لە دهۆک دوو خوشکی دووانە بە کۆرۆنا گیانلەدەستدەدەن


رووداو دیجیتاڵ

سەمیرە و ئەمیرا عەبدوڵڵا دوو خوشکی دووانەی دانیشتووی دهۆک بوون، دوای هەفتەیەک مانەوە لە نەخۆشخانە بەهۆی تووشبوون بە کۆرۆنا، ئەمڕۆ هەردووکیان گیانیان لەدەستدا. 
 
هاریوان یوسف، کچەزای دوو خوشکەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ کاژێر 04:00ـی بەرەبەیان سەمیرە عەبدوڵڵا لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا و دوای کەمتر لە کاژێرێک کاتێک سەرقاڵی ناشتنی سەمیرە بووین، هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەمیراشمان پێگەیشت."
 
هاوریوان یوسف بە رووداوی گوت، "سەمیرە و ئەمیرا دووانە بوون و تەمەنیان 45 ساڵ بوو، سەمیرە هێشتا شووی نەکردبوو، بەڵام ئەمیرا دایکی شەش منداڵە و هەفتەیەک لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکی دابوون." 
 
کچەزاکەی سەمیرە و ئەمیرا باسی ئەوەشی کرد، هەفتەیەک پێش ئێستا دایکی ئەو دوو خوشکە لە تەمەنی 68 ساڵی بەهۆی کۆرۆناوە گیانی لەدەستداوە و ئەوانیش هەر لە دایکیانەوە تووشی کۆرۆنا بوون.
 
سەمیرە و ئەمیرا دانیشتووی قەزای سێمێل بوون لە پارێزگای دهۆک و دوو خوشک و چوار برایان هەیە و ئێستا هیچ تووشبووێکی کۆرۆنا لە خێزانەکەیان نەماوە.