زوبێر ئایدار: سەرۆک ئاپۆ بەر لە بانگەوازەکەی نامەیەکی نووسراوی بۆ ئێمە ناردە ئەورووپا

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە 27ی شوباتی ئەم ساڵ، بانگەوازێک لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بڵاوکرایەوە. لەم بانگەوازەدا داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
 
بەر لەوە ئۆجەلان چەند پەیامێکی ناردن، یەکێک لەو پەیامانە بۆ دەزگاکانی نزیک لە پەکەکە بوو لە ئەورووپا. زوبێر ئایدار، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری کەجەکە باسی ئەو نامەیەی کرد و بە رووداوی راگەیاند نێوەڕۆکەکەی نزیکی بانگەوازەکەی بوو. 
 
زوبێر ئایدار کە لە رۆژی 5ی ئەم مانگە لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا وەڵامی پرسیارەکانی رووداوی دایەوە بۆ بەڕێوەچوونی هەنگاوی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دوو هەنگاو پێویستن "یەکێکیان ئەوەیە پێویستە لە پەرلەمان  لیژنەیەک لە هەموو پارتەکان، بە بەشداری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، لیژنەیەکی چارەسەری بنچینەی یاسایی دروست بکرێت"، هەروەها "پێویستە سەرۆک ئاپۆ بتوانێت بە ئازادی جوڵە بکات، بتوانێت پەیوەندی بکات لەگەڵ پارتەکەی خۆی، رێکخراوەکەی خۆی، گەلی کورد، گەلی تورک، زانستکاران، رۆژنامەڤانان، سیاسەتڤانان. بتوانێت سکرتاریەتی خۆی دروست بکات، چونکە بە تەنیا ناتوانێ و پێویستە هاوڕێیەکانی لەلای بن، سکرتاریەتێکی فراوان لەلای بێت کە بتوانێت ئەم کارە بجوڵێنێت".
 
هەڤپەیڤین : زنار شینۆ 
 
رووداو: بەڕێز ئایدار لە 27ی مانگی شوباتەوە تاوەکو ئێستا کاردانەوەی جیهانی هەبووە، لە تورکیا و کوردستان لە هەموو شوێنێک، بانگەوازی بەڕێز ئۆجەلان بووەتە رۆژەڤ. خوێندنەوەی بەڕێزتان بۆ ئەو کاردانەوانە چییە؟ 
 
زوبێر ئایدار: بەڵێ 6 رۆژی بەسەردا تێپەڕیوە. یەکەم، کاتێک ئەم بانگەوازە کرا سەرەتا لەنێو رای گشتی کورد و تورکیا و جیهان دا بە هەموو کەناڵە سەرەکییەکانەوە بە راستەوخۆ پەخشیان کرد. دەنگدانەوەیەکی زۆر هەبوو، سەردەمێکی نوێیە، ئێمە دەچینە نێو سەردەمێکی نوێ، لەو رۆژەوە تاوەکو ئێستا لەنێو رای گشتی کوردی و تورکی دا خاڵێکی سەرەکییە، واتە لای هەموو کورد و لە تورکیا دا خاڵێکی سەرەکییە. ئەم دەنگدانەوەیە تەنیا لەنێو میدیا نەمایەوە. هەر بە چەند کاژێرێک دوای ئەوە، هێشتا رۆژی بەسەردا تێنەپەڕیبوو، لە ئەورووپا، ئەمریکا، هێزە سەرەکییەکان، واتە ئەڵمانیا، ئینگلتەرا و زۆر وڵاتی دیکەی ئەورووپا، ئەمریکا، نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەورووپا، چین و هەندێک وڵاتی عەرەبی، دڵخۆشی خۆیان دەربڕی. زۆر رێکخراوی مەدەنی و کەسایەتی نێودار لەو بوارەدا و راگەیاندنیش وەکو مژارێکی سەرەکی دەستیان بایەخیان پێدا، ئەوە گرنگ بوو. واتە پرسێک، کە بە پرسی کوردییەوە بەستراوەتەوە، بووە مژارێکی سەرەکی لەنێو دیپلۆماسی جیهان دا، لەنێو راگەیاندنی جیهانی دا، ئەوە سەرکەوتنێک بوو بۆ دۆزی کورد، لە چوار لای دنیاوە لە هەموو شوێنێک دەنگی دایەوە، گرنگ بوو. دەستپێکێکە و، شتێکی دیکەش بڵێم، ساڵانێکە لەنێو ئەم کارەدام، پڕۆسەکانی دیکەی دیالۆگ هەبوون، بانگەوازی لەم جۆرە کراون، بەڵام هیچیان وەک ئەمە دەنگدانەوەی لە ئاستی نێودەوڵەتی دا نەبووە.
 
رووداو: بە بۆچوونی ئێوە هۆکارەکە چییە؟
 
زوبێر ئایدار: ئەمە ئەوە دیار دەخات پرسی کورد لە جیهان دا زیاتر ناسراوە. بۆچوونێک دروستبووە، تێگەیشتنێک دروستبووە کە ئەم پرسە پێویستە چارەسەرێکی بۆ بدۆزرێتەوە. واتە نەک تەنیا بۆ پارچەیەک بەگشتی، چونکە ئیدی ئەم پرسە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا پرسێکی سەرەکییە. ئەگەر چارەسەر نەکرێت، کێشە دروست دەکات، کێشەکانی ئەو ناوچەیەش چارەسەر نابن و، پەیوەندی جیهانیش بەو ناوچەیەوە هەیە. من بەوەوە گرێی دەدەم کە بیرۆکەیەک، هزرێکی نێودەوڵەتی دروستبووە، پێویستە چارەسەرێک بۆ ئەم پرسە بەگشتی هەبێت نەک بۆ پارچەیەک، واتە بەگشتی چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە بدۆزرێتەوە.
 
رووداو: ئایا کۆمەڵگەی کوردی بە لایەنی کەمەوە لە باکووری کوردستان و هەروەها کۆمەڵگەی تورکی، خەڵکانی جیاوازی تورکیا بۆ ئەم بانگەوازە یان بۆ سەرگرتنی ئەم پرۆسەیەی ئاشتی ئامادەیە؟
 
زوبێر ئایدار: ئێستا بە بۆچوونی من بارودۆخەکە لەبارە، واتە کۆمەڵگەی کورد ئامادەیە و کۆمەڵگەی تورکیاش ئامادەیە ئەگەر سەرکردایەتی تورکیا لەم بوارەدا هەڵە نەکەن و فێڵ نەکەن. لەم شەڕەدا کە ئێستا لە ساڵی چل و یەکەمیدایە، زۆر کەس زیانیان بینیوە، سەرتاسەری وڵات زیانی بینیوە، مرۆڤەکان زیانیان بینیوە، کەسێک نییە کە زیانی لێ نەبینیبێت، بەتایبەتی هەمووان نەک تەنیا کورد، تورکیش و، زۆر کەس لەم شەڕە ماندوو بوون. دەبێ چارەسەرێک لە دەرەوەی شەڕ بدۆزرێتەوە، لایەنگرانی زۆرن واتە ئەوانەی کە قبووڵی دەکەن، لە نێو کورد و لەنێو تورک دا بەم شێوەیە زۆرن. لە دەنگدانەوەی نێو کوردیش دا، ئێمە باسی دەرەوەمان کرد، بەڵام نەک تەنیا کوردانی باکوور، باشوور، بەڕێوەبەرایەتی باشوور بەگشتی، هێزە سەرەکییەکان بەگشتی، هەموو پەیامەکانیان لە جێی خۆیاندا بوون. لەو بوارەدا پشتگیریان کرد، کوردانی پارچەکانی دیکە، رۆژئاوا، رۆژهەڵات، بەگشتی کورد پشتگیریان کرد و، زەوینەی هەیە، دنیاش پشتگیری کرد، من زەوینەیەکی لە جاران باشتر دەبینم، هەیە واتە هەموو شتێک ئێستا پەیوەستە بە حکومەتی تورکیاوە.
 
رووداو: بەڕێز ئایدار، ئەو پەیامەی بەڕێز ئۆجەلان بۆ ئەورووپای نارد کە بەم سەردێڕە یان بەم ناونیشانە دەخوێندرێتەوە بە زارەکی بوو یان بە نووسراو بوو؟
 
زوبێر ئایدار: نووسراو بوو، ئەوانەی ئێستا بڵاوکرانەوە، هەندێک لەوانەی تێدابوون.
 
رووداو: کەی گەیشتە ئێوە؟
 
زوبێر ئایدار: رۆژەکە بە تەواوی نایێتەوە بیرم، پێش ئەمە گەیشت، پەیامێکی دوو لاپەڕەیی بوو بە دەستنووس بوو، دەستنووسەکەی دەناسین، بەڵێ دەستنووسی ئەو بوو و مەسەلەی پەکەکەی تێدابوو، تێیدا هاتبوو دەبووایە خۆمان پێشتر پەکەکەمان بگۆڕیبا، زووتر خۆمان بمانگۆڕیبا چونکە کاتێک شەڕی سارد کۆتایی هات، پێویستبوو ئێمەش بەپێی ئەوە، لێکۆڵینەوەمان هەبووایە، بەڵام درەنگ کەوتین. لەو بوارەدا هەندێک شتی لەم شێوەیەی تێدایە.
 
رووداو: شتێکی جیاواز لە پەیامی 27ی مانگ کە بڵاوکراوەتەوە لەلایەن سڕی سوورەیا ئۆندەر و بەڕێز ئەحمەد تورک و پەروین بوڵدان و شاندەکەی ئیمرالی هەبوو یان هەمان خاڵ بوون، بەڵام تایبەتبوون بۆ ئێوە؟
 
زوبێر ئایدار: ئێستا ئەوە تایبەت بوو بۆ رێکخراوی ئەورووپا، بەڵام ئێستا پێش ئەم شتە هەیە. ئەو بانگەوازە ئەنجامێکە، ماوەیەکی درێژە شاندەکانی دەوڵەت دەچن سەرۆک ئاپۆ دەبینن، چاوپێکەوتنی لەگەڵ دەکەن، ئێستا پرۆتۆکۆلێک هەیە ، نەگەیشتووەتە دەستی ئێمە، بەڵام دەزانین لەسەر هەندێک خاڵ رێککەوتوون. واتە تێگەیشتنێک هەیە، کێ چی بکات و بەوشێوەیە. واتە مەسەلە تەنیا ئەوەنییە کاتێک دەوڵەت باخچەلی چووە بەخێرهاتنی سەرۆکی دەم پارتی کردووە لە 1ی مانگی 10 شتی پێش ئەوە هەن. ئەوە ئەنجامی ئەو چاوپێکەوتنانە بوو، ئەمەی ئێستاش ئەنجامی هەمووانە. ماوەیەکە لە دەوڵەتی تورکیا، لە نێویاندا لێکۆڵینەوەیەک هەیە. هەر خۆی بزووتنەوەکەی ئێمەش لەم بوارەدا هەر لە سەرەتاوە بۆ  دیالۆگ ئامادەبوو. ئەوەی 2015 پچڕا، پرۆسەی ئەو مێزی دیالۆگەی پچڕا، ئێمە نەمان بڕی، دەوڵەت بڕی. هەر ئەوکاتەی دوایی کە چوونە لای، سەرۆک ئاپۆ بە شاندەکەی گوتووە مێزەکە بڵاوەی لێنەکراوە، ئەمە بەردەوامیی ئەو مێزەیە.
 
رووداو: بەردەوامیی پرۆسەی پێش ئێستایە، واتە لەو ماوەیەش دا بەردەوام دانوستاندن هەبووە؟
 
زوبێر ئایدار: بەوشێوەیە باسی کردووە. ئینجا ئەم مەسەلەیە تەنیا لەو بانگەوازەدا کورت وەرگیراوە، زۆر شت لەنێو خۆیدایە، ناوەکەی بانگەوازی ئاشتی و بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیکە.
 
رووداو: لەسەر ئەمەش ئێمە هەندێک گفتوگۆ دەکەین بە تایبەتیش کە هەندێک لە رای گشتی کوردی دەڵێن لەم پەیامەدا باسی هیچ مافێکی کورد، داخوازییەکانی کورد نەکراوە. ئێوە ئەمە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
 
زوبێر ئایدار: نا نا، باسکراوە. یەکەم، ئازادی سیاسەت، چونکە ئەگەر زەوینەی سیاسەت هەبووایە ئەم بزووتنەوەیە شەڕی نەدەکرد، هەر خۆی ئەو باسەی تێدایە بۆچی شەڕ دروستبووە و بۆچی هێزی چەکداری دروستکراوە و ئەوی دیکە ئازادی رێکخراوبوونە. یەکەم، کورد بتوانن لە هەموو بوارێکدا خۆیان رێکبخەن، هەر خۆی سەرۆک ئاپۆ 20 ساڵ بوو لە دەرەوەی دەوڵەت چووە چونکە ئەو بە شێوەیەک بووەتە فەیلەسووفێک، نزیکبوونەوەیەکی جیاوازی هەیە. کورد پێویستە هەموو دەزگا و رێکخراوەکانی خۆیان ئەوانەی زمان، پەروەردە،کۆمەڵایەتی،خۆبەڕێوەبردن دروست بکەن، ئەو روانگەیەی تێدایە و هەروەها بۆ ناسنامەی کوردی لە دەستووردا، بە فەرمی بناسرێت ئەوەی تێدایە، چونکە دواتریش دەوترێت، بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوانە بهاوێژرێن پێویستە سیاسەت بەو مانایانە، رێگرییەکانی بەردەم سیاسەتی ئازاد لابدرێن، رێگرییەکانی بەردەم رێکخستن لابدرێن، زەوینەی یاسایی بۆ ئامادە بکرێت. واتە لەوێدا دەڵێ ئەگەر زەوینەی یاسایی ئامادە بکرێت، ئێمە ئەم هەنگاوانە دەهاوێژین.
 
رووداو: زەوینەی یاسایی بە مانای ئەوەیە کە بە لایەنی کەمەوە گۆڕانکاری لە دەستووری تورکیادا بکرێت؟
 
زوبێر ئایدار: لە دەستوور و یاساکان دا. ئێستا بەپێی ئەم بانگەوازە، دوای ئەوەی کە پەکەکە رایگەیاند کە ئێمە پشتگیری ئەم شتە دەکەین و شەڕ رادەگرین. ئێستا تۆپ لە گۆڕەپانی دەوڵەتدایە. بۆ ئەوەی ئەم زەوینەیە دروست ببێت پێویستە دەوڵەت لەم بوارەدا هەنگاو بنێت. یەکەم، پێویستە زمانی هەڕەشە و هێرش و پرۆڤۆکاسیۆن بگۆڕدرێت بۆ زمانی ئاشتی. ئەوی دیکە، ئەوانیش ئۆپەراسیۆنەکانی خۆیان رابگرن، واتە بەرامبەر هەموو کورد، واتە لە باکووریش و رۆژئاوا و باشووریش هەموویان رابگیرێن. ئەوی دیکە پێویستە واز لە گرتن بێنن و پێویستە کۆتایی بە قەیوومەکان بەسەر شارەوانییەکان دا بهێنرێت و بگەڕێنەوە سەر ئەرکەکانی خۆیان. بەڵام دوو خاڵی زۆر گرنگ ئەوانەن، گرنگترینیان کە یەکێکیان ئەوەیە پێویستە لە پەرلەمان لیژنەیەک لە هەموو پارتەکان، بە بەشداری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، لیژنەیەکی چارەسەری بنچینەی یاسایی دروست بکرێت لە پەرلەمان . بۆ ئەوەی ئەم مەسەلەیە لە چوارچێوەی پەرلەمان دا چارەسەر بکرێت. ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگ و سەرەکییە، چونکە ئەوەی ئەم شتە دەجوڵێنێت سەرۆک ئاپۆیە. پێویستە سەرۆک ئاپۆ بتوانێت بە ئازادی جوڵە بکات، بتوانێت پەیوەندی بکات لەگەڵ پارتەکەی خۆی، رێکخراوەکەی خۆی، گەلی کورد، گەلی تورک، زانستکاران، رۆژنامەڤانان، سیاسەتڤانان. بتوانێت سکرتاریەتی خۆی دروست بکات، چونکە بە تەنیا ناتوانێ و پێویستە هاوڕێیەکانی لەلای بن، سکرتاریەتێکی فراوان لەلای بێت کە بتوانێت ئەم کارە بجوڵێنێت.
 
رووداو: تورکیا رازییە لەسەر ئەوە و قبووڵی دەکات؟
 
زوبێر ئایدار: بەڵێ ناچارە، چونکە لەم بوارەدا قسە کراوە و، گوتوویانە قبووڵی دەکەین. هیوادارین بەکردەوە بیکەن.
 
رووداو: بەڕێز ئایدار، کەجەکە فیدراسیۆنێکە بۆ ژمارەیەک پارتی چوار پارچەی کوردستان، دوای ئەم بانگەوازەی بەڕێز ئۆجەلان ئەم دەزگایە چی لێدێت و هەروەها کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان چی بەسەر دێت؟
 
زوبێر ئایدار: هیچ شتێک لەلایەن سەرۆک ئاپۆوە بە کەجەکە نەهاتووە، کەجەکە کاروبارەکانی خۆی درێژە پێدەدات. مەسەلە بۆ گۆڕینی پەکەکەیە. چونکە ئەو رێکخراوبوونەی لە سەردەمی شەڕدا دامەزراوە، کە شەڕ رادەگری پێویستە بەپێی ئەوەش رێکخراو دروست بکەیت، لەوانەیە کاریگەری لەسەر هەموو رێکخراوە کوردییەکان بکات. بەڵام کورد بەبێ رێکخراو نابن واتە با گەلەکەمان، میللەتەکەمان، هەر کەسێک ئەمە بزانێت کورد بەبێ رێکخراو نابن. کورد بەوە رێکخراوەکانی خۆیان بەهێزتر دەکەن. چونکە گەرەنتی ئەو کارە رێکخراوبوونە، رێکخراوەکان بەهێزتر دەبن، بەڵام شێوازی خەبات دەگۆڕدرێت، رێبازی خەبات دەکرێت بگۆڕدرێت. ئێستا قورساییەکە چەکدارییە، دوای ئەوە پێویستە بەشێوەیەکی سیاسی و دیموکراتی زەوینەی ئەوە دروست بکەی و رێکخراو دروست بکەیت، بەم شێوەیە، گۆڕانکاری تەنیا لە شەڕدا ناکەیت تۆ لە سیاسەتیش دا دەیکەیت.
 
رووداو: واتە لەوانەیە ناو بگۆڕدرێت، بەڵام هەندێک حیزب بمێنن؟
 
زوبێر ئایدار: بەبێ رێکخراوبوون نابێت، رێکخراوی بەهێزتر دروست دەکرێن. تۆ پرسیارت کرد، گوتت، ئایا کاریگەری لەسەر کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان دەبێت؟ لەوانەیە کاریگەری لێ بکات، من دەڵێم بە شێوەیەکی ئەرێنی کاریگەری لێدەکات. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان تەنیا پەکەکە یان کەجەکە نییە، بەڵکو لە چوار پارچەی کوردستان رێکخراوی تێدان. هیوادارین ئەم زەوینەیە یەکێتی کوردستان و یەکێتی گەلی کورد بەهێزتر بکات، پارت و رێکخراوەکان زیاتر لەم یەکێتییەدا جێگەی خۆیان بگرن و ئەو هەوڵەش دەدرێت. واتە بوونی خۆیان درێژە پێدەدەن، بەڵام بۆ ئەم زەوینەیەی کە ئێستا هەموو کوردێک پشتگیری ئەم پرۆسەیە دەکات زەوینەیەک هەیە، کورد زیاتر لە یەکتر نزیک دەکاتەوە، ئەمە بۆ ئێمە و بۆ یەکێتی نەتەوەیی دەرفەتێکە و پێویستە ئەم دەرفەتە بەکاربێنین.
 
رووداو: بەڕێز ئایدار، بە بڕوای ئێوە، کەی کۆنگرەی پەکەکە دەکرێت، ماوەیەکی نزیک یان درێژ دەخایێنێت؟
 
زوبێر ئایدار: ئەمە پەیوەستە بە هەڵوێستی دەوڵەتی تورکیاوە. یەکەم، پێویستە لە پەرلەمان ئەو لیژنەیە دروست بکرێت، پێویستە سەرۆک ئاپۆ بە ئازادی بتوانێت جوڵە بکات، پێویستە بتوانێت سەرپەرشتی کۆنگرەکە بکات ، بە شێوەیەک ئەو پارتەی ئەو دروستیکردووە، ئەگەر پارتەکەی هەڵبوەشێنێتەوە پێویستە ئەو سەرپەرشتی بکات، فۆرمولەکەی بدۆزرێتەوە. لە سەرەتاشدا پێویستە ئۆپەراسیۆنەکانی دەوڵەتی تورکیا رابگیرێن، ئێستا هێزەکانی گەریلا و سەربازی تورک لە هەندێک شوێن سەت و دوو سەت مەتریان لەنێواندایە و تائێستاش شەڕ هەیە. پێویستە لە زەوینەیەکی ئارام دا کۆنگرە بکرێت، واتە ئێستا کۆنگرە هەروا بڵێیت دەکرێت ناکرێت. پێویستە ئاسایشی ئەوە دابین بکرێت، پێویستە شەڕ نەبێت، پێویستە بەوشێوەیە، لەبەر ئەوە ئێستا ناتوانین کارتێک بڵێین.
 
رووداو: بەڕێز ئایدار لە نێو پارتەکاندا باڵ هەن  و پۆلێن دەکرێن. لە وڵاتانی رۆژئاوادا هەندێک پێیاندەڵێن باڵی هەڵۆکان، ئەمانە تووندن، رەقن. ئەوانی دیکە وەک باڵی کۆترەکانن، ئەوانە مۆدێرنن، نەرمن لە دانوستاندن دا، لەنێو پەکەکەشدا بۆ نموونە، مستەفا کاراسوو، جەمیل بایک، دوران کالکان وەک باڵی هەڵۆکان ناودەبرێن. لەو باوەڕەدان هەموو سەرکردەکانی پەکەکە پابەند دەبن بە پەیام و بانگەوازی بەڕێز ئۆجەلان؟
 
زوبێر ئایدار: ئێمە لەو بڕوایەداین کە پێویستە پابەندین. ئێمە لێرەش کۆبوونەوەمان کرد، لەنێو خۆماندا قسەمان کرد. ئێمە دەتوانین لەنێو خۆماندا گفتوگۆ بکەین، دەتوانین بۆچوونەکانی خۆمان بڵێین، بەڵام بە هەر شێوەیەک بێت ئێمە هەمووان پێکەوە دەجوڵێینەوە. بە هەر شێوەیەک بێت ئێمە هەوڵدەدەین مەسەلەکە بە ئاسانتر لەسەر بنەمای چارەسەری بەڕێوەببەین و بە رێگەیەکی راست دا بڕۆین، ئەگەر هەڵەش بکەین پێکەوە دەبین، ئەگەر باشیش بکەین ئێمە پێکەوە دەبین. ئینجا ئێستا مەبەست لەم هەنگاوە ئەوەیە با گەلەکەمان ئەم شتە باش تێبگات، ئەم شتە یەکلایەنە نییە، ئەمە هەوڵدان و دۆزینەوەی چارەسەرییە. ئێمە دەمانەوێت کێشەی کورد بە تایبەتی لەنێو سنووری تورکیادا، کە ماوەی 200 ساڵ زیاترە شەڕی چەکداریمان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا هەیە، لە ساڵی 1806 لە ناوچەی سلێمانی دەستی پێکرد لە سەردەمی عوسمانییەکان دا. سەت ساڵ زیاتر لە سەردەمی عوسمانییەکاندا ئەم کێشەیە بەردەوام بوو، 101 ساڵە چووەتە ساڵی 102 لە سەردەمی کۆماردا. واتە کێشەیەکی زۆر گەورەیە. دۆزی ئێمە ئەوەیە ئەم مەسەلەیە چارەسەر بکەین و لەسەر بنەمای مافی گەلی کورد، بۆ ئەوەی کوردیش بتوانن لە هەرێمی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا وەک میللەتانی دیکە لەسەر خاکی خۆیان ئازاد بژین، وەک عەرەب ، وەک فارس، وەک تورک و هەر کەسێک. واتە ئەو سنوورانەی نێو کوردستان دەکرێت لەسەر کاخەز بمێننەوە، بەڵام وەک جیهان. ئێستا تۆ لە وڵاتێکی دیکەوە  هاتووی بۆ ئێرە (بەلجیکا)، لە سنوور کەس تۆی کۆنترۆڵ نەکرد، هەروەها لە سنوور نە مین هەیە نە سەرباز، نە کەس وەستاوە، نە تەل هەیە. لە سنووری نێوان کورد لە خاکی کوردستان دا، لەنێو کوردستان دا مین هەن، تەل هەیە و مردن هەیە. با ئەو سنوورانەش بەوشێوەیە ببنە شوێنی دۆستایەتی، وەک سنوورەکانی نێوان وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا. ئێستا پرۆسەیەکمان دەست پێکردووە، پرۆسەیەکی درێژە. هیوای ئێمە ئەوەیە بتوانین ئەنجام بەدەست بێنین. هەر خەباتێک کە ئێمە کردوومانە هەر هەنگاوێک کە دەیهاوێژین دەمانەوێت بۆ ئەوەیە چارەسەرێک بۆ ئەم مەسەلەیە بدۆزینەوە لەسەر بنەمای مافی گەلی کورد و بۆ ئەوەی کورد بتوانن لە وڵاتی خۆیان دا ئازاد بژین.
 
رووداو: لە ئەڵمانیا، دراوسێیەکمان هەیە خەڵکی شاری وانە. ماوەیەک لە چیا بووە، دوای ئەم پەیامەی ئۆجەلان لەکاتی قاوەخواردنەوەدا گفتوگۆمان کرد، گوتی من تێناگەم بەڕێز ئۆجەلان نە باسی سەربەخۆیی کوردی کردووە نە باسی فیدڕاڵی کردووە نە باسی مافەکان دەکات ، تەنانەت باسی مافە کولتوورییەکانیشی نەکردووە، بۆیە لە ئێستاوە من ناڵێم باکووری کوردستان، من لەمەودوا دەڵێم دەچمە تورکیا، کاتێک دەچمە وانیش. تۆ بۆچوونی ئەو چۆن دەبینیت، ئەو راستی کردووە یان نا؟
 
زوبێر ئایدار: سڵاوی ئێمە بگەیێنە دراوسێیەکەت و هەموو کورد. با دڵیان ئاسوودەبێت، نوێنەر و بەڕێوەبەرانی ئەم بزووتنەوەیە بە تایبەتی سەرۆک ئاپۆ دەزانن چی دەکەن. 52 ساڵە خەبات دەکات و ئەم رێکخراوە. رێک لەم مانگەدا دەستگیرکرا . ٥٢ ساڵ پێش ئێستا دایمەزراند، 26 ساڵ لە دەرەوە بوو، 26 ساڵە لە زیندانە، لە هەموویدا خزمەتی کردووە. باشتر لە هەموومان ئەم دەوڵەتە دەناسێت. 32 ساڵە لەگەڵ ئەم دەوڵەتەدا، تەواوی سەردەمی تورگۆت ئۆزال، مام جەلال لە نێوان ئۆزال و سەرۆک ئاپۆدا پەیامی دەهێنا و دەبرد، رێک ئەم کاتانە بوو. ئەگەر لەوکاتدا چارەسەر ببووایە واتە ئەوکاتە هەنگاو هاوێژرابن، ئۆزال نەمردبایە یان نەکوژرابووایە، لەوانەبوو چارەسەرێکی بۆ بدۆزرایەتەوە. لێرەدا لە پشت ئەمەوە زۆر شت باسکراون. مەسەلە ئەوەیە ئەم رێکخراوە تائێستا ئەوەندە قوربانیداوە، ئەو قوربانیانە بە فیڕۆ ناچن، ئەوەندە شەهیدە، ئەوەندە رەنجە. با دڵی هەر کەسێک ئاسوودەبێت، سەرۆک ئاپۆ ئەزموونی هەیە، ئەزموونی بەڕێوەبەرانی ئەم رێکخراوەش هەیە، لە پرۆسەکانی رابردوودا، دەوڵەتی تورکیا زۆر جار پێشنیازی جیاوازی کردووە، ئێمە رەتمان کردووەتەوە، چونکە شتێک بەرژەوەندی کوردی تێدا نەبێت ئێمە نایکەین. نە سەرۆک ئاپۆ دەیکات نە ئەم بزووتنەوەیە دەیکات. وەک من دەڵێم مەسەلە چارەسەری کوردستانە، چارەسەری کێشەی کوردە. کورد لەسەر خاکی خۆیان بە بەڕێوەبەرایەتی خۆیانەوە کە خۆیان بەڕێوەببەن و ئازاد بژین.

 

رووداو: بەڕێز ئایدار، دوو پرسیاری دیکەم ماون یەکێک لەوان ئەوەیە چاو زۆر لەسەر رۆژئاوای کوردستانە، گۆڕانکارییەکانی سووریا دروستبوون، هەروەها دوای بانگەوازی بەڕێز ئۆجەلان ئەم پەیامە بۆ پەیەدەیە کە پارتێکە لە ناو کەجەکەدایە. بۆ ئەوانیشە، بۆ هەسەدەشە یان تەنیا بۆ پەکەکەیە؟
 
زوبێر ئایدار: ئێستا پەیام بۆ پەکەکەیە. هەڵبەت کاریگەری لەسەر رۆژئاواش دەبێت، کاریگەری لەسەر باشووریش دەبێت، کار لە رۆژهەڵاتیش دەکات، کار لە تەواوی کوردستان دەکات، بەڵام ئەو کاریگەرییە ئەرێنی دەبێت. ئێستا دەوڵەتی تورکیا هێرش دەکاتە سەر رۆژئاوا. پێویستە ئەو هێرشانە رابگیرێن، پێویستە داگیرکاری تورکیا لەسەر خاکی رۆژئاوا کۆتایی پێبێت، بۆ نموونە لە سەرێکانی، گرێسپی، عەفرین و لە تەواوی ئەو ناوچەیە. پێویستە دەوڵەتی تورکیا لەو شوێنانە دەربچێت، پێویستە مافی گەلی کورد لە سووریا وەک چۆن لە باشوور لەنێو عێراق دا دابینکرا بۆ نموونە و دەکرێت بە گۆڕانکاری جیاوازبن، بەڵام پێویستە لە سووریا کورد خاوەن ستاتووی خۆی بێت. ئەگەر لە باکووری کوردستان ئێمە بتوانین ئاشتییەک بکەین لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا بۆ هەموو کورد دەبێتە هەنگاوێکی ئەرێنی.
 
رووداو: بەڕێز ئایدار، لە باشووری کوردستان لە سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، تەواوی دەزگاکان، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پشتگیری ئەم بانگەوازە کرا، دڵخۆشییان دەربڕی. بە بۆچوونی ئێوە رۆڵی باشووری کوردستان لەم پرۆسەیەدا دەتوانێت چی بێت بۆ ئەوەی سەرکەوێت؟
 
زوبێر ئایدار: لە 2013یش کاتێک پرۆسەی ئیمرالی دەستی پێکرد، سەرۆک ئاپۆ گوتی پێویستە هەموو کورد بەشێوەیەک تێیدابن، چونکە هەموویان پێیەوە پەیوەستن. ئێستاش ئەم کاریگەرییە لەسەر رۆژئاوا دەکات، کاریگەری لەسەر باشوور دەکات، کاریگەری لەسەر رۆژهەڵات دەکات، پێویستە بیر و بۆچوونیان وەربگیرێت. هەڵوێستی بەڕێوەبەرایەتی باشوور و بەڕێوەبەرانی پارتی بەوشێوەیە دەریانبڕی ئەرێنییە و ئێمە پێی دڵخۆشین. ئێمە دەمانەوێت لەم مەسەلەیەدا کاتێک هەنگاو هاوێژران، شت دروستکران بیرکردنەوەمان یەک بێت، ئێمە لە یەکتر بپرسین. زۆر شت هەیە دەتوانین پێکەوە بیکەین. مەسەلە تەنیا باکوور نییە، تەنیا پەکەکە نییە. واتە کاریگەری لەسەر کێ دەکات پێویستە هەر کەسێک لەنێو ئەم کارەدا بێت، ئامانجی ئێمە چارەسەرییە بۆ ئەو هۆکارە سەرۆک ئاپۆ شاندی نارد و چوونە ئەوێ ، چوون هاوڕێیانی باشووریان بینی، لەگەڵیان دانیشتن. واتە پەیامەکانی سەرۆک ئاپۆ و سڵاوەکانی بۆ ئەوان چوون و پشتگیری لەوان داواکرد و ئەوانیش پەیامی پشتگیرییان دا، ئەمە زۆر باشە و ئێمەی کورد لە یەکتر نزیک دەکاتەوە. هەنگاوی دیکەش من باسی یەکێتی کوردانم کرد، ئەمە زەوینەیەکە بۆ بەهێزکردنی یەکێتی کورد.
 
رووداو: لە ساڵی 1994ـەوە لەوکاتەی بەڕێزت پەرلەمانتاری تورکیا بووی، ئێوە لە تورکیا و باکووری کوردستان دەرچوون. تۆ لەو باوەڕەدای لە کاتێکی نزیکدا، دەگەڕێییەوە و جارێکی دیکە سیاسەت دەکەیت، جارێکی دیکە لەوانەیە ببیتەوە ئەندامی پەرلەمانیش؟
 
زوبێر ئایدار: لە دنیادا نموونەی لەم شێوەیە زۆرن، بەڵام من نامەوێت بچمە نموونەی دنیاوە، نموونەکان لە وڵاتی خۆم دەهێنمەوە، واتە لە کوردستان بە تایبەتی باشوور. سەدام زۆر بەهێزبوو، هەموو کەسێک دەیگوت سەدام سەرکەوت و تەواو و بەوشێوەیە، بەڵام لە ساڵانی نەوەتەکان دا لە ماوەی ساڵێکدا هەموو شتێک گۆڕا، مام جەلال و کاک مەسعوود و هاوڕێ و دۆستەکانیان گەڕانەوە کوردستان. دواتر یەکێکیان بووە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و یەکێکیان بووە سەرۆکی عێراق. ئەم شتانە لە سیاسەت دا، لە خەبات دا رێیان تێدەچێت ، واتە لە وڵاتی ئێمەدا نموونەی ئەوە هەیە. ئینجا ئێمە نازانین تۆ ناتوانیت بڵێیت فڵان شت لە فڵان کات دا دەبێت، بەڵام نموونەی بەم شێوەیە لە دنیادا زۆرن، لە وڵاتی ئێمەشدا شتێکی زۆر سەیر و نامۆ نییە.
 
رووداو: پرسیارێکی دیکە هاتە بیرم بەڕێز ئایدار، وڵاتانی ئەورووپایی پەیوەندیان بە ئێوەوە کردووە دوای بانگەوازی ئۆجەلان؟

 

زوبێر ئایدار: دەیانەوێ مەسەلەکە باش تێبگەن و بەدواداچوونی دەکەن و شەش رۆژ تێپەڕیوە، دەربڕینەکانیان ئەرێنی بوون، واتە تێڕوانین و راگەیاندنیش ئەرێنی بوون. لە ئاستی نێودەوڵەتیدا زەوینەی هەیە، ئێمەش داوا لەوان دەکەین یارمەتیدەربن، ئێمەش داوایان لێدەکەین پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ تورکیادا لەم بوارەدا بخەنە خزمەتی دیالۆگ و خزمەتی چارەسەری و کێشەی کورد، چونکە کاریگەری لەوانیش دەکات، نەرێنی کاریگەر دەکات، کاتێک شەڕ هەبێت، بەڵام کاتێک چارەسەری هەبێت بە ئەرێنی کاریگەریان دەکات. ئێمە ئەوەمان دەوێت و داوای هاوکارییان لێدەکەین. 
 
رووداو: بەڕێز ئایدار، ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی کۆمەڵگەکانی کوردستان (کەجەکە) زۆر سوپاسی ئێوە دەکەم، کاتی خۆتان دایە ئێمە.
 
زوبێر ئایدار: منیش سوپاس دەکەم، سڵاو و رێزی خۆم بۆ هەموو بینەرانی رووداو دەنێرم. لەم کاتەدا رووداویش پشتگیری ئەم پرۆسەیەی کرد، باش بوو. دیسان بە گەلەکەمان و هەموو کەسێک دەڵێم با دڵیان ئاسوودەبێت شتێک کە بەرژەوەندی گەلی کوردی تێدا نەبێت ئێمە واژۆی ناکەین. ئێمە بۆ چارەسەری کێشەی کورد ئەم پرۆسەیە دەجوڵێنین و هیوادارین سەرکەوتووبین.
 
رووداو: زۆر سوپاس.