هۆشیار زێباری: گۆڕانکاریی زۆر گەورە لە کۆنگرەی 14ی پارتیدا دەکرێت

02-10-2022
دیار کوردە @diyarkurda
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هۆشیار زێباری رایدەگەیێنێت هێرشە مووشەکی و درۆنیەکانی ئێران "تاوانێکی گەورە بوون دەرحەق بە کوردستانی عێراق و سەروەریی عێراق، ئەمەش جێگەی قبووڵکردن نییە لەلایەن هەر کەسێکەوە بێت." بە گوتەی ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی "گۆڕانکاریی زۆر گەورە لە کۆنگرەی 14ی پارتیدا دەکرێت."
 
بە بۆچوونی هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و وەزیری پێشووتری دەرەوەی عێراق، عێراق دەتوانێت سنوور بۆ پێشێلکارییەکان دابنێت، بەڵام نایکات. پێشیوایە ئەو بێدەنگییەی عێراق لە بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانەی هەیەتی "یان لەترسە یان بێدەسەڵاتی."
 
سەبارەت بە پرسی شکستهێنانی حکومەتێکی زۆرینەی سیاسی لەنێوان پارتی و سوننە و سەدر، هۆشیار زێباری باسی لەوە کرد، "ئێران کاریگەریی زۆری هەبوو لەسەر ئەوەی پرۆژەی حکومەتی زۆرینەی سیاسی سەرنەگرێت."
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، "بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی هۆکاری سەرەکیی دروستکردنی ئەو قەیرانە بوون کە لە عێراقدا هەیە."
 
هۆشیار زێباری پێیوایە کشانەوەی سەدرییەکان لە پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی "هەڵەیەکی ستراتیژی بوو"، لەوباوەڕەشدایە پێکهێنانی هەر حکومەتێک بەبێ سەدرییەکان "سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت."
 
لەبارەی پرسی سەرۆککۆمار و رێكکەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر ئەو پۆستە، هۆشیار زێباری ئەوەی خستەڕوو، "تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک نییە لەسەر یەک بەربژێر بۆ سەرۆککۆمار."
 
بەوپێیەی سەرۆککۆمار گەرەنتیکاری دەستوورە، هۆشیار زێباری پێیوایە "دەبوو لەسەر بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی هەڵوێستی هەبووایە."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان:
 
رووداو: رۆژی چوارشەممە 28-09-2022، کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆردوومانی بارەگای حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە باشووری کوردستان کرد، هەمان رۆژ تورکیاش بۆردوومانی چەند ناوچەیەکی کوردستانی کرد. بۆچی هەموو جارێک ئەم هێرشانە دووبارە دەبنەوە؟
 
هۆشیار زێباری: هێرشە مووشەکی و درۆنەکانی ئێران تاوانێکی گەورە بوون دەرحەق بە کوردستانی عێراق و سەروەریی عێراق، ئەمەش جێگەی قبووڵکردن نییە لەلایەن هەر کەسێکەوە بێت. ئەو سەرکۆنەکردنانەشی لە واشنتن لەسەر ئاستی کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە و فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا دەکران، ئاماژەیەکی زۆر بەهێز بوون کە ئەم هێرشانە زۆر مەترسیدارن. هەروەها هەڵوێستی جەنابی سەرۆک، حکومەتی هەرێمی کوردستان و زۆر لە وڵاتانی ئەوروپی و عەرەبی ئەوەیان دەرخست کە کارێکی گەورە کراوە. نزیکەی 73 مووشەک و درۆن لە یەک کاتدا ئەو بارەگایانەی پێ کرایە ئامانج، بەڕاستی هەڕەشەیەکی ئەمنیی گەورەیە لەسەر میللەتی کورد. ئەوە دەردەخات کە ئێمە ئاشکراین بەرامبەر ئەو هێزە بەهێزەی ئێران هەیەتی. پاساوەکانیش ئەوەن کە بارەگای حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان هەن، بەڵام ئەم هێزانە ماوەیەکی دوور و درێژە بارەگایان لە هەرێمی کوردستان هەیە، تەنانەت ئەوکاتەی کە سەدام حوسێن لەسەر حوکم بوو ئەوانە وەکو پەنابەر لە کوردستان دەژیان. ئێمە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی میکانیزمی ئەمنیمان هەیە، چەندین لیژنەی ئەمنیمان هەیە ئەگەر هەڕەشەیەکی راستەوخۆ هەبێت لەسەر ئەمن و ئاسایشی کۆماری ئیسلامی، بۆ ئەو مەبەستە رێگەچارەسەر هەن. بۆیە ئێمە سەرکۆنەی دەکەین وەکو چۆن هەموو دونیا سەرکۆنەی کرد. سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیاش تازە نین، لەمێژە ئەو هێرشە سەربازییە بەردەوامە. ئەوانیش پاساوەکەیان بەئامانجگرتنی بنکەکانی پەکەکەیە یان بوونی پەکەکەیە لە سنوورەکان، بەڵام ئەمەش دەبێت بوەستێندرێت، چونکە ئەو هێرشانە نە سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان دروستدەکات نە لە عێراق و نە لە ناوچەکەش. ئەو بابەتەشمان لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەمریکا لەسەر هەموو ئاستەکان تاوتوێکردووە، لەسەر ئاستی حکومەت و کۆنگرێس و ناوەندەکانی توێژینەوە و کەسانی خاوەن دەسەڵات. تێگەیشتن و وەڵامدانەوەیەکی باشیان هەبوو لەگەڵ هەڵوێستی ئێمە کە دەبێت لەگەڵ ئێمە بن دژی ئەو هێرشانە و سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژییانە دابنێن.
 
رووداو: گلەیی زۆر لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتە سیاسییەکان، تەنانەت لە عێراقیش دەکرێت کە هەڵوێستەکان لە سەرکۆنەکردن زیاتر تێناپەڕێت، هۆکاری ئەوە چییە؟ هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەتوانن چی دیکە بکەن بۆ وەستاندنی ئەو هێرشانە؟
 
هۆشیار زێباری: حکومەتی عێراق دەتوانێت زۆر شت بکات، بەڵام بەداخەوە بێجگە لە حیزبە کوردستانییەکان، زۆر لە سەکردەکانی شیعەش بێدەنگ بوون، تەنانەت سەرۆککۆماری خۆشمان بێدەنگ بوو لە بەرامبەر ئەو هێرشانە، ئەمەش جێگەی سەرسوڕمانە. نازانم ئەمە لە ترس یان بێدەسەڵاتییەوە سەرچاوەی گرتووە، بەلایەنی کەمەوە دەبێت ئێمە لەسەر خەڵکی خۆمان بەدەنگ بێین.
 
رووداو: پێتوایە لە بێ دەسەڵاتییەوە سەرچاوەی گرتبێت؟
 
هۆشیار زێباری: نازانم، بە دڵنیاییەوە عێراق شتی پێدەکرێت. ئەگەر حکومەتی عێراق هەڵوێستی تووندتر و روونتر بێت و لەسەر ئەو کارانە بەدەنگ بێت، هەر تەنیا بابەتەکە ئیدانەکردن نییە، ناڕەزایەتی زۆرە، پرسی پەیوەندیی زۆرە و دەتوانێت کاریگەری دابنێت، زۆر فاکتەری لەبەردەستە بۆئەوەی سنوورێک بۆ ئەو پێشێلکاریانە دابنێت، بەڵام نایکات.
 
رووداو: ساڵێکە هەڵبژاردن کراوە، پێشتر هەندێک رێککەوتن هەبوو لەنێوان سوننەکان و سەدر و پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئێستاش چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەرکردایەتیی گفتگۆکانی پێکهێنانی حکومەت دەکات. ئێوە وەکو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان هیچ رێککەوتنێکتان هەیە بۆئەوەی حکومەتی نوێ لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێکبهێنن؟ ئەگەر هەیە، مەرج و داواکارییەکانی ئێوە بۆ بەشداربوون لەو حکومەتە چییە؟
 
هۆشیار زێباری: کاتی خۆی کە هاوپەیمانیی سێقۆڵیمان دروستکرد، لەسەر بنچینەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بوو. بەپێی ئەنجامی دوایین هەڵبژاردن سێ هێز سەرکەوتن و زۆرینەی دەنگەکانیان بەدەستهێنا و هاوپەیمانییەکی سیاسی دروستبوو، ئەوەش چەند مانگێکی خایاند، کاری شەو و رۆژێک نەبوو، بۆ ئەوەی حکومەتی زۆرینەی سیاسی لە عێراق دروستبکرێت. ئێمە وەکو پارتی بە شتێکی باشمان زانی، چونکە دەبووین بە لایەنێکی بڕیاردەر لە حکومەت نەوەک بچین پەیوەندی بەو حکومەتەوە بکەین، بەڵکو بەشدار و هاوبەش دەبووین لە داڕشتنی سیاسەتی ئەو حکومەتە، بۆچوونی ئەو حکومەتە و رای خۆشمان دەبوو. ئەو پرۆژەیە گەورەیە کە عێراق بەهێزتر بێت و حکومەتێکی بەهێز و سەربەخۆ بێت و نەکەوێتە ژێر گوشاری ئەملاو ئەولا، چاکسازی بکات و دژی گەندەڵی بوەستێتەوە. پرۆژەیەکی هەمەلایەنمان هەبوو، هەوڵێکی زۆریاندا ئەو پرۆژەیە راگرن.
 
رووداو: هەوڵەکە لەلایەن کێوە بوو؟
 
هۆشیار زێباری: لەلای ئەوانەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بوو، لەلای دادگەی فیدراڵی بوو، کاریگەریی ئێرانیش زۆر بوو بۆئەوەی نەهێڵن ئەو پرۆژەیە سەربگرێت. بۆیە ئەوکاتەی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی دەرچوو کە هۆکاری سەرەکی بوون بۆ دروستبوونی ئەو قەیرانە، بابەتی دوو لەسەر سێی دەنگدان بوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، منیان وەکو بەربژێر دوورخستەوە. دواتر بڕیارەکانی دژ بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئابووریی هەرێمی کوردستان پەیوەست بە بابەتی نەوت و گاز، لەگەڵ چەندین بڕیاری دیکە کە هەموویان بوونە هۆکار بۆئەوەی ئەو قەیرانە دروست ببێت.
 
"کشانەوەی سەدرییەکان لە پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی هەڵەیەکی ستراتیژی بوو"
 
هۆشیار زێباری: دوای دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی فراکسیۆنی سەدر لە پەرلەمان، لێکتێگەیشتن هەبوو، بەڵام بە بڕوای ئێمە ئەو بڕیارە هەڵەیەکی ستراتیژی بوو، نەدەبووایە وازیان هێنابا. هێزێکی جەماوەریی گەورەیان هەیە، دەیانتوانی ئەو هێزەش لە پەرلەمان هەر بپارێزن، بەڵام ئەمە بڕیاری خۆیان بوو. هەرچەندە پێشوەختە ئێمەیان ئاگادار کردەوە کە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە ئەو هێزانەی دژی ئەوان کار دەکەن زۆر گەورەن بۆیە بڕیارمانداوە بکشێینەوە، تەنانەت لە پرۆسەی سیاسییش دەکشێینەوە. پاشان بینیمان خۆپێشاندان دروستبوو و تووندوتیژیی لێکەوتەوە. ئێستا سەبارەت بە ئێمە وەکو پارتی، ئێمە پەشیمان نین لەو هاوپەیمانیێتیەی پێکمانهێنا، چونکە بۆچوونی ئێمە دروستبوو، مێژووش پیشانی دەدات ئەو بڕیارانە لە جێگەی خۆی بووە، مافێکی سرووشتیی خۆشمان بوو. دوای کشانەوەی سەدرییەکان لە پرۆسەی سیاسی لە پەرلەمان، داوایان لە ئێمە کرد ئێمەش لە پرۆسەی سیاسی لە پەرلەمان بکشێینەوە. ئێمەش پێمان گوتن، ئەگەر ئێمە بکشێینەوە وەکو چۆن شوێنی ئەندامە دەستلەکارکێشاوەکانی ئێوەیان پڕکردەوە، بە هەمان شێوە شوێنی ئێمە و سوننەکانیش پڕدەکەنەوە بە ئەندامە یەدەگەکان؛ ئەوەش لە بەرژەوەندیی ئێمەدا نییە، بەڵکو ئێمە بمێنینەوە و بەشداربین رەنگە باشتر بێت. ئەوەبوو نێوەندگیرییەکی زۆر لەنێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی و سەرکردایەتیی پارتی کرا، کە ئێمە ئامادەین حکومەتێکی دیکە دروستبکەین، ئەو حکومەتە زۆری پێناچێت تەنیا بۆ ئەوەیە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت بکات، ئەگەر بودجەی 2023 پەسندکرا ئەوە باشە، ئەگەرنا هیچ نەبێت بودجەیەک بۆ هەڵبژاردنەکان تەرخان بکرێت. ئێمە بە کوێرانە نەچووینە نێو ئەو گفتوگۆیە، بەڵکو لە ئەنجامی دانوستاندن بوو، تەنانەت رەشنووسێک هەیە لەنێوان ئەو لایەنانەی بەشدار دەبن. هەموو داخوازییەکانی هەرێمی کوردستانیشی تێدا دەستنیشانکراوە.
 
"پێکهێنانی هەر حکومەتێک بەبێ سەدرییەکان سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت"
 
هۆشیار زێباری: هێشتاش زووە.. لە یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان بەشداربووین، دەنگمان بە دەستلەکارکێشانەوەی حەلبووسی نەدا، جێگرێکی دیکە بۆ سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا و لەوێ وەستا. بڕیاربوو شاندێک لەو حیزبە سەرەکییانە سەردانی بەڕێز موقتەدا سەدر بکەن بۆئەوەی هەوڵێکی دیکە بدرێت و بڕوایان پێ بهێنن و رەزامەندی نیشان بدەن لەسەر ئەو حکومەتە، دژی ئەو حکومەتە نەوەستێتەوە یانیش بەشداربێت، چونکە هەر حکومەتێک بەبێ ئەوان (سەدر)، لەمنی وەرگرن، هیچ سەقامگیرییەک بەخۆیەوە نابینێت، من بەرپرسیارم لەسەر ئەو بۆچوونەی خۆم. کێشەی دروستکردنی حکومەتیش زۆری ماوە و وا ئاسان نییە، چونکە زۆر گرفت هەیە چارەسەر نەکراوە. هەنگاوی دواتر ئەگەر بەردەوام بێت، دەچینە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، تاوەکو ئێستاش هیچ رێککەوتنێک نەکراوە لەسەر یەک بەربژێر.
 
رووداو: کێشەی ئێوە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چییە؟ کێشە کەسە؟
 
هۆشیار زێباری: ئێمە کێشەی کەسیمان لەگەڵ هیچ کەسێک نییە، تەنانەت لەگەڵ کاک بەرهەم کێشەی کەسیمان نییە. ئەو پۆستە (سەرۆککۆمار) پۆستی کوردە، موڵکی یەکێتی و پارتی و نەوەی نوێش نییە، ئەو پۆستە وەکو نەریتێک دانراوە کە گەرەنتی بێت بۆ مافەکانی گەلی عێراق و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان. ئەگەر پێشێلکارییەک یان زێدەڕۆییەک بکرێتە سەری، تەنیا سەرۆککۆمار بەپێی دەستوور دەبێت هەڵوێستی هەبێت و بە دادگە بە پەرلەمان بڵێت: نەخێر ئەو بڕیارە دەستووری نییە.
 
رووداو: سەرۆککۆمار ئەو کارەی نەکردووە؟
 
هۆشیار زێباری: نەخێر، نەیکردووە. هیچ دەنگی نەبووە هەڵوێستی نەبووە.
 
رووداو: ڤیتۆی ئێوەش لەسەر ئەو لەبەر ئەوەیە ئەو هەڵوێستەی نەبووە؟
 
هۆشیار زێباری: بە دڵنیاییەوە؛ دواتر ئەو پۆستە پۆستێکی گرنگە بە پێچەوانەی بۆچوونی زۆر کەس کە پێیانوایە پۆستێکی پرۆتۆکۆلی و تەشریفاتییە.. نەخێر، بەشێکە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن، گەرەنتیی جێبەجێکردنی دەستوورە کە هەموو مافەکانی ئێمە لەناو ئەو دەستوورەیە. کاتێک کە سەرۆککۆمار بێدەنگ دەبێت، تەنانەت لەسەر هێرشەکانی ئێران تاوەکو ئێستا هەڵوێستێکمان لێی نەبیستووە، ئەمەش جێگەی داخە.
 
رووداو: هیچ ئاسۆیەک هەیە بۆ رێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر بەربژێرکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بەتایبەت لە گفتوگۆیەکانی ئەمدواییەی نێوانیان؟
 
هۆشیار زێباری: تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک نەبووە.
 
رووداو: گرێکوێرەکە چییە؟
 
هۆشیار زێباری: ئەوان بەربژێری خۆیان هەیە و ئێمەش بەربژێری خۆمان هەیە، خەڵکی دیکەش هەن. ئەمە گرێکوێرەکەیە.
 
رووداو: ئێوە سازش لەسەر بەربژێرەکەی خۆتان ناکەن؟
 
هۆشیار زێباری: نەخێر، بەربژێری ئێمە هەر رێبەر ئەحمەدە.
 
رووداو: لە بەرامبەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار چی بە یەکێتی دەدەن؟
 
هۆشیار زێباری: ئێمە پێش ئێستا هەموو ئەو شتانەمان پێ گوتوون، پێمان گوتوون ئەمە تاپۆ نییە، موڵک نییە. ئەگەر بە دەرئەنجامی هەڵبژاردن بێت پارتی حیزبی یەکەمە، ئەوە چەند ساڵە ئەو پۆستە لای ئێوەیە، لە کاتی خۆی بە رەحمەت بێت جەنابی مام جەلال تاوەکو دەگاتە فوئاد مەعسوم و کاک بەرهەم. بۆ نموونە پۆستی سەرۆکوەزیران کە بۆ پێکهاتەی شیعەیە، تەنیا بۆ یەک حیزب نەبووە، بە هەمان شێوە سەرۆکی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی سوننەیە، بەڵام تەنیا بۆ حیزبێک نەبووە. بۆیە ناکرێت ئەو پۆستە لەلایەن حیزبێکەوە قۆرخ بکرێت و بڵێیت تاهەتایە ئەو پۆستە بۆ منە؛ تەنانەت ئەگەر حیزبی یەکەمیش نەبم، تەنانەت رۆڵەکەش جێبەجێ نەکەم.. ئەمەیە کێشەکە.
 
رووداو: پارتی بەرەو کۆنگرە دەڕوات، چ گۆڕانکارییەک لەو کۆنگرەیە روودەدات؟
 
هۆشیار زێباری: زۆر گۆڕانکاری هەیە، گەورەترین گۆڕانکاری، ئێستا لیژنەی باڵای ئامادەکاری کۆنگرە لەنێو بنکەی جەماوەریی پارتی هەڵبژاردن دەکات و بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە بە مافی خۆی بزانێت بەشداربێت لە کۆنگرە. لە لایەکی دیکەوە هەندێک گۆڕانکاری دەکرێن لەڕووی رێکخستنی ئیشوکارەکان و شێوەی کاری پارتی و لە سەرکردایەتی پارتی لە هەموو کۆنگرەیەک گۆڕانکاری دەبێت و خەڵکی نوێ دێت، خەڵکێکی دیکە رەنگە ماندوو ببێت و ئەو توانایەی نەمابێت.
 
رووداو: گۆڕانکاری بەسەر مەکتەبی سیاسیشدا دێت؟
 
هۆشیار زێباری: بە دڵنیاییەوە گۆڕانکاری بەسەر سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیشدا دێت، بەڵام ئێمە لەو کۆنگرەیە گەرەنتییەکمان هەیە کە حیزبەکانی دیکە نییانە. ئەوەیش ئەوەیە کە ئێمە مەرجەعێکمان هەیە کە جەنابی سەرۆکە. لەژێر سێبەری ئەودا ئێمە تووشی هیچ کارەساتێک نابینەوە.
 
رووداو: خەڵک دەڵێن با سەرۆک مەسعود بارزانی ببێتە مەرجەعی کوردستان و سەرۆکی پارتی نەمێنێت. ئایا ئێوە کار بۆ ئەوە دەکەن سەرۆک مەسعود بارزانی ببێتە مەرجەعی هەموو کوردستان و هەموو حیزبەکان لەژێر چەتری ئەودا کۆببنەوە، بەڵام سەرۆکی پارتی نەبێت؟
 
هۆشیار زێباری: ئەوە خواستی ئێمەیە، بەڵام پارتی بنچینەی دامەزراندنی بزووتنەوەی نوێی کوردایەتییە، نەک تەنیا لەلایەن پارتییەوە دەستی پێکردبێت، بەڵام پارتی زیاتر لە 70 ساڵە سەرکێشیی ئەو کێشەیە دەکات، بۆیە هیچ دژبەرییەک نییە ئەگەر جەنابی سەرۆک سەرۆکی هەموو کورد بێت و سەرۆکی پارتی بێت، هیچ جیاوازییەک دروست ناکات.
 
رووداو: لە واشنتن ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەتان هەبوو، کێتان بینی لە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و باسی چیتان کرد، بە دیاریکراویش لەسەر یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە چییان پێ گوتن؟
 
هۆشیار زێباری: راستییەکەی ناتوانم هەموو نهێنییەکانی خۆم بدرکێنم.. خەڵکانێکی زۆرمان بینی لە وەزارەتی دەرەوە، لە ئیدارە، لە وەزارەتی خەزێنە، لە وەزارەتی بەرگری، لە کۆنگرێس و ئاسایشی نەتەوەیی و میدیا و ناوەندەکانی توێژینەوە، لەگەڵ دۆستانێکی زۆری میللەتی کورد لە ئەمریکا.
 
رووداو: لەسەر یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە رووبەڕووی هیچ گلەییەک کرانەوە؟
 
هۆشیار زێباری: نەخێر، واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بۆ چوار ساڵی داهاتوو، ئەمە باشترین دەستکەوت بوو بۆ میللەتی کورد و بۆ هێزی پێشمەرگە. ئەمە خۆی لە خۆیدا نیشانەیەکە کە ئەم پابەندبوونە بەردەوامە، پشتگیریی هێزی پێشمەرگە دەکرێت، دۆستەکانمان و هاوپەیمانەکانمان بەجێمان ناهێڵن. هێزی پێشمەرگە بە هێزێکی چالاک و لایەنگرێکی نزیکی خۆیان دەزانن، ئەمەش دەستکەوتێکی گەورە بوو. بەیان خانیش (بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن) لەگەڵ ئەو شاندە بوو لە کوردستان بوو، رێوڕەسمێکی رێکوپێک رێکخرا، بە بڕوای من کاتەکەی کاتێکی زۆر باش بوو.
 
رووداو: هەوڵتان داوە بەربەستە سیاسییەکان لابدەن لەبەردەم یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە؟
 
هۆشیار زێباری: ئێمە خەریکین، تاوەکو ئێستا 15-16 لیوا رێکخراونەتەوە، بەڵام ئەمە پرۆسەیەکە بە شەو و رۆژێک ناکرێت، بەڵام ئەو کارە بەردەوامە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە