کوردێک لەسەر مژاری کۆچبەران پێشنیاز دەداتە ئەڵمانیا


رووداو دیجیتاڵ

لە ئەڵمانیا ساڵانە رۆژێکی تایبەت هەیە بۆ کۆچبەری. لەو رۆژەدا کەسانی ئەکادیمی و شارەزا باسی ئەزموون و پێشنیازەکانیان بۆ دۆزی کۆچبەری دەکەن. کاربەدەستانی باڵای ئەڵمانیا وەکو وەزیری ناوخۆ، لەو بۆنەیەدا ئامادە دەبن و گوێ لە قسەکەرەکان دەگرن. یەکێک لەوانەی لەوێ بووە ئەکادەمیسیەن و پسپۆڕێکی کوردی بواری کۆچبەرییە. 
 
20ی حوزەیرانی 2023، حکومەتی ئەڵمانیا لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆ و بە ئامادەبوونی هۆست زیهۆفەر، وەزیری ناوخۆی وڵاتەکە  رێورەسمێکی تایبەتی بۆ بیرهێنانەوە قوربانییانی کۆچبەری سازکرد. نوێنەری کۆچبەران کە ئەزموونی خۆی لەو رێوڕەسمەدا پێشکێشکرد، گەنجێکی کوردی رۆژئاوای کوردستان بوو کە لەو وڵاتەدا دەژی، ئەو گەنجە کوردەی کە ئەزموونێکی دوورودرێژی هەیە لە کاری رێکخراوەیی و سڤیلدا و کەسێکی ئەکادیمییە کە عەبدولعەزیز رەمەزانە.
 
زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا هەڤپەیڤینێکی تایبەتی لەگەڵ عەبدولعەزیز رەمەزان کردووە. ئەو هاونیشتمانییە باسی ئەزموونی خۆی لە بواری کۆچبەر دەکات، هەروەها دەشڵێت، پڕۆژەی جیاوازی داوەتە ئەڵمانیا لە بواری کۆچبەر. دەشڵێت، لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان چەندین پڕۆژەی جیاوازی هەیە.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ عەبدولعەزیز رەمەزان:
 
رووداو: لە گوتارەکەتدا باسی ئەوەت کرد لە 2014 بەشداریت لە خۆپێشاندانی حەسەکە کرد دژی رژێم، دواتر هاتیتە ئەڵمانیا، پێتوایە لەوکاتەوە لە ئەڵمانیا دەژی، مافەکانت وەک پەنابەر بەتەواوی پێدراون؟
 
عەبدولعەزیز رەمەزان: لە ئەڵمانیا ئێستا ماف هەیە، بەڵام پێشتر نەبوو، یەکێک لەو مافانە مافی ناسنامەی کوردی بوو، لەبەر ئەوە لە دەستپێکی قسەکانمدا لەوێ باسی سەرهەڵدانی قامیشلۆم کرد لە 2014 کە لەپێناو ناسنامە و زمانی کوردی بوو، بۆئەوەی نەترسێت بلێت بە چ زمانێک قسە دەکات، ئێستا لە ئەڵمانیا دەتوانرێت ئەو کارە بکەین و ناسنامەی خۆمان دەربخەین و یاسا هەیە و ماف هەیە، بۆیە دەمویست لە گوتارەکەمدا باسی ئەو داخوازی و ویستە بکەم کە لە 2014 لە قامیشلۆ و حەسەکە خەڵکەکە داوایان دەکرد.
 
رووداو: کێ بە جەنابتی گوت وەرە بە ناوی کۆچبەرانەوە لە رێوڕەسمەکەدا قسە بکە؟
 
عەبدولعەزیز رەمەزان: لە وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیاوە بانگهێشتکرام لە نووسینگەی توێژینەوە سیاسییەکانی وەزارەتەکە، ئەو نووسینگەیە منیان هەڵبژارد، کە ساڵانە چەندین ناوەندی ئەڵمانیا چەندین کەس بەربژێر دەکەن و ناوەکانیان بۆ ئەو نووسینگەیە دەنێرن، دواتر نووسینگەکە مانگێک پێش دەستپێکردنی رێوڕەسمەکە کەسێکیان هەڵدەبژێرن، ئەوەبوو ئەوان منیان هەڵبژارد بۆ ئەوەی بەناوی کۆچبەرانەوە قسە بکەم، منیش قبووڵم کرد.
 
رووداو: لە رێوڕەسمەکەدا وەزیری ناوخۆ خۆی ئامادەبوو و گوێی لە قسەی ئێوە گرت، تۆش لە گوتارەکەتدا باسی ئەزموونی خۆت و هەروەها کوردبوونی خۆت کرد و هەروەها باسی قوربانیانی کۆچبەریت کرد بە فراوانی، بۆچی لە ساڵی 2014 رێکخراوێکی نێودەوڵەتیت دروست کرد بە ناوێکی کوردی (دۆست) ئێوە دەتانویست چی بکەن؟
 
عەبدولعەزیز رەمەزان: ناوی دۆست بەلای ئێمەوە زۆر گرنگ بوو کە وشەیەکی کوردییە، هۆکاری سەرەکیی دروستکردنی رێکخراوەکەش دەمانویست دەزگایەکی کوردی دروست بێت کاری رێکخراوەیی و سڤیل بکات، بەڵام کاریگەریی سیاسیشی هەبێت لە جیهاندا، کە ناسنامەی کوردیشی هەبێت، ئەوکات هیچ دەزگا و رێکخراوێکی سڤیل لای ئێمە نەبوون، کە چالاکوانان بیانەوێت تێیدا کاربکەن، بۆیە لە 2014 رێکخراوی دۆستمان لە رۆژئاوای کوردستان دروستکرد بۆ هاوکاریی مرۆیی و سڤیل، جگە لە رۆژئاوا لە باشووریش کاری دەکرد و هەروەها لە ئەڵمانیاش کاردەکەین و کوڕ و کچی زۆر روومان تێدەکەن کە کورد و عەرەب و بیانین کار دەکەن.
 
رووداو: ئێستا پڕۆژەتان لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان هەن؟
 
عەبدولعەزیز رەمەزان: بەڵێ ئێستا لە رۆژئاوای کوردستان هاوکاریی سێکتەری کشتوکاڵ دەکەین، چونکە داهاتی سەرەکیی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان کشتوکاڵە، هەندێکجاریش لەڕووی ئاژەڵداریش، لە رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکان و هەروەها دابینکردنی ئاو بۆ زەوییەکان و تەنانەت بە بازاڕکردنیش، هەندێکجاریش هاوکاریی ماددی و پەینیش بە جووتیاران دەدەین، لە هەندێک حاڵەتیشدا خوولی فێربوون بۆ گەنج و لاوان دەکەینەوە بۆئەوەی بتوانن فێری پیشەیەک بن وەک کارەبا، ئاو و پیشەی دیکە بۆئەوەی بتوانن خۆیان بژیێنن، لە باشووری کوردستانیش پڕۆژەکانمان زۆر گەورە نین، زیاتر لەنێو کەمپەکانی دانیشتووانی رۆژئاوای کوردستانن، بەتایبەت کەمپی کەورگۆسک.
 
رووداو: باسی ئەوەت کرد هاوکاریی ئەو کۆچبەرانە دەکەن چۆن بتوانن تێکەڵ بە حیزب و لایەنە سیاسییەکان بن، ئەمە چۆنە بۆم باس بکەی؟
 
عەبدولعەزیز رەمەزان: ئەو پڕۆژەیەمان بۆ ئەو کۆچبەرانەن کە لە دوای 2015ـەوە هاتوونەتە ئەڵمانیا، ئێمەش پڕۆژەکەمان لە ساڵی 2015ـەوە دەستپێکرد، پڕۆژەکەمان بۆ ئەوەیە چۆن ئەو کۆچبەرانە بتوانن تێکەڵ بە هێز و حیزبە سیاسییەکانی ئەڵمانیا ببن، خول و راهێنانمان بەو کەسانە دەکرد و دەمانبردنە ناوەندەکان بۆ ئەوەی بە چاوی خۆیان ببین کاری حیزبی چۆنە و چۆن دەکرێت و کەسە سیاسییەکانیان دەبینی و قسەیان لەگەڵ دەکردن و هەروەها بەشداریمان لە وۆرکشۆپەکان پێدەکردن، ئەو چالاکییانە لە نێوان سێ بۆ شەش مانگی دەخایاند، دواتر کۆنتاکمان بۆ دروست دەکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، کاتێک ئەو لایەنە سیاسییانە کەسانی گەنج و لێهاتوویان پێویست بووایە ئەوا لەو کەسانەیان هەڵدەبژاردن و دەیانبردنە نێو پارتەکانیان واتە ئێمە رێگەکەمان بۆ دەکردنەوە.
 
رووداو: ئامۆژگاریت بۆ ئەو گەنجانەی کورد چییە کە دێنە ئەڵمانیا و لێرە چۆن دەست بە ژیانێکی نوێ بکەن؟
 
عەبدولعەزیز رەمەزان: گرنگترین شت ئەوەیە ناسنامەی خۆیان لەبیر نەکەن، نابێت وابیربکاتەوە بە زمانی ئینگلیزی یان ئەڵمانی زیاتر بەرەوپێش بچێت، نابێت لەبیر بکەن کە ئەوان کوردن، ئەوان لە وڵاتێکی ئەوروپی یان ئەمریکا بن، نابێت ناسنامەی خۆیان بشارنەوە، دووەم ئەگەر ئەو کەسانە لە کوردستان باوەڕیان بە کاری سیاسی و پەیوەندیکردن بە لایەنە سیاسییەکان نەمابێت، لێرە جیاوازە و دەتەوانێت کاری سیاسی بکات و تێکەڵ بە پارتە سیاسییەکان بێت و کار بکات و ئەمە کارێکی ئاسانە، بەڵام پێشتر دەبێت بروانامەی زانکۆ بەدەستبێنێت و پسپۆڕییەک بۆ خۆی هەڵبژێرێت ئەگەر دوای بەدەستهێنانی بەکالۆریۆس بتوانن بڕوانامەی ماستەریش بەدەستبێنن ئەوا باشتریش دەبێت و پاشان لە بواری خوێندنەکەیان کاربکەن و بۆئەویە شارەزایی و ئەزموون وەربگرن، بۆ نموونە کەسێک لە بواری سیاسی بخوێنێت باشترە پەیوەندی لەگەڵ لایەنێکی سیاسی هەبێت، ئەمەش کارێکی ئاسانە لێرە کارئاسانی بۆ دەکرێت، ئەمە ئامۆژگاری منە.
 
رووداو: ئێستا تۆش ماستەر دەخوێنێت؟
 
عەبدولعەزیز رەمەزان: بەڵێ.
 
رووداو: جەنابت نموونەیەکی سەرکەوتووی کوردی لێرە، بۆیە ئەڵمانیا تۆی هەڵبژارد، هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازم، سوپاس