تەندروستی جیهانی باری لەناکاوی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە جیهان راگەیاند

رووداو-هەولێر

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی باری لەناکاوی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە تەواوی جیهان راگەیاند و دەڵێت تاوەکو ئیستا لەدەرەوەی چین کەس بە کۆرۆنا نەمردووە.


ئه‌دهانۆم گيبريسۆس، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بە ئاماژەدان بەوەی ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەر بەکەمی دەمێنیتەوە لەهەمانکاتدا گوتی: "مەترسیمان هەیە کۆرۆنا بگاتە ئەو وڵاتانەی سیستەمی تەندروستییان لاوازە".

پێشتر رێکخراوی تەندروستی جیهانی نوێترین ئامارەکانی لەبارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوکردووەوە و رایگەیاند زیاتر لە حەوت هەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و 170 کەسیش بەهۆیەوە مردوون.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پەیمانگەی نیشتیمانی تەندروستی چین دەڵێن، رۆژ بە رۆژ حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیادبووندان، تاوەکو ئێستا لە 23 وڵاتی جیاوازەوە تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکراوە.

بەگوێرەی دوایین ئامارەکان 7824 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە، نزیکەی 9000 کەسی دیکەش گومانی تووشبوونیان لێدەکرێت و 170 کەسیش بەهۆیەوە مردوون.