سەمیح شقێر: بەهۆی دۆستە کوردەکانمان لە داعش رزگارمان بوو


رووداو دیجیتاڵ

سەمیح شقێر، هونەرمەندی ناسراوی سووری، لە بەرهەمەکانیدا ناڕەزایی گەلی سووریا رەنگیداوەتەوە، کە دژی ئەسەد سەریان هەڵدابوو، سەرەتا خۆپێشاندانی بەرفراوان لە ژمارەیەک شار بەڕێوە چوون. دەسەڵاتی ئەسەد بە گولـلە رووبەڕووی هەندێک لەم خۆپێشاندانانە بووەوە، ئەمەش وایکرد سەمیح شقێر گۆرانیی "یا حێف" بڵاوبکاتەوە، کە بوو بە سروودی گەورە و بچووک. 
 
سەمیح شقێر، لە هەڤپەیڤینێکدا  لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایدەگەیەنێت، ئامادەکاری بۆ گۆرانییەک دەکات، گوزارشت بێت لە سووریای دوای ئەسەد.
 
رووداو: ئێستا هەستەکانت چین، کاتێک گوێ لە "یا حێف" دەگریت، بەڵام لە بارودۆخێکی تەواو جیاواز، لەبەر ئەوەی سووریا، سووریایەکی دیکەیە و بێ ئەسەدە؟
 
سەمیح شقێر: بێگومان، جیاوازیەک دروست بووە، گوێگرتن یان گۆرانیگوتن لە قۆناغی پێشوودا، کە پڕ بوو لە پێشێلکاری، کوشتن و خوێن و قۆناغی ئێستا  هەر چرکەیەک لە هەر شوێنێکی سووریاوە هەواڵم پێ دەگات، دەنگ و وێنەم بۆ دەنێردرێن، خەڵکی هەموو پارێزگاکان ئەم گۆرانییە ئێستا لە شەقامەکان دەگوترێت، ئەمە واتای سەرکەوتنی وشەیە بەرامبەر گولـلە و لە کۆتاییدا پەیامی گۆرانییەکە هاتە دی، کاتێک لە کۆتاییدا دەڵێم "گەل وەک چارەنووسە، کاتێک بە ئابڕو بێت؛ ناشکێت و هیوا دیارە"، بە راستیش هیوا دیار بوو. ئێستاش گەلی سووریا بە تەواوی لە شوێنێکی دیکەدایە، لە قۆناغی دروستکردنی دەوڵەتی خۆیدایە، دەوڵەتی هاووڵاتیبوون، دەوڵەتی دیموکراتی. بێگومان چاوەڕێین بارودۆخەکە بەرەو ئەم لایە بڕوات و ئێمە بۆ کارکردن ئامادەین.
 
رووداو: سەمیح شقێر ئێستا ئامادەکاری بۆ گۆرانییەکی نوێ دەکات؟
 
سەمیح شقێر: بێگومان، ئامادەکاری بۆ گۆرانییەک دەکەم شایستەی ئەم سەردەمە بێت، کە پڕە لە خۆشی، بەتایبەت دوای چەندین ساڵی دوور و درێژ لە ئازاری گەل و دوای ئەو قوربانیانەی دران، بێگومان، ئەوان شایستەی خۆشین. 
 
رووداو: رژێمی پێشوو چی لە تۆ برد؟
 
سەمیح شقێر: تەمەنی ئێمەی برد، نەک تەنیا تەمەنی من، تەمەنی زیاتر لە نەوەیەکی بە تەواوی برد، وڵات لە ژێر زۆرداری و پێشێلکاریدا بوو و مەملەکەتی ترسی دروست کردبوو. ئێستاش گۆڕە بە کۆمەڵەکان، رۆژانە دەدۆزرێنەوە و لە رێگەی ئەو کەسانەی لەو قۆناغەدا دەژیان و نەیاندەتوانی قسە بکەن، ئێستا سەربوردەی خۆیان دەگێڕنەوە، ئاشکرا بوو ئەم رژێمە دەمارەکانی خۆی لە نێو ئەم گەلەدا زۆر قووڵ چاندبوو و ژێرخانی ئەم وڵاتەی رووخاندبوو. بە راستی سەرنجی رژێم تەنیا لەسەر شتێک بوو، ئەویش مانەوەی بوو لە دەسەڵاتدا تا کۆتایی. هەروەها هەموو هێزەکانی ئاسایش و سوپا و هەموو سامانی وڵاتی تەنیا خستبووە خزمەتی پاراستنی کورسی. 
 
رووداو: تۆ وەک هونەرمەندێکی سووریایی، کە بە گۆرانییە شۆڕشگێڕیەکانت ناسراوی، ئەو بەرهەمانەی لە سەردەمی ئەسەددا لە ئێوە قەدەغە کرابوون، چین؟
 
سەمیح شقێر: بە راستی ئەزموونی من هەندێک سەرنجڕاکێشە، لەبەر ئەوەی ژیانی ئێمە لە سەرەتای ئەم زۆردارییەوە بوو. من لە سەرەتای ساڵانی 80ـەوە گۆرانیم دەگوت. بە راستی ئەزموونی گۆرانیگوتنم لە ژێر سێبەری ئەو دەسەڵاتدارییەدا بوو. سەختە ئەم ئەزموونە بە کورتی باس بکرێت، لەبەر ئەوەی لە رێگەی گۆرانییەکانمانەوە لەو سەردەمەدا شایەتی ئەم سەردەمی زۆردارییە بووین، بەڵام لەبەر ئەوەی لە ناوەوە گۆرانییەکانمان دەگوت، پێویستی زۆر بە وریاییەوە هەبوو، کە زمان لە بواری سیمبولیکدا بەکار بێت و بەرەو نوێنەرایەتی زۆرداری نەچێت.
 
رووداو: ئێستا ترسی ئێوە لەسەر هونەر لە سووریادا هەیە؟
 
سەمیح شقێر: بە راستی ئێمە ئێستا باسی سەردەمێک دەکەین هێشتا روون نییە. دڵنیام لە کۆتاییدا ئەمە سووریایە، سووریای شارستانی، سووریا حەز لە هونەر و میوزیک و هەموو شتێکی شارستانی دەکات. لە ژێر هەر بارودۆخێکدا بێت، زۆر سەختە رێگە لەم خۆشیانە بگیرێت. بەڵام ئێمە ئێستا لە سەردەمێکداین، هێشتا نازانین سنوورەکانی ئەم قۆناغە نوێیە هەتا کوێن. هێشتا قۆناغێکی تەماوییە، هەرچەندە من گەشبینم.
 
رووداو: هیوا و داواکارییەکانت لە سووریای نوێ چین، بە تایبەتی لە حکومەتی راگوزەر؟
 
سەمیح شقێر: وەک چۆن دەستمان پێکرد، چۆن گەشتی شۆڕشمان دەستپێکرد، کە داواکاری ئێمە ئازادی و ئابڕو بوو، هەروەها دەوڵەتی هاووڵاتیبوون کە تێیدا هەموو یەکسان بن. ئێمە داوای دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامانمان دەکرد، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، هەروەها هیوادارین لە داهاتووی نزیکدا ئەم بابەتانە جێبەجێ بکرێن، هەنگاوەکانمان بەرەو ئەم لایە بن. بێگومان لەم سەردەمەدا هەندێک شت روون نین، بەڵام ئێمە بە هەموو هێزی خۆمانەوە بەرەو رێگای خۆمان بەرەو دەوڵەتی هاووڵاتیبوون دەچین.
 
رووداو: تۆ دەزانی جەماوەرێکی گەورەت لە ناو گەلی کورد لە سووریادا هەیە؟
 
سەمیح شقێر: بێگومان، من دڵنیام.
 
رووداو: چییان پێ دەڵێی؟
 
سەمیح شقێر: بێگومان بەردەوام زانیاری لە هەر چوار لاوە بۆم دێت، بەتایبەتی زۆر دۆستی کوردمان هەیە، من پێش ئێستاش گوتم زۆر گەڕاوم و زۆر دۆستی کوردم بینیوە. بینیم شوێنی گۆرانییەکەم لە بیریاندایە، تێیدا پشتگیری دۆزی کوردم دەکرد. بێگومان من دەبینم دۆزێکی دادپەروەرانەیە و پێویستە چارەسەر بکرێت و لە ستەمی مێژوویی دوور بخرێتەوە. من دەبینم کورد بەشێکی سەرەکیی مۆزاییکی سووریان. بێگومان ئێمە شان بە شان بۆ داهاتووی خۆمان لە دروستکردنی سووریادا کار دەکەین.
 
رووداو: رۆڵی کوردان لە شەڕی دژی داعش چۆن هەڵدەسەنگێنی، لەم ساڵانەی رابردوودا بۆ پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتیان؟
 
سەمیح شقێر: بێگومان، ئەمە رۆڵێکە ناشاردرێتەوە، دۆستە کوردەکانمان رۆڵێکی تایبەت و گەورەیان هەبوو، بە هۆی ئەوانەوە ئێمە لە داعش رزگارمان بوو. هەموو کەس ئەمە باش دەزانن و شتێکی زۆر بە نرخە، سەرەڕای ئەوەی هەندێک لایەن هەن هەوڵ دەدەن ئەم سەرکەوتنە پشتگوێ بخەن، بەڵام مێژوو دەینووسێت و رۆڵی ئەوانی بە پیتی رووناکی نووسیوە.
 
رووداو: پێش ئێستا گوێت لە میوزیکی کوردی گرتووە؟
 
سەمیح شقێر: بێگومان، من زۆر حەزی لێ دەکەم، من حەز لەم شێوازە ئاواز و دەنگانە دەکەم کە بێ وێنەن، ئەوانەی بەهێز و سەربەرزن. من گومان دەکەم سەرچاوەیان گۆرانی چیاییە، گەروویان بەهێزە، زۆر دوور دەنگ دەدەنەوە. من زۆر رێز لە هونەری کوردی دەگرم. یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی گوزارشتی لە پاراستنی رۆحی گەلی کورد و پاراستنی نەریت، بەها و ئازادیخوازی دەکرد.
 
رووداو: دۆستت لەنێو هونەرمەندانی کورد هەیە؟
 
سەمیح شقێر: بە راستی هەندێک هونەرمەندی شێوەکار هەن، بەڵام وەک گۆرانیبێژ نە لە زووەوە، لە سەرەتای شۆڕشەوە، دیدارێک لە نێوان من و شڤان پێکهات. دیدارمان کەمێک درەنگ کەوت، بەڵام بە شێوەیەکی زۆر باش رێککەوت. ئێستاش من وەک هاوڕێیەکی نزیک دەیبینم. لەو کاتەدا پێکەوە ئاهەنگێکمان لە بۆنی ئەڵمانیا بەڕێوە برد.
 
رووداو: تۆ حەز لە گۆرانییەکانی شڤان پەروەر دەکەیت؟
 
سەمیح شقێر: بەڵێ، من زۆر حەزی لێ دەکەم، من واتای وشەکانی تێناگەم، بەڵام میوزیکەکەی زۆر دوورم دەبات، وەک گوتم، زۆر جوانیی لە گۆرانیەکانیدا هەیە.