە باتمان حیزبوڵڵا لە كەمپی سەربازیدا بوون. رۆژێكیان ئەو شتانەم بە سلێمان دیمیرێل گوت، ئەویش گوتی دەوڵەت شتی وا ناكات. پێمگوت بەڵگەت بۆ دێنم. بەڵگەكانم برد، گوتی ئەو پۆلیس و سەربازانە لە نێو گیرفانی مندا نین، نەیتوانی وەڵام بداتەوە. شەش هەڤاڵمان لە زیندانی مووشدا بوون، بەڵگەمان هەبوو كە ئەوان لە زیندانن، بەڵام كۆنترا گەریلا لە زیندان دەریانهێنابوون و كوشتبوویانن، پاشان حاشایان لەوە كرد كە ئەو كەسانە گیرابن.
رووداو: لە نێو كۆنترا گەریلا كورد هەبوون؟
ئەحمەد تورك: بەڵێ هەبوون.
رووداو: ساڵی 1992 حكومەتێكی نیمچە كوردی لە باشووری كوردستان دروست دەبێ، پەیوەندیتان لەگەڵیان چۆن بوو؟
ئەحمەد تورك: كاتێك ئەو هەڵبژاردنە كرا، من لە باشووری كوردستان بووم، میوانی بەڕێز مەسعود بارزانی بووم. چاودێریی هەڵبژاردنمان دەكرد، زۆر كەیفمان بەوە دەهات خەڵك نۆرەی گرتبوو بۆ دەنگدان. هەتا بیرمە ژن و مێردێك موناقەشیان بوو، ژنەكە دەیگوت دەنگ دەدەمە مام جەلال، مێردەكەشی دەیگوت من دەنگ دەدەمە كاك مەسعود.
رووداو: ئێوە لە گفتوگۆكانتان لەگەڵ دەوڵەتی تورك، داواتان لێنەدەكردن پەیوەندی لەگەڵ باشوور دروست بكەن؟
ئەحمەد تورك: دەوڵەتی تورك ئێستا دەیەوێ پەیوەندی لەگەڵ هەندێك كورد دروست بكات، بەڵام راستییەكەی بە وجودی كورد ناڕەحەتن. تەحەمولی بینینی ئاڵای كوردان ناكەن. ئەوكاتیش دەیانگوت ئەوانە عەشیرەت و چەتەن.