ئەوانەی لە جەڵتەی مێشک رزگاریان بووە پێویستە رۆژانە لایەنی کەم 30 خولەک چالاکی جەستەیی ئەنجامبدەن

رووداو- دیجیتاڵ


ئەکادیمیای ئەمریکی پزیشکانی پسپۆڕی مێشک و دەمار رێنماییدەداتە ئەوانەی تووشی جەڵتەی مێشک بوون، رۆژانە پیادەڕەویکردن و چالاکی جەستەیی ئەنجامبدەن.

پزیشکانی پسپۆری مێشک و دەمار لە ئەمریکا لە توێژینەوەیەکدا بۆیان دەرکەوتووە ئەوانەی لە جەڵتەی مێشک رزگاریان دەبێت، دواتر بایەخ بە ئەنجامدانی چالاکی جەستەیی دەدەن و رۆژانە لەنێو باخچەکانیان پیادەڕەوی دەکەن مەترسیی مردنی پێشوەختەیان بەهەر هۆکارێک بێت کەمتردەکات.

د. راید جۆندی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ئەوانەی لە جەڵتەی مێشک رزگاریان دەبێت، ئەگەر رۆژانە لایەنی کەم 30 خولەک پیادەڕەوی بکەن یان پاسکیلسواری ئەنجامبدەن مەترسیی مردنی پێشوەختەیان بەرێژەی ٪54 کەمتردەبێتەوە.

توێژینەوەکە لەسەر 895 کەس ئەنجامدراوە کە تێکڕایی تەمەنیان 72 ساڵ بووە، پزیشکانی دەستەی مێشک و دەمار لە ئەمریکا بۆیان دەرکەوتووە رزگاربووانی جەڵتەی مێشک ئەگەر لە هەفتەیەکدا لایەنی کەم دوو بۆ سێ کاژێر لەنێو باخچەی ماڵەکەیان پیادەڕەوی بکەن یان پاسکیلسواری بکەن مەترسیی مردنی پێشوەختەیان بە رێژەی ٪54 کەمتردەبێتەوە.