فەوزی هەریری: نێچیرڤان بارزانی هەفتانە لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان گفتوگۆ دەکات


رووداو - هەولێر 

فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ رووداو تیشک دەخاتە سەر رۆڵی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە نێوخۆ و دەرەوە و دەڵێ "سەرۆکایەتیی هەرێم ئینتیمایەکی واقیعی پێشانی خەڵک دا". پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا تەوەرێکی گفتوگۆکەن و بۆچوونی وایە هەرێمی کوردستان ساڵ بە ساڵ رۆڵ و کاریگەریی لە بەغدا کەمیکردووە. سەبارەت بە بەشداریکردنی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریکا، کە خۆی تاکە نوێنەری هەرێمی کوردستانە لە شاندە عێراقییەکەدا دەڵێ هەوڵدەدەن رۆڵی تەوافوقی بگێڕن بۆ رێککەوتن. 
 
رووداو: ساڵێک بەسەر سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی، وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت، سەرۆک و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەماوەی ئەم ساڵەدا چییان کردووە؟
 
فەوزی هەریری: ساڵی رابردوو ساڵێکی پڕ دیدار، کردار و کۆبوونەوە بوو، لەسەر ئاستی ناوخۆ، هەرێمی و جیهان، جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆڵی بەرچاوی هەبووە، لە سەرەتای سوێندخواردنی کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگی لە بەغدا کرد و لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایشی عێراق کۆبووەوە، ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی بوو وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دواتریش بە دەستپێشخەری خۆی چەند کۆبوونەوەیەکی گرنگی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کرد بە شیعە و سوننەوە، بۆ ئەوەی هانیان بدات رێگەچارەیەک بدۆزنەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. هەروەها شاندێکی باڵای سەرۆکایەتی هەرێم و لایەنە سیاسییەکان سەردانی عێراقیان کرد و لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق، عادل عەبدولمەهدی و سەرکردە شیعی و سوننەکان کۆبوونەوە. ئەگەر بێینە سەر ئاستی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان، رۆڵی سەرەکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆکردنەوە، هاوسەنگی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەکان بووە، لەبەرئەوەی چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەی حیزب و لایەنە سیاسییەکان لە دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کراوە و لێکتێگەیشتنێکی باش دروستبووە، ئێستاش ئەگەر بە دیدار نەگونجێت، هەفتانە بە تەلەفۆن گفتوگۆ و راوێژ لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکاندا دەکات. بە دڵنیاییەوە ئێوەش دەزانن ئەو سەرکردانە چۆن دەڕواننە رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
 
هەروەها بەردەوام پاڵپشتی لە بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، لە سەرەتای مانگی ئادار یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کرد، یەکەم راپۆرتی وەزیری تەندروستیش لەبارەی پەتای کۆرۆنا، کە ئەو کاتە لە کوردستانیش نەبوو، لە دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بوو. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش چەندین بانگهێشتی فەرمی پێگەیشتووە و سەردانی کردووە، بۆ وڵاتانی کەنداو، کە سەرکردەکانی کەنداو بەهۆی هەڵوێستە ئاشتیخوازانە و سیاسەتە کراوەکانییەوە هەڵسەنگاندنێکی زۆر تایبەتیان بۆ هەرێمی کوردستان و بەتایبەت نێچیرڤان بارزانی هەیە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە زۆربەی بۆنە نێودەوڵەتییەکاندا ئامادەیی هەبووە و چاوی بە سەرکردەی وڵاتان کەوتووە، کە گرنگترینیان دیداری سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بوو لە داڤۆس، ئەمە سەرکەوتووترین دیداری بوو لە ساڵی رابردوودا، کە تێیدا ترەمپ پشتگیری تەواوی خۆی بۆ نێچیرڤان بارزانی دەربڕی و پێیگوت هیوادارم بە زووترین کات یەک ببینینەوە، ئەگەر کۆرۆنا نەبووبا، رەنگە ئێستا جارێکی دیکە یەکدیان بدیتبا.
 
رووداو: ئەمەی باستکرد هەموو پلانەکە بوو، یان پلانی دیکەش هەبوون کە کۆرۆنا رێگربووبێت لەبەردەمیدا؟
 
فەوزی هەریری: خۆپێشاندانەکانی عێراق و سڕبوونی حکومەتی عێراق، قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر هەرێمی کوردستان هەبوو، بۆیە جەنابی سەرۆک خۆی دەستپێشخەریی کرد بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا بکات بۆ چارەسەکردنی کێشەکان، چەندین بەرنامە و پلانی دیکەش هەن، هەروەها چەند یاسایەکی پەرلەمانی واژۆکرد و یەک-دوو یاساشی رەتکردەوە. لێخۆشبوونیش لە دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمدایە، توانیویەتی کار بەو دەسەڵاتەش بکات. ئێمە دەمانەوێت رۆڵی هەرێمی کوردستان زیاتر و بەرزتربکەینەوە، هەرچەندە هەرێمی کوردستان دەوڵەت نییە و ئەندامیش نییە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام زۆربەی وڵاتان بەمشێوەیە وەکو دەوڵەت تەماشامان دەکەن، ئەمەش بەهۆی پێگەی جەنابی سەرۆک و پێگەی هەرێمی کوردستان کە توانیومانە ئینتیمایەکی زۆر جوان و واقیعیانە پیشانی خەڵک بدەین.
 
رووداو: نێچیرڤان بارزانی خۆی لە کارەکانی رازییە یان هەوڵی زیاتری بۆ کار هەیە؟
 
فەوزی هەریری: کاک نێچیرڤان هیچ کاتێک رازی نییە، هەمیشە دەیەوێ بەرهەم و کاری زیاتری هەبێت، بەڵام ئەویش واقیعیانە تەماشای شتەکان دەکات و دەزانێت کە جموجووڵ کەمبووەتەوە و دۆخەکە لەبار نییە، بەڵام حەتمەن ئەگەر لە جەنابی بپرسی دەڵێ: دەبوو وابکەین و ئەمانە بکەین. ئێمە خۆمان لە دیوانی سەرۆکایەتی لە هەندێ بوارەوە رازی نین و دەمانتوانی زیاتر بچینە پێشەوە، بەڵام ئەمە یەکەم ساڵە پشت بەخوا ساڵی داهاتوو دیداری دیکە دەکەین و دەستکەوتی زۆر زیاتر بەرچاو دەخەین.
 
رووداو: باسی لێکنزیککردنەوەی لایەنەکانت کرد، ئێستا جارێکی دیکە ناکۆکی کەوتووەتەوە نێوان حیزبەکان، چی دەکەن بۆ نەهێشتنی ئەو ناکۆکییە؟
 
فەوزی هەریری: ئەو ناکۆکییانە ئەوەندە گەورەنین کە چارەسەر نەکرێن، ئەمە بۆچوونی جەنابی سەرۆکە، لە دوایین کۆنگرەی رۆژنامەڤانییاندا زۆر بە باشی رایگەیاند، کە بەداخەوە سۆشیالمیدیا و هەندێک راگەیاندن رۆڵی خراپیان لە گەورەکردنی کێشەکاندا هەیە. بە دڵنیاییەوە سەرۆکی هەرێم بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵە، هەروەها دیدارێکی زۆر گرنگی لەگەڵ پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکاندا کرد. بەڵێ هەندێک کێشە هەن، بەڵام بەوجۆرە نین کە چارەسەر نەکرێن، حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە سێ لایەنی سەرەکی پێکهاتووە رۆڵی خۆی بینیوە. بۆیە بە دڵنیاییەوە کێشەکان ئەوەندە گەورە نین کە چارەسەر نەکرێن، ئێستاش ئێمە لەسەر هێڵین بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان، هەرچەندە بەهۆی کۆرۆناوە کۆبوونەوە بووەتە ئۆنڵاین، بەڵام ئێمە دەمانەوێ کۆبوونەوە بە دیداری راستەوخۆ بکرێت. بەڵام ناشبێ ئێمە گوشار بخەینە سەر لایەنەکان بۆ کۆبوونەوە تاوەکو خۆیان داوای کۆبوونەوە دەکەن، کە ئەمەش هیوای ئێمەیە.
 
رووداو: نزیکەی 500 پۆستی کورد لە حکومەتی عێراق بە بەتاڵی ماونەتەوە، لەکاتێکدا سەرۆکوەزیران دەڵێت هیچ پۆستێک بە وەکالەت پڕناکەینەوە، ئێوە چی دەکەن بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆستانە؟
 
فەوزی هەریری: لەدەستدانی ئەو پۆستانە ئێستا نییە، نزیکەی دە ساڵە، ساڵ بە ساڵ بەهۆی کێشەکانی نێوان هەولێر و بە‌غدا پۆست لەدەستدەدەین، ئەگەر واقیعیانەش قسە بکەین، لەو ماوەیەدا رۆڵ و کاریگەریی هەرێم لەسەر بڕیارەکانی بەغدا کەمیکردووە، ئێمە ئێستا گەیشتینە ئەو بڕوایەی کە دەبێ ئەو بۆشاییانە بە کادیری خۆمان پڕبکرێنەوە. جەنابی سەرۆک لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکاندا پێیگوتوون، ئێمە بە یەک تیم دەچینە بەغدا، تەنانەت ئەو حیزبانەشی هیچ رۆڵێکیان لە بەغدا نییە، لە پۆستەکاندا بێبەش نابن. لیژنەیەک لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە ئەندامێتی لایەنەکان دروستدەکەین، دیراسەی هەموو پۆستەکان دەکەین و کاری لەسەر دەکەین، چەند رۆژێکیشە دەستمان بەو کارە کردووە، بەڵام پرۆسەکە کاتی دەوێ، کە رەنگە 2 بۆ 4 مانگی پێویستبێ، چونکە وەکو گوتم پۆست هەیە 10 ساڵە پڕمان نەکردووەتەوە. 
 
رووداو: مانەوەی ئەو پۆستانە بە بەتاڵی زیانی لە کورد داوە؟
 
فەوزی هەریری: بێگومان، رۆڵی ئێمە کەمتر و لاوازتربووە لە بڕیاردان لە بەغدا، بۆیە جەنابی سەرۆک ئەو بۆچوونەی بەجیدی وەرگرتووە کە دەبێ ئەو بۆشاییانە پڕبکرێنەوە، چونکە ئەوە مافێکی خۆمان و کادیرانمانە کە پۆستمان لەم وڵاتەدا هەبێت کە پێی دەڵێین عێراق.
 
رووداو: جەنابتان نوێنەری هەرێمی کوردستانن لە دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق، گرنگترین خاڵەکانی ئەو دانوستاندنانە چین؟
 
فەوزی هەریری: گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە ئایا ئەمریکا بە هێزەوە لە عێراق دەمێنێتەوە یان نا؟ ئەمە گرنگترین خاڵە. خۆی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا کە لە 2008 واژۆکراوە، من ئەوکاتە لە کابینەکەی مالیکیدا وەزیر بووم، کە رێککەوتنەکەمان بینی 85%ی لە بەرژەوەندی گەلانی عێراق و کوردستان بوو، 15%یشی لە بەرژەوەندی ئەمریکا بوو کە گرنگترینیان مانەوەی هێزەکانیان بوو لە عێراق. دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەمساڵ پەرلەمانی عێراق بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکانی دا، ئەمریکا بڕیاریدا ئەو پرسە بورووژێنێتەوە و لیژنەیەکی بۆ پێکهێناوە، بۆ یەکەمجارە هەرێمی کوردستان کورسییەکی لەو دانوستاندنانەدا هەیە، هەرچەندە ئەوکات بەڕێز هۆشیار زێباری وەزیری دەرەوەی عێراق بوو، بەڵام ئەمە یەکەمجارە کوردستان بە فەرمی کورسی هەبێت. ئێمە وەکو بەشێک لە تیمەکە بۆچوونمان بەیان دەکەین و رۆڵیشمان تەوافوقی دەبێت بۆ ئەوەی کێشە لەنێوان شاندەکاندا دروستنەبێ. ئەم بابەتە چەندین مانگ دەخایێنێت، من ناتوانم بڵێم سبەی ئەمریکا دەکشێتەوە، چەندین بواری دیکە هەن کە گفتوگۆیان لەسەر بکرێت: ئەمنی، خوێندن، ئابووری و هتد.. 
 
رووداو: ئێوە دەتانەوێ چی لەو گفتوگۆیانەدا بچەسپێنن کە بەرژەوەندی ئەمریکا، عێراق و کوردستانیشی تێدا بێت؟
 
فەوزی هەریری: ئێمە لە هەموو ئەو یارمەتیانە بێبەشبووین کە بۆ حکومەتی عێراق هاتووە، لە هەموو ئەو قەرزانە بێبەشبووین کە حکومەت وەریگرتوون، هیواداراین ئەم کێشانە وردەوردە چارەسەر ببن و بوونمان لەوێ خۆی نیشانەی سەرکەوتنێکی گەورەیە. ئەمەش بە چالاکی و پەیوەندییەکانی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، کە بەردەوام لەسەر هێڵن. منیش نوێنەری هەرێمی کوردستانم لەو دانوستاندنە و بەردەوامیش چاودێری پێویستی و پێداویستییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم لەگەڵ سکرتارییەتێک کە بۆ ئەو مەبەستانە دامەزراوە.