کۆندۆمی بەراز کۆنترین کۆندۆمە و بە شیری گەرمەوە بەکارهێنراوە

رووداو دیجیتاڵ
 
هەرچەندە دوو رێکاری هەرەباو بۆ رێگریکردن لە دووگیانی بریتین لە بەکارهێنانی کۆندۆم و خواردنی حەب، بەڵام ئەم بابەتە پاشخانێکی مێژوویی دێرینی هەیە و هەموو ئەو شارستانێتییانەی سەردەمی کۆنی پێناسراوە بەم بابەتەوە سەرقاڵ بوون؛ میسرییەکان بیریان لە بەکارهێنانی بەربەست کردووەتەوە و رەچەتەی یۆنانی کۆنیش پژمەیەک بووە.
 
ساڵانە رۆژێک دانراوە بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەبارەی رێگەکانی رێگری لە منداڵبوون و دەکەوێتە 26ی مانگی ئەیلوول. ئامانجی ئەو رۆژە زیادکردنی هۆشیاریی خەڵکە تا بتوانن لە بارەی وەچەخستنەوەوە بە شێوەیەکی دروست بڕیار بدەن و بەو جۆرە هەموو وەچەخستنەوەیەک خوازراو بێت و کەس بە ناچاری منداڵێک دروست نەکات. 
 
یەک لە رێکارەکان بەکارهێنانی کۆندۆمە، جا کۆندۆمی تایبەت بە نێرینە بێت یان مێینە کە توورەکەیەکی لاستیکییە، بۆ رێگری لە گەیشتنی تۆوی نێرینە بە هێلکەی مێینە و دروستبوونی منداڵ بەکاردەهێنرێت. هەروەها بۆ رێگریکردن لە گواستنەوەی نەخۆشییە گوازراوەکانیش بەکاردەهێنرێت. هاوکات حەبیش بۆ رێگریکردن لە پیتاندنی هێلکە بەکاردەهێنرێت و شێوە باوەکەی بەکارهێنانی حەبە بەر لە جووتبوون.
 
کاتی خۆی، بەر لەوەی زانست بەو شێوەی ئێستا پێشکەوتن بە خۆیەوە ببینێت، شێوازگەلی زۆر و سەیر لە وڵاتان بەکارهێنراون، لەوانە ئەم پێنج شێوازەی خوارەوە:
 
1. پژمین لە کاتی دانیشتندا
 
یۆنانییە کۆنەکان کە ناسراون بە ئیغریقییەکان باوەڕیان وابووە کە پژمین و دانیشتن یەکێکە لە تەکنیکەکانی رێگریکردن لە منداڵبوون. باوەڕەکە بەو شێوە بووە کە ئەگەر خانمێک لە پاش سێکس دابنیشێت و پژمە بکات، ئەوا ئەو جووڵە رێگری لە چوونە ناوەوەی تۆو بۆ نێو منداڵدان دەکات. 
 
2.   بەستنی گونی مشکەخۆرە لە قاچی کەسەکان
 
لە سەدەی 17 و کاتێک سەردەمی چاخە تاریکەکان بوو لە ئەوروپا، ئەو کەسانەی جادووگەری زۆر شارەزا بوون بازاڕیان گەرم بووە. ئەوان گونی مشکەخۆرەیان بەکاردەهێنا و لەپاش جادووکردن وەک پاوانە لە قاچی كچان و ژنانیان دەبەست تاوەکو رێگری لە دووگیانبوون بکات.
 
3. خواردنەوەی ئاسناو 
 
ئەم تەکنیکە لە سەردەمی ئیغریقییەکاندا بەکارهاتووە، بەڵام تاوەکو سەرەتای جەنگی جیهانیی یەکەم بەردەوام بووە. ئەو ئاوەی کە بەکاردەهێنرێت بۆ ساردکردنەوەی ئاسن وەک خواردنەوەیەک بەکارهاتووە و دراوەتە ژنان. لە رووی زانستیەوە، دەکرێت ئاسناوەکە رێگریکردبێت لە دووگیانی، چونکە رێژەیەکی زۆر قورقوشمی تێدایە، بەڵام هاوکات بووەتە هۆی رشانەوە و لەکارکەوتنی گورچیلە و لەهۆشچوون و هەندێک جاریش مردن.
 
4. پیسایی تیمساح
 
میسرییە کۆنەکان ناویان چووەتە ئەو لیستەی کە بەشداربوون لە داهێنەکانی تایبەت بە رێگریکردن لە دووگیانی. ئەوان هەر زوو لەوە تێگەیشتبوون کە ئەگەر بەربەستێک دروستبکرێت، ئەوا چیدیکە پیتاندن روو نادات و سەرکەوتوو دەبێت. بەربەستەکە پێکهاتووە لە تێکەڵەیەک لە هەنگوین و پیسایی تیمساح. ئەم داهێنانە هەرچەندە باوەڕپێکراو نییە، بەڵام بووە بناخەی بیرۆکەی بەکارهێنانی کەرەستەی وەک کۆندۆم. 
 
5. کۆندۆمی بەراز
 
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی بی بی سی، ئەم شێوازە یەکێکە لە کۆنترین کۆندۆمەکان کە تۆمارکرابێت و کۆندۆمێکی سرووشتییە و لە ریخۆڵەی بەراز دروستکراوە. ئەم جۆرە لە کۆندۆم تەنانەت رێنمایی بەکارهێنانی هەبووە و پێشنیاز کراوە بەر لە بەکارهێنانی کۆندۆمەکە بخرێتە نێو هەندێک شیری گەرمەوە.

 

رووپێوییەک لە کوردستان: 23%ـی گەنجان و هەرزەکاران نازانن کۆندۆم بۆ رێگریی لە سکپڕی بەکاردێت