دەرباز کۆسرەت رەسوول: پارتی و یەکێتی لەسەر بەبانکیکردنی مووچە رێککەوتوون

رووداو-هەولێر
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەبارەی پرسی بەبانکیکردنی مووچەخۆرانەوە دەڵێت: "ئێمە و پارتی توانیومانە بەپێی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی بگەینە رێککەوتنێک کە خزمەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکات، ئەو نیگەرانییانەی کە لەسەر هەژماری من هەبوون، یان خەڵک تەوتینی پێ باشتربووە، بتوانین هەمووی جێبکەینەوە".
دەرباز کۆسرەت رەسوول، لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب، هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ محەممەد عیزەدین، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو کرد. دەرباز کۆسرەت رەسوول گوتی: "ئەگەر لە چەند رۆژی داهاتوودا نەبێت، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو پارتی و یەکێتی لە ئاستی باڵا کۆدەبنەوە."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد، هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەت ئەرێنین. لەبارەی ئەگەری بەشداریکردنی پارتی و یەکێتی بە یەک لیست لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق گوتی: "ئێمە وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە رابردووشدا بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، تێڕوانینمان ئەوە بووە کە کورد بە یەک لیست بەشدار بێت. ئێمە هەمان تێڕوانینمان هەیە؛ کەرکووک، خانەقین، شنگال، موسڵ و سەلاحەدین.. ئەگەر بتوانین لیستێکمان هەبێت و کورسیی زیاتر مسۆگەر بکەین."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: چاوەڕوان دەکرێت پارتی و یەکێتی لە ئاستی باڵا کۆببنەوە، کەی دەکرێت و دوایین پێشهاتەکان لەوبارەوە چین؟
دەرباز کۆسرەت: سڵاو لە بینەرانی رووداو، کاک قوباد گەڕاوەتەوە، ئینشائەڵڵا قەرارە لە داهاتوویەکی نزیکدا لیژنەی باڵای یەکێتی و پارتی کۆببنەوە. ئینشائەڵڵا لە داهاتوویەکی نزیکدا.
رووداو: هەفتەیەک؟ دوو هەفتە؟
دەرباز کۆسرەت: لەوانەیە چەند رۆژێک بێت و لەوانەشە هەفتەیەک بێت، بەپێی سەرقاڵی. خۆتان دەزانن لەم هەفتەیەدا دیداری سلێمانی هەیە و زۆربەی برادەران بەوەوە سەرقاڵ دەبن، بۆیە ئەگەر لە چەند رۆژی داهاتوودا نەبێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو کۆدەبنەوە.
رووداو: هیچ شتێکی وا هەیە لەگەڵ پارتی لەسەر رێکنەکەوتبن، یان کاریگەریی لەسەر پێکهێنانی حکومەت هەبووبێت؟
دەرباز کۆسرەت: رەشنووسی دیدگای هاوبەش ئامادەیە، ئەوەش دوای چەندین کۆبوونەوە. لیژنەی تایبەتمەندیشمان دروست کرد. خۆشت دەزانی لە رابردوودا.. سەرەڕای ئەوەی ئەزموونێکی دوورودرێژی کاردنی پێکەوەییمان هەیە، لە هەندێ قۆناخ سەرکەوتوو بوونە و لە هەندێ قۆناخیش کەم و کوڕی هەبوون، بۆیە پێداچوونەوەیەکی جیدیمان کردووە، توانیومانە بگەینە دیدگایەکی هاوبەش و هەردوولا لەسەر رازی بن و ببێتە جێگەی رەزامەندیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
رووداو: واتە هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەت ئەرێنین؟
دەرباز کۆسرەت: بەڵێ! بەڵێ! ئەرێنین.
رووداو: دەنگۆ هەیە کە پارتی و یەکێتی بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا بکەن، وایە؟
دەرباز کۆسرەت: ئێمە وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە رابردووشدا بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، تێڕوانینمان ئەوە بووە کە کورد بە یەک لیست بەشدار بێت. ئێمە هەمان تێڕوانینمان هەیە؛ کەرکووک، خانەقین، شنگال، موسڵ و سەلاحەدین.. ئەگەر بتوانین لیستێکمان هەبێت و کورسیی زیاتر مسۆگەر بکەین. لەوانەیە لەنێوخۆ منافسەیەکمان هەبێت، بەڵام لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان پێویستە لێکتێگەیشتنمان هەبێت، ئەوە تێڕوانینی یەکێتی بووە. بۆ لیستی هاوبەشیش ئێمە لەگەڵ یەکڕیزی و تەبایی ناوماڵی کوردین، گۆڕانکاریی گەورە بەڕێوەیە لە ناوچەکەدا، لەوانەیە گۆڕانکارییەکان ئەرێنی و نەرێنیش بن، بۆیە دەبێ خۆمان بۆ ئەو پێشهاتانە ئامادە بکەین، ئێمە وەکو یەکێتی جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە ئەگەر بتوانین هەموو هێزە کوردستانییەکان بە ئۆپۆزیسیۆنیشەوە بە یەک لیست بەشداربین. با جیاکارییەک بکەین، هەم خەڵکیش کەمتر عەزێت دەخوات و بە نەیار و دۆستەکانیشمان نیشان دەدەین کە کورد یەک دەنگ و یەک رەنگە.
رووداو: لەناو کۆبوونەوەکان باسی ئەوە کراوە؟
دەرباز کۆسرەت: تاوەکو ئێستا نەچووینەتە سەر ئەو بابەتە، بابەتی دیکەی وەکو پرسی رۆژئاوا باسکراوە، باسی...
رووداو: لەسەر رۆژئاوا باسی چی کراوە؟
دەرباز کۆسرەت: خۆشبەختانە هەردوولامان یەک دیدگای هاوبەشمان هەیە، توانیومانە لەگەڵ برادەرانی پارتی کۆدەنگییەک دروست بکەین. ئێمە بە پێویستی دەزانین کورد لەوێ (رۆژئاڤا) یەکگرتوو بێت. ئەگەر سەیری ئەزموونی خۆمان بکەین لە ساڵی 1991، سەیری مێژووش بکەین؛ هەرکاتێک کورد پەرتەوازە بووە هیچ دەستکەوتێکی نەبووە. ئێستا دەرفەتێک هاتووەتە پێشەوە بۆ یەکەمجار لە سووریا متمانەیەک هەیە و دانپێدانانیش هەیە بە نەتەوەی کورد دا. با بتوانن وەبەرهێنان لەوەدا بکەن، هیچ گەرەنتییەکیش نییە، ئەوەی ئێمە دەیبینین گریمانەیە، بەڵام ئەگەر یەکگرتووبن لەوانەیە زیاتر بتوانن زامنی مافەکانی خۆیان بکەن و ئەو قەوارە بپارێزن کە ئێستا بەڕێوەی دەبەن.
رووداو: هەواڵی بوونی کاک رەفعەت عەبدوڵڵا بە جێگری سەرۆکی یەکێتی راستە؟ بە فەرمی بووەتە جێگر؟ گۆڕانکاری دیکە دەکرێت؟
دەرباز کۆسرەت: بەڵێ راستە. ئێمە هەر لەدوای کۆنگرەی پێنجەوە بەپێی پەیڕەوی نێوخۆی یەکێتی، دەتوانین دوای شەش مانگ هەڵسەنگاندن بکەین بۆ کار و چالاکییەکانمان، ئێمە دوو هەڵبژاردنمان کردووە، دەتوانم بڵێم تاڕادەیەک سەرکەوتووبووین تێیاندا، پێداچوونەوەیەکی جیدیمان کردووە بەو کەموکوڕییانەی کە هەمانە. دەبێ حیزبی سیاسی بەردەوام لەگەڵ واقیعدا خۆی بگونجێنێت، ئەو گۆڕانکارییەی کە لە بەرنامەماندایە لەگەڵ واقیعی ئێستای کوردستاندایە. ئێمە وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ترسمان لە گۆڕانکاری نییە، لەوانەیە جەنابتان و زۆربەی چاودێرەکان تێبینیتان هەبووبێت لەسەر بەستنی کۆنگرەی پێنج کە پێش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بوو، بەڵام کردمان و توانیومانە ئەنجامی باش بەدەست بهێنین، بۆیە ئەم گۆڕانکارییانەش ئیش و کارێکی نێوخۆیی حیزبە، هیچ کاریگەرییەکی سلبی نابێت و بۆ باشکردنی کارەکانمانە، هەر هەڤاڵێکیش هەر ئەرکێکی پێ بسپێردرێت دەبێ جێی رەزامەندیی هەموو هەڤاڵەکانی دیکە بێت.
رووداو: دەنگۆی ئەوە هەبوو جەنابت بەربژێربیت بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی یەکێتی.
دەرباز کۆسرەت: بەخوا خۆم تموعی ئەوەم نەبووە.
رووداو: برادەران و مەکتەبی سیاسی تەکلیفیان هەبوو؟
دەرباز کۆسرەت: ئەو بابەت و دەنگۆیانە بۆ دروستکردنی دوودڵییەکە لەناو سەرکردایەتیی یەکێتی. ئێمە ئێستا سەرکردایەتییەکی یەکگرتوومان هەیە و هەموو بڕیارێکیش بە کۆمەڵ دەدرێت. ئێمە لەم قۆناخەدا کاک رەفعەتمان بە شیاوترین کەس زانیوە کە ئەو ئەرکەی پێ بسپێرین.
رووداو: لەماوەی رابردوو دوو جار شاندی دەم پارتی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەگەڵ یەکێتی کۆبوونەوە، دوێنێش شاندەکە لەگەڵ ئەردۆغان کۆبوونەوە، یەکێتی چۆن دەتوانێت هاوکاربێت بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی؟
دەرباز کۆسرەت: ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، مام جەلال نەخشەدانەری بووە، لە سەردەمی مەرحووم ئۆزالەوە ئەو پرۆسەیە دەستیپێکرد، لە رابردوودا هەمیشە جەختمان لەوە کردووەتەوە کە چۆن ئێمە لێرە دەتوانین بە گفتوگۆ مافەکانمان بەدەست بهێنین، پارچەکانی تری کوردستانیش بەتایبەتی لە باکووری کوردستان دەتوانن لە رێی گفتوگۆ و ئاشتییەوە چارەسەری ئەو بابەتە بکرێت. لە کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا و لەگەڵ برایانیشمان لە باکووری کوردستان، جەختمان لەوە کردووەتەوە کە تاکە رێگە بۆ چارەسەر گفتوگۆ و رێگەی ئاشتییانەیە.
رووداو: هیچ گفتوگۆیەک لەگەڵ تورکیا هەیە بۆ کرانەوەی ئاسمانی ئەو وڵاتە بە رووی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا؟
دەرباز کۆسرەت: ئەوە پرسێکی زۆر زۆر سیاسییە، لەوانەیە غەدر لە یەکێتیش کرابێت. ئەوەندەی پەیوەندیی بە رۆژئاواوە هەیە ئەوەندە پەیوەندیی بە سلێمانییەوە نییە.
رووداو: چۆن؟
دەرباز کۆسرەت: لە سەرەتای هاتنی داعش و لە ساتە سەرەتاییەکانەوە، سلێمانی هاوکار و پشتیوان بوو، بە ناردنی هاوکاری و پشتیوانی بۆ رۆژئاوا. کوردایەتی باجی خۆی هەیە، بەداخەوە خەڵکی بەشەرەفی سلێمانی ئەو باجە دەدەن، دەنا نە جوگرافیای ئێمە و نە سلێمانیش بە مەترسی نابینین بۆ سەر تورکیا، هەرگیز مەترسیش نەبووە. ئێستاش سەرەڕای ئەوەی ئاسمانی سلێمانی داخراوە رۆژانە خەڵک دەچنە کەرکووک و هەولێر گەشت دەکەن بۆ تورکیا.
رووداو: لەسەر پرسی مووچە، یەکێتی ئێستاش پێداگرە لەسەر تەوتین؟ یان رێککەوتنێکی دیکەی تەکنیکی هەیە؟
دەرباز کۆسرەت: خۆی پرسەکە بە بانکیکردنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە، ئێمە و پارتی توانیومانە بەپێی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی بگەینە رێککەوتنێک کە خزمەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکات، ئەو نیگەرانییانەی کە لەسەر هەژماری من هەبوون، یان خەڵک تەوتینی پێ باشتربووە، بتوانین هەمووی جێبکەینەوە.
رووداو: لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاک کۆسرەت دەبینین کە پێشوازی لە میوان دەکات، ئێستا تەندروستیی چۆنە؟
دەرباز کۆسرەت: دۆخی تەندروستیی کاک کۆسرەت جێگیرە، باشترە کە ئەو بڕیاریدا لە کۆنگرەی چوار هێواش هێواش لە پرۆسەکە بێتە دەرەوە، بە قەناعەتەوە بوو، چۆن لە رابردوودا سەرۆکی حکومەت بوو و وازی هێنا، لەوانەیە لەو سەرکردە دەگمەنانە بووبێت کە بە ئارەزووی خۆی کار بکات. ئەویش گەیشتە قەناعەتێک کە قۆناخێکی تازە هاتووەتە پێشەوە بۆیە دەکرێ کۆمەڵێک خەڵکی تازە بێنە پێشەوە و ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵبگرن. لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشی سیاسیی هەرێمی کوردستانە، جار جار ئامۆژگاریمان دەکات، جار جار تێبینی خۆی دەدا لەسەر بابەتەکان، لە نزیکەوە ئاگادارە. خۆتان دەزانن ئەو نەخۆشییە چەند دەیەیەکە لەگەڵیەتی، بۆیە لەڕووی جەستەییەوە هیلاکی کردووە، بەڵام لەڕووی بیر و دانیشتن لەگەڵ رەفیقەکانی وەکو خۆی ماوە.
رووداو: بەرەو باشتریش دەڕوات؟
دەرباز کۆسرەت: ئینشائەڵلا.. هەندێ شت پەیوەندیی بە تەمەنەوە هەیە..
رووداو: دکتۆرەکان لەوبارەوە چی دەڵێن؟
دەرباز کۆسرەت: رەوشی جێگیرە، سوپاس بۆ خوا پێویست ناکا زووزوو دکتۆر ببینێت، مرۆڤیش کەوتە تەمەنەوە جاری وا هەیە...
رووداو: با ئەوە بقۆزمەوە تۆزێک باسی کتێبیش بکەین، کاک کۆسرەت چەند کتێبێکی هەیە. بیرتان لەوە کردووەتەوە بیرەوەرییەکانی بنووسنەوە و چاپی بکەن؟
دەرباز کۆسرەت: ئینشائەڵلا لە داهاتوودا شتێکمان دەبێت. زۆربەی ئەو رووداوانەی کە روویان داوە کاک کۆسرەت دۆکیۆمێنتی کردوون، لەبەرئەوەی تەندروستی جێگیر نەبوو بەمدواییانە کۆمەڵێکی بە دەنگ تۆمار کردووە، بۆیە بە دڵنیاییەوە کتێبێکی دەبێت لە سەرەتای کاری سیاسییەوە تاوەکو دوایین کاری.
رووداو: واتە چەک و تفاقێكی چاک هەیە بۆ نووسینەوەی بیرەوەرییەکان؟
دەرباز کۆسرەت: بەڵێ! بەڵێ! گەورەترین ئەرشیڤی هەبوو، بەڵام بەداخەوە بەهۆی شەڕی نێوخۆوە هەندێکی فەوتا، بەڵام هەندێ دۆکیۆمێنتی پارێزراوە.
رووداو: با رەخنەیەکتان لێبگرم.. بۆچی سیاسییە بەتەمەنەکان زیاتر لە گەنجەکان دێنە پێشانگاکانی کتێب؟
دەرباز کۆسرەت: من ناتوانم لەجیاتی هەڤاڵەکانی دیکە قسە بکەم. ئێمە زانیمان پێشانگاکە 10 رۆژە، کەس بۆ کەسیش جیاوازترە، هەندێکمان لە خوێندەواری باشتر و هەندێکی دیکەمان خراپترین..
رووداو: تۆ لە کامەیانی؟
دەرباز کۆسرەت: من پرەنسیپێکم هەیە، مرۆڤ لانیکەم مانگی دوو کتێب بخوێنێتەوە.
رووداو: کەم نییە؟
دەرباز کۆسرەت: بەپێی کتێبەکانە. کتێب هەیە 800 بۆ 1000 لاپەڕەیە، ئەوە کاتی زیاتری پێویستە. بەپێی مەشغەڵەتیشە؛ تۆ ناتوانی هەموو رۆژەکەت لەسەر کتێب بیت، دەبێ لەو کاتانە بگەڕێیت کە بتوانیت دەرفەت هەبێت..
رووداو: بە چ زمانێک دەخوێنیتەوە؟
دەرباز کۆسرەت: زیاتر کوردی و ئینگلیزی. حەزم لە کتێبی مێژوویی و سیاسییە، چونکە ئەوەی دەگوزەرێت سەرچاوەکەی لە مێژووەوە هاتووە، ئەگەر تێگەیشتنێکی باشت هەبێ بۆ مێژوو دەتوانیت پێشبینییەک بکەیت لە داهاتوودا چۆن دەبێت.
رووداو: ئەمڕۆ چ کتێبێک سەرنجی راکێشایت و چیت کڕی؟
دەرباز کۆسرەت: ئەوەی کە ئەمڕۆ بەتایبەتی بۆی هاتبووم، کتێبەکەی مامۆستا عەبدولکەریمی مودەڕیس بوو، تەفسیرەکەی ئەو لەسەر قورئانی پیرۆز، چونکە پیاوێکی عالم بوو. هەندێ کتێبی دیکەش کە سەرنجیان راکێشام، ئەوانیشم کڕین.