توێژینەوەیەک: تەواوکەرە خۆراکییەکان تووشبوون بە لەبیرچوونەوە کەمدەکەنەوە

رووداو - تەندروستی 

لە ئەمریکا توێژینەوەیەک دەریدەخات، تەواوکەرە خۆراکییەکان دەتوانن تەندروستیی مێشک باشتر بکەن و ئەگەری لەبیرچوونەوە لە بەساڵاچوواندا کەمبکەنەوە.
 
توێژینەوەکە لە گۆڤاری ئەمریکی خۆراکی پزیشکیدا بڵاوکراوەتەوە و ئاشکرای دەکات، خواردنی رۆژانەی تەواوکەرە خۆراکییەکان دەبێتە هۆی دواخستنی لەبیرچوونەوە.
 
دکتۆر ئادەم بریکمان، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، "تەندروستیی مێشک زۆر گرنگە و هەموو کەسێک پێویستە بایەخی پێبدات کە دەچێتە تەمەنەوە، بەتایبەت کێشەی لەبیرچوونەوە، ئەم توێژینەوەیە؛ پێشنیازێکی ئاسان و هەرزان بۆ بەساڵاچووان، تاوەکو مێشکییان بە تەندروستی بهێڵنەوە و ترسیان لە لەبیرچوونەوە نەمێنێت، دەخاتەڕوو". 
 
توێژینەوەکە لە زانکۆی کۆڵۆمبیای ئەمریکا کراوە؛ ماوەی سێ ساڵی خایاندووە؛ لێکۆڵینەوە لەسەر سێ هەزار و 562 بەساڵاچوو کراوە و دەرکەوتووە، ئەوکەسانەی تەواوکەرە خۆراکییەکانیان بەکارهێناوە توانای بیرهێنانەوەی مێشکیان باشترە.
 
دکتۆر لۆکین یانگ، سەرپەرشتیارێکی دیکەی توێژینەوەکە دەڵێت، "مێشکی کەسە بەساڵاچووەکان بەرامبەر تەواوکەرە خۆراکییەکان زۆر هەستیارە، کاریگەرییەکی زۆر باشی لەسەر مێشکیان هەیە".
 
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمەڵەی ئەلزەهایمەری ئەمریکی، نزیکەی 40٪ی دانیشتوانی جیهان لە پاش تەمەنی 65 ساڵی ئەگەری توشبوونیان بە لەبیرچوونەوە هەیە. 
 
بەپێی مایۆکلینیکی پزیشکی، 'چالاکیی جەستەیی، خۆراکی تەندروست، وەرزشی رۆژانە، تێکەڵاویی کۆمەڵایەتی و خەوی تەندروست' هۆکارن بۆ باشترکردنی تەندروستیی مێشك.