هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات
رووداو - هەولێر
بە بەشداریی شەش وەزارەت و دەستەی گەشتوگوزار و فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەڵمەتێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات، تێیدا قسە لەسەر خۆپاراستن و میکانیزمی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان دەکرێت.
رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە 20-2-2020 لە هەولێر کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ئەنجوومەنی وەزیران دەستپێدەکات، بڕیاریشە لەدوای کۆبوونەوەکە هەڵمەتێکی نیشتمانی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان رابگەیێندرێت.
بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ئەنجوومەنی وەزیران و نوێنەری وەزارەتەکانی تەندروستی، پەروەردە، خوێندنی باڵا، ئەوقاف، رۆشنبیری و لاوان، گواستنەوە و گەیاندن و دەستەی گەشتوگوزار بەشدار دەبن، هەروەها نوێنەرایەتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانییش لەو هەڵمەتەدا بەشدار دەبێت.
لە کۆبوونەوەکەدا جووتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ئەنجوومەنی وەزیران ئەجێندا و پلانی هەڵمەتەکە رادەگەیێنێت، هەروەها وەزارەتەکانی تەندروستی و رێکخراوی تەندروستیی جیهانیش بۆچوون و پلانی خۆیان لەوبارەوە دەخەنەڕوو.
تاوەکو ئێستا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە بە ناوی زانستی کۆڤید-19 دەناسرێتەوە، دوو هەزار و 129 کەس لە جیهاندا گیانیان لەدەستداوە، ژمارەی ئەو کەسانەش کە تووشی ڤایرۆسەکە بوون گەیشتووەتە 75 هەزار و 727 کەس، هاوکات 16 هەزار و 526 کەسیش چارەسەریان وەرگرتووە و چاکبوونەتەوە. زۆرینەی ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و تووشی ڤایرۆسەکە بوون لە چینن.
هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە وڵاتانی جیهان رێوشوێنی پێویستیان بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە گرتەبەر، لەنێویاندا راگرتن و هەڵپەساردنی گەشتەکان بوو بۆ چین.