توێژینەوەیەک: کۆرۆنا دەبێتەهۆی جەڵتەی مێشک، گەشکە و گرفتەکانی پەیوەست بە جوڵە

رووداو- دیجیتاڵ

توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێتەهۆی تووشبوون بە گرفتەکانی پەیوەست بە مێشک و دەمار بە تایبەتی جەڵتە، گەشکە و گرفتەکانی پەیوەست بە جوڵە.


پزیشکانی سکوڵی پزیشکی بۆستن لە توێژینەوەیەکی نوێیاندا بۆیان دەرکەوتووە ڤایرۆسی کۆرۆنا جگەلەوەی کە هۆکارێکە بۆ سەرئێشە و لاوازبوونی یادەوەری بەڵکو بە چەندین شێوەی دیکەش کاردەکاتە سەر کۆئەندامی مێشک و دەمار.

د. پریا ئەنئاند، پرۆفیسۆری یاریدەدەری نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە سکوڵی پزیشکی زانکۆی بۆستن دەڵێت، ئامانجی ئێمە لەم توێژینەوەیەیە ئەوەیە دیوێکی دیکەی تووشبوون بە کۆرۆنا بخەینەڕوو بۆ ئەوەی لە چارەسەرکردنی تووشبوواندا هیچ شتێک فەرامۆش نەکەین.

لە توێژینەوەکەدا پزیشکان بەدواداچوونیان بۆ 921 تووشبووی کۆرۆنا کردووە و تێکڕایی تەمەنی بەشداربووانیش 64 ساڵ بووە، پزیشکە ئەمریکییەکان بۆیان دەرکەوتووە 18 بەشداربوون دوای تووشبوونیان بە کۆرۆنا تووشی جەڵتە بوون، 15 بەشداربوو گەشکەیان گرتبوو و 26 تووشی گێژبوون، حەوت بەشداربووی دیکە تووشی گرفتی جوڵە بووبوون و سێ بەشداربووش تووشی زەبربەرکەوتن بە مێشک بووبوون بەهۆی کەوتنیان لەماوەی تووشبوون بە کۆرۆنا.

ئەوەی سەرنجی پزیشکانی ئەم توێژینەوەیەیە راکێشاوە ئەوەیە ئەم لێکەوتانەی کۆرۆنا زیاتر لەنێو خەڵکی ئەو ناوچانەیە کە هەژارن و داهاتیان کەمە.

د. ئۆرلی ئایتزور، بەڕێوەبەری ئەکادیمیایی پزیشکانی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار لە ئەمریکا دەڵێت، دەکرێت ڤایرۆسەکە راستەوخۆ کاربکاتە سەر مێشک و ئەو گرفتانە دروستبکات دەشکرێت بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ بێت لە رێگەی زۆر چالاکبوونی سیستەمی بەرگری جەستە.

پزیشکە پسپۆڕەکەی مێشک و دەمار روونیدەکاتەوە، زۆربەی ئەو تووشبووانەی بە سەختی کۆرۆنا دەگرن و ئاستی ئۆکسجینیان کەمە، زیانێکی زۆر بە مێشکیان دەگات.