لە چین چوار کەسی ئیفلیج بە تەکنەلۆژیایەکی نوێ چارەسەردەکرێن

تاقیکردنەوەی چارەسەرەکە بۆ نەخۆشێکی ئیفلیج. وێنە: nationthailand
رووداو - تەندروستی

تەکنەلۆژیایەکی نوێ ئومێدی دووبارە گەڕانەوەی جووڵە و چارەسەرکردنی کێشە درێژخایەنەکەیان بە تووشبووانی ئەفلیجی دەبەخشێت؛ لە چین چارەسەری چوار کەسی پێ کراوە.
 
تەکنەلۆژیاکە بەجۆرێکە کە کاتێک کەسەکە بیر لە رۆیشتن دەکاتەوە، ئەلیکترۆدە کارەباییە چاندراوەکانی مێشک فەرمانەکان کۆدەکەنەوە و دەگوازرێنەوە بۆ ئەلیکترۆدە چاندراوەکانی دڕکەپەتک، بەمەش وا  لە قاچەکان دەکات بکەونە جووڵە. 
 
داهێنانەکەش ئومێدبەخشێکە بۆ ئەو کەسانەی چەندین ساڵە ئیفلیجن و ناتوانن قاچ و دەستیان بجووڵێنن.
 
لین پیاوێکی 30 ساڵانە و ئیفیلیجە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە زانکۆی ژۆنگشان چیپێکیان لەنێو مێشک و دانەیەکی دیکەیان لە دڕکەپەتکیدا چاند و پسپۆڕان دەڵێن، دوای 14 رۆژ توانیویەتی قاچی راستی بەرز بکاتەوە و بە دووریی پێنج مەتر بەپێ بڕوات. 
 
سێ کەسی دیکەش بەهەمان شێوەی لین، نەشتەرگەرییان بۆ کراوە و جووڵەیان بۆ گەڕاوەتەوە. د. دینگ جینگ، بەرپرسی بەشی مێشک و دەمار لە نەخۆشخانەی ژۆنگشان دەڵێت: هێشتا تەکنەلۆژیاکە لەژێر تاقیکردنەوەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجامی باشی هەبووە.
 
بەپێی ئامارەکان، لە چین سێ ملیۆن و 74 هەزار تووشبووی ئیفلیجی هەن، ئەم رێگەچارەسەرییەش ئومێدێکە بۆ ئەو کەسانە.