سەرۆکی لووتکەی تەندروستیی کوردستان بانگهێشتی لووتکەی تەندروستیی جیهانی دەکرێت


رووداو- هەولێر

سەرۆکی لووتکەی تەندروستی جیهانی پرۆفیسۆر د. دێتلێڤ گانتین، بە فەرمی بانگهێشتی دکتۆر ئاراس برادۆستی سەرۆکی لووتکەی تەندروستی کوردستان دەکات بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی تەندروستیی جیهانی.


پرۆفیسۆر د. دێتلێڤ گانتین سەرۆکی لووتکەی تەندروستیی جیهانی لە نامەیەکدا کە ئاراستەی سەرۆکی لووتکەی تەندروستیی کوردستانی کردووە بە فەرمی بانگهێشتی دەکات بۆئەوەی لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بەشداری لە گەورەترین و گرنگترین رووداوی تەندروستیی بکات لەسەر ئاستی جیهاندا.

دکتۆر ئاراس برادۆستی دەڵێت بانگهێشتکردنی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی تەندروستیی جیهانی دەستکەوتێکی گەورەیە، چونکە کوردستان دەبێتە تاکە بەشداربووی ناوچەکە لە لووتکەی تەندروستیی جیهانیدا، هیچ یەکێک لە وڵاتانی عێراق، تورکیا و ئێران لە لووتکەکەدا بانگهێشتنەکراون، ئەمەش بەپێی گوتەی دکتۆر ئاراس بۆ سەرکەوتنی یەکەمین لووتکەی تەندروستی کوردستان دەگەڕێتەوە کە مانگی چواری ئەمساڵ لە هەولێری پایتەخت بە بەشداریی زیاتر لە 600 پزیشك و پەرستاری نێوخۆیی و 13 وڵاتی بیانی ئەنجامدرا.

لووتکەی تەندروستی کوردستان لە رۆژی ٢٠-٤-٢٠١٩  بە بەشداری وڵاتانی عێراق، ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئەمریکا، کەنەدا، ئیتالیا، دانیمارک، سوێد، تورکیا، ئوردن و ئێران لە هەولێر بەسترا و دکتۆر ئاراس برادۆستی وەک سەرۆکی لووتکەکە دەسنیشانکرا.