گوتەبێژی لیژنەی زیارەتکارانی ئێرانی: هەرێمی کوردستان برایانە مامەڵەی لەگەڵ زیارەتکارانمان کرد


رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی چوارشەممە دوایین رۆژی چلەی ئیمام حوسێنە لە کەربەلا کە ئەم ساڵ بە گوتەی یاریدەدەری پارێزگاری کەربەلا، 22 ملیۆن زیارەتکار چوونەتە ئەو شارە بۆ رێوڕەسمەکە. گوتەبێژی لیژنەی باڵای زیارەتکارانی ئێرانی بۆ عێراق دەڵێت، سوپاسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکەن لە دابینکردنی پاس و ئاسانکاری بۆ زیارەتکاران. 
 
شێخ غولام رەزا ئەبا زەری، گوتەبێژی لیژنەی باڵای زیارەتکارانی ئێرانی بۆ عێراق باسی چوونی زیارەتکاران لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ کەربەلا دەکات و دەڵێت، پێشبینی دەکەن زیاتر لە 70 هەزار کەس لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە هاتوون.
 
لە هەرێمی کوردستان شوێنی حەوانەوە و خواردن و خواردنەوە بۆ زیارەتکاران دابینکراوە لەگەڵ هۆکاری گواستنەوە. شێخ غولام رەزا ئەبا زەری دەڵێت، "ئەمساڵ دەبینم کە باشتر و زیاتر و برایانەتربووە لە ساڵی رابردوو. چاوەڕوانی ئێمەش لە برایان و ئازیزانی خۆمان لە هەرێمی کوردستان هەر ئەمەیە."
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: سڵاوت لێبێت و ئەم کاتەت باش بەڕێز، سوپاست دەکەم کە لەگەڵمانی، سەرەتا پێمان بڵێ رێوڕەسمەکە چۆن بەڕێوەدەچێت، دۆخی زیارەتکاران چۆنە؟ بە گشتی رێوڕەسمەکان چۆن بەڕێوەدەچن؟ ئەو چەند رۆژە چۆن بوو؟ 
 
شێخ غولام رەزا ئەبا زەری: بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان، رێگەم پێبدەن پێش دەستپێکی چاوپێکەوتنەکە رێز و حورمەتی خۆم بۆ هەموو بینەرانی کەناڵەکەی ئێوە و خەڵکی ئازیزی هەرێمی کوردستانی عێراق کە دەنگ و رەنگی ئێمەیان هەیە رابگەیێنم. ئەمە دووەم ساڵە کە لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق زیارەتکارانی ئێران دێنە ناو وڵاتی عێراق و سوپاس بۆ خوا لەبەر ئەو رێککەوتنانەی کە لەگەڵ حکومەتی عێراق هەمانە و لەگەڵ برایانی و عەزیزانمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق، تا ئەم ساتە هەموو ئەو بەرنامانەی کە پێشبینیمان دەکرد بۆ هاتنی زیارەتکاران بە باشی جێبەجێکراوە و پشتیوان بەخوا لەو یەک رۆژەش کە ماوە بەباشی جێبەجێدەکرێت لەگەڵ هاوکاری هەموو بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و لە خزمەت ئێوەی بەڕێزدام. ئەگەر پرسارێک و بابەتێکتان هەیە.
 
رووداو: سوپاست دەکەم، بەڕێز شێخ غولام سەبارەت بە ژمارەی زیارەتکاران، کە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتوون، ئامارتان لەبەردەستە کە تاوەکو ئەمڕۆ ژمارەیان چەندە؟ 
 
شێخ غولام رەزا ئەبا زەری: تاوەکو دوێنێ شەو کە ئامارمان کۆکردبووەوە، لە هەموو دەروازەکان، واتا لە شەش دەروازەی هاوبەش لەنێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆماری عێراق، زیاتر لە سێ ملیۆن و 700 هەزار زیارەتکار هاتووونەتە ناو خاکی عێراق و بەشێک لەم زیارەتکارانە لە هەردوو دەروازەی تەمەرچین (حاجی ئۆمەران) و باشماق (باشماخ) هاتوونەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق.
 
رووداو: سەبارەت بە ژمارەی ئەو زیارەتکارانەی کە خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانن، بەڵام لە ئێرانەوە هاتوونەتە عێراق داتان لەبەردەستە کە ژمارەیان چەندە؟
 
شێخ غولام رەزا ئەبا زەری: بەڵێ تاوەکو ئێستا نزیکەی 50 هەزار کەس لە دەروازەی تەمەرچین و 20 هەزار کەسیش لە مەرزی باشماق هاتوون، هەڵبەت ئەم ئامارانەی کە دەیڵێم، ئاماری نزیکە، واتا بە کەس و بە ژمارە رەنگە هێندە ورد نەبێت. رەنگە ئەمرۆ زیاتر بووبن و ژمارەیەک زیادبووبن. نزیکەی 20 هەزار کەسیش لە دەروازەی باشماقەوە هاتوون کە پێکەوە نزیکەی 70 هەزار کەس هاتوون، رەنگە تاوەکو سبەی (رۆژی چوارشەممە) کە مەراسیمەکە دەستپێدەکات کە چلەی ئیمام حوسێنە ژمارەکە بەرزبێتەوە بۆ نزیکەی 75 هەزار کەس کە لە دوو دەروازەی باشماق و تەمەرچین دێنە ناو خاکی عێراق بۆ ئەوەی بگەنە شاری کەربەلا.
 
رووداو: سەبارەت بە هاوکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێمخۆشە پێم بڵێی هاوکارییەکان چۆن بوون؟ چۆن یارمەتیدەربوون بە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە و هاتنی زیارەتکاران؟
 
شێخ غولام رەزا ئەبا زەری: ئەو هاوکارییانەی کە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکێشیان کردووە، ئەمساڵ دەبینم کە باشتر و زیاتر و برایانەتربووە لە ساڵی رابردوو. چاوەڕوانی ئێمەش لە برایان و عەزیزانی خۆمان لە هەرێمی کوردستان هەر ئەمەیە. لە کۆمەڵەی دەروازەی تەمەرچین (حاجی ئۆمەران) بەرپرسانی خۆجێی و پارێزگاری بەڕێز و رێکخراوی خێرخوازی بارزانیی نەمر، خوای گەورە لە هەموو شەهیدانی هەرێمی کوردستان خۆش بێت، رێکخراوەکە هاوکاریی زۆر باشیان هەبوو. بەوپەڕی رێز و حورمەت و برایانە مامەڵەیان لەگەڵ زیارەتکارانی ئێمە کردووە. بۆ ئەوان شوێنی مانەوە و گواستنەوە و حەوانەیان دابینکردووە. هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، پێشمەرگە قارەمانەکان بەرپرسیارییەتی پاراستنی زیارەتکارانیان بە باشترین شێواز لە ئەستۆ گرت و لە باشماقیش، عەزیزانمان لە تەریقەتی کەسنەزانی کە ساڵی رابردووش یارمەتیان داین، ئەمساڵیش کردیان، شوێنی خۆیان خستە بەردەستی زیارەتکارانی ئێرانی و بەرپرسانی سلێمانیش هاوکاری زۆر باشیان کردین کە لە ساڵی رابردوو زیاتر و فراوانتر بوون. هەموو شتێکیان دابینکردووە بۆ ئەوەی زیارەتکاری ئێرانی بتوانێت لەو دوو دەروازەیەی هەرێمی کوردستان بێتە ژوورەوە. ساڵ لە دوای ساڵیش مەیلی زیارەتکاران بۆ تێپەڕین لەم دوو دەروازەیە زیاتر دەبێت. زیارەتکاران خوازیارن زیاتر لە دوو دەروازەی هەرێمی کوردستان بێنە نێو خاکی عێراق. هۆکارەکەی ئەو هاوکارییە باشەیە کە بینیویانە هەروەها ئاسانکارییەکانی ئەو دوو دەروازەیەیە.
 
رووداو: دەمانەوێت بزانین جیاوازیی نێوان دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق چییە؟ کە پێتوایە زیارەتکاران زیاتر خوازیارن لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بێن؟ 
 
شێخ غولام رەزا ئەبا زەری: زیاتر پەیوەستە بە قەرەباڵخیی دەروازەکان، ساڵی رابردوو لە هەندێ لە دەروازەکان زیارەتکاری زۆرمان هەبوو. بۆ نموونە ژمارەیەک نزیکەی 100 هەزار تاوەکو 150 هەزار کەس چاوەڕوانی مۆرکردنی پاسەپۆرت و هاتنەژوورەوەیان لە دەروازەکانیان دەرکرد. ئێمەش خۆمان داوامان لێدەکردن کە زیارەتکاران لە دەروازە چۆڵەکانی دیکە هاتووچۆ بکەن. ئەم چۆڵ بوونەوە هاتووچۆی ئاسان کردووە و بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی زیاتر هان بدرێن بۆ ئەوەی لە دەروازەی باشماق و تەمەرچین هاتووچۆ بکەن.
 
رووداو: بەڕێز غولام رەزا ئێوە ئاگادارن کە لە چەند رۆژی رابردوو سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان 100 پاسی بۆ زیارەتکاران تەرخانکرد، بەڕێزتان ئەو هەڵوێستە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ 
 
شێخ غولام رەزا ئەبا زەری: سەیرکەن، سەرۆکایەتیی بەڕێزی هەرێمی کوردستان تەنیا پاسی دابین نەکردووە، شتی زیاتری دابینکردووە بۆ زیارەتکارانی ئێرانی. رۆڵی بەڕێزیان رۆڵێکی برایانەبووە لە بەرامبەر زیارەتکارانی ئێرانی. پاس، ئاسایش، هاتووچۆ، خواردن و حەوانەوە و بابەتەکانی دیکەی هەموو دابینکردووە. ئێمە هیچ زیارەتکارێکمان نەبوو کە لە هەرێمی کوردستان کێشەیەکی هەبوو بێت. چ لە رووی خزمەتگوزاریی تەندروستی و پاکوخاوێنی، چ لە رووی ئەمبوڵانس و هەموو خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی دیکە، هەموو ئەمانەی دابینکردووە. تەنیا یەکێک لە یارمەتییەکان دابینکردنی 100 پاس بۆ زیارەتکاران بووە. یارمەتییە برایانەکانی بەڕێزیان ئێمە لە بیرناکەین. بەتایبەتی لە کاتی چلەی ئیمام حوسێندا کە ئەو یارمەتییانە گرینگییەکی تایبەتیان هەیە و پێویستی بە دابینکردنی خزمەتگوزای زۆر دەکات و سەرۆکایەتی بەڕێزی هەرێمی کوردستانیش بە گەورەییەوە مامەڵەی لەگەڵ زیارەتکارانی ئێرانی کردووە و خزمەتگوزارییەکانی خۆیانی پێشکەشکردووە.
 
رووداو: وەکو خۆت ئاماژەت پێدا، ژمارەیەکی زۆر زیارەتکار ئەمساڵ هاتوون بۆ چلەی ئیمام حوسێن، بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو ژمارەکە ئەمساڵ زۆرە، دەمەوێت بزانم زیارەتکاران کە دێن بۆ چلەی ئیمام حوسێن چەند رۆژ دەتوانن بمێننەوە؟ بۆ ئەوەی قەرەباڵخی دروست نەبێت و گشتیان لەو رێوڕەسمەدا بەشداربن، چەند رۆژێکی دیاریکراو هەیە بۆ زیارەتکاران؟ 
 
شێخ غولام رەزا ئەبا زەری: تەلەفزیۆنی رووداو دروست پێشبینیکردووە. بەهۆی ئەوەی کە لە خەمڵاندنە ئامارییەکانی ئێمەشدا لە نێوان 15 تاوەکو 20 لەسەدا ژمارەی زیارەتکارانی ئێمە زیاتر بوون و ئەو ئەنجامەی کە تەلەڤزیۆنی رووداو بەدەستیهێناوە، ئەنجامێکی راستە. سەبارەت بە گەڕانەوەی زیارەتکارانیش، ئێمە هەوڵ دەدەین سەرەتا لە کەربەلاوە دەست پێبکەین و پاشان بتوانین لە شارەکانی دیکەوە زیارەتکاران بگەڕێننەوە. مەبەستمانە کەرەستەی پێویست ئامادە بکەین بۆ ئەوەی هەرچی زووترە زیارەتکاران بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی ئێران و کۆماری ئیسلامیی ئێران. لە دەروازەی باشماق و پەروێزخانیش خەڵک هان دەدەین کە لەوێیەوە بگەڕێننەوە بۆ ئەوەی لە گەڕانە تووشی قەرەباڵخی و پشێوی نەبینەوە.
 
رووداو: بەشێک لە زیارەتکاران دووچاری رووداوی هاتووچۆ هاتن، دەمەوێ لە زاری بەڕێزتانەوە بزانم، بەپێی زانیارییەکانت ژمارەی ئەو زیارەتکارانە چەندن و ئێستا دۆخی تەندروستییان چۆنە؟ چەند رووداوی هاتووچۆ روویانداوە؟
 
شێخ غولام رەزا ئەبا زەری: ئێمە بەگشتی تاوەکو ئەم ساتە، شەش رووداوی هاتووچۆمان هەبووە. کە زیاترین قوربانیمان لە رووداوی هاتووچۆی ئەوەی کە لە رێگەی دۆجێل روویداو هەبوو. لەوێ قوربانیمان زۆر بوون. نزیکەی 16 کەس لەو رووداوەدا گیانیان لەدەستدا. لە هەندێ شوێنی دیکەش لە ئەنجامی رووداوی هاتووچۆ گیانلەدەستدانمان هەبوو. تاوەکو ئێستا نزیکەی 50 کەس قوربانیمان هەبووە، چ ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە و چ ئەوانەی کە بریندار بوون، چونکە هەندێ لە زیارەتکارانیش گیانیان لەدەستداوە لەبەر ئەوەی کە تەمەنیان لەسەرەوە بووە. ئەوانەش کە برینداربوون، هەندێکیان گەڕێندراونەتەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەندێکی دیکەشیان لە نەخۆشخانەکانی عێراق چارەسەری سادەی پزیشکییان بۆ دەکرێت، بەڵام بە گشتی ئاماری قوربانییان لەنێوانیان دا گیانلەدەستدان و رووداوەکانی هاتووچۆ لە ساڵی پار زۆر کەمتر بوون، سوپاس بۆ خوا.
 
رووداو: دەمەوێ بزانم لە درێژخایەندا چ پلانێکتان هەیە بۆ هاتنی زیارەتکاران بۆ عێراق، لە ساڵانی داهاتوو بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق، بۆ ئەوەی ئاسانکاری زیاتر بۆ زیارەتکاران بکرێت؟ پلانێکی درێژخایەنتان هەیە؟  
 
شێخ غولام رەزا ئەبا زەری: زیاتر ئێمە بەدوای زیارەتی ئاسانداین، لەبەر ئەوەی کە چوار ملیۆن کەس لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دێن، ئەگەر تۆزێ روونتر کارەکانیان بکرێت بۆ ئەوەی بتوانن ئاسانتر هاتووچۆ بکەن و ئامرازی گواستنەوەی باشتریان هەبێت، بەدڵنیاییەوە هۆگرانی زیاتر سەردان دەکەن و رێگەی ئەوەش هەیە کە زەمینەسازی بکرێت بۆ ئاسانکردنی هاتووچۆ بۆ وڵاتی عێراق و ئەم هەلە بەکاربهێنین. داواش لە هەرێمی کوردستان دەکەین، بەرپرسە بەڕێزەکان هاوکارییەکانی خۆیان بۆ ئێمە زیاتر بکەن. هەر بەو چەشنەی کە تاوەکو ئەمساڵ و لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا هاوکاریی زۆر برایانە و باشیان هەبووە و دۆستایەتیی خۆیان نیشانداوە. بەهیوای خوا لە ساڵانی داهاتووشدا بتوانین لە رێگەی رێککەوتن و پلانی باشتر، خزمەتگوزاریی زیاتر پێشکەش بکەین.
 
رووداو: شێخ غولام رەزا ئەبا زەری، گوتەبێژی  لیژنەی باڵای زیارەتکارانی ئێرانی بۆ عێراق سوپاس کە لەگەڵمان بووی و سوپاس بۆ ئەم گفتوگۆیە. 
 
شێخ غولام رەزا ئەبا زەری: منیش سوپاسی ئێوە و تەلەڤزیۆنی رووداو دەکەم بۆ گواستنەوەی هەواڵەکانی چلەی ئیمام حوسێن و  سوپاس بۆ بەرپرسانی و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.