فوئاد حوسێن: لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا هەموو لایەک براوەن


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی عێراق رایدەگەیێنێت، بڕیارەکەی دادگەی نێوبژیوانیی پاریس گرێبەست و ناردنی هەرێمی کوردستانی بە نایاسایی نەزانیوە. هەروەها باسی رێککەوتنی بەغدا و هەولێر دەکات و دەڵێت، کەس دۆڕاو نەبووە و هەمووان تێیدا براوەن.

لە هەڤپەیڤینێکدا کە رۆژی سێشەممە، 4ـی نیسانی 2023، سەنگەر عەبدولڕەحمان، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵیدا ئەنجامیداوە، د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق باسی نێوەڕۆکی رێککەوتنی بەغدا و هەولێر لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی سۆمۆوە دەکات و دەڵێت، پێکهاتەی سۆمۆ گۆڕانکاری تێدا دەکرێت و نوێنەرێکی هەرێمی کوردستان دەبێتە جێگری سەرۆکی سۆمۆ.
 
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژە بەوەش دەکات، کە وەزارەتی نەوتی عێراق راسپێردراوە نامەیەکی فەرمی ئاراستەی تورکیا بکات بۆ رێگەدان بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان. دەشڵێت، لە رێککەوتنەکەدا باس لەوە نەکراوە حکومەتی عێراق قەرزی کۆمپانیاکانی نەوت لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بداتەوە.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: نێوەڕکی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چییە؟
 
فوئاد حوسێن: خۆی چەند خاڵێکە، بەڵام بەشێكیان بابەتی کارگێڕیین، خاڵی بنەڕەتی ئەوەیە کە دانووستاندن لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەدا دەستپێدەکات نەوتی هەرێمی کوردستان دەکڕن یان کڕیویانە، ئەوەی روونە کوردستان گرێبەستی لەگەڵ کۆمەڵێک کۆمپانیای جۆراوجۆر هەیە، بۆ نموونە گرێبەستی هەیە بۆ دەرهێنانی نەوت، هەیەتی بۆ هەناردەی نەوت، گرێبەستی هەیە بۆ بۆ فرۆشتنی نەوت، پەیوەندی بەو کۆمپانیایانەوە هەیە لە رابردوودا نەوتیان لە هەرێمی کوردستان کڕیوە، یان لە داهاتوودا دەیکڕن، ئەو گفتوگۆیانە لیژنەیەکی هاوبەشی بەغدا و هەولێر دەیکەن، رەنگە لە سۆمەوە بێت و هەرێمی کوردستانیش یەک بۆ دوو کەسی بۆ دەستنیشان بکات؛ دوێنێش کۆبوونەوەیان هەبوو لە بەغدا لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە، چونکە بەغدا و هەولێریش دەبینن کە ئەو کۆمپانیایانە لە دۆخێکدا کە هەرێمی کوردستانی تێدابووە نەوتەکەیان کڕیوە و بە نرخی هەرزان و نرخی بازاڕ نەبووە. هەروەها ناردنی نەوت راوەستاوە، ئەویش پەیوەندی بەو بڕیارەوە هەیە کە لە پاریس درا، ئەوەیش نێوبژیوانی بوو لەنێوان عێراق و تورکیا و کاتی خۆی وەزارەتی نەوتی عێراق سکاڵای تۆمارکردووە و گوتویەتی: ناردنی نەوتەکە نایاسایە. بڕیارەکە لەسەر بنەمای ئەوە دراوە، ئەم گفتوگۆیەی لەنێوان هەولێر و بەغدا کراوە نیشانەیەکی ئاشکرایە کە هەردوولا رازین کە نەوتەکە بنێرن. لەسەر رۆشنایی ئەو رێککەوتنەی ئەمڕۆ واژۆ کرا وەزارەتی نەوت نامەیەک بۆ تورکیا دەنێرێت و دەڵێت داواتان لێ دەکەین دەرگەی بۆرییەکە بکەنەوە بۆ ئەوەی بتوانین نەوت بنێرین بۆ جەیهان، ئەمە نێوەڕۆکی بڕیارەکەیە. ئەم رێککەوتنە بەرامبەر بڕیارەکەی دادگەی نیوبژیوانی پاریسە.
 
رووداو: دوای ئەم رێککەوتنە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا دێت؟
 
فوئاد حوسێن: دەبێت نرخەکە بەرز ببێتەوە.
 
رووداو: تەنیا لە نرخدا؟
 
فوئاد حوسێن: بەڵێ.
 
رووداو: کەی ئەو نووسراوە بۆ تورکیا دەکەن؟
 
فوئاد حوسێن: بڕیارە ئەمڕۆ بکرێت؛ بڕیارمانداوە ئەمڕۆ وەزارەتی نەوت ئەو نووسراوە بنووسێتەوە.
 
رووداو: کۆمپانیاکان ئامادەن بە نرخی سۆمۆ نەوتی هەرێمی کوردستان بکڕن؟
 
فوئاد حوسێن: دەبێت کۆمپانیاکان حسابی خۆیان بکەن، جاران حسابی ئەوەیان دەکرد حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچارە نەوتەکەی بفرۆشێت و ناچارە بەو نرخەی بفرۆشێت کە ئەوان داوایان دەکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش چونکە کێشەی یاسایی هەبوو نەیەتوانی نرخیان لەسەر دابنێت، ئێستا ئەو کێشانە نەماون و بەشێوەی یاسایی کە هەولێر و بەغدا لەسەری رێککەوتن کۆمپانیاکان ناتوانن ئەملاولا زۆر بکەن و ناچارن و دۆسییەی فرۆشتنی نەوت بە نرخی بازاڕ بێت نەوەکو داشکاندنی 10 بۆ 12 دۆلار کە من بە وردی نازانم چەند بووە؛ ئەوان بە هەرزان نەوتیان دەکڕی.

 

رووداو: ئەگەر ئەو کۆمپانیایانە ئامادە نەبوون نەوتی هەرێمی کوردستان بکڕن، کڕیاری نوێ دەدۆزنەوە بۆ نەوتی هەرێمی کوردستان؟
 
فوئاد حوسێن: من ئێستا باسی گفتوگۆ (مفاوەزات) دەکەم کە هەستیارە. پێموانییە کۆمپانیاکان ئامادە نەبن، چونکە زیانیان بەردەکەوێت.
 
رووداو: دانووستاندنەکان بۆ دروستبوونی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا سەخت بوون؟
 
فوئاد حوسێن: زۆر..
 
رووداو: بۆچی؟
 
فوئاد حوسێن: ئاسان نییە، جارێ دانووستاندن لەگەڵ کەسانی یاسایی دەکرێت هەر بەدەوری یاساکەدا دەخوولێنەوە؛ دانووستاندنی تەکنیکی لەنێو کێشە تەکنیکییەکاندا دەسووڕێنەوە، ئەمە دانووستاندنی سیاسیی پێویست بوو، سیاسییەن چارەسەر نەبووایە تەکنیکییەن چارەسەر نەدەبوو، سیاسیی چارەسەر نەبووایە یاسایی چارەسەر نەدەبوو. سیاسییەن بەڵام لە بەرژەوەندی عێراق، ئەم رێککەوتنە زۆر لە بەرژەوەندی عیراقە، بڕیاری دادگەی پاریس نییە و نێوبژیوانییە، ئەو بڕیارە نەبوایە دۆخەکە وەکو خۆی دەبوو هەرێمی کوردستان نەوتی دەفرۆشت، سبەی پڕۆژە یاسای بودجە گفتوگۆی لەسەر دەکرا دواتر یاسای بودجە دەبوو هیچ رووینەدەدا، چونکە لە پڕۆژەیاسای بودجە کێشەکان چارەسەر کراون، بەڵام بڕیارەکە زوو وەرگیرابوو، پێش چەند مانگێکە نازانم بۆ ئێستا راگەیێندرا، کە ئێستا راگەیێندراوە کێشەی بۆ بودجە دروستکردووە، لە بودجە باسی ئەوە دەکرێت کە 40 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کورستان رەوانەی دەرەوە بکریت و نرخی بەرمیلی 70 دۆلارە و دەبێتە پارە و لە بودجە کەم دەبوویەوە، ئەوکاتە نەوتیش نەفرۆشرێت حکومەتی فیدراڵ چۆن پارە تەرخان بکات بۆ هەرێمی کوردستان و لە کوێ بۆی دابینبکات، چونکە لە پڕۆژەکەدا نووسراوە 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان، کێشەیەکی گەورەی دروست دەکرد، دەبوو پڕۆژەیاسای بودجە بگۆڕدێت و رێگەیەکیش بدۆزیەوە چۆن بودجەی هەرێمی کوردستان بنێریت.
 
رووداو: ئەم رێککەوتنە پشتیوانی سیاسیی هەیە، بەتایبەت لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە؟
 
فوئاد حوسێن: خۆی ئەوان سەرۆکوەزیرانیان دەستنیشان کرد کە بووەتە سەرۆکوەزیران، کوردیش ئێمەی تێداین و سوونییەکانیش بڕواناکەم دژی بن، من بڕواناکەم لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی کەسانێک هەبن دژی بن، چونکە رێککەوتنەکە لەبەرژەوەندی هەموو لایەکدایە و سەقامگیرییەک دروست دەکات، بازاڕی نەوت گرنگە، شەڕی ئۆکراینا و رووسیا کاریگەریی هەبووە لەسەر بازاڕی نەوت، رێککەوتنەکە نێوان هەولێر و بەغداشی زۆر لێکەوە نزیککردەوە.
 
رووداو: رۆڵی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گفتوگۆکاندا چۆن بوو؟
 
فوئاد حوسێن: بۆ مێژوو دەیڵێم؛ ناتوانم هەموو شتێک بڵێم، بەڵام دەڵێم رۆڵێکی زۆر زۆر ئەرێنی هەبوو، ئەگەر بڕیاری باڵای سیاسیی نەبوایە لە چوارچێوەی تەکنیکی و یاساییدا ئەو گفتوگۆیانە دەکرا و کاریگەریشی نەدەبوو.

 

رووداو: نامەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە بە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت با چارەسەرێکی عێراقییانە بکەین بەرلەوەی لەگەڵ هیچ وڵاتێکی دیکە رێکبکەون؛ ئێوە ئەوەتان بینی سوودانی بڕیاری دادگەی پاریس بۆ نێوبژیوانی بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی کێشەکانی هەولێر و بەغدا چارەسەر ببن؟
 
فوئاد حوسێن: بابەتی پاریس کۆنە و هی کاتێکە بەڕێز شارستانی وەزیری نەوت بوو، کاتێک بەڕێز عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو منیش وەزیری دارایی بووم جارێکی دیکە سەری هەڵدا، من لە کۆنگرەی داڤۆس کە بەشداربووم وەزیری دارایی تورکیام بینی و باسمان کرد زۆر نیگەران بوو، خەڵکیش هەبوو بیروڕای بۆ شتی دیکە دەچوو، کە بەرەو ئەنقەرە یان هەرێمی کوردستان شتێک بکەین، دروستکردنی کێشە ئاسانە و چارەسەرکردن قورسە. بیرمە بەڕێز عادل بە منی گوت: شتێک بکە بۆ ئەوەی جارێ دوابخرێت، ئەگەر کێشەیەک هەیە دواجار تورکیا هاوسێیە با چارەسەری بکەین، لەوکاتەوە نیازێک هەبووە کە بەرەو چارەسەر بڕۆین، خەڵک هەبوو بۆ چارەسەر دەگەڕا، کە گەیشتووە بە بڕیاردان ئێستا، خەڵک هەبوو دەیوت ئەو پارەی داوا لە تورکیا دەکرێت بگاتە 30 بۆ 55 ملیار دۆلار وەکو قەرەبوو، بەڵام ئێمە دەمانگوت بابەتی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتانی دونیا دەبێ بە دایەلۆگ چارەسەری بکەین. لە کۆتاییدا بڕیارەکە لەسەر ئەوەدراوە نەوتەکە لە جەیهانەوە بۆ کەشتییەکان بار بکرێت، بڕیارەکە بە ئاشکرا دەڵێ هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، گرێبەستەکە لەسەر بنەمای ئەوەیە لایەنی سیێەم بەکاری هێناوە، ئەو بەشەی لە سنووری عێراقە کە هەرێمی کوردستان بەکاری هێناوە بەشێكە لە عێراق، ئەوە بڕیارەکەی پاریس باسی کردووە، تەنیا لەسەر بارکردن بوووە.
 
2015 لە نیورۆک بووم، ئەوکاتە سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بووم، یەکەم جاربوو عەبادی وەکو سەرۆکوەزیران لەگەڵ سەرۆک ئۆباما کۆبوونەوەی هەبوو، عەبادی گوتی: حەزدەکەم دانیشتنێکمان هەبێ لە هۆتێلەکە. گوتی کارێکم پێتە بەڵکو لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و جەنابی سەرۆک قسە بکەیت، گوتی من دەمەوێت نەوتی کەرکووک هەناردە بکەم، بۆرییەکە نەمابوو، کەوتبووە دەستی داعش و شکاندبووی، لە کوردستان بۆرییەک دروستکرابوو لە نزیک کەرکووکەوە نەوتی دەبرد، گوتی بۆرییەک زیاد بکەن نەوتی کەرکووکیش لەو بۆرییەوە بچێت، وتم بەسەرچاو، ئەوکاتە کراو ئێستاش نەوتی کەرکووک بەو رێگەیە دەچێت، ئەو نەوتەی ئێستا دەڕوات تەنیا هی هەرێمی کوردستان نییە و بە رێککەوتنیش نەوتی لێوە هەناردە کراوە، بڕیارەکەی پاریس ئێستا جێگیری کرد.
 
رووداو: نێوەڕۆکی بڕیاری دادگەی پاریستان بینیوە؟
 
فوئاد حوسێن: بەڵی وردەکارییەکانیم بینیوە.
 
رووداو: دەڵێت دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت و گرێبەستەکانێش هیچ کێشەی نییە؟

 

فوئاد حوسێن: هیچ کێشەی نییە، گرێبەسەتەکەش کێشەی نییە، ئەوەی باسم کرد، لە ناردن و دەرکردن، هیچ کێشەیان نەبووە، نەیگوتووە یاسایی نییە. ئەمە یەکێک لە هۆکارەکان بوو کە هەرکەس بیربکاتەوە دەبینێت بابەتێکی نایاسایی نەبووە، بڕیارەکەش دراوە لەسەر بنەمای خوێندنەوەیە بۆ دەستوور و گرێبەستەکان.
رووداو: بەم رێککەوتنە هیچ گۆڕانکارییەک لە گرێبەستەکانی نەوتی هەرێمی کورستان روودەدات؟
 
فوئاد حوسێن: نا.. ئەمە پەیوەندی بە گرێبەستەکانەوە نییە، بەڵام لە پڕۆژەیاسای بودجە دووبارە خوێندنەوە بۆ رێککەوتنەکان دەکرێت و لە بەرژەوەندی عێراقە و مافیشییەتی خوێندنەوەی بۆ بکاتەوە لە رووی یاساییشەوە.
 
رووداو: داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان؟
 
فوئاد حوسێن: حکومەتی هەرێمی کوردستان هەژمارێکی بانکی بۆ دەکاتەوە.
 
رووداو: کێ مافی هەڵسوکەوتی بە هەژمارەکەوە هەیە؟
 
فوئاد حوسێن: سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان.
 
رووداو: عێراق رۆڵی چی دەبێت؟
 
فوئاد حوسێن: سەرپەرشتی و چاودێریی هەژمارەکە دەکات، چەند دێتە ژوورەوە، لە کۆتاییدا داهاتی دەوڵەتە و دەبێت دەوڵەت ئاگاداری بێت. ئەم رێککەوتنە کاتییە تاوەکو کاتی بودجە و ئەو کاتە دەبێتە یاسا.
 
رووداو: بەگوێرەی رێککەوتنەکە خەرجی کۆمپانیاکانی نەوت حکومەتی عێراق لە ئەستۆی دەگرێت؟
 
فوئاد حوسێن: نەخێر، ئەم بابەتە لە بودجە باس کراوە و دواتر لە پڕۆژە یاسای نەوت چارەسەر دەبێت. ئەم رێککەوتنە بۆ ئەوەیە ئیدارەی کەیسەکە وەکو خۆی بدرێت، بەڵام بە هاوکاری بەغدا و هەولێر. گفتوگۆیەک لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە دەستپێبکات کە نەوتی هەرێمی کوردستانیان کڕیوە، چونکە ئەو نرخەی لەسەریان داناوە زوڵمە؛ زوڵمیان لە ‌هەرێمی کوردستان و عێراقیش کردووە، وەکو فرسەت بینیویانە چونکە دۆخەکە وابوو، ئێستا ئەو فرسەتە نەماوە.
 
رووداو: حکومەتی عێراق قەرزی کۆمپانیاکانی نەوت کە لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە دەگرێتە ئەستۆ؟
 
فوئاد حوسێن: ئەوە بەشێکە لەنێو یاسا، یاسای بودجە، بەڵام بەگوێرەی ئەم رێککەوتنە نا پەیوەندیی نییە.
 
رووداو: چۆن چارەسەر کراوە بەگوێرەی یاسای بودجە؟
 
فوئاد حوسێن: دەبێت خوێندنەوەی بۆ بکرێت، دەوڵەتی عێراق مافی هەیە بزانێت ئەو قەرزە چۆن و لەسەر چی بنەمایەک کراوە و چۆن دەدرێتەوە، خۆ دەبێت خوێندنەوەی بۆ بکرێت دوای ئەوە ىڕیار دەدرێت، بەڵام یاسای بودجە دەستنیشانی ئەو بابەتانەی کردووە، بە بڕوای من کە یاساکە جێبەجێ بکرێت بەشێوەیەکی یەکجارەکی چارەسەر دەکرێت.
 
رووداو: بۆچوونێک هەیە کە پڕۆژە یاسای بودجە بۆ یەک ساڵ بێت، ئێوە لە حکومەتی عێراق ئەوە پەسەند دەکەن؟
 
فوئاد حوسێن: ئێمە بە توندی پشتگیریی لە سێ ساڵ دەکەین، داواکردنی بودجە بۆ سێ ساڵ دەگەڕێتەوە بۆ کاتی حکومەتی عادل عەبدولمەهدی، کە من وەزیری دارایی بووم، ئەو پێشنیازی دەکرد و دەیگوت دەبێت بودجەیەکی سێ ساڵیمان هەبێت، خۆی بودجەی سێ ساڵی بۆ؟ خەڵک رەنگە بڵێت سەرچاوەی بودجەکە نەوتە، نرخی نەوت ئەمڕۆ جۆرێکە و سبەی جۆرێکی دیکەیە ئەوە چۆن دەبێت؟ بودجەی سێ ساڵی تێڕوانینێکی (روئیا) ئابووری هەیە، بەرچاو روونییەک دەدات لەسەر ئەو پڕۆژانەی دەکرێن، تۆ پارە بۆ یەک ساڵ دادەنێی، کە ساڵەکە تەواو بوو بودجەت نەبێت ئەوەشی بۆ پڕۆژەکەت داناوە بەفیڕۆ دەچێت. واتا سەتەها پڕۆژە لە عێراق هەن دەستیانپێکردووە و بەشێکی تەواوبووە چونکە پارە نەبووە نەتوانراوە تەوابکرێت و ئەوەشی کراوە بە فیڕۆچووە، ئەوە کارەساتە. ئەوکاتە منیش پشتیوانی پێشنیازەکەم کرد، ئێستا یاسای ئیدارەی دارایی هەیە کە دەستنیشانی کردووە دەتوانیت بودجەی سێ ساڵیت هەبێت، دەوڵەتانی دیکەش هەن بودجەی دوو ساڵی یان سێ و چوار، تان پێنجساڵیشیان هەیە، بەڵام تەنیا داهاتیان نەوت نییە، ئێستا عێراقیش یەدەگی دراوی زیاترە لە 110 ملیار دۆلار، نرخی نەوتیش ساڵ و نیوێکە نزیکەی 80 دۆلارە بە تێکڕایی، ئەمە داهاتێکی باشە، ئێستا دیسان نرخی نەوت بەرزبووەتەوە.
 
رووداو: عێراق بیری لەوە کردووەتەوە کە ئەگەر نرخی نەوت دابەزی چی دەکات؟
 
فوئاد حوسێن: بێگومان باسی ئەوەمان کردووە و گفتوگۆمان لەسەر کردووە، ئەگەر هەموو گفتوگۆکان بەبێ کێشە لەسەر بودجە بکرێن و رێکارەکان بگیرێنەبەر مانگ و نیوێکی دەوێت بودجە ببێتە بودجەیەک بتوانرێت جێبەجێ بکرێت، ئێستا نرخی نەوت هەر بەرزە، بەشێکی پەیوەندی بە شەڕی رووسیا و ئۆکراین هەیە و بووە هۆی دروستبوونی ئەزمەی نرخی نەوت بەداخەوە، بەڵام ئەو وڵاتانەی نەوتیین پارەی زیاتریان دەستدەکەوێت، ئەو پارەیەی ئێستا هەیە بە ئاسانی بۆ ئەمساڵ بەش دەکات، ساڵی داهاتوو ئەگەر نرخی نەوت دابەزی ئەوکاتە دادەنیشیت لەسەر رۆشنیایی ئەو ژمارانە پێداچوونەوە بە ژمارەکاندا دەکەیت. هەموو یاسایەک دەتوانرێت هەموار بکرێتەوە. بودجەیەک بۆ سێ ساڵ دادەنرێت بەرچاوت روون دەبێت، ئەوەشی دانراوە تەنیا تەخمینییە.
 
رووداو: ئەو بودجەیەی بە هەرێمی کوردستان دەدرێت لەسەر خەرجی راستەقینەیە یان چوار چێوەی گشتی بودجە؟
 
فوئاد حوسێن: من نازانم چۆن دەدرێت و پەرلەمان بڕیار دەدات.
 
رووداو: ئەوەی لە بودجە هاتووە چۆن باسی دەکات؟
 
فوئاد حوسێن: لە بودجەی خەرجی راستەقینەدا کراوە.
 
رووداو: بەگوێرەی ئەوەی جێگری سەرۆکوەزیرانی بۆ کاروباری ئابووری و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانیشدا پەیوەندییەکی بەهێزت هەیە، پێتوایە بودجە لە پەرلەمان تێدەپەڕیت؟
 
فوئاد حوسێن: بەڵێ، بەهێزەو ئێمە پشتگیریی دەکەین، دەزانم خەڵکێک هەیە پێی خۆش نییە، بەڵام بودجە تێنەپەڕێت کێشەیەکی گەورە درووست دەبێت، کێشە بۆ ئەم رێککەوتنەش درووست دەبێت، چونکە کاتییە و گرێدراوە بە بودجە یان یاسای نەوتەوە، پەسەند نەکرێت نازاندرێت چۆن خەرج بکرێت. ساڵی رابردوو بودجە نەبووە، بۆ خەرجی دەبێ بگەڕێیتەوە بۆ ساڵی 2021 و ئەوە نابێت و گۆڕانکاری روویداوە، بودجە نەبێ ترسناکە. بودجە پێویستە سێ ساڵ بێت، چونکە ئەمە پلانێکی درووستە و هەموو ساڵێک تا بودجە دادەنرێت شەش مانگی لێ دەڕوات، هەموو ساڵێک دەکەوێتە شەش مانگ دوای ساڵەکەوە لەبەر بەژەوەندی و کێ و کێ، ئەوەی رازی نییە بێ گفتوگۆی بکات.
 
رووداو: ئەو کورتهێنانە زۆرە چارەسەر دەبێت کە لە بودجەدا هەیە، کە باسی 60 ملیار دەکرێت؟
 
فوئاد حوسێن: وەکو گوتم بودجە بەس تەخمینییە (پێشبینییکراوە)، کورتهێنانیش پێشبینییە، مادام کردەیی هەمووی خەرج ناکرێت. بۆ نموونە لە ساڵێکدا 110 ملیار بودجە هەبووە و 20 ملیاری کورتهێنان بووە، بەڵام 80 ملیارت خەرجکردووە، ئەوانە لە ئەنجامدا کاریگەرییان نییە، بەبڕوای من بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان قەرزیشی ناوێت بۆ ئەم ساڵ و ساڵی داهاتووش لانیکەم.
 
رووداو: ژمارەی مووچەخۆرانی عێراق نزیک بووەتەوە لە چوار ملیۆن و 100 هەزار کەس، 750 هەزار گرێبەست کران بە هەمیشەیی، بۆ هیچ حسابێت بۆ هەرێمی کوردستان نەکرا؟
 
فوئاد حوسێن: میلاکات لە هەرێمی کوردستانیش کەموکورتیی هەیە، داوای میلاکی نەکردووە، هەرێمی کوردستان زۆر جار گوتویانە کارمەندمان زۆرە و بودجەشمان ئەوەندە هەیە. نزیکەی نۆ ساڵە دامەزراندن نەبووە، بە بڕوای من زیاتر کاری هەرێمی کوردستانە، کاری هەرێمی کوردستانە و لەسەر رۆشنایی ئەوە دەتوانرێت گفتوگۆ بکرێت.
 
رووداو: بۆ عێراقیش زۆر نییە ئەو ژمارەیە؟
 
فوئاد حوسێن: تاوەکو کۆتایی مانگی 9ـی ساڵی 2019 کە من وەزیری دارایی بووم دامەزراندنمان راگرتبوو، دۆخی دارایی زۆر بەرەو پێشەوە دەچوو، لە نێوان 9 بۆ 10 ملیار سیولە لەژێر دەستی حکومەت بوو، من گوتم بگەینە مانگی 12، 10 بۆ 11 ملیار لەژێردەستی حکومەت دەبێت، بەڵام کۆتایی مانگی 9 و سەرەتای مانگی 10 خۆپیشاندانەکانی تشرین لە عێراق دەستیانپێکرد و پەرلەمان بڕیاری دامەزراندنی دا، لە ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیازکرا، من وەکو وەزیری دارایی دژی دامەزراندن نەبووم، بەڵام دۆخیی دارایی وابوو، سەرۆکوەزیرانیش لە دڵەوە لەگەڵ من بوو، بەڵام فشاری خۆپیشاندان و شەقامیش هەبوون، دواجار دامەزراندن کرایەوە، من بزانم لە دوو مانگدا 200 هەزار کەس دامەزران، لەو رۆژەوەی ناویان راگەیێندرا مووچەیان بۆ هەژمارکرا، سەرەتای ساڵ لە مانگی شوبات شەڕی نرخی نەوت لەنێوان سعودیە و رووسیا دەستیپێکرد، دواتر کۆرۆنا هات، لەو قۆناخەدا بەنرخی سالب نەوت دەفرۆشراو دەبوو مووچەش بدرێت، ئەو پارەیە هەمووی چوو بۆ مووچە، مانگی یەک هەمووی درا و کەس مووچەی دوانەکەوت یەک رۆژیش، مانگەکانی دوو، سێ و چواریش مووچە درا، مانگی پێنج پێش دەرچوونم داوام کرد پارە بۆ مانگی پێنجیش ئامادە بکرێت، بەڵام لە مانگی 2ـەوەوە پارەی نەوت کەمی کردبوو، داهات کەمیکردبوو، ئەوکاتە 62 ملیار پارەی یەدەگ هەبوو، لەو پارەیە خەرجکرا تاوەکو نرخی نەوت بەرزبووەوە.
 
رووداو: چاوەڕێ دەکەن تورکیا بە نووسراوێک دەستبکاتەوە بە هەناردەی نەوت؟
 
فوئاد حوسێن: من نازانم، ئەوە پەیوەستە بە تورکیاوە، بەڵام پێموانییە تورکیا دژی بێت، بەتایبەت بڕیارەکەی پاریس لە رووی پارەوە بۆ تورکیا زۆر قورس نییە، ئەوەی باس کراوە 1.4 ملیار بۆ عێراق، بەڵام کۆمەڵێک پارەش کە 600 ملیۆن بۆ تورکیایە و تورکیا باسی زۆر شتی دیکە دەکات، پارەکە کێشە نابێت و نەوتیش هەناردە بکرێتەوە لە بەرژەوەندی تورکیا و عێراق و هەرێمی کوردستانیشە.
 
رووداو: ئێوە بەدەستکەوتی دەزانن؟
 
فوئاد حوسێن:  دەستکەوتە بۆ هەموو لایەک.
 
رووداو: هەندێک دەنگ هەیە بەتایبەت لە هەرێمی کوردستانەوە کە دەگوترێت رادەستکردنی نەوتە بە عێراق؟
 
فوئاد حوسێن: من باسم لە مێژووییەکەی کرد، هەرکەس خۆی و ویژدانی ئەمە ببینیت، بزانێت رادەستبوونە یان چارەسەر، ئەمە چارەسەرە، جا کەسێک خۆی خوێندنەوەی بۆ دەکات و دەڵێت رادەست بووە یان چۆن بووە، رادەستی کێ کراوە؟ ئێمە هاوکارین و لە حکومەتی فیدراڵیین و پێکەوە کارمان کردووە، ئێمە جێگری سەرۆکوەزیرانین و  پێکەوە گفتوگۆمان کردووە، شاندی هەرێمی کوردتسان هاتوون گفتوگۆیان کردووە. هەرێمی کوردستان بەشێک لە عێراقە و هەڵسوکەوتی لەسەر بنەمای دەستوورە، دەبێت هەڵسوکەوتی عیراقیش لەسەر بنەمای دەستوور بێت.
 
رووداو: براوە و دۆڕاوەی تێدایە؟
 
فوئاد حوسێن: براوەی تێدایە، هەموو عێراقییەکان بردیانەوە، بردنەوە بۆ ئابووری، یاسا و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا.
 
رووداو: بەگوێرەی ئەم رێککەوتنە گۆڕنکاری لە پێکهاتەی سۆمۆدا دەکرێت و کورد تێیدا بەشدار دەبێت؟
 
فوئاد حوسێن: یەکێک لە بەندەکان پەیوەندی هەیە بە پێکهاتەی سۆمۆوە و دەبێت بگۆڕدرێت و نوێنەری هەرێمی کوردستانی تێدابێت، باسی ئەوە دەکرێت کە جێگری سەرۆکی سۆمۆ کورد بێت.