پسپۆڕێکی مێشک و دەمار: کۆرۆنا لەوانەیە ببێتەهۆی جەڵتەی مێشک

رووداو- دیجیتاڵ

پزیشکێکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار لە باشووری کوردستان رایدەگەیێنێت، ڤایرۆسی کۆرۆنا بە چەندین رێگەی جیاواز لەوانەیە بگاتە مێشک و سەرەنجام تووشی گرفتەکانی مێشک و دەمارمان بکات.


د. ئازاد حەسەن، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی ستۆدیۆ-19ی تۆڕی میدیایی رووداو گووتی، ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکرێت بە چەندین رێگەی جیاواز کاربکاتە سەر مێشک بۆ نموونە، ئەوانەی بە توندی تووشی کۆرۆنا دەبن و ئاستی ئۆکسجینی خوێنیان کەمدەکات زیاتر لەبارن بۆ زیانگەیشتن بە مێشکیان، چونکە مێشک یەکێکە لەو ئەندامانەی پێویستییەکی زۆری بە ئۆکسجین و خوێن هەیە، کاتێک ئەو بڕە پێویستەی پێنەگات لەوانەیە خانەکانی مێشک تووشی زیانگەیشتن ببن.

پسپۆڕەکەی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار روونیدەکاتەوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا کە دێتە نێو جەستە بە وەرگری (ACE2) دەنوسێت، بوونی ئەم وەرگرە لەسەر دەماری یەکەم کە تایبەتە بە بۆنکردن لەوانەیە لەرێگەی ئەو دەمارەوە دواتر بچێتە نێو مێشک و زیان بە مێشک بگەیێنێت کە بێگومان ئەمە لە هەموو تووشبووەیەک روونادات و زیاتر لەوانەیە کە بە توندی تووشی نەخۆشییەکە دەبن یان بەتەمەنن یاخود سیستەمی بەرگری جەستەیان لاوازە و نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە.

د. ئازاد دەڵێت، تاوەکو تووشبووی کۆرۆنا زووتر دەستنیشانبکرێت و زووتر چارەسەری بۆ وەربگیرێت مەترسیی زیانگەیشتن بە مێشک کەمتر دەبێتەوە، بۆ ئەوانەشی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە وەک شەکرە یان بەرزەپەستانی خوێن زۆر گرنگە نەخۆشییەکەیان کۆنترۆڵبێت بۆ ئەوەی لەکاتی تووشبوون بە کۆرۆنا تووشی زیانگەیشتن بە مێشک نەبن.

لەبارەی کاریگەرییەکانی کۆرۆنا لەسەر مێشک، پزیشکە پسپۆڕەکەی مێشک و دەمار دەڵێت، کۆرۆنا لەوانەیە ببێتەهۆی هەڵئاوسان، هەوکردن، جەڵتەی مێشک و مردنی خانەکانی مێشک بەهۆی نەمانی ئۆکسجین و تەنانەت لەهەندێک باردا لەدەستدانی یادەوەری و کەمبوونەوەی تەرکیزکردن.