لووتکەی تەندروستیی جیهانی بەشێوەی ئۆنلاین دەستیپێكرد؛ 2500 کەس بەشدارن
رووداو- هەولێر
لووتکەی تەندروستیی جیهانی بەشێوەی ئۆنلاین دەستیپێكرد، یەکێكە لە گەورەترین لووتکەکانی بواری تەندروستی بۆ سەرپەرشتیکردن و بەرەوپێشبردنی تەندروستیی جیهانیی.
هەموو ئۆکتۆبەرێك لە جیهاندا لووتکەی تەندروستی جیهانی پسپۆڕ و سەرکردە تەندروستییەکانی وڵاتان، سیاسی و کەسایەتییە تایبەتەکانی کەرتی تەندروستی کۆدەکاتەوە، لە کۆنفرانسێكی سێ رۆژەدا لەلەلایەن کەسایەتییەکانی ١٠٠ وڵاتەوە گرفتە تەندروستییەکان باسدەکرێن و چارەسەری گونجاو دەخرێنەڕوو.
د. تێدرۆس ئادهانۆم، سەرۆکی رێكخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت: "وانەکە روونە، سیستەمێكی تەندروستی بەهێز گرنگە بۆ زاڵبوون، سیستەمی تەندروستی و ئامادەکارییەکان تەنیا بەرهەمهێنان نین بۆ داهاتوو، ئەوان وەڵامی ئێمەن بۆ دۆخی ئێستا، ئەگەر ڤاکسینێكی کاریگەرمان هەبێت، دەبێت بە کاریگەری بەکاریبهێنین، باشترین هەنگاویش بۆ ئەمە ئەوەیە کە بتوانین هەندێك کەس لە هەموو وڵاتان بکوتین نەک هەموو خەڵکی چەند وڵاتێك".
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە گوتارێكدا لە لووتکەی تەندروستیی جیهانی گووتی: "پەتای کۆرۆنا گەورەترین قەیرانە لە تەمەنی ئێمەدا، ٧ مانگ بەسەر بڵاوبوونەوەی تێپەڕیوە، زیاتر لە ملیۆنێك کەس مردوون، دەیان ملیۆن کەس تووشبوون، ژمارەی تووشبووەکان لە زیادبوونە و شەپۆلی نوێ لە شوێنە جیاوازەکان هەن، کاریگەرییە ناڕاستەوخۆکانی ڤایرۆسەکە کار لە کۆمەڵگە و ئابووری وڵاتان دەکەن".
سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت ڤاکسینەکان، پشكنینەکان و چارەسەرەکان زیاتر لە رزگارکەری ژیانن، ئەوان رزگارکەری ئابوورین و کۆمەڵگەن، هیچ بژاردەیەک نییە لەنێوان رزگارکردنی ژیانی خەڵک و رزگارکردنی پیشەکان، پاراستنی خەڵک لە ڤایرۆسەکە باشترین هەنگاوە بۆ کرانەوەی قوتابخانەکان و بەڕێوەچوونی بازرگانی.
لە ساڵی 2009ـەوە لووتکەی تەندروستی جیهانی بەڕێوەدەچێت، ئەمساڵ سەرۆکی رێكخراوی تەندروستی جیهانی و سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، 2500 بەشداربوو و 300 قسەکەر بەشدارن و 50 پانێڵ بەڕێوەدەچن.