جەبار یاوەر: هاوپەیمانان ئامادەن درۆنمان بدەنێ، بەڵام حکومەتی عێراق رازی نییە
رووداو دیجیتاڵ
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، زیاتر لە سێ ساڵە داوایان لە هاوپەیمانان کردووە درۆن بدەنە هێزەکانی پێشمەرگە و ئەوانیش "بە داواکارییەکە رازی بوون"، بەڵام حکومەتی عێراق "رازی نییە" درۆن بدرێتە پێشمەرگە.
شەوی چوارشەممە 08-06-2022 بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر شاری هەولێر، بەو هۆیەوە سێ هاونیشتمانی برینداربوون و زیانیش بە ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی هاونیشتمانیان گەیشت. جەبار یاوەر میوانی بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 10:00ـی رووداو بوو کە لەلایەن فوئاد رەحیمەوە پێشکێش کرا.
لەبارەی سەرچاوەی هاتنی درۆن بۆ هەرێمی کوردستان، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کرد، سەرچاوەی هاتنی درۆن بۆ هەرێمی کوردستان "هەمەجۆرە"، لەوانەش ئەو ناوچانەی عێراق کە لە ژێر دەستی سوپا و هێزە عێراقییەکاندا نین.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە:
رووداو: ئەو هێرشانەی بە درۆن دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان زیاتر لە کام ناوچەن؟
جەبار یاوەر: سەرچاوەی هاتنی درۆن هەمەجۆرە. زۆرجار لە سنووری عێراق و ئەو ناوچانەوە دێن کە لەژێر دەسەڵاتی سوپا و هێزەکانی دیکەی عێراق نین، زۆرجاریش درۆن لە سنووری تورکیاوە دێن کە زیاتر بەهۆی شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیاوەیە. هەندێک جاریش لە سنووری ئێرانەوە دێن. ئامارێکی فەرمی هەیە لەبارەی پێشێلکارییەکانی سنوور، بۆ نموونە لە 1-1-2022 تاوەکو 31-5-2022 نزیکەی 200 جار سنوورەکانی هەرێمی کوردستان پێشێلکراون، کە 93 جار بە فڕۆکە بووە، لەو ژمارەیە 91 جار لەلایەن تورکیاوە بووە و دوو جاریش لەلایەن ئێرانەوە. زۆرجار هەیە ئەو فڕۆکانە بە مەودای 90 بۆ 250 کیلۆمەتر دێنە ناو قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان. ماوەیەک پێش ئێستا درۆنی تورکیا لە سنوورەکانی نزیک کەرکووک هێرشی کردە سەر چەکدارانی پەکەکە، زۆرجار لای ماوەت هێرش دەکات و هەندێکجار لای پێنجوێن و حاجی ئۆمەران. بە هەمان شێواز درۆن لەلایەن ئێرانەوە دێت و هێرش دەکات کە لە ماوەی پێنج مانگدا دوو جار ئێران بە درۆن سنووری هەرێمی کوردستانی بەزاندووە.
رووداو: بۆچی تاوەکو ئێستا لە عێراقەوە نەتوانراوە رێگری لەو هێرشانە بکرێت؟
جەبار یاوەر: هۆکارە سەرەکییەکانی رێگرینەکردن لە هاتنی درۆن و فڕۆکەی جەنگی زۆرن. یەکەمین هۆکار دەگەڕێتەوە بۆ عێراق، هێشتا عێراق نەیتوانیوە بە تەواوەتی ئاسمانی وڵاتەکەی خۆی کۆنتڕۆڵ بکات. ئەمە یەکێک لە هۆکارەکانە. بۆ؟ یەکەم لەبەرئەوەی عێراق تاوەکو ئێستا توانای ئاسمانی زۆر بەهێزی نییە بتوانێت هەموو ئاسمانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە کۆنتڕۆڵ بکات. دووەم تاوەکو ئێستا سیستمی دژەئاسمانیی رێکوپێکی نییە لە سەرتاسەری عێراق کە بتوانێ ئەگەر فڕۆکەبێت یان درۆن بیەوێ ئاسمانەکەی ببەزێنێت، نەهێڵێت تێپەڕێت، جا چ بۆ ناو سنووری عێراق بێت یان هەرێمی کوردستان. سێیەم، تاوەکو ئێستا عێراق سیستمێکی پێشکەوتووی راداری نییە، هەر بەگشتی لە عێراق رادارێک نییە بۆ ئەوەی بتوانێت چاودێری ئاسمان بکات بۆ ئەوەی نەهێڵی هیچ فڕۆکەیەکی جەنگی یان درۆن ئاسمانەکەی ببەزێنێت. خاڵێکی دیکەی کە زۆر مەترسیدار و گرنگە، بوونی هەمەجۆری هێز لە عێراقە، واتا هێشتا عێراق نەیتوانیوە هەموو هێزەکان بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، هەندێک هێز هەیە هێشتا لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەو ناوەندەیە. ترسناکییەکەی ئەوەیە کە ئەوانەیش درۆنیان هەیە. ئێستا تورکیا درۆنی هەیە و دێتە ناو خاکی عێراق، ئێران درۆنی هەیە و خاکی عێراق دەبەزێنێت، لەناو عێراقیشدا هەندێک هێزی چەکدار هەیە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵە و درۆنیان هەیە و دەتوانن بەکاریبهێنن، هێزەکانی سوپای عێراق درۆنیان هەیە و هێزی حەشدی شەعبیش درۆنی هەیە، تەنیا ئەو شوێنەی کە درۆنی نییە هەرێمی کوردستانە، واتا تەنیا هێزەکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا درۆنیان نەبووە و زۆر جاریش هەوڵدراوە کە وەکو ئەو هێزانەی دیکە کە ئێمەش بەشێکین لە سیستمی بەرگریی نیشتمانی عێراق، بۆ چاودێری ئاسمانی هەرێمی کوردستان و هێڵەکان ببینە خاوەنی درۆن، بەتایبەتی بۆ شەڕی داعش، داوامان لە عێراق کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا چەندان جار لەلایەن حکومەتی عێراقەوە رەتکراوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی هاوپەیمانان ئامادەن درۆن بنێرن بۆ هەرێمی کوردستان. ئەمانە هۆکارە گشتییەکانن کە دەبینین بەردەوام ئاسمانی عێراق بەگشتی و ئاسمانی هەرێمی کوردستان درۆنی پێدا تێدەپەڕێت و تەقە لە هێزەکانی هاوپەیمانان دەکرێت.
رووداو: بۆچی عێراق نەیتوانیوە ئاسمانی خۆی لە بەرامبەر ئەو درۆنانە کە خۆشت ئاماژەت پێدا لە تورکیا و ئێران و گرووپە میلیشیاکانەوە دێن، بپارێزێت؟
جەبار یاوەر: وەک پێشتر ئاماژەم بە هەندێک هۆکاردا، تاوەکو ئێستا عێراق نەکەوتووەتە سەرپێ، لە ساڵی 2003وە کە حکومەتی دیکتاتۆری سەدام رووخا و حکومەتی نوێ دامەزرا، عێراق لەوکاتەوە تووشی شەڕی دژی تیرۆر بوو، سەرەتا قاعیدە بوو و دواتر داعش کە ئێستاش پاشماوەیان ماوە. جگە لەوە، تاوەلو ئێستا عێراق نەیتوانیوە هەموو هێزە چەکدارەکانی بهێنێتەوە ژێر رکێفی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان. حیزب و گروپی سیاسیی لە عێراق هەیە، کە هێزی چەکداریان هەیە. ئەو هێزەشیان هەبوو، چەندان جۆر چەکیان دەبێت و لەگەڵ ئەوانەشدا درۆنیان هەیە کە زۆر مەترسیدارە. بەدەر لەمانە، هێزی عێراق هێشتا نەبووەتە ئەو هێزەی بتوانێ هەموو عێراق بە سەرجەم سنوورەکانییەوە کۆنتڕۆڵ بکات، لە بەرامبەر وڵاتانی دەرەوە و هێزە چەکدارە ناوخۆییەکانیش. ململانێی سیاسیش لە نێوان ئەو کوتلە سیاسییانەی عێراق هەیە کە هێزی چەکداریان هەیە.
رووداو: لەو 12 هێرشەی کە کراونەتە سەر هەولێر، زۆربەیان لە پردێ و سنووری نەینەوا بووە، بۆچی سوپای عێراق نەیتوانیوە رێگری لێبکات؟
جەبار یاوەر: نموونەیەکم بۆ هێنایەوە، لەبەرئەوەیە عێراق نەیتوانیوە رێگری بکات، خۆ ئاسمانی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەشێکە لە دەوڵەتی فیدراڵی، پرسی پاراستنی ئاسمان و سنوور ئەرکێکی سیادییە و ئەمەش بەپێی دەستوور دەکەوێتە سەر شانی دەوڵەتی فیدراڵیی عێراق. عێراق لەڕووی بەرگری و هێزی ئاسمانییەوە لاوازە و لەڕووی رادار و سیستمی چاودێریکردن کە ئێستا سیستمی زۆر پێشکەوتوو هەیە، دەتوانێت ئاسمانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بپارێزێت، عێراق ئەوەی نییە و هەروەها نەیتوانیوە کۆنتڕۆڵی ئەو گرووپە چەکدارانە بکات کە هێشتا نەچوونەتە ژێر رکێفی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق. ئەمانە هۆکارە سەرەکییەکانن بۆ ئەوەی عێراق نەتوانێت ئاسمانی هەرێمی کوردستان بپارێزێت. خۆ تەنیا لای پردێ یان خازر و مووسڵەوە درۆن نەهاتووەتە هەرێمی کوردستان. هەر تەنیا لە مانگی پێنجدا 81 جار سنووری هەرێمی کوردستان پێشێلکراوە و لەو ژمارەیە 76 جاری لەلایەن تورکیاوە و پێنج جاری لەلایەن ئێرانەوە بووە. لەکۆی ئەو 81 جار پێشلێلکردنە 31 جاری بە فڕۆکە و درۆن بووە، جار هەیە فڕۆکە و درۆن بۆ ئامانجێک 200 کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە. هەرێمی کوردستان نە سیستمی پاراستنی ئاسمانی هەیە و نە بەرگرییەکی بەهێزی ئاسمانیشی هەیە بەرامبەر درۆن و فڕۆکەی جەنگی، لەبەر ئەوە ئەرکێکی سیادیی حکومەتی عێراقە کە بتوانێ سیستمێکی چاودێری ئاسمانی بۆ هەموو عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە لەسەر سنوورەکان و لەناوچە گرنگەکان دابمەزرێنێت بۆ ئەوەی چاودێری بکات و هەر فڕۆکەیەک کە عێراقی نەبوو و سنوورەکەی بەزاند، بزانێت هی کوێیە، زۆرجار هەیە نازانرێت فڕۆکە و درۆنەکان هی کوێن. سەرچاوەی هاتنی درۆن لە عێراق یەکجار زۆرن، ئێستا هێزی هاوپەیمانان لە عێراق هەن و فڕۆکەیان هەیە، هێزی عێراقی هەیە و هەندێک چەکداریش کە درۆنیان هەیە، جگە لەمانەش هەندێکجار فڕۆکە و درۆنی تورکیا و ئێرانی دێنە ناو ئاسمانی عێراقەوە.
رووداو: ئێوە ئەو راپۆرتی پێشێلکارییانە دەدەنە سوپای عێراق و هاوپەیمانان؟
جەبار یاوەر: بەڵێ بێگومان. سەرجەم ئەو پێشێلکارییانە بەوانەش کە ئێستا دەکرێن، ئەوانە نەبێ کە لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە دەکرێن، ئەوەی لەناوخۆی عێراقەوە دەکرێن حکومەت دەڵێت نازانین سەرچاوەکەی کوێیە و دەڵێن لێکۆڵینەوە دەکەن، ئەوە چەندەمجارە کە هەرێمی کوردستان بەر بۆردوومانی رۆکێت یان هێرشی درۆن بکەوێت و حکومەتی عێراق دەڵێت لیژنەی هاوبەش دادەمەزرێنین، یان دەڵێ لێکۆڵینەوە دەکەین و سزای ئەو لایەنە دەدەین کە ئەو کارەی کردووە، ئەمشەو دیسان هێرشکرایە سەر زیلکان، چەند رۆژ لەمەوبەر لە عەین ئەسەد درا، پێشتر لەناو بەغدا دراوە و بەردەوام مین لەژێر ئۆتۆمبێلی هاوپەیمانان لەڕێی بەسرە دەتەقێتەوە، کە ئەوانە یارمەتی دەهێنن بۆ عێراق. جگە لە ئێمە هێزی پاسەوانی سنوور هەیە کە فەرماندەیی پاسەوانی سنووریی ناوچەی یەکی پێدەگوترێ لە کوردستان و سێ لیوای هەیە لەسەر هەموو سنوورەکانی تورکیا و ئێران، رۆژانە بەدیاریکراوی هەموو ئەو بۆردوومانانەی بە درۆن و فڕۆکەی جەنگی و تۆپ و تەقەکردنیش کە دەکرێن، دەدرێتە فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق و دەدرێتە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، سەرباری ئەوەش، ئێمە وەک وەزارەتی پێشمەرگە ئاماری دەکەین و لەڕێی دامودەزگاکانی فەرمی خۆمان، هەم فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و هەم دەستەی مافی مرۆڤ و هەمیش نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەیدەینە عێراق و دەڵێین ئەو پێشێلکارییانە کراوە.
ئێمە ئەوکاتە دەتوانین رزگارمانبێت لە بابەتی درۆن، یەکەمیان ئەگەر عێراق بتوانێت سنوورەکانی خۆی بەتەواوەتی بپارێزێت و نەهێڵێ هیچ هێزێکی پیادە و ئاسمانیش بێتە ناو عێراق. دووەم دەبێ عێراق سیستمێکی چاودێریکردنی ئاسمانی بە رادار یان هەر سیستمێکی دیکە دابمەزرێنێت بۆ ئەوەی هەموو ئاسمانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بپارێزێت و جگە لەمەش عێراق بتوانێ هەموو ئەو هێزانەی هێشتا نەهاتوونەتە ژێر دەسەڵاتی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بیانهێنێتەوە ژێر فەرمانی خۆی.
من دەمەوێ لێرەوە حاڵەتێک بخەمەڕوو، بنکەی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئەو بنکانە لەڕێی حکومەتی فیدڕاڵی عێراقەوە هاتوون، هەر هیج نەبێت بۆ پاراستنی بنکە و بارەگاکانی هاوپەیمانان سیستمێکی دژە ئاسمانی دابمەزرێنن، هەروەک چۆن لە عەین ئەسەد و باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا دایانمەزراندووە.
رووداو: لەگەڵ هاوپەیمانان قسەتان کردووە کە بۆچی ئەو سیستمە لە هەرێمی کوردستان دانامەزرێنن؟
جەبار یاوەر: بەڵێ بێگومان، ئێمە وەک وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆبوونەوەکانمان لەگەڵیاندا جگە لەباسکردنی ئەو بابەتە، زیاتر لە سێ ساڵە داوای درۆن دەکەین.
رووداو: وەڵامیان بۆ دانەنانی سیستمی بەرگری ئاسمانی لە هەرێمی کوردستان چی بووە؟
جەبار یاوەر: ئەوان دەڵێن هەوڵدەدەین و دایدەمەزرێنین، زۆرجار باس لە هەندێک درۆن دەکەن نزم دەفڕێت و توانای کۆنتڕۆڵکردنی نییە لەلایەن ئەو سیستمانەی چاودێری دەکەن، زۆرجار خۆیان باس لەوانە دەکەن، تەنیا ئێمە نین کە دەبێ لەگەڵ ئەوانی باس بکەین، دەبێ ئەنجوومەنی ئاسایش و وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵیان باسبکات. راستییەکەی ئەو بابەتە زۆر ترسناکە و تەنیا نابێت لەگەڵ هاوپەیمانان باس بکرێت، بەڵکو دەبێ ئەو کێشەیە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی عێراق چارەسەر بکرێت. دەبێ تیمێکی شارەزای هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوانەی بەردەوام گفتوگۆ دەکەن لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و دامودەزگای ئاسایشی حکومەتی فیدڕاڵی عێراق چ لە وەزارەتی ناوخۆ یان بەرگری عێراقی، دەبێ بە جددی باسی چۆنیەتی رزگاربوونی خۆمان بکەن.
رووداو: پاساوی عێراق بۆ پێنەدانی درۆن بە هێزەکانی پێشمەرگە چییە؟
جەبار یاوەر: هیچ هۆکارێک دیاریناکەن، تەنیا ئەوەندە دەڵێن کە هاوپەیمانان بودجەیەکیان بۆ تەرخانکردوون بۆ کڕینی درۆن، جگە لەو بودجەیە، بە هەمان شێواز بودجەیەکیش تەرخانکراوە بۆ راهێنانی ئەو کەسانەی درۆنەکە بەکاردەهێنن، ئەوە سێیەمینجارە ئەو بابەتە لەگەڵ دامودەزگا فەرمییەکانی عێراق باسدەکرێت، بەڵام ئەوان رێگری دەکەن و هۆکاری رێگرییەکەش دیاریناکەن. سیستەمەکە بەو شێوەیە کە ئێمە هەرشتێک لە هاوپەیمانان داوا بکەین، هەر لە فیشەکەوە هەتا چەک و راهێنانی سەربازی، دەبێ رەزامەندی عێراقی لەسەربێت. تەنانەت وەرگرتنی ڤیزە بۆ چوون بۆ مەشقکردن لە وڵاتانی ئەمریکا و ئەڵمانیا و هەر وڵاتێکی دیکە، زۆرجار تەگەرە خراوەتە رێی پێدانی ڤیزەکە، یان دواخراوە تاوەکو ئەو کاتەی راهێنانەکە بەسەرچووە و هێزی پێشمەرگە نەیتوانیوە نوێنەرەکانی خۆی بنێرێت بۆ راهێنان. هەموو بابەتەکانی پەیوەست بە هاوپەیمانان لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدڕاڵی عێراقە و ناتوانین راستەوخۆ هیچ شتێک بکەین مەگەر ئەوەی رەزامەندی فەرمی عێراقت هەبێت. تەنانەت هاوپەیمانانیش ناتوانن هیچ بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی دیکەی پاراستنی هەرێمی کوردستان بکەن ئەگەر لەڕێی دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراقەوە نەبێت. ئەو کێشەیە ئاڵۆزە و راستییەکەی ئێمە رزگارمان نابێت لە بابەتی تۆمەتبارکردنی هەرێم. ئێستا من بەلامەوە سەیرە کە هەرێمی کوردستان بە هەموو کوتلە سیاسییەکانیانەوە لە پەرلەمانی عێراق دەنگیانداوە بۆ یاسای قەدەخەکردنی پەیوەندی هەمەجۆر لەگەڵ ئیسرائیل، باشە مانای چییە تۆمەتبار دەکرێین بە بوونی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان.
رووداو: لە وەزارەتی پێشمەرگە بەشێک هەیە کەسانی شارەزای درۆن کار بکەن؟
جەبار یاوەر: ئێمە تائێستا درۆنمان نەبووە لە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەوەی راهێنان بکەن و شارەزابن لە بەکارهێنانی درۆن و هیچ تیمێکیشمان نەناردووە بۆ ئەوەی راهێنانی لەسەر بکات، بەڵام لە وەزارەتی پێشمەرگە تیمێکمان ئامادەکردووە و هەرکات رەزامەندی درا لەسەر وەرگرتنی درۆن، لەبەر ئەوەش درۆن جۆری هەیە چاودێری دەکات و هەیە شەڕکەرە و هەشە بۆمبڕێژکراوە و کۆمپانیاکانی دروستکردنیشیان جۆراوجۆرن، بۆیە ئەو تیمە دەبێ راهێنان لەسەر ئەو جۆرە درۆنە بکات، کە هەرێمی کوردستان وەریدەگرێت.
رووداو: کەوایە بۆ کەس نانێردرێت بۆ فێربوون و راهێنان بە درۆن کە ئێستا بووەتە چەکێکی گرنگی جیهانی؟
جەبار یاوەر: دووبارەی دەکەمەوە جارێکی دیکەش، لەبەر ئەوەیە کە تائێستا ئێمە هیج جۆرە درۆنێکمان لە وەزارەتی پێشمەرگە نییە، واتا درۆنمان نییە بۆ ئەوەی خەڵک بنێرین راهێنانی لەسەر بکات. دەبێ لەسەر ئەو جۆرە درۆنەی داوای دەکەین راهێنان بکرێت، خۆ تۆ ناچی راهێنان لەسەر شتێکی گشتی بکەی بەناوی درۆن، تۆ دەبێ ئەو درۆنەی دەیهێنی، سیستمەکەی چۆنبێت، جا دەیکڕی یان بە یارمەتی لە ئەمریکاوە بێت یان هەر وڵاتێکی ئەوروپی، وەریدەگری، دەبێ راهێنان لەسەر ئەو جۆرە سیستمە بکەیت کە لەو درۆنە هەیە. بۆیە تاوەکو درۆنمان نەبێت ناتوانین خەڵک بنێرین راهێنان لەسەر درۆن بکات بەشێوەیەکی گشتی.
رووداو: لەوبارەوە هیچ داوایەکتان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کردووە بۆ ئەوەی یارمەتیتان بدات بۆ راهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە لەسەر ئەو تەکنەلۆژیا نوێیە؟
جەبار یاوەر: بەڵێ، وەک باسمکرد، ئێمە بە فەرمی نەک ئێستا، بەڵکو زیاتر لە سێ ساڵە داوامان لە هاوپەیمانان کردووە هەم درۆن بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دابینبکەن و گوتوشمانە کە ئێمە درۆنی شەڕکەرمان ناوێ، بەڵکو دەمانەوێت درۆنمان هەبێت بۆ چاودێریکردنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی ئیشمان بە درۆن هەیە بۆ ئەو هێڵە بەرگرییەی کە لە خانەقینەوە دەستپێدەکات، تاوەکو دەگاتە سحێلا، کە ئەگەر بە دابەشبوونی هێز نزیکەی 600 کیلۆمەترە بە هێڵی هەوایی و بە زەمینیش نزیکەی هەزار کیلۆمەتر دەبێت. گوتومانە دەمانەوێت چاودێری ئەو سنوورە بکەین بۆ ئەوەی داعش دزە نەکاتە هەرێمی کوردستان و کردەی تیرۆریستی نەکات. بەهەمانشێوە داواشمان کردووە تیممان لە وەزارەتی پێشمەرگە راهێنانیان پێبکرێت بۆ چۆنیەتی بەکارهێنانی درۆن و ئێمە وامان داناوە لە میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە، بەشێکی تایبەت بە درۆن دابمەزرێنین، بەڵام چاوەڕێی رەزامەندییەکەی حکومەتی فیدڕاڵین و نەشوەستاوین، سێ جار زیاتر کە لەلایەن عێراقەوە داواکەمان رەتکراوە، ئێمە دیسان داوامان کردووەتەوە و تەنانەت داوامان کردووە بچین و لەگەڵیان گفتوگۆ بکەین کە بۆ هەموو هێزەکانی عێراق بە سوپا و دژەتیرۆر و پۆلیسی فیدڕاڵی و حەشدی شەعبی درۆنیان هەیە، بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە هێزێکی کاریگەرە لە پاراستنی بەشێکی گەورەی عێراق و شەڕ لە دژی داعش دەکەین و هاوکاری عێراقمان کردووە لەو شەڕە و ئێستاش ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان هەیە، خۆ ناکرێ هێزەکەی بەرامبەرت هەموو جۆرە چەکێکی هەبێت و تۆ هیچت نەبێت. ئەگەر چەک و پێداویستییە سەربازییانەی تۆ لەگەڵ ئەو هێزەی بەرامبەرتە کە هەماهەنگی لەگەڵ دەکەیت، ئەگەر وەکو یەک نەبێت، ناتوانی لەکاتی ئۆپەراسیۆندا هەماهەنگی تەواوی لەگەڵدا بکەیت.
رووداو: حەشدی شەعبی درۆنی هەیە؟
جەبار یاوەر: بەڵێ، هەموو هێزە جۆراوجۆرەکانی عێراق درۆنیان هەیە.
رووداو: لەکوێ وەریگرتووە؟
جەبار یاوەر: ئەو پرسیارە دەبێ ئاراستەی عێراق بکرێت، من نازانم لەکوێ وەریدەگرن. ئایا ئەوان لە بازاڕی دەرەوە دەیکڕن و پێیاندەدرێت؟ لەبەر ئەوەی حەشدی شەعبی هێزێکی فەرمییە و فەرماندەییەکی تایبەتی خۆی هەیە و بووەتە بەشێک لە هێزە چەکدارەکانی عێراق، بۆیە هێزە چەکدارەکانی عێراق چ جۆرە چەکێکیان هەیە، ئەو چەکانە لای حەشدی شەعبیش هەیە، لە چەکی سووکەوە بگرە تاوەکو تۆپخانە و تانک و درۆن و هەلیکۆپتەریش. زۆرجار ئەو رۆکێتانەی کە دەگیرێنە هەرێمی کوردستان، یان درۆن دێن و لە شوێنی مەدەنی و فڕۆکەخانەی هەرێم دەتەقنەوە، عێراق دەستبەجێ شەرمەزاری دەکات و یەکسەر دەڵێت ئەوە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەم دروستکرد، هەوڵدەدەین ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە سزایانبدەین، خۆ زۆرجار هەیە هێزە فەرمییەکان ئەو کارە دەکەن.
رووداو: مادام هەموو گروپە چەکدارەکان بە حەشدی شەعبیشەوە درۆنیان هەیە، بۆچی رێگری دەکرێت وەزارەتی پێشمەرگە هەیبێت؟ ئایا سەرۆک ئەرکانە رێگری دەکات یان وەزارەتی بەرگریی عێراقە یان سەرۆکوەزیرانە؟
جەبار یاوەر: وەک باسمکرد، جارێکی دیکەش دەیڵێمەوە، تەنیا بە ئێمە دەگوترێت داواکارییەکە رەتکرایەوە.
رووداو: ئێوە زۆرجار دەڵێن وەزارەتی پێشمەرگە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق هەیە، کەواتە ئەو پەیوەندییە باشە لەکوێدایە؟
جەبار یاوەر: لە عێراقدا کۆمەڵێک دامودەزگای سەربازی و ئەمنی هەن، هەموو دەسەڵاتێک لە عێراقدا لە دەست وەزارەتی بەرگریدا نییە، لە سەرووی وەزارەتی بەرگرییەوە، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق هەیە، کە مستەفا کازمییە، جگە لەمە لە عێراقدا فەرماندەییەکی دیکە هەیە کە پێیدەگوترێ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، ئەو فەرماندەییەش هەموو هێزە جۆراوجۆرەکانی عێراق بە هێزی پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنییەکانی عێراقەوە، لەخۆیدا کۆدەکاتەوە، واتا بەتەنیا هەر وەزارەتی بەرگری نییە کە ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵیان هەبێت و رەزامەندی بدەن. رەزامەندیدان لەسەر هاتنی چەک و تەقەمەنی، دەبێ بەو هەموو کەناڵەوە تێپەڕێت و دوایەمین کەس دەبێ مستەفا کازمی وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان رەزامەندی لەسەر بدات. ئێستا تەنانەت ئەگەر رەزامەندیش وەرگیرا، هاوپەیمانان یەکسەر بە فڕۆکە نایهێنن بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو دەبێت یەکەمجار بهێنرێتە بەغدا و لەوێ یاداشتبکرێت لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە و لەگەڵ رەزامەندییەکان بەراورد بکرێت، ئینجا دەنێردرێتە هەرێمی کوردستان. زۆرجار هەیە تووشی کێشە دەبین لەسەر گومرگ، داوای گومرگ دەکرێت و هەندێکجار لە عێراق گیر دەخوات، واتا سەرچاوەی هاتنەکەشی دوای وەرگرتنی رەزامەندیش راستەوخۆ نییە.
رووداو: هەندێک لەو گرووپانەی حکومەتی عێراق بە لادەر لەیاسا ناویاندەبات، لە ناوچەی جولفوسەخەر درۆن دروستدەکەن، ئێوە وەک وەزارەتی پێشمەرگە ئاگاداری ئەمەن؟ ئەی هاوپەیمانان و حکومەتی عێراق ئاگادارن؟
جەبار یاوەر: ئەو ناوچەیە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقە و من لە هیچ دامودەزگایەکی هەواڵگری کارناکەم و هەربۆیە ناتوانم بڵێم راستە یان نا و هیچ زانیارییەکم نییە، بەپێی سرووشت هەمیشەش بە داتا و زانیارییەوە قسە دەکەم و ئەگەر زانیاریم هەبێ دەڵێم وایە و ئەگەریش نەمبێ پێچەوانەکەی، بەڵام بۆ ئەو پرسیارە زانیاریم نییە، بەڵام تائێستا نەمبیستووە لە عێراق بە شێوەیەکی گشتی درۆن دروستبکرێت، تەنیا لەم ماوەیەی دواییدا کە گوترا عێراق درۆنێکی دروستکرد و لە سۆشیالمیدیا گوترا ئەوە یەکەم درۆنی عێراقییە لەلایەن پیشەسازیی سەربازی سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراق دروستکراوە و ئەوە بە شێوازێکی ئاشکرا باسی لێوەکرا.
بابەتی درۆن ئێستا لە دنیا بووەتە کێشەیەکی زۆر گەورە، لەبەر ئەوەی چووەتە ناو شەڕەوە و وەک جەنگی ئەلیکترۆنی لێهاتووە، ئێستا تورکیا یەک لەو وڵاتانەیە کە بەرهەمهێنانی درۆنی یەکجار زۆرە و توانیویەتی کۆنتڕۆڵی ئاسمانی خۆی و چواردەوری خۆی بکات و لە شەڕەکاندا بەکاریبهێنێت. ئێستا لە شەڕی ئۆکرانیاش درۆن بەشێوازێکی زۆر فراوان بەکاردەهێنرێت. لە شەڕی یەمەن لەگەڵ سعودیە و وڵاتانی دیکە درۆن بەکاردەهێنرێت و تەنانەت سعودیە ناتوانێ رێگری لێبکات، زۆرکات هەیە بە درۆن لە فڕۆکەخانەیەکی سعودیە دەدرێت و ناتوانێ رێگری لێبکات. لە کوردستانیس بە هەمان ێواز دەبێ لایەنەکانمان بیر لەوە بکەنەوە.
رووداو: وەکو خۆتان ئاماژەتان پێدا درۆن بووەتە پرسێکی جیهانی، چۆن دەبێ وەزارەتی پێشمەرگە بەشێکی تایبەت بەو پرسەی نەبێت؟
جەبار یاوەر: دووبارەی دەکەمەوە، ئێمە ئامادەکاریمان کردووە کە بەشێکی تایبەتی پەیوەست بە درۆن لە وەزارەتی پێشمەرگە دابمەزرێنین و ئامادەسازی کراوە و تەنانەت ستافەکانیش دیاریکراوە کە کێن، بەڵام چاوەڕێی ئەوە دەکەین درۆنمان هەبێت بۆ ئەوەی ئەو ستافەی بخەینە خزمەت. واتا تۆ کە شتەکەت نەبێت، ناتوانی بە شێوازی وەهمی بەشێکی بۆ دروستبکەی و ئامێر یان چەکەکەیت نەبێت، ناتوانی. بۆ نموونە ئەو تانکانەی ئابرامز کە ئەمریکییە، ئەگەر من تانکی ئابرامزم نەبێت لە وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ بڕۆم خەڵک فێربکەم تانکی ئابرامز چۆن بەکاربهێنێت، یان ئەگەر فڕۆکە و هەلیکۆپتەرم نییە، بۆ بچم خەڵکی بۆ فێربکەم.
رووداو: دروستکردنی ئەو دوو لیوا هاوبەشەی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق کە 30 هەزار پێشمەرگە چاوەڕوانی دەکەن، ئەو پرسە بەکوێ گەیشتووە؟ ئایا دروستدەبێت یان تەواو بووە و لەبیربکرێت؟ لەبەر ئەوەی وەک مستەفا چاوڕەش گوتوویەتی، لەوانەیە هەر پێکنەیەت؟
جەبار یاوەر: هیج بڕیارێک بۆ هەڵوەشانەوەی نییە، بەڵام هەموو هەنگاوە پێویستەکان لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق نراوە، یەکەمیان دیاریکردنی لیوایەک بووە کە ئێمە لیوای 20مان دیاریکردووە و ناوەکانمان ناردووە بۆ وەزارەتی بەرگریی عێراق، چەند جارێک پێداچوونەوە بە ناوەکاندا کراوە لەبەر ئەوەی گوتویانە هەندێک ئاڵوگۆڕ لە ئەفسەر و پلەدارەکاندا بکەن و ئەوانەشمان کردووە، عێراقیش لیوایەکی خۆی ئامادەکردووە، فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەو دوو لیوایە دەرچووە، کە یەکبخرێن و لە ناوچەکانی بۆشایی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بڵاوبکرێنەوە. تیم لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دروستکراوە و چووە رووپێوی هەموو ناوچەکانی کردووە و لەسەر نەخشە جێگەی بارەگای لیوا و فەوجەکانی دیاریکردووە و تەنانەت هەردوو لیوا راهێنانیشیان پێکراوە، بەڵام لەسەر چۆنیەتی تێکەڵکردنی دوو لیواکە و دواتر دابەشکردنی وەستاوە، لەسەر ئەوەی کە وەزارەتی دارایی عێراق لەو رۆژەوە کە فەرمانەکەی بۆ رۆیشتووە بۆ ئەوەی بودجەی بۆ دابینبکات، دەڵێت ئێمە پارەی پێویستمان لە میزانییەی 2021 دابیننەکردووە بۆ هێزێکی لەو شێوەیە. ئەو هێزە مووچە و بارەگا و ئۆتۆمبێل و خواردن و جلوبەرگ و هەموو شتێکی پێویستە، بۆیە بودجەیەکی تایبەتی پێویستە و وەزارەتی دارایی دەڵێت ئێمە پارەی تەرخانکراومان بۆ ئەو دوو لیوایە نییە. چاوەڕێین ئەگەر بودجەی ساڵی 2022 پێشکەشکرا، وەزارەتی دارایی داوای لە وەزارەتی بەرگریی عێراق کردووە کە بۆ ئەو دوو لیوایە بودجەیەک دەستنیشان بکرێت و بخرێتە سەر میزانیەی وەزارەتی بەرگری بۆ ئەوەی پەسند بکرێت و ئینجا دوو لیواکە دەستبەکاربن. واتا تاوەکو بودجەی ساڵی 2022 پەسند نەکرێت و بودجەی ئەو دوو لیوایە تەرخاننەکرێت، دۆخی لیواکە هەر وەک ئێستا دەمێنێتەوە.