لە لیتوانیا ئەسپسواری بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی ئۆتیزم بەکاردەهێندرێت
رووداو - تەندروستی
هاوشان لەگەڵ پێشکەوتنی زانست و تەکنۆلۆژیا، ئەسپ لە جیهانی نوێدا بە کاریگەرییەکەی زیاتر خۆی دەسەلمێنێت، لەنوێترین دۆزینەوەدا پزیشکانی چارەسەری سرووشتی لە لیتوانیا دەریانخستووە، ئەسپسواری سوودی بۆ چارەسەرکردنی هەندێک نەخۆشیی منداڵان دەبێت.
دەرکەوتووە کە ئەسپسواری بۆ نەخۆشییەکانی دەروونی، ئۆتیزم و داون سیندرەم بەسوودە و نیشانەکانیان کەمدەکاتەوە.
ریتا لینکین، دایکی نەخۆشێکەوە و دەڵێت: "منداڵەکەم بەجۆش و خرۆشترە و ترسی لە بەرزایی نەماوە. پێموایە بەرەوپێشچوون هەیە."
بە گوێرەی بەداوداچوونی پزیشکانی لیتوانی، چارەسەری سرووشتی لە رێگەی ئەسپسواری 'باوەڕبەخۆبوون، پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، رادەی هۆشیاری و ئارامی و توانای خۆکۆنتڕۆڵکردن' لەنێو منداڵان دا بەهێزتر دەکات.
سڤاجا سیمناوسکی، راهێنەر دەڵێت: "هەرگیز منداڵانم هێندە دڵخۆش نەبینیون. کە ئۆفیسەکەم جێدەهێڵن بەوجۆرە دڵخۆش نین. هەر کە لە ئەسپسواری دەگەڕێنەوە، ئارامترن، وشەی زیاتر فێردەبن و سەرنجیان بەهێزترە، ئاستی بەرپرسیارێتییان بەرزبووەتەوە."
چەندین توێژینەوە نیشانیانداوە، هاوڕێیەتیکردنی هەندێ جۆری ئاژەڵ و باوەشکردن پێیاندا، لەنێویاندا سەگ، پشیلە، ئەسپ و مانگا دەبێتە هۆی دەردانی هۆرمۆنی ئۆکسیتۆسین کە بە هۆرمۆنی دڵخۆشی دەناسرێت.
ئەم توێژینەوانە حکومەتی لیتوانیایان هانداوە 770 هەزار یۆرۆ لە پرۆژەیەکی پەرەپێدانی چارەسەری سرووشتی بە سوود وەرگرتن لە ئاژەڵی ماڵی خەرج بکات.