زاواکەی حەمدانیە ئەنجامی لیژنەی لێکۆڵینەوە رەتدەکاتەوە: راست نییە
رووداو دیجیتاڵ
ریڤان، ئەو زاوایەی حەمدانیە کە بەهۆی ئاگری هۆڵی ئاهەنگەکەیەوە، دەیان کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 100 کەسیش بریندار بوون، لەگەڵ هاوژینەکەیدا رۆژانێکی سەخت بەڕێدەکەن، بە ئەستەم قسەی بۆ دەکرێت، بەڵام کە قسە دەکات بە ئاسانی خەمێکی قووڵ لە دەنگ و رووخساریدا دەبیندرێت. ئەو لەسەر ئەنجامی لیژنەی لێکۆڵینەوەکە ناڕازییە و دەڵێت، راست نییە کە بەهۆی یاریی ئاگرینەوە ئاگرەکە کەوتبێتەوە، بۆیە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هاوکارییان بکەن.
دوای پێنج رۆژ لە رووداوەکە، رووداو وەکو یەکەم میدیای کوردستان و عێراق و ناوچەکە لەگەڵ ریڤان ئیشوع قسەی کرد. لەبارەی رووداوەکە دەڵێت، "هیچ شتێک نەماوە، رۆژ لە دواى رۆژ نەهامەتى زیاتر دەبینین، رۆژ لەدواى رۆژ قوربانیی زیاترمان دەبێت." حەنینی تازە بووک کە بەڵێنی بە ریڤان دابوو هەمیشە لە تەنیشتدا بووەستێت، لەبەر گریان و قورسیی خەمەکەی نەیتوانی لەگەڵ زاوا دەرکەوێت و قسەی خۆی بکات.
ریڤان بە جلوبەرگە رەشەکەیەوە لە پاڵ باوکیدا کە بۆ دڵنەوایی لەگەڵیدا بوو گوتی، "ئێمە داواى مافى خوێنى ئەو کەسانە دەکەین کە رۆیشتن، بۆچى خوێنیان ئاوا بڕوات؟ بۆچى ئەو قوربانییانە ئاوا بڕۆن، داواى ئەو کەسانە دەکەین کە ئەو کارەیان کرد، ئەوان و ئەوانەشی کە لەپشتیانەوە بوون، داواى لێکۆڵینەوە دەکەین، داواى لێکۆڵینەوەکى نێودەوڵەتى دەکەین نە خۆجێی و نە ناوەندى."
باوکی ریڤان گوتی، بە لایەنی کەمەوە 20 ئەندامی ماڵباتەکەی لە ئاگرەکەدا لەدەستداوە، هەروەها ماڵباتی حەنینی بووکیشی 35 کەسیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەی هۆڵەکەی حەمدانیە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ئاشکرا کرد و دەڵێت، "بەهۆی یاریی ئاگرینەوە بووە." لیژنەی لێکۆڵینەوە لە راسپاردەکانیدا داوای لەسەرکارلابردن و دادگاییکردنی پێنج بەرپرسی سنوورەکەی کردووە لەنێویاندا قایمقامی حەمدانیە هەیە.
لیوا سەعد فالح کەسار دلێمی، سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "یارییە ئاگرینەکان هۆکاری سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەکە بوون، کە لە هۆڵەکەدا چوار دانەیان تێدا هەبوو و، هەر یەکێکیان چوار مەتر ئاگرەکەیان بەرزبووەتەوە و بنمیچی هۆڵەکەش نزم بووە، جگە لەوە، بوونی کحول کە خێرا دەسووتێت و بوونی کۆگایەکی ئەو مادانە و نەبوونی دەرگەی فریاگوزاریی گونجاو، هۆکاری دیکەی رووداوەکە بوون."
ئاگرەکە کە شەوی سێشەممەی رابردوو لە هۆڵی هەیسەم کەوتەوە، زۆر بەخێرایی تەشەنەی سەند و بووە هۆی رووخانی بنمیچی هۆڵەکە. لیوا سەعد فالح کەسار دلێمی گوتی، بەرگری شارستانی دوو ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەی بەکارهێناوە، دوای کە ئاگرەکە زیاتر بووە، 21 ئۆتۆمبێل ئاگرەکەیان کوژاندووەتەوە." دەشڵێت "600 کەس لەنێو هۆڵەکە بە یارمەتیی پۆلیس و سوپا و حەشدی شەعبی رزگارکراون."
هۆڵەکە جێگەی 400 کەسی تێدا دەبێتەوە، ئەمە بە گوتەی عەبدولئەمیر شممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق کە لەو کۆنفراسە رۆژنامەڤانییەدا بەشدار بوو. هاوکات باسی ئەوەی کرد، خاوەنی هۆڵەکە تۆماری نێو هۆڵەکەی لەگەڵ خۆیدا بردووە دوای رووداوەکە و هەڵاتووە، بەڵام دواتر دەستی بەسەردا گیراوە.
وەزیری ناوخۆ باسی لە هۆکارێکی دیکەی زۆربوونی قوربانیانی رووداوەکە کرد و گوتی "سەرەتای رووداوەکە خاوەنی هۆڵەکە پێیوابووە شۆرتی کارەبا هەیە و کارەبای کوژاندووەتەوە، ئەوەش وایکردووە خەڵک بترسن و پاڵ بەیەکترەوەنان هەبووە."
ریڤان تەمەنی 28 ساڵانە و پیشەی نانەوا بوو، ئەو رۆژەی بۆ ئاهەنگەکە چوون، بە گوتەی ستیڤن کە شۆفێری بووک و زاوا بووە، "زۆر دڵخۆش بوون و لەگەڵ بووکدا گۆرانییان دەگوت." کاتێک رووداو لێی پرسی، "لێکۆڵینەوەکەى وەزارەتى ناوخۆ بڵاوکرایەوە گوتیان کە هۆکارى ئاگرەکە یاریی ئاگرین بووە، ئەگەر کۆمێنتێکى بچووکتان هەبێت لەسەرى چى دەڵێن؟ ئەوە راست بوو؟
ریڤان لە وەڵامدا گوتی، "نەخێر ئەوە راست نییە، ئێمە داواى لیژنەیەکى نێودەوڵەتى دەکەین بۆ لێکۆڵینەوە، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان یارمەتیمان بدەن."
لەبارەی رزگاربوونی بووک و زاوا لە ئاگرەکە، ریڤان ئاماژەی بەوەکرد، لە دەرگەى چێشتخانەکەوە چوونەتە دەرەوە لە هۆڵەکە. رووداو پرسی، ئەو قسانە راستن کە دەڵێن دەرگەکان داخرا بوون؟ زاواکە دەڵێت، "دەرگە لاوەکییەکان داخرابوون، شکاندیان و کردیانەوە."
ریڤان کە بێهیواییەکی زۆر لە دەموچاویدا هاواری دەکرد، گوتی، "ئەو ژیانەی لێرە بۆ ئێمە هەیە، چی دیکە بە کەڵکی ژیان نایێت."
بەشێک لە هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ریڤان:
رووداو: دەمانەوێت بزانین رووداوەکە بەدیاریکراوى چۆن بوو؟
ریڤان: هەموو شتێک روون بووەتەوە، کارەساتەکەمان دەبینى، ئەو قوربانییانەى کە رۆیشتن شتێک نەماوە لەسەرى بدوێین.
رووداو: بەڵام ئەمڕۆ بەداخەوە لێکۆڵینەوەکەى وەزارەتى ناوخۆ بڵاوکرایەوە گوتیان کە هۆکارى ئاگرەکە یاریی ئاگرین بووە، ئەگەر کۆمێنتێکى بچووکتان هەبێت لەسەرى چى دەڵێن؟ ئەوە راست بوو؟
ریڤان: نەخێر ئەوە راست نییە، ئێمە داواى لیژنەیەکى نێودەوڵەتى دەکەین بۆ لێکۆڵینەوە، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان یارمەتیمان بدەن.
رووداو: قسەیەکتان هەیە بۆ کۆنسوڵخانە نێودەوڵەتییەکان، لیژنە نێودەوڵەتییەکان چیت بۆ بکەن، بەتایبەت بۆ تۆ لە دواى ئەو کارەساتەى کە روویدا؟
ریڤان: هیچ شتێک نەماوە، رۆژ لە دواى رۆژ نەهامەتى زیاتر دەبینین، رۆژ لەدواى رۆژ قوربانیی زیاترمان دەبێت، ئێستا زاوایەکمان مرد، کەمتر لە کاژێرێک دەبێت.
رووداو: چارەسەر لاى ئێوە ئەوەیە کە لە حەمدانیە بڕۆن؟ ئەگەر ئەوە رووینەدایە، تۆ و هاوژینەکەت بەنیاز بوون بچنە دەرەوە؟
ریڤان: نەخێر.. نەدەڕۆیشتین، ئەگەر شتێک نەبێت بۆچى بڕۆین؟ بەڵام لەدواى ئەوەى کە بینیمان چۆن بەرگەى ئەوە دەگرین کە لێرە بمنێنینەوە، چۆن دڵمان دێت، نازانم ئیدى چیت پێبڵێم، ئێستا هاوسەکەرەم حەپەساوە، سێ کەس لە خانەوادەکەى رۆیشتوون، دەنگى دەرناچێت، بەئەستەم دەتوانێت بڕوات، بەرگە ناگرێت، کچێکە 18 ساڵ تەمەنێتى.
رووداو: خەڵک ئێستا چى دەڵێن؟ خەڵک قسەتان لەسەر دەکەن؟
ریڤان: سوپاسگوزارى خوداین خەڵک هەموویان پشتیان گرتین.
رووداو: خەڵک بۆچى تۆمەتبارتان دەکەن؟
ریڤان: کەس ئەو قسەیەى پێنەگەیاندووین، گلەییەکە لەسەر خاوەنى هۆڵەکەیە.
رووداو: خەڵک هاتوون بێزارتان بکەن؟
ریڤان: ئەوە مافى خۆیانە، دڵیان گڕى گرتووە.
رووداو: کاتێک رووداوەکە روویدا تۆ لە کوێوە چوویتە دەرەوە، کاتێک کارەساتەکە روویدا؟
ریڤان: لە دەرگەى چێشتخانەکەوە
رووداو: ئەو قسانە راستن کە دەڵێن دەرگەکان داخرا بوون؟
ریڤان: دەرگە لاوەکییەکان داخرابوون، شکاندیان و کردیانەوە
رووداو: دواپەیامت چییە؟ دەشزانم کە ئێستا دڵت پڕ ژانە، بەڵام ئەگەر پەیامێکت هەیە؟
ریڤان: ئێمە داواى مافى خوێنى ئەو کەسانە دەکەین کە رۆیشتن، بۆچى خوێنیان ئاوا بڕوات؟ بۆچى ئەو قوربانییانە ئاوا بڕۆن، داواى ئەو کەسانە دەکەین کە ئەو کارەیان کرد، ئەوان و ئەوانەشی کە لەپشتیانەوە بوون، داواى لێکۆڵینەوە دەکەین، داواى لێکۆڵینەوەکى نێودەوڵەتى دەکەین نە خۆجێی و نە ناوەندى.