خالید میشعەل: ناتوانم بڵێم کوردستان داگیرکراوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە دەرەوەی فەلەستین لەبارەی هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر دەڵێت، "ئێوە لە کوردستان بێگومان مافی خۆتانە هەڵوێستی خۆتان دیاری بکەن بەو ئیعتیبارەی کە ئەمە وڵاتی ئێوەیە و ئێوە بەرپرسن لە ئاسایش و خۆشتان کێشمەکێشی سیاسەت و ئاڵۆزییەکانی دەزانن.. ئێمە هیوای خێر و خۆشی بۆ کوردستان دەخوازین".
 
خالید میشعەل، سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە دەرەوەی فەلەستین لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "بە دڵنیاییەوە گەلی کورد گەلێکی زوڵملێکراوە و ئێمە بە تەواوی لەم هەستە تێدەگەین، بەڵام برا گیان، رێم بدە بە راشکاوی پێت بڵێم، بەراوردکاری لەڕووی زوڵملێکراوییەوە بەڵێ ئەوە راستە. شانازیشمان بە کوردەوە کردووە، بەڵێ ئەوان خەڵکی ئێمەن و برای ئێمەن و خۆم پێشتر چاوم بە چەندین بەرپرسی کورد کەوتووە".
 
لەبارەی ئەوەی کە کوردستان بە ناوچەیەکی "داگیرکراو" دەزانن، خالید میشعەل دەڵێت، "کوردستان، بەڵێ لە رابردوودا دۆخێکی دیکەی هەبووە، بەڵام ئەمڕۆ بەشێکە لە کۆمەڵێک قەوارەی سیاسیی ناوچەکە، من ناتوانم بەمە بڵێم داگیرکردن بە هەمان تێگەیشتنم بۆ داگیرکردنی فەڵەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە."
 
هەروەها لەبارەی مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی کورد، خالید مەشعەل دەڵێت، "مادام ئەمە حەز و خواستی کورد خۆیانە هیوادارم رووبدات".
 
لە لایەکی دیکەوە لەبارەی سیاسەتەکانی دەرەوەی بزووتنەوەی حەماس، خالید میشعەل دەڵێت، "بزووتنەوەی حەماس نە لە گیرفانی ئێراندایە، نە لە گیرفانی قەتەردایە، نە لە گیرفانی تورکیادایە، نە لە گیرفانی میسر و ئوردن و سووریادایە و نە هیچ وڵاتێکی دیکەی عەرەبی.. ئێمە ئازادین و هەرکەس هاوکاریمان بکات دەڵێین سوپاس، بڕیاری سەربەخۆی خۆمان هەیە."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ خالید میشعەل:
 
رووداو: بەڕێز خالید میشعەل بەخێربێیت بۆ رووداو.
 
خالید میشعەل: ئێوەش بەخێربێن و سڵاوم بۆ بینەرانی بەڕێز لە کوردستانی ئازیز هەیە و سڵاویش بۆ بەڕێزت کاک بێستوون، بۆ ئەو ستافەش کە لە رێکخستنی ئەم دیدارەدا لەگەڵمان بەشدارن.
 
رووداو: با لە کوردستانەوە دەستپێبکەین، لە چەند رۆژی رابردوودا هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان بووە ئامانجی چەند مووشەکێک کە لە ئێرانەوە هەڵدرابوون، ئەو شوێنەشی کرابووە ئامانج، ماڵی هاونیشتمانییەک بوو کە نزیک بوو لە کۆنسوڵخانەی نوێی ئەمریکییەوە. ئێوە راتان چییە لەسەر ئەو هێرشە؟
 
خالید میشعەل: تۆ دەزانیت، پێش هەموو شتێک بەناوی خوای گەورە و میهرەبان، جارێکی دیکەش سڵاو بۆ ئێوە، تۆ دەزانیت ئەم رووداوە لە سایەی کێشمەکێشێکدا هات کە لەنێوان دوو لایەنی ئیسرائیلی زایۆنیست و لایەنی ئێرانی لەئارادایە.. لە میدیاکانیشەوە وا بڵاوکرایەوە کە ئەمە وەڵامێکی ئێران بووە بۆ بۆردوومانکردنی هەندێک ئامانجی ئێرانی لەناو خاکی سووریا. ئێستا ئێوە لە کوردستان بێگومان زانیاریی زیاترتان هەیە، من لە میدیاوە هیچ چیرۆکێکم لەبارەی ئەوە نەبیستووە، بەڵام ئەوەی لە میدیاکانەوە بڵاوکرایەوە، ئەوەیە کە ئێرانییەکان وەڵامی دووژمنی زایۆنییان داوەتەوە لەپاش کوشتنی هەندێک کەس لە سووریا و لێدان لە هەندێک ئامانجی ئێرانی، ئێستا ئێوە لە کوردستان بێگومان مافی خۆتانە هەڵوێستی خۆتان دیاری بکەن بەو ئیعتیبارەی کە ئەمە وڵاتی ئێوەیە و ئێوە بەرپرسن لە ئاسایش و خۆشتان کێشمەکێشی سیاسەت و ئاڵۆزییەکانی دەزانن.. ئێمە هیوای خێر و خۆشی بۆ کوردستان دەخوازین، بەڵام دەشزانن ئیسرائیل دووژمنی هەموومانە، دووژمنی هەموو موسڵمانانە بە جیاوازیی ئیتنیکییانەوە، دووژمنی کوردستان و هەموو عێراق و دووژمنی ئوممەتی ئیسلامە بەگشتی، بەڵام چۆن بتوانین وڵاتانی خۆمان و سەقامگیرییەکەی و ئاسایشی بپارێزین، ئەمە شتێکە دەبێت لەسەر ئاستی جیهانی عەرەبی و ئیسلامی لەسەری بسازێین.
 
رووداو: بەڵام راستە لە هەندێک لە میدیاکاندا دەنگۆ یاخود هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە کە گوایە ئەوە بنکەیەکی ئیسرائیلی بووبێت. لەلایەکەوە ماڵێکی بازرگان و سەرمایەدارێکی ناسراوی هەرێمی کوردستان و هەرێمی کوردستانیش بەفەرمی ئەوەی بەدرۆخستەوە کە بنکەی ئیسرائیلی نەبووە. ئایا ئەم راستییانە نەگەیشتووە بە جیهانی عەرەبی؟
 
خالید میشعەل: من وەکو خۆم ئەو روونکردنەوەیەی کوردستانم نەبیستووە و ئەسڵ ئەوە بوو کە ئەمە لە میدیاوە باس بکرێت و بەڵگە و راستییەکانی بخرێنەڕوو، ئەمە یەکەم. دووەم: بابەتێکی لەم جۆرە، مادام حکومەت لە کوردستان گێڕانەوەیەکی دیاریکراوی هەیە، کەواتە دەبێت لەگەڵ کۆماری ئیسلامی چارەسەری بکات، بەو واتایەی کە ئەمە کێشەیەکە دەکرێت لەنێوان ئێوە و ئێرانییەکاندا چارەسەر بکرێت و بە شێوەیەکیش بێت کە بەرژەوەندیی هەموو لایەکی تێدا پارێزراو بێ، بە دڵنیاییەوە ئەمە شتێکە لەنێوان ئێوە و ئێرانییەکان و وەکو گوتیشم بۆ من وەکو فەلەستینییەک ئیسرائیل دووژمنی پلە یەکە و هیوای خێر و خۆشی بۆ ئوممەتی عەرەبی و ئیسلامی بە هەموو وڵاتەکانی و گەلەکانی و ئیتنیک و مەزهەب و گرووپە جیاوازەکانییەوە دەخوازم، ئێمە بە درێژایی مێژوو یەک ئوممەت بووین و هیوادارم بتوانین لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیمان و لەپێناو سەقامگیریی وڵاتەکانمان و گەلەکانمان ببینە یەک و پێکەوە و شان بە شان لەڕووی دووژمنەکانمان رابوەستین کە وڵاتانی ئێمە داگیردەکەن و دەستدرێژی دەکەنە سەر پیرۆزییەکانمان.
 
 
رووداو:  بە جۆرێک لە جۆرەکانی پێشێلکاری یان دەستدرێژکردنە سەر خاکی عێراقی نابینیت ئەو دەستدرێژییە؟
 
خالید میشعەل: من گوتم، ئەگەر حکومەت لە کوردستان گێڕانەوەیەکی دیاریکراوی لەبارەی رووداوەکە هەیە، ئەسڵ ئەوەیە کە بە شێوەیەکی سیاسییانە چارەسەری بکات، ئەوەش بە پەیوەندیی راستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی ئێران و هەروەها ئەم گێڕانەوەیەی خۆیشی لە میدیاکانەوە زەق بکاتەوە، ئەمە بەرپرسیارێتیی خەڵکی کوردستان خۆیانە.. بە دڵنیاییەوە من وەکو خۆم لە پێویستیی هەر دەوڵەتێک بە ئاسایش و ئارامی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی تێدەگەم، کاتێک دەکەوینە بەردەم حاڵەتێک کە ریوایەتی جیاوازی لەبارەوە هەیە، ئەسڵ ئەوەیە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەو کێشەیە پێکەوە گفتوگۆی بکەن و بەڵگە و زانیارییەکانیان ئاڵوگۆڕ بکەن و کێشەکە چارەسەر بکەن.
 
 
رووداو: کەمێک بگەڕێینەوە دواوە و تەماشای مێژووی گەلی کورد ، بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان بکەین. جۆرێک لە پەیوەندی و هاوشێوەیی لەنێوان گەلی کورد و گەلی فەڵەستین هەیە. لەو چوارچێوەیە ئێوە چۆن لە دۆزی کورد و کوردستان دەڕوانن؟
 
خالید میشعەل: پێش هەر شتێک گەلی کورد گەلێکی رێزدارن، بەشێکن لەم ئوممەتی ئیسلامییە و ئێمە رێزیان لێدەگرین و شانازی بە مێژوویانەوە دەکەین.. کوردستان و کورد لە مێژوودا هەڵوێستی زۆر مەزنیان تۆمارکردووە.. سەڵاحەدینی ئەیوبی لەم خاکەوە هات و فەلەستینی لە دەستی خاچپەرستان رزگار کرد و چووە ناو مزگەوتی ئەقسا و ئوممەتی ئیسلامی یەکخست و لە شام و لە میسر بەرامبەر خاچپەرستان راوەستا، بۆیە کورد و نیشتمانەکەیان خاوەنی مێژوون و ئێمە شانازی بەو مێژووەوە دەکەین کە بووە بە پردی پەیوەندیی ئێمە و کورد، ئەوە سەڵاحەدین بوو کە فەلەستین و قودسی لە دەستی هەڵگرانی خاچ دەرهێنا، ئەم مێژووە بەردەوام لە زیهنی ئێمەدا ئامادەیە، ئەمڕۆش بە دڵنیاییەوە گەلی کورد گەلێکی زوڵملێکراوە و ئێمە بە تەواوی لەم هەستە تێدەگەین، بەڵام برا گیان، رێم بدە بە راشکاوی پێت بڵێم، بەراوردکاری لەڕووی زوڵملێکراوییەوە بەڵێ ئەوە راستە. شانازیشمان بە کوردەوە کردووە، بەڵێ ئەوان خەڵکی ئێمەن و برای ئێمەن و خۆم پێشتر چاوم بە چەندین بەرپرسی کورد کەوتووە، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە ئێمە بەرەوڕووی دووژمنێکی داگیرکەر بووینەتەوە کە زایۆنیزمە و خاکی ئێمەی داگیرکردووە و دەستدرێژیی کردووەتە سەر پیرۆزییەکانمان، ئیسرائیل دووژمنی هەمووانە و بە تەنیا دووژمنی فەلەستینییەکان نییە، دووژمنی عەرەب و هەموو موسڵمانانە بە کوردیشەوە، ئێستا ئەم زوڵملێکراویەی کورد و مافی خۆیان لە بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانیان و ئاسایش و سەروەرییان، بەلای منەوە، بە حوکمی ئەوەی ئەوان بەشێکن لە دەوڵەتە سیاسییەکانی ئەم ناوچەیەی ئێمە، هیوادارم داخوازییەکانیان لە چوارچێوەی یەک ئوممەت و یەکێتیی وڵاتەکانماندا بێت، ئەمەش شتێکە من نامەوێت خۆمی تێ هەڵبقورتێنم، بۆچی؟ چونکە من دەمەوێت وێنەکە ئاوا ببینم: یەکێتیی وڵاتەکانمان و پاراستنی سەقامگیرییان و لێکتێگەیشتنی هەموو پێکهاتەکانی ئەم ئوممەتە بە کورد و عەرەب و تورکمان و موسڵمانان بە شیعە و سوننەوە، هەروەها لەنێوان موسڵمانان و کریستیانەکان، ئێمە ئوممەتێکین بە هەموو ئەم پێکهاتە جیاوازانەوە پێکەوە ژیاوین و هیوادارم ئەم مۆزایکە پارێزراو بێت لە سایەی یەکێتیی وڵاتەکانمان و هەروەها لە سایەی هەڵگرتنی زوڵم لەسەر هەر پێکهاتەیەکی ئەم ئوممەتە.
 
رووداو: خاکی کوردستان بە خاکێکی داگیرکراو نابینن؟ چۆن خاکی فەڵەستین بە خاکێکی داگیرکراو تەماشا دەکەن، خاکی کوردستانیش بە داگیرکراو تەماشا ناکەن؟
 
خالید میشعەل: بۆ ئەمانەت، برای ئازیز، ناتوانم ئەو بابەتە وەکو خۆی وەربگرم، چونکە کوردستان وڵاتێکە بەشێکی بەشێکە لە عێراق و بەشێکی دیکەی بەشێکە لە دەوڵەتی ئێران و بەشێکی دیکەی بەشێکە لە تورکیا و ئەوەی دیکەشی بەشێکە لە سووریا، ئایا ئەمە ناوبنێم داگیرکاری؟ ئەمە جوگرافیای سیاسییە و لە دەیان و سەدان ساڵی رابردوودا شکڵی گرتووە، بێگومان کورد مافی خۆیانە چاویان لە سەربەخۆیی بێت، مافی خۆیانە وا بڵێن، بەڵام لە بەرامبەردا قەوارەی سیاسیی دیکەش هەن کە چیرۆکێکی جیاوازمان بۆ دەگێڕنەوە و دیدگایەکی جیاوازیان هەیە، چۆن بتوانین ئارەزووی کورد و مافی خۆیان لە بەدەستهێنانی ئازادی و بەدیهێنانی خواستەکانیان و گوزارشتکردن لە کەسایەتیی خۆیان و لە ناسنامەی خۆیان لە چوارچێوەی ئەم سیستەمە سیاسییەی کە هەیە کۆبکەینەوە؟ من تەمەنای ئەوە دەکەم، بەڵام دۆخی ئێمە جیاوازە، فەلەستین بەشێک نەبووە لە وڵاتی کەس و بە درێژایی مێژوو لە ناوجەرگەی جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا بووە، بۆیە ئێمە لە ناکۆکیدا نین لەگەڵ هاوبەشێکی عەرەب یان موسڵمان، لەگەڵیان جیاواز نین لە رەچەڵەک و لە ئایین یان لە مەزهەب، دووژمنێکی داگیرکەر لەوبەری ئۆقیانووسەکانەوە هاتووە و خاکی ئێمەی بۆ ئامانجێکی ئایینی داگیرکردووە.. بەم بۆنەیەوە، برای ئازیزم، رێگەم بدە شتێک بڵێم، بە راستگۆییەوە دەیڵێم کە خۆشەویستییەکی زۆرم بۆ کوردستان و گەلەکەی و سەرکردایەتییە بەڕێزەکەی هەیە، بۆیە با وریابن لە یاری و فڕوفێڵی ئیسرائیل، بێگومان ئیسرائیل بە هەموو توانایەوە دەیەوێت لە وڵاتانی ئەم ناوچەیەدا جێ پێی هەبێت و هەمیشەش سەرچاوەی مەترسییە، ئەوەتا پەیوەندییان لەگەڵ میسر ئاسایی کردەوە و میسر هیچ سوودێکی لەو پەیوەندییە نەبینی، بە پێچەوانەوە ئێستا ئیسرائیل خەریکی پیلانگێڕییە لە دژی میسر لەڕێگەی رووباری نیل و ئەو بەنداوەی لە ئەسیوپیا دروستدەکرێت، لە لایەکی دیکەوە خەریکە کەناڵێکی ئاوی لێبدات کە ببێتە جێگرەوەی کەناڵی سوێس هەر بۆ ئەوەی زیان لە بەرژەوەندی و ئاسایشی نەتەوەیی میسر بدات، لەگەڵ ئوردنیش بە هەمان شێوە.. ئوردن هیچ سوودێکی لەو پەیوەندییە نەبینی، ئەمڕۆش وا لەم ناوچەیەدا بەداخەوە شەپۆلێک لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل لەلایەن کۆمەڵێک دەوڵەتی عەرەبییەوە دەبینین و ئیسرائیل لەم نێوەدا دەیەوێت خۆی وەکو هاوبەشێکی ناوچەکە پیشانبدات، لە کاتێکدا تەنێکی نامۆیە بەم ناوچەیە، بۆیە پەیامی من بۆ گەلی کورد و بۆ کوردستان و حکومەتەکەی ئەوەیە کە لە فڕوفێڵ و یارییەکانی ئیسرائیل وریابن و رێگە نەدەن زایۆنیزم دزە بکاتە ئەوێ، پشت بە خودا کوردستان هەر بەشێک دەبێت لە ئوممەتی عەرەبی و ئیسلامی کە مایەی شانازیمانە.
 
رووداو: تێدەگەم. بەڵام جەنابت باسی سەڵاحەدینی ئەیوبی و ئەو دەوڵەتەی سەڵاحەدیبی ئەیوبی کرد، کە هەموو وڵاتانی شام و میسری تێدا کۆکردبووەوە و قودس و فەڵەستینیش بەشێک بوو لەو دەوڵەتە. ئەوکاتە کوردستانییەکان کە دەوڵەتێکی لەو شێوەیەی بەڕێوە دەبرد، نە ئێران هەبوو، نە عێراق هەبوو، نە تورکیا و نە سووریا هەبوو. ئەگەر خاکی فەڵەستین لە ساڵی 1948، بەپێی ئەو بۆچوونەی ئێوە داگیرکرابێت، خاکی کوردستانیش ساڵی 1918 لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا، داگیرکراوە و دابەشکراوە. کە خاکەکەی خۆتان بە داگیرکراو دەبینن، بۆچی خاکی نەتەوەیەکی دیکەش کە لە چەند رووداوێکی مێژوویدا داگیرکراوە، بۆچی بە داگیرکراوی نابینن؟
 
خالید میشعەل: نا سەیرکە، سەلاحەدین کاتێک حوکمی دیمەشق و قاهیرەی کردووە، وەکو قەوارەیەکی کوردی نەیکردووە.
 
رووداو: بەڵام دەوڵەتی عوسمانیش، دەوڵەتێکی تورکی نەبوو، دەوڵەتێکی ئیسلامی بوو. ئەمەوی دەوڵەتی ئیسلامی بوو و عەباسی دەوڵەتی ئیسلامی بوو.
 
خالید میشعەل: راستە، راستە، بە مانایەکی دیکە، ئێمە بریا بمانتوانیبا بگەڕێینەوە بۆ رابردوو، دیسان ببووینایەوە بە یەک ئوممەتی ئیسلامی جا حاکمەکە کورد دەبوو یان عەرەب دەبوو یان عوسمانییەکی تورکی، گرنگ ئەوەیە لە چوارچێوەی یەک دەوڵەتی ئیسلامی دەبووین. ئێوە دەزانن..
 
رووداو: بەڵام ئەوە بۆ ئەمڕۆ خەونە، وایە یان وانییە؟ ئەوە واقیعی ئەمڕۆ نییە.
 
خالید میشعەل: دەزانم، دەزانم، تۆ باسی رابردووت کرد و منیش گەڕامەوە بۆ رابردوو، بەڵام خۆ تۆ دەزانیت کێ ئەم ناوچەیەی پارچە پارچە کرد؟ ئێمە دابەشمان نەکردووە، ئەوەی کردی.. بەڵێ فەرەنسا و سایکس پیکۆ..
 
رووداو: بەریتانییەکان، فەرەنسییەکان، تورکیا و ئێران.
 
خالید میشعەل: سایکس پیکۆ.. سایکس پیکۆ، بێگومان، سایکس پیکۆ بوو کە ئەم ناوچەیەی پارچە پارچە کرد، بۆیە ئێستا کە گەلی کورد داخوازییان هەیە، من دەڵێم ئەمە دەکرێت لەنێوان ئێوە و وڵاتانی ناوچەکەدا چارەسەر بکرێت، چونکە..
 
رووداو: بەڵام پرسیارەکەی من زۆر روونە، دەمەوێت بەروونی وەڵامیم بدەیتەوە، بە خاکێکی داگیرکراو دەیبینن یان نا؟
 
خالید میشعەل: منیش دەمەوێت بە دیقەتەوە قسە بکەم، بۆچی برا گیان، سەبارەت بە گەلی فەلەستین، ئێمە لە ناکۆکیدا نین لەگەڵ دراوسێیەکی عەرەب یان موسڵمان کە جیاوازیمان هەبێت لە رەچەڵەک و لە دین و مەزهەب، ئەمە دووژمنێکی زایۆنییە لەوپەڕی زەریاکانەوە هاتووە و خاکی داگیرکردووین، ئەمڕۆ کوردستان، بەڵێ لە رابردوودا دۆخێکی دیکەی هەبووە، بەڵام ئەمڕۆ بەشێکە لە کۆمەڵێک قەوارەی سیاسیی ناوچەکە، من ناتوانم بەمە بڵێم داگیرکردن بە هەمان تێگەیشتنم بۆ داگیرکردنی فەڵەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە.
 
رووداو: باشە ئەی مافی چارەی خۆنووسین؟
 
خالید میشعەل: ناتوانم ناوی بنێم داگیرکردن، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ناتوانم رێ لە کورد بگرم و بڵێم نابێت پرۆژە و داخوازییان هەبێت، بۆیە هیوا دەخوازم ئەمە لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە چارەسەر بکرێت، چونکە زیاتر دابەشبوونی ناوچەکە لاوازترمان دەکات، ئەمەش وا لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات ئەم بۆشاییە بقۆزنەوە.
 
رووداو: مافی چارەی خۆنووسین، گەلی کوردیش مافی خۆیەتی چارەنووسی خۆی دیاریبکات؟
 
خالید میشعەل: با نموونەیەکت بدەمێ.. نموونەیەکت دەدەمێ، ساڵی 1951 یەکێتییەک لەنێوان ئوردن و فەلەستین پێکهات، لەدوای جەنگی 1948، بەو جۆرە ئوردن حوکمی کەناری رۆژئاوای دەکرد و ناویان لێنا یەکێتیی هەردوو کەنار و ئەمە ماوەیەک بەردەوام بوو، ئێستا ئەمڕۆ، من کە فەلەستینیم و هەوڵ بۆ رزگارکردنی هەموو فەلەستین دەدەم، ئەوکاتە غەززە لەژێر دەسەڵاتی میسردا بوو، ئەمڕۆ من وەکو فەلەستینییەک کە خەبات بۆ رزگارکردنی هەموو فەلەستین دەکەم، وا تەماشای سەردەمی حوکمی میسر لەسەر غەززە، یان حوکمی ئوردن لەسەر کەناری رۆژئاوا ناکەم کە بڵێم داگیرکاری بووە، چونکە شتەکە پەیوەستە بە هاوبەشێکی تۆ لە نەتەوە و لە ئایین، بۆیە لە بەکارهێنانی دەستەواژەکاندا دەمەوێت ورد بم، بەڵام بەنیسبەت دووژمنی زایۆنی، بابەتەکە جیاوازە.
 
رووداو: بەڵام لەوێدا ئێوە لەگەڵ گەلی ئوردندا، هەردوولاتان هەر عەرەبن، لەگەڵ میسریشدا هەر عەرەبن. لەگەڵ ئەوەشدا پێتان خۆش نییە و دەتانەوێت سەربەخۆیی خۆتانتان هەبێت. بەڵام کورد هەر لەڕووی زمان، مێژوو و ناسنامەی نەتەوەییەوە جیاوازە لە تورک و عەرەب و فارسیش.
 
خالید میشعەل: با نموونەیەکیشت بدەمێ لەبارەی مەسەلەی دەوڵەتی عوسمانی، بەشێکی عەرەب وا تەماشای خیلافەتی عوسمانی و دەوڵەتی عوسمانییان دەکرد کە داگیرکەری خاکی عەرەبە و لەبەر ئەوەش شۆڕشیان لە دژی کرد، من کە فەلەستینیم و عەرەبم و موسڵمانم، ئایا سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی بە داگیرکردنی نیشتمانی عەرەبی بزانم، نەخێر بە داگیرکاریی نازانم، بۆچی؟ چونکە منیش بەشێک بووم لەو دەوڵەتە ئیسلامییە گەورە و بەرینە، بەڵێ لە رۆژانی کۆتایی حوکمی عوسمانیدا هەڵە کرا و زوڵم و زۆرداری لە سووریا و فەلەستین و شوێنانی دیکە کرا، راستە، بەڵام من ناتوانم، هەندێک عەرەب، بەڵێ حوکمی عوسمانی بە داگیرکاری دەزانن، بەڵام من وەکو فەلەستینییەک کە عەرەبم و موسڵمانم حوکمی عوسمانی بە داگیرکاری نازانم، ئەمەیە جیاوازییەکە کاتێک مامەڵە لەگەڵ موسڵمانێک دەکەم کە لەڕووی رەچەڵەک و مەزهەبەوە رەنگە جیاوازبین، بەڵام کاتێک بابەتەکە پەیوەندیدار بێت بە دووژمنێکی وەکو ئیسرائیلی زایۆنییەوە یان ئەو خاچپەرستانەی وڵاتی ئێمەیان داگیرکردبوو، ئەوە شتێکی دیکەیە.. لێرەدا دەبێت جیاوازی لە دەستەواژەکاندا هەبێت، دیارە ئەمە رای منە، بەڵام تۆ چۆن گوزارشت لە باوەڕەکانی خۆت دەکەیت، من لۆمەت ناکەم و رێزی دەگرم و رێز لە کوردیش دەگرم لەوەی چۆن گوزارشتی لێ دەکەن.
 
رووداو: مافی چارەی خۆنووسین مافی کوردە؟
 
خالید میشعەل: مادام ئەمە حەز و خواستی کورد خۆیانە هیوادارم رووبدات، بەڵام ...
 
رووداو: وەکو ماف، کورد وەکو نەتەوەیەکی مافی ئەوەی هەیە ئاییندەی خۆی دیاریبکات و لە 2017 هەوڵیدا بەڵام جیهان رازی نەبوو؟ 
 
خالید میشعەل: برای ئازیز، لەم ناوچەیە تازە کۆمەڵێک قەوارەی سیاسی پێکهاتوون، بۆ نموونە، لە هەندێک ناوچە لەناو سووریا تورکمان هەن، ئایا دەبێت بڵێین ئەمانە تورکمانن با مافی بڕیاردانی چارەنووسیان هەبێت؟
 
رووداو: بەڵام ئایە ئەوان نەتەوەیەکن یان پێکهاتەیەکی ئیتنیکین؟
 
خالید میشعەل: ئەوانیش نەتەوەن، تورکمان نەتەوەیە و جیاوازن لە نەتەوەی عەرەب...
 
رووداو: پێکهاتەیەکی ئیتنیکییە؟
 
خالید میشعەل: نا سەیرکە برام، نموونەیەکت دەدەمێ بۆئەوەی ئەوەندە لەناو ئەم بازنەیەدا نەخولێینەوە، تۆ پێتوایە مافی خۆتە بڕیار لە چارەنووسی خۆت بدەیت و چەندین ساڵ خەباتت بۆ کردووە، باشە ئەمە مافی خۆتە و مشتومڕی لەسەر ناکەم، ئێستا ئەمڕۆ من وەکو مرۆڤێک کە تەماشای نەخشەی سیاسیی ناوچەکە دەکەم، ئایا هیوا دەخوازم کە کورد و تورکمان و ئەوانی دیکەش چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن لە سایەی ململانێیەکدا کە ناوچەکە لەبەریەک هەڵبوەشێنێت؟ نەخێر هیوای ئەوە ناخوازم، هیوا دەخوازم ئەمە بە رازیبوونی هەموو لایەک رووبدات، واتە جۆرێک لە لێکگەیشتنی سیاسی لەناو ئەم ئوممەتەدا رووبدات، چونکە من حەز ناکەم.. بۆ نموونە ئەمڕۆ ئەگەر باسی دابەشبوونی عێراق بکەین، شیعە و سوننە.. دەبێت هیوای ئەوە بخوازین کە ببنە دوو هەرێم؟ شیعە لە لایەک و سوننە لە لایەک و کوردیش لە لایەک؟ نا هیوای وا ناخوازم، هیوا دەخوازم کە هەمووان لە سایەی یەکێتیی نیشتمانەکانماندا بژین، بەڵام بە رێزگرتن لە تایبەتمەندییەکانی هەرلایەک... ئەمە تێڕوانینی منە، بەڵام من نایەم مافی ئێوە زەوت بکەم لەوەی چۆن بیردەکەنەوە.
 
رووداو: بەڵام ئەگەر بێیتە سەر نموونەی فەڵەستین و ئیسرائیل، بۆ نموونە منیش وەکو کەسێکی بیانی بە ئێوە، ئێوە وەکو فەڵەستینییەکان بەئاشتی ناژین لەگەڵ ئیسرائیلییەکان، هەم ئێوە ئەوان قبووڵ بکەن، هەم ئەوانیش ئێوە قبووڵ بکەن، پێکەوە بەئاشتی و خۆشگوزەرانی بژین. بۆچی حەماس رێگەی چەکداری بەرامبەر ئیسرائیل بەکاردەهێنێت؟
 
خالید میشعەل: گفتوگۆمان دەربارەی ئەم بابەتە درێژەی کێشا و منیش ئەوەی هەمبوو روونم کردەوە، بەڵام جارێکی دیکەش دەیڵێمەوە: من هیچ جۆرە هەستیارییەکم نییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ هیچ لایەنێکی عەرەبی یان موسڵمان کە ناکۆک بم لەگەڵی لەسەر بابەتی سیاسی و ماف و ئەو شتانە، لۆژیک لە مامەڵەکردندا لەگەڵ هەر لایەنێکی عەرەبی یان موسڵمان، کریستیان، شیعە، سوننە یان کورد، ئەمانە وا تەماشایان دەکەم کە بەشێکن لە ئوممەتی ئێمە، هەستیار نیم بە مامەڵەکردن لەگەڵیان، لێکتێگەیشتنی ئاشتییانەی دوور لە ململانێش بە باشتر دەزانم لەگەڵیان، بەڵام کاتێک مەسەلەکە پەیوەندیی بە دووژمنێکی بیانییەوە هەبێت، خۆ من لەبەر ئەوە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل ناکەم کە جوون، بەڵکو لەبەرئەوەی ئەو مافەیان نییە و بەشێک نین لەم ناوچەیە، ئەوانە وەکو خاچپەرستەکان لە دەرەوە هاتوون و خاکی ئێمەیان داگیرکردووە، خۆ لەناو فەلەستین کریستیانیش هەن، بەڵام ئەوان بەشێکن لە نیشتمانی فەلەستین و بەشێکن لەم ئوممەتە. بە ئایین کریستیانن، بەڵام کولتووریان ئیسلامییە و ئینتیمایان بۆ ئەم ناوچەیەیە، کەواتە هاوبەشی ئێمەن لەو نیشتمانەدا، رێزیان دەگرین و لە داخوازییەکانیان تێدەگەین و لەو رووەوە ئێمە لە یەکێتییەکی نیشتمانیی بەهێزداین لە فەلەستین. بزووتنەوەی حەماس لە هەڵبژاردنەکانی 2006دا لەلایەن کریستیانەکانەوە دەنگی پێدرا، لەم ناوچەیەی ئێمە جووش هەن و هەمیشە بە ئارامی و لە ئاسایشدا ژیاون، ئیسلام ئایینێکی مەزنە و رێزی ئایینە ئاسمانییەکان دەگرێت و مافی پەرستشیان دەداتێ و دەستدرێژی ناکاتە سەریان، بەڵام کاتێک داگیرکەرێک لە دوورەوە دێت و پاساوەکەی ئەوەیە کە بزووتنەوەیەکی زایۆنی هەیە، خۆی عەلمانییە، بەڵام ئایینی بۆ ئەم شەڕە خستووەتە کار، بۆ مێژوو دەگەڕێتەوە و ئەو مێژووە تەزویر دەکات و وا بانگەشە دەکات کە ئەمە نیشتمانی جووە، ئەمەم پێ قبووڵ ناکرێت و ناتوانم لەگەڵی بژیم.. هەڵگرانی خاچیش لە رۆژئاواوە هاتبوون، ئێمە خۆمان کریستیانمان هەیە، بەڵام مەبەستم خاچپەرستەکانە، دینی کریستیانێتی لە دژی من بەکاردەهێنن، بێگومان قبووڵی ناکەم، بەڵام هاوبەشەکانی خۆمان لەم ناوچەیە موسڵمان، عەرەب، کورد، شیعە و سوننە، لە هەر تایفە و ئیتنیکێک بن، نا ئەوانە، تەنانەت ئەگەر لەگەڵیشیان ناکۆک بم لەسەر مەسەلەیەکی سیاسی، بەڵام بە جۆرێکی دیکە رەفتاریان لەگەڵ دەکەم، جیاواز لەو جۆرەی کە لەگەڵ ئیسرائیل رەفتار دەکەم. ئەمەیە دیدگای من.
 
رووداو: لەسەر بزووتنەوەی حەماس لە سەرەتای دروستبوونییەوە، لە سەرەتای ساڵەکانی نەوەتەکان تاوەکو کۆتایی دوو هەزارەکان، ئەو دیدەی کە لە هەموو جیهاندا بۆ حەماس هەبوو، ئەو دیدە بوو کە حەماس رێکخراوێکی نیشتمانیی فەڵەستینیی ئیسلامییە کە جەنگ لەپێناو ئازادکردنی فەڵەستیندا دەکات. ئەمە قسەی من نییە، بەڵام بەڕوونی لە هەموو جیهانی ئیسلامیدا، کە حەماس لەو رێچکەیەوە دەخزێتە رێچکەیەکی دیکە، کە لە چوارچێوەی ستراتیژیی ئێرانیدا کار بۆ تەواوکردنی کەوانەی شیعیدا بکات. ماندوو نین؟ دڵگران نین بەوەی ئەو دیدگەیەی موسڵمانان هەیانبوو بۆ حەماس؟ ئەمڕۆ ئاوایان لێهاتووە؟
 
خالید میشعەل: سەیرکە، تێڕوانینەکە نەگۆڕاوە و هەڵگەڕابێتەوە، بەڵێ گلەییەک هەیە و تێبینیش هەیە لەلایەن دڵسۆزانی ئەم ئوممەتەوە، ئەوەش بەهۆی هەندێک لێدوان کە لە دەمی سەرکردە و سیمبوڵەکانی حەماسەوە دەرچووە، راستە بەڵێ گلەیی هەیە و لە هەندێک لێدوانیشدا شتی هەڵە گوتراون، بەڵام لە ستراتیژدا برای ئازیزم، حەماس بزاڤێکی فەلەستینییە، عەرەبی و ئیسلامییە و سوننیشە، بەڵام ئێمە دەمارگیر نین، من سوننیم بەڵام هیچ دەمارگیرییەکم لە دژی شیعە نییە، من عەرەبم، بەڵام دەمارگیریم دژی نەتەوەکانی دیکە نییە.. لەگەڵ تورک و کورد و فارس و لەگەڵ هەمووان مامەڵە دەکەم و کێشەم نییە، کەواتە ئێمە بزاڤێکی فەلەستینیی عەرەبیی موسڵمانین، شەڕ لە دژی داگیرکەری ئیسرائیلی دەکەین، دۆزێکی نیشتیمانیمان هەیە کە دۆزێکی ئیسلامیشە و فەلەستین دڵی ئەم ئوممەتەیە و قیبلەی یەکەمی موسڵمانان بووە و خاکی ئیسرا و میعراجە، ئەمڕۆ بۆئەوەی شەڕ لەگەڵ ئەو داگیرکەرە بکەم و سەربکەوم، هەر بزووتنەوەیەکی بەرگری پێویستی بە هاوکاری و پشتیوانی هەیە، بۆیە لە دەرگای هەموو ئوممەتی ئیسلامی دەدەین، ئێمە بەتایبەتی نەچووین لە دەرگای وڵاتێکی دیاریکراو بدەین، لە دەرگای هەموو وڵاتانی عەرەبیمان داوە، هەموو وڵاتانی ئیسلامی و وڵاتانی جیهانیش، هەرلایەک دەرگای بۆ کردبینەوە گوتوومانە سوپاس و داوای هاوکاریمان لێ کردووە، داوای هاوکاریی دارایی، سەربازی، ئەمنی و سیاسی و مەشق و داوای چەکمان کردووە.. هەر دەوڵەتێک بەگوێرەی توانای خۆی هاوکاریی کردووین، هەیە پارەی داوە، بەڵام چەکی نەداوینەتێ، دەوڵەت هەیە چەکی داوە.. دەوڵەت هەیە..
 
رووداو: جگە لە ئێران هیچ وڵاتێکی دیکە هەیە، چەکی پێدابن؟
 
خالید میشعەل: نا، وەکو دەوڵەت؟ هیچ دەوڵەتێک چەکی بە ئێمە نەداوە..
 
رووداو: تەنیا ئێران؟
 
خالید میشعەل: جگە لە ئێران، وەکو چەک، بەڵام پارە لە ئێرانیشمان وەرگرتووە و لە غەیری ئێرانیش.. ئەمڕۆ من کاتێک، بۆ نموونە کە روو لە دەوڵەتە عەرەبییەکان دەنێم، دەڵێم برایینە، ئێمە بزووتنەوەیەکی بەرگرین، ئێمە ئۆپۆزسیۆن نین لە دژی رژێمێک هەتا لە هاوکاریکردنمان بترسن، بە پارە و بە سیاسەت و بە چەک هاوکاریمان بکەن، ئەمە دژی ئیسرائیلە خۆ دژی رژێمێکی عەرەبی یان لە دژی دەسەڵاتی فەلەستینی نییە، هەندێکیان دەترسێن، هۆیەکەشی گوشاری ئەمریکایە، یان هەر بەهۆی قەناعەتی خۆیانە، ئێمە رێز لەوە دەگرین، بەڵام کاتێک لە سەرەتای نەوەتەکاندا لە دەرگای ئێرانمان دا، واتە پێش نزیکەی 30 ساڵ، پێشوازییان لێکردین و بە پارە و بە چەک و بە مەشق و راهێنان و بە پیشەسازی هاوکارییان کردین... ببوورە، ئەمڕۆ، وەرگرتنی ئەم هاوکاریانە لە ئێران یان هەر دەوڵەتێکی دیکە لەلایەن حەماسەوە، ئایا دەیکاتە پاشکۆی ئەو دەوڵەتە؟ نەخێر.
 
رووداو: بەڵام لە هەمان کاتدا، پێتان وایە ئێران لەبەر چاوی رەشی ئێوە ئەم چەک و پارە و پشتگیرییەتان بکات؟ یان لەپێناو قودس ئەوە بکات؟ ئەوە سیاسەتە. ئەوە ریتۆریکی سیاسەتە. بێگومان ئەویش دەبێت ئامانجێکی هەبێت.
 
خالید میشعەل: برام، ئەمە خۆ بە تەنیا لەسەر ئێران جێبەجێ نابێ، لەسەر هەموو دەوڵەتانە...
 
رووداو: هەموو جیهان.
 
خالید میشعەل: ببوورە، من ئێستا لە قەتەر نیشتەجێم، بەرژەوەندیی قەتەر لە چیدایە کە سەرکردایەتیی حەماسی داڵدە داوە، هاوکاریی غەززە دەکات، هەموو مانگێک 30 ملیۆن دۆلار دەنێرێت بۆ غەززە بۆ کارەبا و مووچەی بەشێکی فەرمانبەران و خێزانە هەژارەکان؟ تورکیا بە هەمان شێوە پرۆژەی لە غەززە و لە قودس هەیە و بە هەمان شێوە بەشێک لە سەرکردەکانی حەماسی داڵدە داوە، هەمان پرسیار بۆ ئەوانیش رەوایە: بەرژەوەندییان لە چیدایە؟ من پێتدەڵێم، راستە ژیان و سیاسەت هەمووی بەرژەوەندییە، بەڵام پرەنسیپیش هەیە، یەکەم لەڕووی پرەنسیپەوە، نامەوێت بچمە ناو عەقڵ و دڵی مرۆڤەوە، بەڵام لە هیچ دەوڵەتێکی ناگرم جا عەرەبی بێت یان ئیسلامی، لە هاوکاریکردنی حەماس و مامەڵەی لەگەڵ دۆزی فەلەستین پاڵنەرێکی مەبدەئیانەی هەبێت، ناتوانم، من لە نزیکەوە چاوم بەو سەرکردانە کەوتووە، هەندێکیان فەلەستینیان خۆشدەوێت و هەندێکیان دڵیان بۆی دەسووتێت، بۆیە پاڵنەری ئایینی، یان نیشتمانی، یان پیاوەتی، دەشێت لەو دەوڵەتانەوە و لای ئەو سەرکردانەوە هەبێت و من لەوەدا ناحەقیان ناگرم، بەڵام بەرژەوەندی.. راستە، بەرژەوەندییان چییە؟ من پێتدەڵێم: هەندێک نموونەت بۆ دێنمەوە.. پێش ئەوەی باسی ئێران بکەم، نموونەی هەندێک دەوڵەتی دیکەت بۆ دێنمەوە. حەماس چەندین شەڕی کردووە.. لە شەڕی 2008 – 2009دا، سەرکردایەتیی حەماس لە دیمەشق بوو، دیمەشق چ سوودێکی لێ بینی؟ دیمەشق بوو بە رووگەی جیهان لەکاتی شەڕەکەدا، چونکە سەرکردایەتیی حەماس لەوێ بوو، دیمەشق لەو کاتەدا بوو بە رووگەی هەموو جموجووڵە سیاسییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان کە هەوڵی ئاگربەستیان دەدا و دەهاتنە لای حەماس، ئەمە کارتێکی دایە دەستی سووریا.. بە هەمان شێوە لە شەڕی 2012، من و بەشێک لە سەرکردایەتیی حەماس و سەرۆکی بزووتنەوەی جیهادی فەلەستینی چووین بۆ قاهیرە، بە هەمان شێوە قاهیرە لە سەردەمی سەرۆک مورسیدا بوو بە پایتەختێک کە هەموو جموجووڵە سیاسییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ راگرتنی شەڕەکە روویان لەوێ دەکرد. هیلاری کلینتن خۆی هات بۆ کۆشکی ئیتیحادی و ئەوێی بەجێنەهێشت تاوەکو ئاگربەست رانەگەیێندرا. لە شەڕی ساڵی 2014 من سەرۆکی بزووتنەوەکە بووم و لێرە بووم لە دۆحە، دیسان بە هەمان شێوە ئیدارەی ئەمریکی ناڕاستەوخۆ و لەڕێی سەرکردایەتیی قەتەرەوە دانوستاندنی لەگەڵ دەکردین. ئەمە لە شەڕی ساڵی رابردووشدا دووبارە بووەوە..
 
رووداو: واتە تاران دەبێتە ناوەندی جەنگی جیهانی؟
 
خالید میشعەل: یەک خولەک، خوا دەزانێ، بەڵام ئێمە ئێستا لە ئێران نین..
 
رووداو: جەنگی داهاتوو..
 
خالید میشعەل: مەبەستم، نەخێر نەخێر مەرج نییە، سەرکردایەتیی بزووتنەوەکە لە هەر جێیەک بێت، ئەو پایتەختەی کە ئەوانی لێن، یان بەشێکی سەرکردایەتییەکەی لێیە و بەتایبەتیش سەرۆکی مەکتەبی سیاسی کە پێشتر عەبدولفەقیر بوو، ئێستاش برام ئیسماعیل هەنیە، ئەو شوێنەی سەرۆکی بزووتنەوەکەی لێیە، دەبێتە سەنتەری جموجووڵی سیاسی و دیپلۆماسی، کەواتە ئەم دەوڵەتانە سوودمەند دەبن لە داڵدەدانی حەماس، بێگومان پشتیوانی لە حەماس جا سیاسی بێت یان دارایی لەلایەن هەندێک وڵاتەوە، بارگرانییەکیان بۆ دروستدەکات، بەڵام حەماسیش بەوەدا کە بزووتنەوەیەکی بەهێزە و نێوبانگێکی هەیە و لەلایەن خەڵکەوە خۆشەویستە، بوونی ئەم بزووتنەوەیە لە هەر دەوڵەتێک بێت خزمەتی ئەو دەوڵەتە دەکات لەڕووی بەهێزکردنی رۆڵی سیاسییەوە، بەڵام ئێران.. من 10 ساڵ لەمەوبەر لە گفتوگۆیەکمدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی وڵاتێکی عەرەبی کە هەڵوێستێکی بەرامبەر ئێران هەیە، بە منی گوت، ئەبو وەلید ئێوە پێتانوایە ئێران رێکخراوی خێرخوازییە کە هاوکاریتان دەکات؟ لەپێناوی خوایە؟ ژیان بەرژەوەندییە و سیاسەتیش بەرژەوەندییە، گوتم راستە دنیا بەرژەوەندییە، گوتی کەواتە ئەم هاوکارییە نرخیشی هەیە، گوتم بەڵێ نرخی هەیە.. وەزیرەکە دڵی خۆش بوو، وەکو بڵێت تەواو ئەوە حەماس خۆی دانی بە شتێکدا نا و پێی شەرمەزار دەبن؛ گوتم دەزانی نرخەکەی چییە جەنابی وەزیر؟ گوتم، دوو شت هەن ئێران سوودیان لێ وەردەگرێت، یەکەمیان ئەوەیە کە دەڵێت من لەگەڵ دۆزی فەلەستینم کە دۆزی سەرەکیی ئوممەتی ئیسلامە و ئەمەش خزمەتی نێوبانگی دەکات، چونکە دەڵێت، ئێمە بە تەنیا هەر پشتیوانی لە حیزبوڵڵای شیعی ناکەین، ئەوەتا هاوکاریی حەماس دەکەین کە عەرەبی سوننەن، ئەمە بێگومان خزمەتی نێوبانگیان دەکات لەسەر ئاستی ناوچەکە، بەتایبەتیش کە بە دڵنیاییەوە هەندێک هەستیاری هەن لەگەڵ ئێران بەهۆی ناکۆکیی سیاسی و رەهەندە تائیفی و مەزهەبییەکەش هەیە، کەواتە بەڵێ ئێران سوود لەم هاوکارییە دەبینێت، ئەمە یەکەمیان. دووەمیان ئەوەیە کە دەچێت بۆ وڵاتە ئەوروپییەکان و دەڵێ چیتان لە حەماس دەوێت ئێمە دەتوانین تەفاهومیان لەگەڵ بکەین، ئێ ئەمە بەشێکە لە زیرەکی.. من بەو وەزیرە عەرەبەم گوت، چ شتێک رێی لە ئێوە گرتووە کە کاتێک دەچنە ئەمریکا و ئەوروپا، پێیان بڵێن حەماس بزووتنەوەیەکی فەلەستینی و عەرەبییە، ئێمە دەتوانین لەگەڵیاندا گفتوگۆ بکەین؟ ئێمە داردەستی هیچ دەوڵەتێک نین و موڵکی هەموو ئوممەتین.. یەکێ لە پادشاکانی عەرەب کە ساڵی 2012 بینیم، گوتی دەچم بۆ ئەمریکا و چاوم بە ئۆباما دەکەوێت، تۆ چیت هەیە پێی بڵێم؟ گوتم، دەتوانیت بە ئەمریکییەکان بڵێی حەماس کە بزووتنەوەیەکی عەرەبی و فەلەستینی و ئیسلامییە، ئێمە دەتوانین لەگەڵیان بگەینە لێکتێگەیشتن، بۆ بەرژەوەندی دۆزەکەمان، بۆیە ئێمە بەڕووی هەموواندا کراوەین، ئەمە وەکو بنەما وەرگرە برای ئازیز: ئێمە سوپاسی هەر لایەک دەکەین هاوکاریمان بکات و دەڵێین خودا پاداشتتان بداتەوە، بەڵام ئەم پشتیوانییە مافێکی ئێمەیە لەسەر ئوممەتی خۆمان و سوپاسی هەر لایەک دەکەین هاوکاریمان بکات، بەڵام ئامادە نین نرخی هیچ پشتیوانییەک بە سەربەخۆیی بڕیاردانمان بدەین.. بڕیاری خۆمان ناکەینە بارمتە بەهۆی کۆمەکی دەوڵەتێکەوە، بە هیچ جۆرێک.. بە هیچ جۆرێک.. مومکین نییە بڕیاری خۆمان بدەینە دەستی هیچ دەوڵەتێک، قەبارەی پشتیوانییەکەی هەرچەند بێت. سیاسەتی خۆشمان بەهۆی گوشار یان داخوازیی ئەو دەوڵەتە ناگۆڕین.. سوپاس و پێزانینیشمان بۆ ئەو دەوڵەتە هیچ کاتێک بەو مانایە نایەت کە ئێمە لە ئەجێنداکانی دیکەیدا هاوتەریب دەبین لەگەڵی، جا ئەمە بۆ ئێران وایە و بۆ تورکیا هەر وایە و بۆ میسر و قەتەر و عێراقیش هەروا، واتە حەماس سەربەخۆیی تەواوی هەیە..
 
رووداو: بانگەشە بۆ خۆی دەکات، بەتەواوی لە قسەکەی جەنابت تێدەگەم.
 
خالید میشعەل: بوارم بدە، ئەو گلەییەی لە ئێمە هەیە، ئەمە شتێکە جار جار روودەدات، بەهۆی لێدوانێکە کە هەندێک جار شتی زیادی تێدا دەگوترێت.. بەڵام ئەمە هیچ پەیوەندییەکی نییە بە تێڕوانینی حەماس و ستراتیژی سەربەخۆییانەی حەماسەوە.
 
رووداو: زۆر باشە ئەمە دیدی جەنابتانە. تەنیا دڵگرانی نییە، لێدوانیش نییە. ئەو شەڕەی لە ئایاری 2021 دەستیپێکرد. بەشێکی زۆری بیرمەندەکانی عەرەب، بەشێکی زۆری بیرمەندەکانی گەلی ئیسلامی، پێیان وابوو کە بزووتنەوەی حەماس بەشداریی شەڕێکی لەو شێوەیە ببێت، بەڵکو ئەو خۆپێشاندانانە بە مەدەنی بمێنێتەوە و ئەوە زیاتر خزمەت بە قەزیەی فەڵەستینی دەکات. بەڵام ئێوە لەپڕ، بەشداری شەڕەکە بوون و مووشەکەکان قسەیان کرد و لە ئاکامدا، کۆمەڵێک خەڵکی فەڵەستینی و کۆمەڵێک خەڵکی ئیسرائیلیش گیانیان لەدەستدا. بە شێوەیەک لە شێوەکان بوونە هۆکاری ئەوەی گرژییەک دروست ببێت، کە مەرج نییە بە قازانجی خەڵکی فەڵەستین کەوتبێتەوە. ئەمە پرسیارێکی دروست کرد، کە ئایا ئەم شەڕی مووشەکە، ئێران پێی کردن یان نا. هەڵبەت ئەمەش پرسیارێکی هەڕەمەکی نییە، هەروا بکرێت، بەڵکو ئەم پرسیارە لە ناوەندە هزرییەکانی وڵاتانی عەرەبی دەکرێت.
 
خالید میشعەل: باشە تۆ ئێستا دوو بابەتت ورووژاند، بابەتی یەکەم: بۆچی حەماس بەردەوام نەبوو لە شێوازی رووبەڕووبوونەوەی جەماوەری لە دژی هێزەکانی ئیسرائیل لە قودس و لە حەوشەی مزگەوتی ئەقسا لە رووداوەکانی ساڵی رابردوودا؟ پاشان دێمە سەر بابەتی دووەمیش. سەیرکە برای ئازیز، حەماس و گەلی فەلەستین بە درێژایی 100 ساڵی رابردوو، واتە لە ئینتیدابی بەریتانییەوە لە سەرەتای بیستەکانی سەدەی رابردوو کە دەکاتە 100 ساڵی رێک، لە خەبات بەردەوام بوون، هەموو جۆرەکانی خەباتیان تاقیکردەوە، راپەڕین، شۆڕشی جەماوەری، مانگرتنی بەرفراوان وەکو ئەوەی ساڵی 1936، خەباتی چەکدارانە، کاری فیداکارانە بە ناردنی خۆبەخش لە دەرەوە لە رێگەی ئوردن و سووریا و لوبنانەوە لە شەستەکان و حەفتاکان، هەروەها کاری بەرگریکارانە لەناو فەلەستینەوە تاوەکو لە کۆتاییدا چووە شەڕی سەرتاسەرییەوە لە وەڵامی دووژمنکارییەکانی ئیسرائیل، گەلی فەلەستین ئامانجێکی نەگۆڕی هەیە کە بریتییە لە رزگارکردنی فەلەستین لە داگیرکاریی ئیسرائیل، بەدەستهێنانەوەی قودس و مزگەوتی ئەقسا، گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ نیشتمانی خۆیان، ئازادکردنی دیلەکانمان و بنیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستینی بە سەروەریی تەواوەوە..
 
رووداو: ئێستا تەکنیکێکی نوێ تاقیدەکەنەوە؟
 
خالید میشعەل: یەک خولەک، لە پێناوی ئەم ئامانجە هەموو رێگەکان تاقی دەکەینەوە.
 
رووداو: ئێستا شێوەیەکی نوێیە لە ساڵی 2021ـەوە؟
 
خالید میشعەل: نا، نموونەت دەدەمێ، لە غەززە بۆ نموونە چەندین جۆری بەرگری و شەڕمان تاقیکردەوە، بەڵام دیسانیش غەززە دوو سێ ساڵ رێپێوانی گەڕانەوەی کرد کە رێپێوانی ئاشتییانە بوو، واتە غەززە هەم رێگەچارەی سەربازیی تاقیکردەوە و هەم رێگەچارەی ئاشتییانە، ئێمە لەگەڵ برایانی رامەڵڵا، خۆم 10 ساڵ لەمەوبەر بە سەرۆک ئەبوو مازنم گوت وەرن کاکە با ئێمە و ئێوە پێکەوە لەسەر شێوازێکی خەبات رێکبکەوین، ئێوە باوەڕتان بە بەرگریی میللی هەیە، ئێمەش باوەڕمان بە بەرگریی میللی هەیە، بەڵام باوەڕمان بە بەرگریی چەکدارانەش هەیە.. بەرگریی میللی خاڵێکی هاوبەشمانە، وەرن با بەرگرییەکی میللیی راستەقینە رێکبخەین، بەداخەوە ئەوان لۆژیکەکە قبووڵ دەکەن بەڵام هیچ ناکەن، حەماس لەو رووەوە کراوەیە، بەڵام بڕوانە برا گیان، رەمەزانی ساڵی رابردوو ئیسرائیل دەستدرێژی کردە سەر گەڕەکی شێخ جەڕاح و ویستی خەڵکەکەی رابگوازێ، دەستدرێژی کردە سەر مزگەوتی ئەقسا و چووە ناوی لەکاتێکدا خەڵکێک خۆیان لەناو بزگەوتەکە نابوو، ئێمە بەرگریمان کرد، بەڵام رەفتاری تووندوتیژانەی ئیسرائیل و شەهیدبوونی ژمارەیەک کەس وای لەوانەی ناو مزگەوتەکە کرد داوای بەهاناوەچوون لە مقاوەمە بکەن، ئەمڕۆش مقاوەمە لە غەززە ناتوانێ دەستەوسان بوەستێ، ئێمە یەک گەلین و یەک دۆزمان هەیە، بەتایبەتیش کاتێک مەسەلەکە پەیوەست بێ بە قودس و مزگەوتی ئەقساوە، ئەمە بە پێچەوانەوە بۆ گەلی فەلەستین و بۆ خەڵکی غەززە ئەژمار دەکرێ، هەمیشەش هەر بزووتنەوەیەک، تەماشای مێژوو بکە، هەموو گەلانی دنیا کە خەباتیان بۆ مافی بڕیاردانی چارەنووس کردووە، ئەوە ڤێتنام، ئەوە باشووری ئەفریقا و ئەمریکای لاتین و لە هەموو شوێنێک، گەلان هەموو جۆرەکانی خەبات تاقی دەکەنەوە، خەباتی ئاشتیانە و سەربازیانە بە نەفەسی درێژەوە لە پێناوی رزگارکردنی وڵاتەکانیان. ئەمە لایەنی یەکەمی، لایەنی دووەمیشی، نا برای ئازیز، مووشەکەکانی حەماس و مقاوەمە تەنیا بە بڕیارێکی نیشتمانییانە دەخرێنە کار و تەنیا بۆ ئامانجی دۆزی فەلەستینیشە، بەشێک نییە لە ئەجێندای نە ئێران و نە هیچ دەوڵەتێکی ناوچەکە. ئێمە وەکو گوتم باڵی سەربازیی هیچ دەوڵەتێک نین.
 
رووداو: باشە ئەم قسانەی تۆ، بۆ کاتێک کە خۆت سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس بوویت، 100٪ خەڵک پێیان رازی بوو و باوەڕیان بەم قسانە دەکرد کە دەتکرد. بەڵام ئەمڕۆ، دوای بەشداریکردنی بەڕێز ئیسماعیل هەنیە لە رێوڕەسمی کۆچی دوایی قاسم سولەیمانیدا، دەستنیشانکردنی کاتەکان، دوای بەکارهێنانی درۆن و مووشەک، کە زیاتر بۆنی شێوازی رووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەکدارە ئێرانییەکان لێدێت، کە لە عێراق و سووریا و یەمەنیش دەیگرنەبەر. ئەم قسانە چیدیکە قایلکەر نەماون.
 
خالید میشعەل: من راستییەکەت پێدەڵێم، ستراتیژیی حەماس و دیدگەی و هەڵوێستی لەو بابەتە هەستیارەدا بەهیچ جۆرێک نەگۆڕاوە نە لە سەردەمی خالید میشعەل و نە لە سەردەمی ئیسماعیل هەنیە، خالید میشعەل و ئیسماعیل هەنیە بەشێکن لەم بزووتنەوەیە و لە سەرکردایەتییەکەی، هەردووکیشیان هەمان ستراتیژ و قەناعەتیان هەیە، بەڵام هەندێ جیاوازی کە لە لێدوانەکاندا بەدی دەکرێ، ئەو لێدوانانە هەندێ جار دنەی خەڵک دەدەن، رەنگە هەندێ قسە زیاد بن یان هەڵە بن، ئێمە دانی پێدا دەنێین، تەنانەت لە سەردەمی منیش هەندێ شت گوتراون کە خەڵکێکیان تووڕە کردووە، بەڵام ئەوە گوزارشت لە ستراتیژیی حەماس و دیدگای ناکات، ئەمە یەکەم، دووەم بۆ ئەوانەی کە زۆر فۆکەس دەخەنە سەر بابەتی ئێران، من لەوە تێدەگەم کە هەندێ دەوڵەتی ناوچەکە لە سیاسەتەکانی ئێران رازی نین و ئەمە مافی خۆیانە، بەڵام پێویستە دڵنیا بن و متمانەیان بەوە هەبێ کە حەماس پاشکۆی کەس نییە، ئێستا پرسیارە گەورەکە ئەمەیە: لە جیاتی ئەوەی دانیشین و هەر باسی ئەمە بکەین، بۆچی دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامیی سوننی خۆیان دەستپێشخەری ناکەن و ئەرکی سەرشانی خۆیان بە شێوەیەکی راستەقینە لە هەمبەر مەسەلەی فەلەستین بەجێ ناهێنن، من نموونەیەکت دەدەمێ، مرۆڤ کە پێویستی بە شتێک بوو، هەرکەسێ دەستی یارمەتی بۆ درێژ بکات دەبێ پێزانینی بۆی هەبێ، کاتێک مرۆڤێک دەکەوێتە دەریاوە، یان دەکەوێتە ناو حەوزی مەلەوانگەیەکەوە و خەریکە دەخنکێ، هەرکەسێ لەو کاتەدا پەتی بۆ هەڵدات، بێگومان سوپاسی دەکات لەبەرئەوەی ژیانی رزگار کردووە، لەکاتێکدا ببوورە... تۆ کە ئاوا خەریکە دەخنکێی و لەو کاتەدا خزمێکت بەوێدا تێدەپەڕێ، تەماشایەکت دەکات و هیچ بۆ رزگارکردنی ناکا، بەڵام یەکێ لە دوورەوە کە دەکرێ کریستیانێک بێت، یان لە غەیری مەزهەبی تۆ و ئایینی تۆ و رەچەڵەکی تۆ بێت، ئەوە هات و رزگاری کردی، بێگومان سوپاسی دەکەی و لۆمەی کەسە نزیکەکەی خۆیشت دەکەی کە بەدەمتەوە نەهات.. ئەمڕۆ گەلی فەلەستین پێویستی بە کۆمەکی هەرکەسێکە کە هاوکاری بکات لە خۆڕاگری و لە بەرەنگاربوونەوەی دووژمنکاریی ئیسرائیل، بۆیە دەڵێت سوپاس بۆ هەمووتان، بەڵام نابێتە... من پێتدەڵێم: بزووتنەوەی حەماس نە لە گیرفانی ئێراندایە، نە لە گیرفانی قەتەردایە، نە لە گیرفانی تورکیادایە، نە لە گیرفانی میسر و ئوردن و سووریادایە و نە هیچ وڵاتێکی دیکەی عەرەبی.. ئێمە ئازادین و هەرکەس هاوکاریمان بکات دەڵێین سوپاس، بڕیاری سەربەخۆی خۆمان هەیە، ئەگەر لە هەندێ لێدواندا هەڵەمان کردبێ، ئەمە بەهیچ جۆرێ بە مانای گۆڕان لە جەوهەری دیدگا و ستراتیژی حەماسدا نییە، هیوادارم هەموو لایەک بەمجۆرە تێیبگەن.
 
رووداو: ناڕەحەت بوویت لە بەشداریکردنی ئیسماعیل هەنییە لە رێوڕەسمی کۆچی دوایی قاسم سولەیمانی؟
 
خالید میشعەل: بۆچی ناڕەحەت بین، قاسم سولەیمانی دەزانم کە هەندێ گەلی ئەم ناوچەیە بەجۆرێکی دیکە دەیبینن لەبەرئەوەی ئەجێندایەکی لەم ناوچەیە هەبوو، بەڵام ئێمە وەکو گەلی فەلەستین قاسم سولەیمانی وا دەبینین کە پشتیوانی مقاوەمەی فەلەستینی بووە، کەواتە جیاوازییەک لە تێڕوانیندا هەیە لەنێوان دوو لایەن بۆ هەمان کەس، تۆیش کێ پشتت بگرێ، وەکو وەفایەک پێی دەڵێی سوپاس و ئەگەر کۆچی دوایی کرد دەچیتە پرسەکەی، بۆیە برام ئیسماعیل هەنیە کە سەرۆکی بزووتنەوەکەیە چووە پرسەکەی، بە بڕیاری سەرکردایەتیی بزووتنەوەکەش چووە نەک سەربەخۆ چووبێ.
 
رووداو: تۆ بەشداربوویت لەو کاتەدا؟
 
خالید میشعەل: نا من ئەوکاتە لە سەرکردایەتیی بزووتنەوەکەدا نەبووم.
 
رووداو: چونکە 2020 بوویت.
 
خالید میشعەل: من دواتر لە مانگی ئاب هاتمە ناو سەرکردایەتیی بزووتنەوەکە.
 
رووداو: دوای ئەوەی وەک سەرۆکی مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردرایتەوە.
 
خالید میشعەل: بەڵێ.
 
رووداو: ئەگەر تۆ لەو کاتەدا سەرۆکی حەماس بوویتایە، دەچوویت؟ 
 
خالید میشعەل: من وەڵامی پرسیاری گریمانەیی نادەمەوە، من پیاوێکم سوپاس بۆ خوا بەشی ئەوە ئازایەتی ئەدەبی و متمانەم لە دوای خوای گەورە بەخۆم و هەڵوێستی خۆم هەیە، کە بتوانم رای خۆم لەسەر هەر بابەتێک بڵێم کاتێک دێتە بەردەمم و بەرپرسیار دەبم لە بەرامبەری، بەڵام وەڵامدانەوەی پرسیاری گریمانەیی، پێموایە ئەوە پێویست نییە.
 
رووداو: بەڵام رێک ئەوکاتە، سەرچاوەیەک زانیاریی ئەوەی بە ماڵپەڕی ئیندیپێندێنتی عەرەبی دابوو، کە بەڕێزتان ناڕەحەت بوون لەو هەڵوێستە.
 
خالید میشعەل: نا من هیچ کۆمێنتێکم لەسەر ئەو بابەتە نەبووە و کەسیش ناتوانێ لە جیاتی من لێدوان بدات.
 
رووداو: وێنەیەک هەیە زۆر مەبەستمە، پێشانی جەنابتی بدەم. دەیبینیت یان چاویلکەکەت لەچاو دەکەیت.
 
خالید میشعەل: نا نا دەیبینم بەڵێ.
 
رووداو: لەم نوێژەدا، ئیسماعیل هەنییە هەیە، بەڵام جەنابت نیت. یەکەمیان، بۆچی جەنابتی تێدا نییە؟ دووەمیان، پێویست دەکات حەماس لەم وێنەیەدا بێت؟
 
خالید میشعەل: بۆچی من لە وێنەکەدا نیم دەبێ پرسیار لەوکەسە بکەیت کە وێنەکەی دروستکردووە.
 
رووداو: بەڵام رەنگە پرسیار لە هەڵوێستەکانی تۆش بکرێت، یان هەڵوێستەکانت بێت تۆی نەخستبێتە وێنەکەوە؟
 
خالید میشعەل: نا نا وەڵامت دەدەمەوە، وەڵامت دەدەمەوە. مەبەستم ئەوەیە ئەوەی ئەم وێنەیەی دروست کردووە یان کێشاویەتی و وێنەی منی تێدا دانەناوە، دەبێ ئەو پرسیارە لەو بکرێ، بەڵام ئەوە نهێنی نییە کە خەڵک لە ئێران گلەییان لە خالید میشعەل کردبوو لەسەر ئەوەی سووریای بەجێهێشت و بەرپرسیارێتی ئەوە دەخەنە ئەستۆی من، ئەمە هەڵوێستێکە پێی ئاشنام و من وەکو خۆم هەڵەم بەرامبەر کەس نەکردووە، من خراپەم نە بۆ سووریا هەبووە نە بۆ ئێران، خراپەم بۆ هیچ لایەنێکی عەرەبی و ئیسلامی و لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتیش بۆ هیچ لایەنێک نەبووە کە هاوکاریی حەماسیان کردبێ و پشتیان گرتبێ، بەڵام من خاوەنی بڕیاری سەربەخۆم و ملکەچی هیچ لایەک نیم، دەتوانم بۆ لای راست بڕۆم و بۆ لای چەپ بڕۆم و بچمە پێشەوە و بگەڕێمە دواوە بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی دۆزەکەم و بەگوێرەی بڕیاری خۆم وەکو سەرکردەیەکی حەماس، من پاشکۆی کەس نیم، بۆیە هەرلایەک تووڕە دەبێ و گلەیی دەکات و دڵگران دەبێ کەیفی خۆیەتی، بەڵام من سەربەخۆم.
 
رووداو: پەشیمان نیت لەو بڕیارەی کە سووریات بەجێهێشت؟
 
خالید میشعەل: نا بێگومان نەخێر، بۆچی پەشیمان بم؟ چونکە...
 
رووداو: ئەنجامەکانی بۆ حەماس ئاوا باشترە؟ ئەگەر حەماس لە سووریا بمایەتەوە، ئەنجامێکی دیکەی دەبوو؟
 
خالید میشعەل: سەیرکە.. نا نا بێگومان دەرچوونی حەماس لە سووریا بڕیارێکی دروست بوو، چونکە حەماس کاتێک سووریای بەجێهێشت بۆ بەرژەوەندی نەدەگەڕا، بە پێچەوانەوە بەرژەوەندیی زۆریشمان لەناو سووریادا هەبوو.. حەماس ویستی خۆی لەوە لابدات کە کەنارگیر ببێ.. سەرکردایەتیی سووریا لەوکاتەدا گلەیی لە سەرکردایەتیی حەماس دەکرد و دەیانویست ئێمە لە بەرەی دەوڵەت یان رژێمەکە لە دژی گەلی سووریا بوەستین... بۆیە ئێمە ئەوەمان رەتکردەوە و لەسەر پرەنسیپەکانی خۆمان وەستاین، بۆیە ئێمە نەبووینە بەشێک لە قەیرانی سووریا، نە لەگەڵ رژێمەکە وەستاین لە دژی گەل، نە لەگەڵ گەل لە دژی رژێم، ئەمە هەڵوێستی سەربەخۆیانەی ئێمە بووە.
 
رووداو: ئەگەر سبەی قەتەر داواتان لێ بکات، لە شتێکی دیکەی هاوشێوەدا هەڵوێستێک یان رۆڵێک ببینن، ئەوێش بەجێدەهێڵن کەواتە؟
 
خالید میشعەل: سەیرکە، کاتێک بکەوینە دۆخێک لە شپرزەییەوە، داوای هەڵوێستێک یان دەستبەرداربوون لە شتێکمان لێ بکرێ کە ئێمە باوەڕمان پێی نەبێ و دژی پرەنسیپەکانی ئێمە و هەڵوێستەکانمان و باوەڕمان بێ و دەستوەردان لە بڕیاری ئێمەی تێدا بێ، بە دڵنیاییەوە.. ئێمە ئازادین و لەگەڵ هەمووان هەمان شت دەکەین.
 
رووداو: وێنەکەمان با بیر نەچێتەوە، حەماس بچێتە چوارچێوەی وێنەیەکەوە کە حوسییەکان، گرووپەکانی بەرگریی عێراقی تێدایە...
 
خالید میشعەل: وەڵامت دەدەمەوە، ویستم وەڵامی ئەوە بدەمەوە پرسیارێکی دیکە هاتە پێشەوە.. بە کورتی، من پێمخۆش نییە حەماس بخرێتە چوارچێوەی تەنیا یەک رەنگ لە رەنگەکانی ئەم ئوممەتەوە، من ئوممەت بە هەموو رەنگ و پێکهاتەکانیەوە دەبینم، عەرەب و غەیری عەرەب، موسوڵمان و کریستیان، شیعە و سوننە، ئەمانە پێکەوە یەک ئوممەتن، من بە هەموو ئەم رەنگانەوە هیچ کێشەم نییە بچمە تەنیشتی برای کریستیان، برای کورد، برای تورک و برای ئێرانی و برای عەرەب و برای شیعی و برای سوننی لەو رووەوە کێشەم نییە، بەڵام بخرێمە چوارچێوەی یەک رەنگەوە، نا ئەمە وەکو حەماس بۆ ئێمە گونجاو نییە، بۆیە من گوزارشت لە بزووتنەوەیەک دەکەم کە بەشێکە لەم ئوممەتە بە هەموو پێکهاتەکانیەوە.. پێم شەرم نییە بچمە پاڵ پێکهاتەکانی ئەم ئوممەتە بە گشتگیری، بەڵام جیاکردنەوەی بەشێک لە پێکهاتەکانی ئەم ئوممەتە و حەماسیش بخرێتە چوارچێوەی ئەو رەنگە وەک ئەوەی لە بەرامبەر باقی پێکهاتەکانی ئەم ئوممەتە راوەستابێ، نا ئەوە قبووڵ ناکەین.
 
رووداو: لەو چوارچێوەیەدا، کەواتە پێتان خۆش نییە ناوتان بچێتە چوارچێوەی، ئەوەی ئێستا پێ دەگوترێت، بەرەی بەرەنگاری، کە چەکی کۆنتڕۆڵنەکراویشی پێ دەگوترێت. واتە گرووپە شیعەکان خۆشیان لێیان رازی نیین، هەروەها لە یەمەن، لە سووریا و حیزبوڵڵا. ناتانەوێت ناوتان بچێتە یەک رستەوە لەگەڵیان.
 
خالید میشعەل: بەڵێ منیش ئەوەم گوت، سەیرکە، یەکەم من گوتم بە شێوەیەکی گشتی، دانانمان لە چوارچێوەی یەک رەنگ و یەک گرووپدا لای ئێمە قبووڵکراو نییە، دووەم: بچمە پاڵ لایەنێک کە شەڕی ئیسرائیل دەکات، هیچ کیشەیەکم نییە، هەر لایەنێک شەڕ لە دژی ئیسرائیل بکات، عەرەب بێت، موسڵمان بێت یان نا موسڵمان، شیعە بێت یان سوننە، شەڕ لە دژی ئیسرائیل بکات، لەپاڵی دەوەستین و کێشەمان نییە، بەڵام حەماس و مقاوەمەی دژی ئیسرائیل ناخەینە بەرەی هێزگەلێک کە لە وڵاتی خۆیان نەیاری سیستەمەکەن، یان بەشێکن لە دۆخێکی سیاسی و سەربازی لە وڵاتی خۆیان، ئێمە لەو رەنگە نین، واتە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل بەڵێ هەموومان یەک ریز دەبین، بەڵام هاوشێوەکاری نەکرێ لەنێوان ئەوەی شەڕ لە دژی دووژمنی زایۆنی دەکا و ئەوەی قەناعەتێکی تایبەت بەخۆی هەیە، ئەوەیان کەیفی خۆیەتی، لە وڵاتانی عەرەبی جا عێراقە، یەمەنە یان هەرکوێ، ئەجێندا و بەرنامەی سیاسی و عەسکەریی خۆی هەیە، ئەوە حاڵەتێکی جیاوازە لە حاڵەتی ئەوەی بەرامبەر ئیسرائیل رادەوەستێ جا لە هەر رەنگ و پێکهاتەیەکە.
 
رووداو: دوایین پرسیارم لەسەر ئیخوان موسلیمین دەبێت، بێگومان رەگ و ریشەی بزووتنەوەی حەماس لە قوتابخانەی ئیخوانەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام لە 2017 ئێوە گەیشتنە قۆناخێک کە دەستووری خۆتان هەموارکردەوە، هەروەها لە رووی رێکخستنەوە لە بزووتنەوەیەکی ئیخوانییەوە گۆڕان بۆ رێکخستنەوەیەکی جیاواز. لە 2017ـەشەوە تاوەکو ئەمڕۆ، هاتوونەتە ئەم وێنەیەوە، کە ئێوە دەڵێن نابێت لەو وێنەیەدا هەبن. پێگەکەتان گۆڕاوە، خۆشتان بڵێن نەگۆڕاوە، گۆڕاوە. خزاون لە هێڵێکی ئیخوانییەوە بۆ هێڵێکی ئێرانی. 
 
خالید میشعەل: نا... ئەوە ئەنجامگیرییەکی.. رێم بدە بڵێم هەڵەیە، یەکەم ئەو بەڵگەنامە سیاسییەی ساڵی 2017، بەڵگەنامەیەکە گوزارشت لە پەرەسەندنی سیاسی و فکری لای بزووتنەوەی حەماس دەکات، ئەوە رەنگدانەوەی ئەو پەرەسەندن و پێگەیشتنەیە نەک گۆڕینی بەڵگەنامەی ساڵی 1987.
 
رووداو: یەک خولەک، ئێوە ئەمڕۆ ئیخوانن یاخود ئیخوان نین؟
 
خالید میشعەل: راوەستە یەک خولەک  
 
رووداو: زۆر باشە...
 
خالید میشعەل: ئێستا دێمە سەر ئەوە برام، من وەڵامی هەموو پرسیارەکانت دەدەمەوە، بەڵام تۆ سەبرت هەبێ.. کەواتە خاڵی یەکەم، ئەو بەڵگەنامەیەی ساڵی 2017 گوزارشتە لە گەشەکردنی فکری سیاسی لای حەماس نەک گۆڕینی بەڵگەنامە کۆنەکە، چونکە رەتمانکردەوە بیگۆڕن، ئەمە خاڵی یەکەم.. دووەم، ئێمە ئیخوان موسلیمینین، پێشتر و ئێستاش.. لە فەلەستین بزووتنەوەیەکی ئیسلامی هەبووە بەناوی ئیخوان موسلیمین، ئەم بزووتنەوەیە لە ساڵی 1987 بووە بەشێک لە مقاوەمە لە دژی دووژمنی زایۆنی و ناوی خۆی کردە بزووتنەوەی حەماس، بەڵام ئەم ناوە نوێیە ئینتیمای ئێمەی بۆ ئیخوان هەڵنەوەشاندەوە، وەکو کۆمەڵی ئیسلامی لە لوبنان کە ئیخوانن، بزووتنەوەی نەهزە لە تونس ئیخوانن، گردبوونەوەی چاکسازی لە یەمەن ئیخوانن، بەڵام ناویان بەوجۆرەیە، ئێمەش لە فەلەستین ئیخوانین و ناومان بزووتنەوەی مقاوەمەی ئیسلامی (حەماس)ـە، باشە، ئینتیمای حەماس لەڕووی فکرییەوە بۆ قوتابخانەی ئیخوان، پێشتر و ئێستا و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێ، بەڵام ئێمە جۆرە سەربەخۆییەکیشمان لە بڕیاری رێکخراوەییدا هەیە، واتە لە رۆژی دامەزراندنی حەماسەوە لە ساڵی 1987، بڕیار هەر لای خۆی بووە و سەربەخۆیە، پاشکۆی هیچ رێکخراوێکی ئیخوانی یان غەیرە ئیخوانی نییە، بەڵام ئێمە بەشێکین لە قوتابخانەی ئیخوان، بۆیە حەماس دەستبەرداری ئەم ناسنامە ئیخوانییە نەبووە، ئیخوان بووین و ئێستاش ئیخوانین، بەڵام ئێمە بزووتنەوەیەکی فەلەستینی بەرگریکارین و بڕیار لای خۆمانە، بڕیاری حەماس لای هیچ کەسێک نییە، هیچ مەرجەعێکمان نییە جگە لە ئەنجوومەنی شوورای حەماس و بڕیارەکانی، بۆیە ئەوە زوڵمە بڵێی وەڵا حەماس وازی لە ئیخوان هێناوە بۆ ئەوەی بچێتە پاڵ ئێران، نا .. حەماس ئیخوان بووە و ئێستاش ئیخوانە.. حەماس لە ساڵی 1991 بەدواوە پەیوەندی لەگەڵ ئێران هەبووە و ئێستاش پەیوەندیمان بەردەوامە، پەیوەندیمان بە وڵاتانی عەرەبییەوە هەر بەردەوام بووە، نموونەیەکت بدەمێ.. پاش ئەوەی ساڵی 2013 لە میسر روویدا، بەرپرسێکی عەرەب پەیوەندی پێوەکردم، بەرپرسی دەوڵەتێکی گەورەی عەرەبییە، پەیوەندی پێوەکردم و بێگومان دەیناسم، گوتی یا ئەبوو وەلید ئەمە هەلێکی باشە، پاش ئەمەی لە میسر روویدا، لێدوانێکی روون و راشکاو بنووسی کە ئیدی ئێوە پەیوەندیتان بە ئیخوانەوە نەماوە، گوتم بزانە کاری وا لە ئێمە ناوەشێتەوە، ئێستا کە ئیخوان بە دۆخێکی خراپ و کارەساتباردا تێپەڕ دەبێ، منیش لە پشتەوە خەنجەریان لێدەم؟ ئەمە یەکەم، دووەم... من ئیخوانییەک نەبووم کە بڵێم چیدی ئیخوانی نیم، من پێشتر و ئێستاش لەناو قوتابخانەی فکریی ئیخواندام، بەڵام هەمیشە رێکخراوێکی سەربەخۆ بوومە، ئەمە هاوکێشەیەکی روونە، من بەشێکم لە قوتابخانەی فکریی ئیخوان، لەڕووی مێژووییەوە بەشێک بووم لە ئیخوان، بەڵام رێکخراوێکی فەلەستینیی سەربەخۆشم لە بڕیار و سیاسەتمدا، ئەمە هاوکێشەیەکی روونە و ئێمە پاشکۆی کەس نین نە لە رۆژهەڵات و نە لە رۆژئاوا، نامەوێ هەمان قسە چەندبارە بکەمەوە، ئێمە پاشکۆی هیچ دەوڵەتێکی عەرەبی و ئیسلامی و هیچ دەوڵەتێکی ئەم جیهانە نین، بزووتنەوەیەکی سەربەخۆین، شەڕمان لەگەڵ داگیرکەری زایۆنییە و ئامانجمان رزگارکردنی نیشتیمان و بەدەستهێنانەوەی ئازادیی گەلەکەمانە.
 
رووداو: زۆر سوپاست دەکەم. ئەمە دوایین قسەم دەبێت، حەز دەکەم وشەیەکی تۆش وەربگرم لەم بارەیەوە. ئەمە وێنەی قودسە لە پشتمانەوە. هەموو موسڵمانان کە ئەم وێنەیە دەبینن دەیناسن و دەزانن کوێیە. شارێکمان هەیە لە کوردستان، کە سەرۆک مام جەلال، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق، هەردەم دەیگوت، بۆ ئەوەی برا عەرەبەکانمان بزانن ئەم شارە چەند بۆ ئێمە گرنگە، هەمیشە دەڵێین وەکو قودس وایە بۆ ئێمە، ئەویش شاری کەرکووکە، کە سەرۆک مام جەلال دەیگوت کەرکووک قودسی کوردستانە. جەنابت کەرکووک دەناسیت و تێبینی ئێوە چییە لەسەر ئەو قسەیەی کە مام جەلال دەیگوت، کەرکووک قودسی کوردستانە؟
 
خالید مشعەل: پێش هەموو شتێک ئێوە نامۆ نین بە قودس، سەلاحەدین رزگاری کرد و کورد جێپەنجەیەکی مەزنیان بە مێژووی ئەم شارەوە دیارە.. ئێمە و ئێوە لەمەدا هاوبەشین، ئەمە رووگەی یەکەمی ئێمەیە، ئەمە مزگەوتی پیرۆزی ئێمەیە و خاکی ئیسرا و میعراجە، پەیامبەر دروودی خوای لێبێ لە شەوی ئیسرا و میعراج بێرەدا رەت بووە، ئەمە قودسی هەموومانە و پشت بە خوا نوێژی تێدا دەکەین.. ئوستاد جەلال تاڵەبانی خودا لێی خۆش بێ و ئوستاد مەسعود و هەموو سەرکردە بەڕێزەکانی کورد، بێگومان شانازی بە قودسەوە دەکەن وەکو چۆن ئێمە شانازی دەکەین، من رێزی هەڵوێستیشیان دەگرم لە هەمبەر فەلەستین و پشت بەخوا هەموومان هاوکار دەبین لە رزگارکردنیدا و نوێژی تێدا دەکەین، بەتایبەتی ئێمە پێش چەند رۆژێک بە یادی ئیسرا و میعراجدا تێپەڕین و وا چووینە ناو مانگی رەمەزانەوە کە مانگێکە قودسمان بەیاد دەهێنێتەوە وەک چۆن مەککە و مەدینەمان بەبیر دەهێنێتەوە.. پشت بە خوا ئەرکی خۆمان بە رزگارکردنی فەلەستین بەجێ دەهێنین و قودس و ئەقسا بەدەست دەهێنینەوە پشتیوان بە خوا. 
 
رووداو:  زۆر زۆر سوپاست دەکەم. ئومێد دەکەم کە رەمەزان بەڕێوەیە، ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ هەموو شارەکانی جیهان بەبێ جیاوازی.
 
خالید میشعەل: منیش سوپاستان دەکەم بۆ ئەم هەڤپەیڤینە، لەڕێی تۆوە سلاو دەنێرم بۆ هەموو خەڵکی کوردستان بە ژن و پیاو و گەورە و بچووکیانەوە، سیاسەتڤانانی و هەموو خەڵکی ئاسایی و هیوای خێر و خۆشییان بۆ دەخوازم.. هیوای ئاسایش و ئارامییان بۆ دەخوازم و نزا دەکەم خوا هەموو خێرێکیان بەنسیب بکات لەگەڵ هەموو ئوممەتی ئیسلام.
 
رووداو:  باسی ئەوەت کرد کە چەند سەرکردەیەکی کوردستانیت بینیبوو پێشتر. کامیانت بینی؟
 
خالید میشعەل: ئوستاد مەسعود کە لە ئیستەنبوڵ بینیم لە ئاهەنگێکی پارتی داد و گەشەپێداندا.
 
رووداو: کۆنگرەی ئاکپارتی
 
خالید میشعەل: هەروەها سەرۆککۆماری ئێستای عێراق بەڕێز 
 
رووداو: بەرهەم ساڵح.
 
خالید میشعەل: بەرهەم ساڵح کە ئەویش لە شاندەکەدا بوو، کۆمەڵێک لە سەرکردەکانی کوردم بینین و سڵاوم لێکردن وەکو ئێستا کە سڵاو لە تۆ دەکەم.
 
رووداو: زۆر زۆر سوپاس.
 
خالید میشعەل: خۆشحاڵ بووم.. هەر بژین و بەخێربێن