سعودیە هۆشداری دەدات: دوای رۆژوو شکاندن 15 کوپ زیاتر قاوە نەخورێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی خۆراک و دەرمانی سعودیە هۆشداری لەبارەی بڕی خواردنەوەی قاوەی تاڵ لەدوای رۆژوو شکاندن دەدات و داوا لە خەڵک دەکات لە 15 کوپ قاوە زیاتر نەخۆنەوە.
رۆژی شەممە 24ی ئاداری 2023 فەرمانگەی خۆراک و دەرمانی سعودیە لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەدا کە دوای شکاندنی رۆژوو، رۆژوگران 15 کوپ زیاتر قاوە نەخۆنەوە کە دەکاتە 400 میلیگرام. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە بڕی زۆری خواردنەوەی کافاین دەبێتە هۆی کەم خەویی درێژخایەن، دڵەڕاوکێی بەردەوام، خەمۆکی و کێشەی گەدە.
فەرمانگەکەی سعودیە ئاماژەی بەوەش داوە، خواردنەوەی بڕی زۆری کافاین دوای شکاندنی رۆژوو زیان بە رۆژوگران دەگەیێنێت.
بەپێی فەرمانگەی خۆراک و دەرمانی سعودیە، خواردنەوەی بڕی زۆری کافاین دوای شکاندنی رۆژوو دەبێتە هۆی کەم خەوی، لێدانی خێرای دڵ و میزەچرکە، ئەمەش دەبێتە هۆی لەدەستدانی شلەی گرنگ لە جەستەدا و ناوبەناو سەرئێشەی لێدەکەوێتەوە.
فەرمانگەکە ئاماژەی بەوەش دا، مانگی پیرۆزی رەمەزان دەرفەتێکە بۆ رۆژوگران کە لە خواردنەوەی کافاین دووربکەونەوە، بەبێ ئەوەی زیان بە جەستەیان بگات، چونکە کەمکردنەوەی کتوپڕی کافاین بۆ ئەو کەسانەی کە زۆر دەیخۆنەوە، زیانی مەترسیداری تەندروستیی لێدەکەوێتەوە.
بەگوێرەی دامەزراوەی قاوەی بەریتانی، رۆژانە دوو ملیار کوپ قاوە لە جیهاندا دەخورێتەوە و بەهای بازرگانییەکەی لە ساڵی 2022دا 126.38 ملیار دۆلار بووە لە جیهاندا.