زانکۆی کالیفۆرنیا: خانمان 2-3 هێندەی پیاوان زیاتر تووشی لاسەرئێشە دەبن
رووداو- هەولێر
توێژینەوەیەکی زانکۆی کالیفۆرنیا دەریخستووە جیاوازی هۆڕمۆنەکانی خانمان و پیاوان هۆکارە بۆ دروستبوونی جیاوازی لەرێژەی تووشبوونیان بە لاسەرئێشە.
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی کالیفۆرنیا کە داتایەکی فراوانی جیهانی بەکارهێناوە دەرکەوتووە رێژەی تووشبوون بە لاسەرئێشە لەنێو خانمان 2-3 هێندەی پیاوانە.
ماتیۆ پانیزۆن، پسپۆڕی دەروونی و دەماری لە زانکۆی کالیفۆرنیا روونیدەکاتەوە ئەنجامەکانی توێژینەوەکەیان کە لەسەر زیاتر لە 51 هەزار کەس ئەنجامدراوە رۆڵی دەبێت لە دۆزینەوەی چارەسەری نوێ بۆ لاسەرئێشە، هاوکات زووتر نەخۆشییەکە دەستنیشاندەکەن.
ماتیۆ پانیزۆن دەڵێت: "ئەنجامی توێژینەوەکەمان جێگەی بایەخە، چونکە زیاتر لە فاکتەرەکانی پشت لاسەرئێشە تێدەگەین، ئەمەش ئەوە دەردەخات فاکتەرە هۆڕمۆنییەکان چەندە رۆڵیان دەبێت لە جیاکردنەوەی خانمان و پیاوان بۆ تووشبوون بە لاسەرئێشە".