"گەندەڵی یەكێك لە گەورەترین كێشەكانی کوردستانە"

رووداو- هەولێر

بەر لەوەی ماڵئاوایی بكات، چووەتە لای بەرپرسێكی هەرێمی كوردستان كە لە حەفتاكانی سەدەی رابردوو لە هۆڵەندا نەخشەیەكی كوردستانی لە باخەڵی نابوو تاوەكو بە هۆڵەندییەكان بڵێت كوردستان دەكەوێتە كوێ‌. جۆن ڤان دێر زاندێ‌، كونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان دەڵێت لە ماوەی ئەو دوو ساڵەی لە هەرێمی كوردستان بووە، خۆشترین رووداوی ژیانی، سەردانی سەرۆكوەزیرانی وڵاتەكەی بووە بۆ هەرێمی كوردستان.

جۆن ڤان دێر زاندێ، كونسوڵی ماوە تەواوبووی هۆڵەندا كە چاوەڕێی هاتنی كونسوڵی نوێی هۆڵەندا دەكات، لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) دەڵێت، هێرشی داعش و ئەو قەیرانانەی بەهۆی ئەم هێرشەوە هاتنە ئاراوە، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و هۆڵەندایان بەهێزتر كرد. بە گوتەی زاندێ، سوپای هۆڵەندا مەشق بە پێشمەرگە دەكات و هاوكارییە مرۆییەكانی هۆڵەنداش بۆ كۆچبەر و ئاوارەكان بەردەوامە، ئەمەش شایەتی لەسەر دۆستایەتی نێوان هەرێمی كوردستان و هۆڵەندا دەدات.

زاندێ‌ هانی هەموو لایەنەكان دەدات پەرلەمان كارا بكەنەوە، ئەو پێیوایە دامەزراوە دیموكراتیكەكان دەبێت كارا بن، بۆ ئەوەی لەوێ ناكۆكییە سیاسیەكان بخرێنەڕوو. بەڕای دێر زاندێ، مادام كوردستان كەوتووەتە سەر نەخشە، كەواتە نابێت بەهۆی ئەم شەڕە سیاسییانەوە لە جووڵە بكەوێ.

رووداو: لە ماوەی كاركردنت لە كوردستان، گرنگترین رووداو لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و هۆڵەندا چی بوون؟

جۆن ڤان دێر زاندێ: یەكەمیان ئەو كاتە بوو كە لە ساڵی 2014 داعش لە هەولێر نزیك كەوتبووەوە و دوو جاریش هاتنی منی بۆ هەولێر دواخست. دووەمیان سەردانی مارك رووتێ، سەرۆكوەزیرانی هۆڵەندا بوو، دەتوانم بڵێم كۆتاییەكی مەزن بوو بۆ ماوەی كاركردنم لێرە. هەڵبەت ژمارەیەكی زۆر بەرپرسی هۆڵەندی سەردانی كوردستانیان كردووە، لەوانەش جێگری سەرۆكوەزیرانی هۆڵەندا، وەزیری بەرگری، سەرۆك ئەركانی هێزە سەربازییەكانی هۆڵەندا، بەڵام سەردانەكەی بەڕێز روتێ سەرتۆپی هەموویان بوو.

بۆ ماڵئاوایی چووم بۆ لای دكتۆر فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، دەیگوت كاتێك لە 1975 وەكوو پەنابەرێك گەیشتبووە هۆڵەندا، هەمیشە نەخشەیەكی لە گیرفاندا بووە، چونكە هیچ كەس نەیدەزانی كوردستان دەكەوێتە كوێ، بەڵام ئێستا سەرۆكوەزیرانی هەمان وڵات (واتە هۆڵەندا) سەردانی ئێرە دەكات. گەشەكردنەكە لەڕووی ستراتیژییەوە گەورەیە، چونكە كوردستان كەوتووەتە سەر نەخشە. ئەمەش هەمووی لە ژیانی یەك تاكە كەسدا روویداوە.

رووداو: هۆڵەندا لە جەنگی دژی داعشدا چ رۆڵێكی بینیوە؟

جۆن ڤان دێر زاندێ: بەشێك لە بەهێزتربوونی دۆستایەتی نێوانمان بۆ ئەم قەیرانە دەگەڕێتەوە. پەیوەندییەكانمان، هەم لەگەڵ هەرێمی كوردستان و هەمیش لەگەڵ حكومەتی عێراقی فیدراڵ، پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. هاریكارییە مرۆییەكانی ئێمە رۆڵی خۆیان گێڕاوە، لە كاتێكدا سوپای هۆڵەنداش مەشق بە پێشمەرگە و هەروەها هێزە تایبەتەكانی بەغدا دەكات. بە گوێرەی ئەوەی پێمگوتراوە هەماهەنگییەكان لە كاتی مەشقە سەربازییەكان باش بوون، پێشمەرگەش سوورە لەسەر ئەوەی فێر ببێت. دەمەوێ سڵاو و رێزی خۆمیان بۆ بنێرم، چونكە ئەوان لە پێناو ئێمەدا لە بەرەكانی پێشەوەی جەنگن.

رووداو: زۆربەی خەڵك لە كوردستان وێنایەكی جوانیان لەسەر هۆڵەندا هەیە، ئەمە بەو مانایە نییە كە هۆڵەندا خەریكە لە كوردستان دەبێتە وڵاتێكی ناسراو و خاوەن جەماوەر؟

جۆن ڤان دێر زاندێ: ئەستەمە هۆكاری ئەمە بزانین. بەڵام ئەوە راستییەكە و منیش هیچكات لە كوردستان، هیچ شتێكی نەرێنیم لەبارەی هۆڵەنداوە نەبیستووە. هەست دەكەم خەڵك حەزدەكەن بچنە هۆڵەندا، ئەوەشی كە دەچێتە ئەوێ بە كۆمەڵێك بەسەرهاتی ئەرێنی و خۆشەوە دەگەڕێتەوە.

 لە هەمانكاتدا، ئێمە ئیئتیلافێكمان هەیە كە لە 13 رێكخراوی هاریكاری پێكهاتووە، ئەم ئیئتیلافە لێرە چالاكە و یارمەتی داراییش لە حكومەتی هۆڵەندا وەردەگرێت. جیا لەمەش ئێمە هاوكاری رێكخراوە جۆراجۆرەكانی هەڵگرتنەوەی مین دەكەین. كۆی ئەو پارەیەی لە ساڵی 2016 بۆ هەموو ئەمانە دانراوە زیاتر لە شەست ملیۆن یورۆیە. ژمارەیەكی زۆر لە كوردە هۆڵەندییەكان لێرەن، هەر بۆیە ئەستەمە سەردانی وەزارەتێك بكەم و بە هۆڵەندی بەخێرهاتنم نەكەن. لە كاتی بەڕێوەچوونی جەژنی ساڵانەی پاشا لە كوردستان، لە مەراسیمەكە هێندەی هۆڵەندی دەبیستی هێندە ئینگلیزیت گوێ لێ نابێت. بۆیە ئێمە ماڵی هۆڵەندامان هەیە كە رێكخراوێكە بۆ خەڵكی هۆڵەندیی كوردزمان.

رووداو: لەناو سیاسیانی كورد و كەسانی نێو حكومەت، واتە حكومەتی هەرێمی كوردستان، هاووڵاتی هۆڵەندی هەن. پەیوەندیتان لەگەڵ ئەوان چۆنە؟

جۆن ڤان دێر زاندێ: پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو وەزارەتەكان و پارتە سیاسییەكاندا باشە، بەڵام ئەمە بۆ كوردە هۆڵەندییەكانی ئەوێ ناگەڕێتەوە. حەز دەكەم لێرەدا ئاماژە بەو پشتگیری و هاوكارییە بكەم كە لە كاتی سەردانی بەرپرسانی باڵای هۆڵەندی لە لایەن پرۆتۆڵەوە پێشكەشمان دەكرێت، واتە ئەو فەرمانگەیەی كاردەكات بۆ ئەوەی لە كاتی سەردانی بەرپرسانی بیانیدا هەموو شتەكان بە ئاسانی بەڕێوە بچن. پێشتر هیچكات نەمبینیبوو كە هەماهەنگییەكان هێندە ئاسان، سروشتی و بێ كێشە بن. ئەم فەرمانگەیە لە پشت پەردەوە كاری خۆی دەكات، بەڵام پێویستە تیشك بخرێتە سەر رۆڵی ئەوان.

رووداو: لە كوردستان "واستە" یان پەیوەندی تاكەكەسی مەسەلەیەكی بەربڵاوە، ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی كورد پێیانوایە ئەمە لەسەر ئاستە هەرە بەرزەكەی پەیوەندی نێوان هۆڵەندا و كورد رۆڵ دەبینێ. ئایا ئەمە راستە؟

جۆن ڤان دێر زاندێ: پەیوەندییە تاكەكەسییەكان لە سەرانسەری جیهان رۆڵ دەبینن. خەڵك كاتێك پەیوەندییەكی باشیان هەبێت دەتوانن لەم رێگەیەوە كارەكانیشیان بكەن. بەڵام ئەگەر پەیوەندییەكان بگاتە شتی نایاسایی یان گەندەڵیی تێبكەوێت، ئەوە مەسەلەكە دەگۆڕێت. گەندەڵی یەكێك لە گەورەترین كێشەكانی ئێرەیە. لە پێنوێنی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بۆ گەندەڵی، عێراق لە ریزەكانی سەرەیەوە، ئەمەش تەنیا حكومەتی عێراقی فیدراڵ ناگرێتەوە. وابزانم دەسەڵاتدارانیش لەمەدا هاوڕان، بەڵام زۆر شت هەیە دەبێت بكرێت، لە كاتێكدا گەندەڵی خەریكە هەموو پێشكەوتنەكان ئیفلیج دەكات. راستە ئەمە باسی لێوە دەكرێت، بەڵام ئەوەی پێویستە بكرێت ئەوەیە رووبەڕووی گەندەڵی ببنەوە، ئەگینا وەكوو هۆڵەندییەكان دەڵێن ئەوەی دەكرێت وەكوو ئەوەیە بەسەر پشتی ئەسپێكی مردووەوە بیت.

رووداو: پارساڵ لە كاتی مەشقە سەربازییەكاندا رووداوێكی ناخۆش روویدا، كاتێك پێشمەرگەیەك لە كاتی مەشقەكاندا بە گوللەی هۆڵەندییەك بریندار بوو. چۆن لەو رووداوە دەڕوانیت؟

جۆن ڤان دێر زاندێ: ئەوە رووداوێكی ناخۆش بوو. ئەو كات هەر كە بیستم ئەوە روویداوە تەلەفۆنم بۆ د.فوئاد حوسێن كرد بۆ ئەوەی زانیاریی پێبدەم. پۆلیسێكی هێزە سەربازییەكانیش لێكۆڵینەوەی لە رووداوەكە دەكرد و دواتر كەیسی رووداوەكەی بۆ وەزارەتی بەرگریی هۆڵەندا نارد. ئەمەش بەو مانایەیە كە كەیسەكە لە دەست ئێمەدا نەماوە، بەڵام ئەمە واناكات رووداوەكە ناخۆش نەبێت بۆ ئەوانەی لە رووداوەكەدا بوون.

رووداو: لە ماوەی كاركردنی تۆدا گەورەترین گۆڕانكارییەكان لە كوردستان چی بوون؟ 

جۆن ڤان دێر زاندێ: قەیرانە ئابوورییەكە لە سەرووی هەموویانەوە دێت، ئینجا قەیرانە سیاسییەكە. یەكەم مەسەلە ئەوەیە رەوشی گیرفانی خەڵك چۆنە. ئەم رەوشە ئابوورییە پاش ئەو هەموو ساڵە لە پێشكەوتن ئاسان نییە، لەبەر ئەوەی خەڵك لە رەوشەكەی پێشوو راهاتبوو. كاتێك دەبیستی ئێستا داهاتی خەڵك هێندە كەم بووەتەوە، پێت سەیرە چۆن دەرەقەت دێن، لە كاتێكدا گوزەران و ژیان لە هەولێر هەرزان نییە. بیستوومە هەندێك خەڵك یارمەتی یەكتریان داوە بۆ ئەوەی تووشی هەژاری و نەداری نەبن.

ئینجا رەوشی سیاسی نێوخۆیی كوردستان دێت. ململانێ سیاسییەكان بە درێژایی نیوەی ماوەی كاركردنی من لێرە بەردەوام بوون. ئێمە و هاوبەشە ئەوروپییەكانمان دووجار هەوڵماندا سیاسییەكانی كورد بهێنینەوە سەر مێزی دانوستاندن و رەوشەكە هێور بكەینەوە. خۆیان دەڵێن ئەم هەوڵانە یارمەتیدەر بوون، بەڵام هەتا ئێستا ئێمە ئاكامەكەیمان نەبینیوە. لە هەموو شتێك گرنگتر كاراكردنەوەی پەرلەمانە، كە ئەوە نزیكەی ساڵێكە كار ناكات. دامەزراوە دیموكراتیكەكان كار و ئەركی خۆیان هەیە. ململانێ سیاسییەكان دەبێت لەوێ، واتە لە پەرلەمان بكرێ. زۆر جێی داخە كە لەو كاتەی چاوی هەموو جیهان لەسەر كوردستانە، رێك لەو كاتەدا كوردستان لەرووی سیاسییەوە ناسەقامگیر بێت. بەڵام ئەوەی پۆزەتیڤ و دڵخۆشكەرە ئەوەیە لە كاتی سەردانەكانی ماڵئاواییكردنی خۆم بۆ لای سیاسییەكان، دەمبینی تۆنی قسەكان بەمدواییە گۆڕانیان بەسەرداهاتووە.

رووداو: ئایا قەیرانەكە كاریگەری لەسەر ئەو بزنسكارە هۆڵەندییانەش داناوە كە دەیانەوێت بێنە كوردستان؟

جۆن ڤان دێر زاندێ: بەداخەوە بەهۆی قەیرانەكەوە چالاكییە بازرگانییەكانی هۆڵەندا كەم بوونەتەوە، بەڵام وابزانم كاتێك شتەكان بەرەو باشتر چوون، بزنسكارەكانیش زوو دەگەڕێنەوە. هەمان شت بۆ ئەو هۆڵەندی و كوردە هۆڵەندییانەش راستە كە ئێرە جێدەهێڵن. لە هەمانكاتدا جێگەی داخە كە دەبینین گەنجی خوێندەوای ئێرە كاریان دەستناكەوێت و روو لە ئەوروپا دەكەن و بەختی خۆیان لەوێ تاقی دەكەنەوە، لەكاتێكدا لەوێش خەڵكانی گەنجی خاوەن بڕوانامەی بێكار هەن. هیوادارم ئەم خەڵكە گەنجە لێرە بمێننەوە و هەوڵی بنیاتنانی وڵاتی خۆیان بدەن، چونكە ئەوان سەركردەی سیاسی و بزنسكارەكانی داهاتووی ئێرەن. راكردنی عەقڵەكان یارمەتیی وڵاتەكە نادات.

رووداو: وەكوو شەخسی خۆت، ماوەی كاركردنت لێرە چ هەستێكی پێ بەخشیت؟

جۆن ڤان دێر زاندێ: ئەوە بۆ دە ساڵ دەچێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستم. بەو پۆستەی لە تاران و تەلەڤیڤ هەمبووە، ئەوە سێیەم پۆستمە لە ناوچە غەیرە عەرەبەكان وەرمگرتبێت. لە ئەوروپا كاتێك باسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەن تاكە شتێك خەڵك بیری لێبكەنەوە عەرەبە. من لە كوردستان فرەڕەنگیم بینی و ئەمەش سەرنجڕاكێشە. لەڕووی جیۆپۆلێتیكیشەوە چاوی جیهان لەسەر ئێرەیە. زانیاریم دەستكەوت و لە زۆر شت تێگەیشتم كە بۆ كاری داهاتووم سوودیان لێدەبینم.

رووداو: پاش ئێرە چی دەكەیت؟

جۆن ڤان دێر زاندێ: وەكوو هەماهەنگیكاری ئەمنی دەچمە عەممان. خۆم و پێنج كەسی دی لە هۆكارەكانی تەشەنەسەندنی توندئاژۆیی لە سەرانسەری جیهان دەكۆڵینەوە، هەروەها چ رێوشوێنێك بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی رێگری لە چوونی خەڵك بۆ رێكخراوە توندئاژۆكان بكرێت. من كار لەسەر ئوردن، لوبنان و عێراق، بە كوردستانیشەوە، دەكەم. وەكوو دەڵێن هیوای گەڕانەوە وادەكات ماڵئاوایی خۆش دەكات، بە شەوقەوە چاوەڕێی دەرفەتی گەڕانەوە بۆ كوردستان دەكەم. كوردستان هۆگرت دەكات.

رووداو: ئایا پەیامی ماڵئاواییت هەیە بۆ خەڵكی كوردستان؟

جۆن ڤان دێر زاندێ: بۆ ئەوانەی لە دەسەڵاتدان پێیان دەڵێم: هەوڵبدەن پێكەوە كاروبارەكان رێكبخەنەوە. بە هاووڵاتیانی ئاسایی كوردستانیش دەڵێم: سەردەمە خۆشەكانیشتان بینیوە، هەروەها دەشزانن شتەكان چەند زوو گۆڕانیان بەسەر دێت. ئەمەش بەو مانایەیە رەوشەكە دەشێت بەرەو باشتریش بگۆڕێت، بۆیە ورەتان بەرز بێت. هەروەها پێشتان وانەبێت فەرشی زێڕ لەسەر شەقامەكانی ئەوروپا راخراوە.