ئایدن ئالتاچ: کوردانی سووریا ببنە خاوەن قەوارەیەکی وەک هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ تورکیاش باشە
رووداو دیجیتاڵ
ئایدن ئاڵتاچ، سەرۆکی پارتی پێشەڕۆژ لە ئامەد کە بەشداریی لە کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی و پارتی پێشەڕۆژ کردووە، باس لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە و هەڵوێستی حیزبەکەی لەبارەی پرسی کورد و رووداوەکانی سووریا و کێشەی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دەکات.
ئایدن ئاڵتاچ، پێیوایە چارەسەرنەکردنی پرسی کورد زیانی بە ئابووریی تورکیا گەیاندووە. لەبارەی دروستبوونی کیانێک لە رۆژئاوای کوردستان، دەڵێت "ئەمڕۆ کوردەکانی ئەوێ ببنە خاوەن قەوارە بۆ تورکیاش باشە. چۆن هەرێمی کوردستانی عێراق ئەمڕۆ دۆستی تورکیایە و لە رووی بازرگانی و ئاسایشەوە لەگەڵ تورکیا کار دەکەن، ئەمڕۆ ئەگەر لە سووریاش شتێکی لەو جۆرە دروست ببێت بۆ تورکیا زیانی نابێت".
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئایدن ئاڵتاچ:
رووداو: لە کۆبوونەوەکەدا چی باسکرا؟
ئایدن ئالتاچ: لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کێشەیەک کرا کە 50 ساڵە لە تورکیا بەردەوامە و هەم کورد و هەم گەلی تورک زیانیان لێکەوتووە. باسی چارەسەرەکانمان کرد و چۆن دەتوانین لە ئێستاوە کار لەسەر رێگاچارەکان بکەین. چۆن پارتە سیاسییەکان و کەسایەتییە دیارەکان دەتوانن پێکەوە کار لەسەر ئەم پرسە بکەن. لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕاکانمان خستەڕوو و شاندی دەم پارتیش بۆچوون و پەیامی خۆیان خستەڕوو و کۆبوونەوەکە زۆر بەباشی بەڕێوەچوو.
رووداو: رای ئۆجەلان گەیشتە ئێوە؟ هەڵوێستی ئۆجەلان لەسەر دۆخی ناوچەکە چی بوو؟
ئایدن ئالتاچ: راستییەکەی راوبۆچوونەکانی لەگەڵ ئێمە باس نەکرا، بەڵام ئەوەی ئێمە لێیان تێگەیشتین ئەوەیە کە ئۆجەلان دەیەوێت ئەم کێشەیە لە رێگەی سیاسییەوە چارەسەر بکرێت و بەبێ چەک و کوشتن کۆتایی پێبێت. ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردەمی چەک بەسەرچووە و پێویستە هەنگاوی سیاسی بنرێت.
رووداو: چۆن لە پەیامی ئۆجەلان دەڕوانن؟
ئایدن ئالتاچ: ئێمە زیاتر لەڕووی ئابووری و ئارامیی تورکیاوە لەو پەیامانە دەڕوانین. پارتی پێشەڕۆژ لە بەرنامەکەیدا چۆنیەتیی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەی خستووەتەڕوو. پێش 5 ساڵ کاتێک پارتەکەمان دامەزراند، ئەو خاڵانەمان وەکو چارەسەر خستەڕوو کە ئێستا ئۆجەلان و حکومەت و دەوڵەتی تورکیاش باسی دەکەن. ئەم کێشەیە بە کوشتن چارەسەر ناکرێت، بەڵکو بە سیاسەت چارەسەر دەکرێت. ئەوەی ئێستا دەیبینین باشە. 50 ساڵە لە تورکیا کوشتن هەیە و لەڕووی ئابووریشەوە دواکەوتووە، هۆکارەکەشی کێشەی کوردە، بۆیە داوا لە حکومەت و دەوڵەتی تورکیا دەکەین هەرچی زووە ئەم کێشەیە چارەسەر بکات.
رووداو: راتان لەسەر پرۆسەی ئاشتی چییە؟
ئایدن ئاڵتاچ: ئەمڕۆ لە تورکیا ئەگەر لەڕووی یاسایی و راگەیاندنەوە هەندێک هەنگاو بنرێت لەبارەی ناسنامەی کورد و فەرمیبوونی زمانی کوردی، ئەوە هەنگاوی باش دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد. پارتی پێشەڕۆژ داوای ئەوە دەکات، کە هەندێک گەرەنتی یاسایی هەبێت کە بۆ داهاتووی تورکیا باش دەبێت.
رووداو: ئاکپارتی و مەهەپە جیدین لەسەر پرۆسەی ئاشتی؟
ئایدن ئالتاچ: ئەوەی لە کۆبوونەوەکەدا بینیمان، ئێستا ئاکپارتی و مەهەپە دەیانەوێت کێشەکان چارەسەر بکەن، بەڵام لە داهاتوودا چ دۆخێک دروست دەبێت و چ هەنگاوێک دەنرێت، راستییەکەی ئەوە دیار نییە و قسەیەکیان لەو بارەیەوە نەکرد. ئەوەی پێیان گوتین ئەوەیە کە لە دۆخی ئێستادا ئاکپارتی و مەهەپە بە باشی ئەم کۆبوونەوانە دەکەن.
رووداو: پەکەکە چەک دادەنێت؟
ئایدن ئالتاچ: ئەگەر ئۆجەلان بڵێت چەک و تەقەمەنی دابنێن و با کوشتن لە تورکیا نەمێنێت، من پێموایە چەک دادەنێن. وا باسکرا و وا تێگەیشتین.
رووداو: کەی ئەوە روودەدات بەپێی ئەو گفتوگۆیانەی کە دەکرێن؟
ئایدن ئالتاچ: ناتوانین بڵێین ئەم رۆژە یان ئەم مانگە، شتێکی وا نەگوتراوە، بەڵام کاتێک شاندی دەم پارتی کۆبوونەوەکانیان تەواو دەکەن، جارێکی دیکە سەردانی ئۆجەلان دەکەنەوە و دواتر پێموایە رۆژێک بۆ ئەوە دیاری دەکەن.
رووداو: دەوڵەتی تورکیا ئامادەیە چ مافێک بداتە کورد؟
ئایدن ئالتاچ: ئەمڕۆ ناوچەکەمان کە نزیکەی 100 ساڵە لە لای سووریا، عێراق، ئێران و فەلەستین کێشەی هەیە و زیانی بە ناوچەکە گەیاندووە. ئەو رووداوانەی لە سووریا روویانداوە وایکردووە حکومەتی تورکیا بیر لەوە بکاتەوە کە ئەم کێشانە نەیەنە نێو تورکیا و گەورەتر نەبن، بۆیە بیری لە هەنگاوی لەم شێوەیە کردووەتەوە.
رووداو: بەڵام ئەو هەنگاوانەی کە دەینێت لە چ ئاستێکدایە، چ مافێک دەدەنە کورد و دەوڵەت تا چەند کراوەیە؟
ئایدن ئالتاچ: ئەوەی من باسم کرد، ئەگەر ئەم پرۆسەیە بەرەوپێش بچێت، لە رووی یاسایی و مافی مرۆڤەوە هەنگاو دەنرێت.
رووداو: سەرۆکی پارتەکەتان ئەحمەد داودئۆغلو لە سیاسەتی دەرەوەدا کەسێکی کراوە و خاوەن بۆچوونی تایبەت بوو، راتان لەسەر دۆخی سووریا چییە؟
ئایدن ئالتاچ: ئەمڕۆ لە سووریا نزیکەی 12 ساڵە خراپی زۆر روویداوە، بەڵام ئێستا دۆخێکی نوێ هاتووەتە پێشەوە. ئێمە و سەرۆکەکەمان لەو بیرەداین، کە لە چوارچێوەی دەستوورێکی دیموکراسی و مرۆڤانەدا پێکەوە بژین و جارێکی دیکە شەڕ و کێشە دروست نەبێتەوە. هەروەها گرنگە گەلی کوردی ئەو ناوچەیە و خەڵکی سڤیل زیان نەبینن و مافەکانیان لە رووی مرۆیی و دیموکراسییەوە پێشبکەون و ئەو ناوچەیە ببێتە ناوچەیەکی ئاشتی نەک ناوچەیەکی شەڕ. ئەوەی دەیبینین کۆبوونەوە لە نێوان هێزەکانی رۆژئاوا و بەڕێوەبەرایەتی نوێی سووریا دەکرێت و ئەمە باشە و لەوانەیە لە داهاتوودا ئاشتییەکی نوێ دروست ببێت.
رووداو: بۆ کوردەکانی رۆژئاوای کوردستان قبوڵ دەکەن ببنە خاوەن قەوارەی خۆیان؟
ئایدن ئالتاچ: ئەمڕۆ کوردەکانی ئەوێ ببنە خاوەن قەوارە بۆ تورکیاش باشە. چۆن هەرێمی کوردستانی عێراق ئەمڕۆ دۆستی تورکیایە و لە رووی بازرگانی و ئاسایشەوە لەگەڵ تورکیا کار دەکەن، ئەمڕۆ ئەگەر لە سووریاش شتێکی لەو جۆرە دروست ببێت بۆ تورکیا زیانی نابێت. لەبەر ئەوەی کوردەکانی عێراق، سووریا، ئێران و تورکیا هەموویان تێکەڵی یەکترن و پێکەوە گەورە دەبن و پێکەوە بچووک دەبنەوە، بۆیە ئەگەر کوردەکانی ئەوێ ئابووری و ئارامییان باش بێت و لە رووی دیموکراسییەوە پێشبکەون، ئەوکات ئێمەش لە تورکیا شانازییان پێوە دەکەین و سوودیان بۆ تورکیا دەبێت. لەبەر ئەوە نابێت تورکیا لە کوردەکانی رۆژئاوا بترسێت و شتێک نییە بترسێت لێی و بۆ ئارامیی ناوچەکە 10 قات باشتر دەبێت.
رووداو: دانوستاندن لە نێوان هەسەدە و حکومەتی تورکیا هەیە؟
ئایدن ئالتاچ: من بە دروستی نازانم هەیە یان نا، بەڵام ئەگەر نییە من دەمەوێت هەبێت بۆ ئەوەی خەڵکی سڤیل زیان نەبینێت. ساڵانی 2012 و 2013 شاندەکانی هەسەدە هاتن و کۆبوونەوە کرا و ئێستاش دەمەوێت بێن و کۆبوونەوە بکەن و ئەمە شتێکی باشە.
رووداو: بە بۆچوونی ئێوە ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام دەدرێت؟ ئایا ئاسایشی تورکیا بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەپارێزرێت؟
ئایدن ئالتاچ: هیوادارم شتی وا روونەدات. ئەگەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی روو بدات و خەڵکی سڤیل زیان ببینن، ئەوکات بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە و هەروەها بۆ ئێمەش تەنگژەیەکی گەورە دەبێت. نامانەوێت شەڕ دروست ببێت لەبەر ئەوەی نامانەوێت نە تورکیا و نە کوردەکانی ئەو ناوچەیە بکەونە تەنگژەوە. بە شەڕ نا، بەڵکو بە دیالۆگ و دانوستاندن و کۆبوونەوە و دیپلۆماسی کێشەکان چارەسەر دەبن. داواکاریی ئێمە ئەوەیە کە بەم کۆبوونەوانەی دەم پارتی و سەردانەکان بۆ ئیمراڵی و هەوڵەکان بۆ پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا چەند پێشبکەوێت، ئەوەندە رێگە لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەگرێت و دژایەتیکردنی هەسەدەش نامێنێت.