وەزارەتی تەندروستی چەند رێنماییەک بۆ رێگریکردن لە کۆرۆنا لە خاڵە سنوورییەکان و فرۆکەخانەکان بڵاودەکاتەوە

رووداو- هەولێر

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند رێنماییەکی لە خاڵە سنوورییەکان و فرۆکەخانەکان بۆ رێگەگرتن لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوکردەوە.


لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی تەندروستی داوای لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی پارێزگاکان و قەزاکان کردووە، چاودێری خاڵە سنوورییەکان و فرۆکەخانەکان بکەن، دەبێت هەموو کەلوپەلە خۆپارێزییە کەسییەکان دابینبکرێن و کارمەندی راهێندراو لەسەر هەڵسەنگاندنی ئەو حاڵەتانەی گومانی نەخۆشییەکەیان لێدەکرێت هەبن.

لە رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە، لە بنکە تەندروستییەکانی خاڵە سنوورییەکان و فرۆکەخانەکان پێویستە هەر گەشتیارێک کە لە چینەوە دێت، جیابکرێتەوە و پشکنینی بۆ بکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت هەڵگری ڤایرۆسەکەیە یان نە.