لە غانا دوو تووشبووی ڤایرۆسێکی مەترسیدار تۆماردەکرێن و گیان لەدەستدەدەن
رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار لە غانا دوو تووشبووی ڤایرۆسی ماربێرگ تۆمارکران و گیانیان لەدەستدا کە ڤایرۆسێکی خێرا گوازراوەی هاوشێوەی ئیبۆلایە.
بەرپرسانی تەندروستی لە رۆژئاوای ئەفریقا دەڵێن، ئەنجامی نموونەی ئەو دوو نەخۆشە سەرەتای مانگی تەممووز پۆزەتیڤ دەرچووە و هەردووو نەخۆشەکە گیانیان لەدەستداوە.
بەگوتەی بەرپرسانی تەندروستی لە غانا، جگە لەو دوو تووشبووە تاوەکو ئێستا 98 کەسی دیکە گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی ماربێرگیان لێدەکرێت و کەرەنتینکراون کە زۆربەیان کەسە نزیکەکانی دوو تووشبووەن.
ساڵی رابردوو بۆ یەکەمجار و ئەمساڵیش دەبێتە دووەمجار کە ڤایرۆسی ماربێرگ لە رۆژئاوای ئەفریقا بڵاودەبێتەوە. رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، بەخێرایی ئامادەکاری دەکەن و کاردانەوەیان دەبێت.
د. ماتشیدیسۆ مۆیتی، بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە ئەفریقا دەڵێت، تیمێکی هاوبەشیان پێکهێناوە کە لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی ڤایرۆسەکە دەکەن و کاری جیددی دەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە.
ڤایرۆسی ماربێرگ ڤایرۆسێکی گوازراوەیە و لەڕێگەی شلەکانی جەستەوە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرێتەوە، نیشانەکانی نەخۆشییەکە سەرەتا هاوشێوەی پەتایەکی ئاساییە و دواتر تا، سەرئێشە، رشانەوەی خوێناوی و خوێنبەربوونە.
ڤایرۆسی ماربێرگ ساڵی 1967 لە ئەڵمانیا دۆزراوەتەوە، ساڵی 2005 لە ئەنگۆلا 200 کەس بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستدا.