تەندروستیی پارێزگاکان داوای بەستنی ناچاریی ماسک دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی لە پارێزگاکانی هەرێمی کورستان لەگەڵ تووندکردنەوەی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنادان و داوا دەکەن بەستنی ماسک بکرێتە ناچاری. تەندروستی سلێمانییش ئاماژە بەوە دەدات کە دۆخی سلێمانی بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراق جیاوازە و تووشبوون لەو پارێزگایە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 25-10-2021 لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لەکۆبوونەوەدایە و بڕیار لەسەر نوێترین رێکارەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان دەدات.
د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر لە کاتی بەشداریکردنی لە گفتوگۆی رۆژانە، لە تەلەڤزیۆنی رووداو، کە رۆژانە لە کاژێر 10:00 لەلایەن رۆژان ئەبوبەکر پێشکەشدەکرێت، سەبارەت بە پێشنیازەکانیان بۆ کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵا رایگەیاند: "ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی هەولێر، بە تایبەتی لەسەر دوو خاڵ پێشنیازەکانمان چڕکردوونەتەوە؛ یەکێکیان ئەوەیە بەکارهێنان دەمامک و ماسک بکرێتە ناچاری یان تووندوتۆڵ بکرێتەوە. دووەمیان لە دامودەزگا حکومییەکان و قوتابخانەکان و شوێنە گشتییەکان، تەنانەت لە چێشتخانە و کافتریا و شوێنەکانی دیکە دوو بژاردە بخرێتە بەردەم خەڵک: یان ڤاکسینی وەرگرتبێت یان پشکنینی ماوەی یەک هەفتەی هەبێت ".
بە گوتەی دلۆڤان محەممەد، "بڕێکی باشی ڤاکسینمان لەبەردەستدایە؛ لە سەرەتای دەستپێکردنی پرۆسەی پێدانی ڤاکسین خەڵکێکی باش روویان لە بنکەکانی پێدانی ڤاکسین دەکرد، بەڵام ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی داواکارییان هەیە بۆ وەرگرتنی ڤاکسین کەمیکردووە. تاوەکو ئێستاش نزیکەی 18%ی خەڵکی پارێزگای هەولێر ڤاکسینیان وەرگرتووە".
هەروەها د. ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک، کە میوانێکی دیکەی گفتوگۆی رۆژانە بوو، لەبارەی پێشنیازیان بۆ لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا گوتی: "پێشنیازمان کردووە بەستنی ماسک لە هەموو دامودەزگاکانی حکومەت و شوێنە گشتییەکان بکرێتە ناچاری؛ لەگەڵ ئەوەش داوا لە خەڵک دەکەین بە زووترین کات سەردانی بنکەکان بکەن و ڤاکسین وەربگرن. پێویستە ئەو کەسانەش کە نیشانەکانی کۆرۆنایان هەیە تێکەڵی خەڵک نەبن و پشکنین بکەن".
بە گوتەی ئەفراسیاب مووسا، لە پارێزگای دهۆک تاوەکو ئێستا "نزیکەی 26%ی خەڵکی ئەو پارێزگایە ڤاکسینیان وەرگرتووە. 18٪یان هەردوو قورچکەکەیان وەرگرتووە".
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک ئاماژە بەوە دەدات کە "ماوەیەکە خواست لەسەر وەرگرتنی ڤاکسین کەمیکردووە؛ ئاگاداری خەڵک دەکەینەوە کە برێکی زۆر ڤاکسین بەردەستە؛ بەپێی ئەو پلانەی دامانناوە، بەهیوای ئەوەین تاوەکو کۆتایی ساڵ رێژەکە بگەیێنینە 40-50٪ی خەڵکی دانیشتووی پارێزگای دهۆک ڤاکسین وەربگرن".
د. هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانیش لەبارەی دۆخی کۆرۆنا لە پارێزگاکە ئاماژەی بەوەدا کە "دۆخەکە لە سلێمانی جیاوازە بەراورد بە شارەکانی دیکە و ناوەڕاست و خوارووی عێراق، چونکە ئامارەکان لە سلێمانی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە؛ هاوتەریب لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا، مردنیش زیادیکردووە".
سەبارەت بە پێشنیازەکانیان، هێرش سەلیم دەڵێت: "پێشنیازەکانی ئێمە دوو جۆرن. بۆ ئەو شوێنانەی کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی تەندروستین، شێوە ناچارییەک لە مەسەلەی ڤاکسین و پشکنینی کۆرۆنا دەسەپێنین. گشتاندنێکیشمان دەرکردووە بۆ هەموو ئەو زانکۆ و پەیمانگایانەی خوێندکاریان دێن بۆ ناوەندەکانی تەندروستی خولی راهێنان ببینن، بە ناچاری دەبێت ڤاکسین وەربگرن، ئەگینا ئێمە رێگە نادەین هیچ خولێکی زانستی لەنێو ناوەندەکانی تەندروستی هەبێت".
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت: "هەر هاووڵاتییەک کە سەردانی نەخۆشخانە بکات وەکو سەردانی نەخۆش، یان دەبێت تێستی کۆرۆنای پێبێت یان دەبێت ڤاکسینی وەرگرتبێت، ئەگینا رێگە نادەین سەردانی نەخۆش بکرێت ".
لەسەر ئاستی گشتیش، بە گوتەی هێرش سەلیم، "داوای شێوە ناچارییەکمان بۆ پێدانی ڤاکسین کردووە، نەک شێوەی زۆرەملێ. ناچارییەکە بۆ ئەو دامودەزگایانەیە کە هاووڵاتی بەردەوام سەردانیان دەکات یان کۆمەڵە خەڵکانێک هەن کە رۆژانە سەردانی شوێنێک دەکەن بە تایبەتی، بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ و پاسپۆرت، کە لۆدێکی زۆریان لەسەرە".
هێرش سەلیم ئاماژە بەوەش دەدات کە لە ماوەی هەفتەی رابردوودا گەرموگوڕییەکی باشتر دەبینن بۆ وەرگرتنی ڤاکسین و گوتی: "دەتوانم بڵێم لە ماوەی 5 رۆژدا زیاتر لە 10 هەزار کەس لە پارێزگای سلێمانی ڤاکسینیان وەرگرتووە؛ ئەو ئامارە ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوامبێت، دەتوانم بڵێم وردە وردە پرسی رێکارە خۆپارێزییەکان و بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا ببەینە ئاستێکی دیکە کە پێویست دەکات هەموومان پشتیوان بین".
لەبارەی رێژەی وەرگرتنی ڤاکسینیش لە پارێزگای سلێمانی، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت: "لە پارێزگای سلێمانی تاوەکو ئێستا نزیکەی 13-14%ی خەڵکی ڤاکسینیان وەرگرتووە".