بەهرۆز گەڵاڵی: ئەنجامی هەڵبژاردنی توركیا كاریگەریی لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت
رووداو - سلێمانی
بەهرۆز گەڵاڵی، نوێنەری یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنقەرە، لە گەرمەی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنی دووبارەی توركیادا، لەسەر دەركردنی گۆڕان لە حكومەت، داوای لە حیزبەكەی خۆی كردبوو لە حكومەت بێتە دەرەوە و گوتی: "داوا لە سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان دەكەم، كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ببەستێ و دیراسەیەكی وردی وەزعی سیاسیی هەرێم بكات و لەم حكومەتە بێتە دەرەوە"، چونكە وەك ئەو گوتی، یەكێتی بە مانەوەی لەناو حكومەت ئەوە بۆ پارتی دەسەلمێنێ كە "ئەوان خاوەنی كوردستانن و حیزب و لایەنەكانی دیكە میوانن".
گەڵاڵی بەو مەرجە رازی بوو ئەو هەڤپەیڤینە لەگەڵ (رووداو) بكات، پرسیاری لەبارەی رەوشی هەرێمی كوردستان لێ نەكرێت و پرسیارەكان تەنیا تایبەت بن بە توركیا و باكووری كوردستان.
رووداو: قسەیەك هەیە دەڵێن تۆ ئەندازیاری دانیشتنەكەی ئۆسلۆ لە نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان و دەزگای میت بووی، ئەوە راستە؟
بەهرۆز گەڵاڵی: عادەتەن پرۆسەی ئاشتی هەوڵێكی دەستەجەمعیە، بەڵام خۆزگە پرۆسەكە سەركەوتبایە.
رووداو: ئەو دەستپێشخەرییە هی تۆ بوو، یان لەسەر داوای مام جەلال بوو؟
بەهرۆز گەڵاڵی: هەموو هەوڵەكانی ئاشتی كە لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە بوون، جەنابی مام جەلال رۆڵی بنەڕەتی تێدا بینیوە و ئێمەش شاگردێكی جەنابی مام جەلالین.
رووداو: كێ بە هۆكاری راوەستانی پرۆسەی چارەسەری دەزانی؟
بەهرۆز گەڵاڵی: بەدیهێنانی ئاشتی هەموو لایەكی پێویستە.
رووداو: هیچ ئومێدێك هەیە بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەكە؟
بەهرۆز گەڵاڵی: هیوادارم كەشوهەوای سیاسی دوای ئەو هەڵبژاردنە ئەو دەرفەتە بڕەخسێنێ.
رووداو: ئێستا واقیعێك لە رۆژئاوای كوردستان هەیە و چەند كانتۆنێك دروست بوون، تا چەند ئەگەری گواستنەوەی ئەو واقیعەی رۆژئاوا بۆ باكووری كوردستان هەیە؟
بەهرۆز گەڵاڵی: ئەمە كەوتووەتە سەر خەباتی دیموكراسی و ئاشتیخوازانەی گەلی كورد لە باكوور، ئێمە ناتوانین قەزاوەتی تێدا بكەین.
رووداو: ئەنجامەكانی ئەم هەڵبژاردنە چی لە نەخشەی سیاسی توركیا دەگۆڕێت؟
بەهرۆز گەڵاڵی: تا ئەم قسانە بڵاودەبێتەوە هەڵبژاردنەكە تەواو بووە، بەڵام هەدەپە سەردەكەوێَت.
رووداو: ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختەی توركیا تا چەند كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت؟
بەهرۆز گەڵاڵی: بەدڵنیاییەوە كاریگەری دەبێت.
رووداو: دەگوترێت بەشێك لە بێدەنگبوونی لایەنەكانی باشووری كوردستان دوای رووداوەكەی 12ی ئۆكتۆبەر بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و دەركردنی گۆڕان لە حكومەت و رێگریكردن لە سەرۆكی پەرلەمان، پەیوەستە بەم هەڵبژاردنەی توركیاوە، تا چەند لەگەڵ ئەو بۆچوونەی؟
بەهرۆز گەڵاڵی: هیچ پەیوەندی بەم هەڵبژاردنەوە نییە، پێشم باش نییە هیچ لایەك هێلكەكانی خۆی بخاتە ناو سەبەتەی ئەملا یان ئەولا.
رووداو: ئەگەر ئاكەپە نەیتوانی بە تەنیا حكومەت پێكبێنێ، پێتوایە بۆ كورد لە باكووری كوردستان، باشتر وایە ئاكەپە لەگەڵ جەهەپە یاخود مەهەپە هاوپەیمانی پێكبێنێ؟
بەهرۆز گەڵاڵی: پێم باشە هەدەپە لە حكومەتی داهاتووی توركیادا بەشداری بكات.
رووداو: ئەگەر هەدەپە دەرفەتی چوونە نێو حكومەتی بۆ بڕەخسێ، لەو بڕوایەدای پڕۆسەی چارەسەری پرسی كورد لە توركیا بكەوێتەوە سەر سكەی خۆی؟
بەهرۆز گەڵاڵی: بەهێزبوونی هەدەپە بۆ دەستپێكردنەوە و سەركەوتنی پڕۆسەی ئاشتی زۆر گرنگە.
رووداو: پێتوایە ئاكەپە بەتەنیا دەتوانێ حكومەتی داهاتووی توركیا پێكبێنێ؟
بەهرۆز گەڵاڵی: ئاكەپە وەكو جاران بەهێز نابێتەوە.
رووداو: لە توركیا نوێنەرایەتی پارتی و یەكێتی هەیە، بەڵام نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە توركیا نییە، كێ هۆكاری ئەوەیە، هەرێمی كوردستان یان توركیا؟
بەهرۆز گەڵاڵی: هەردوولا هۆكارن.
رووداو: قسە هەبوو كونسوڵخانەی توركیا لە شاری سلێمانی بكرێتەوە، بۆچی دواكەوت؟
بەهرۆز گەڵاڵی: كردنەوەی كونسوڵخانە پەیوەندی بە وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە هەیە.