لە گینیا سێ کەس بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئیبۆلا گیانیان لەدەستداوە

رووداو- دیجیتاڵ

وەزارەتی تەندروستیی گینیا مردنی سێ کەسی بە ڤایرۆسی ئیبۆلا راگەیاند.


بەگوێرەی ئەو راگەیێندراوەی وەزارەتی تەندروستیی گینیا بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ سێ تووشبووی ڤایرۆسی ئیبۆلا گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش دوای شەش ساڵ لە نەمانی هیچ تووشبوویەک لەو وڵاتە.

دوای مردنی ئەو سێ کەسە، حکومەتی وڵاتەکە دەستیکردووە بە ئەنجامدانی پشکنین بۆ هاوڵاتیان و جیاکردنەوەی گومانلێکراون.

پزیشکان و بەرپرسانی تەندروستیی گینیا رایدەگەیێنن، سەرهەڵدانەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا لەم کاتەدا کە هەمووان خەریکی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنان کارێکی زەحمەتە.

سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە وڵاتەکە دەگەڕێتەوە بۆ تووشبوونی منداڵێکی تەمەن 18 مانگان لە گوندێکی وڵاتەکە، ئەو کاتە گوایە منداڵەکە لە شەمشەمەکوێرەوە تووشبووە، نموونەی لێوەرگیرا بۆ بەدواداچوون، بەڵام هاتنە سەر هێڵی دەزگا جیهانییە تەندروستییەکان و رەتکردنەوەی ئەوەی منداڵەکە تووشی ئیبۆلا بووە، بووەهۆی ئەوەی ئیبۆلا ببێتە پەتایەک کە چەندین ساڵە نەتواندراوە لەو وڵاتە کۆنترۆڵبکرێت.

بەرپرسانی تەندروستیی هیواخوازن بتوانن بە ڤاکسینی ئیبۆلا رووبەرووی ئەم پەتایە ببنەوە.

ئیبۆلا ڤایرۆسی نەخۆشییەكی كوشندەیە، پێنج جۆری هەیە و چواریان دەتوانن مرۆڤ نەخۆش بخەن، دوای ئەوەی دەچنە لەشەوە، خانەكان دەكوژن و وا لە هەندێكیان دەكەن بتەقنەوە، سیستمی بەرگریی لەش تێکدەدەن و دەبنە هۆی خوێنبەربوونی ناوەكی، بە نزیكەیی سەرجەم ئەندامەكانی لەش تێكدەدەن، ڤایرۆسێكی تا بڵێی ترسناكە، بەڵام تەنیا بە بەركەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ كەسی تووشبوودا دەگوازرێتەوە.

چۆن دەگوازرێتەوە؟


لە كەسێكەوە دەگوازرێتەوە بۆ كەسێكی دیكە لە رێگەی شلەی لەش، خوێن، پیسایی، رشانەوە، تۆوی پیاو، میز، ئارەقە، فرمێسك، هەروەها شیری دایكیش، كاتێك یەكێك لەو شلانە بچنە دەم، لووت، كۆئەندامی زاوزێ، یان شوختێكی پێست.

نیشانەكانی


لە ماوەی 2 بۆ 21 رۆژ نیشانەكانی دەردەكەون، سەرەتا بە هەڵامەت دەستپێدەكات، لەرز و تای كتوپڕ، بێهێزی، ئازاری ماسولكەكان، سەرئێشە و قوڕگ ئێشە.

كاتێكیش نەخۆشییەكە خراپتر دەبێت، نیشانەكان دەگۆڕێن بۆ رشانەوە، سكچوون، خوێن هەڵهێنانەوە بێ ئەوەی برین هەبێت، خوێن لێهاتن لە پووك و چاو.

ئیبۆلا لە كوێیە؟

ئەم ڤایرۆسە بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1974 دۆزرایەوە، سێ جار بڵاوبووەتەوە، بەڵام لە 2014 دا لە گینیا دەستی بە بڵاوبوونەوە كرد و دواتر بۆ سیرالیۆن و لیبریا و نەیجیریا پەڕییەوە. زیاتر لە وڵاتانی ئەفریقیا هەیە.