خزمێکی ئەو ژنەی لە سلێمانی گیانی لەدەستدا: پێش نەشتەرگەری هیچ پشکنینێک بۆ نەخۆشەکەمان نەکرا
رووداو دیجیتاڵ
خانمێک لە سلێمانی دوای نەشتەرگەرییەکی جوانکاری گیانی لەدەستدا. نەشتەرگەرییەکە لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت بووە و بەهۆی سکاڵای کەسوکاری نەخۆشەکەوە ئێستا پزیشکەکە دەستگیرکراوە.
زریان شەهریار، کچی پووری ئەو خانمەیە گیانی لەدەستداوە، لەکاتی بەشداریکردن لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی: "بەر لە نەشتەرگەری، هیچ پشکنینێک بۆ نەخۆشەکەمان نەکرا".
بە گوتەی زریان شەهریار، كچی پووری "لە کاژێر 01:00ـی دوای نیوەڕۆ تاوەکو 09:00 بۆ 9:30ـی شەو لە ژووری نەشتەرگەری بوو؛ دوای هاتنەدەرەوە ئازاری هەبوو و کاریگەری بێهۆشکەرەکانی لەسەر بوو؛ رەنگی لێو و دەموچاوی تێکچووبوو."
زریان شەهریار دەڵێت، كچی پووری "دوای دوو کاژێر دۆخی خراپتر بوو و دەیگوت، "خەریکە دەخنکێم."
زریان شەهریار کە لە کاتی نەشتەرگەری لەگەڵ کچە پوورەکەی بووە، دەڵێت، "دوای ئەوەی دۆخی تێکچوو، پزیشکەکانمان ئاگادارکردنەوە. ئەوانیش دەرزی ئازارشکێنیان لێدا و دواتر هیچ جووڵەیەکی نەما."
زریان شەهریار باسی لەوە کرد، "دوای ئەوەی کچی پوورم هیچ جووڵەیەکی نەما، جارێکی دیکە پزیشکمان بانگ کرد. ئەوانیش هاتن و کارەبایان لێدا و پزیشکی خۆیشی هات. پشکنینیان کرد و پێیان گوتین گیانی لەدەستداوە."
بەپێی راپۆرتی پزیشکی دادوەری، ئەو خانمە بەهۆی ئەوی نەخۆشیی دڵی هەبووە، گیانی لەدەستداوە. زریان شەهریار لەوبارەیەوە گوتی: "ئێمە پێشتر نەمانزانیوە کچی پوورم نەخۆشی (گەورەبوونی دڵی) هەیە."
لەبارەی هۆکاری ئەنجامدانی ئەو نەشتەرگەرییە، زریان شەهریار بە رووداوی گوت: "کچی پوورم کێشی زۆر بوو. بەر لە چوار ساڵ نەشتەرگەری گەدەی کرد بۆ ئەوەی کێشی دابەزێنێت، بەڵام پێستی داکەوتبوو و نەیدەتوانی بە باشی جووڵە بکات و هەربۆیە بڕیاری دا نەشتەرگەری بکات. پزیشکان پێیان گووتبوو ئەو نەشتەرگەرییە قورسە و نرخەکەشی زۆره ."
زریان شەهریار دەڵێت: "من خۆم نەشتەرگەری دەرهێنانی چەوریم کردووە، بەڵام ئێستا لەشم تێکچووە و قوربانی ئەنجامدانی نەشتەرگەری جوانکاریم."
زریان شەهریار ئاماژە بەوە دەکات: "بەهۆی نەشتەرگەرییەوە شێوەی گوێچکەم و سەروچاوم تێکچووە. شێوەم وا گۆڕاوە کە بە وێنەی من منداڵان دەترسێنن."
ئەو خانمەی کە لە سلێمانی بەهۆی نەشتەرگەرییەوە گیانی لەدەستداوە تەمەنی 41 ساڵ بوو و دوو منداڵی هەن. خێزانەکەی سکاڵای تۆمارکردووە.