نەخۆشخانەی شارەزوور: تەنیا 5 نەخۆشی سکچوون لە نەخۆشخانە ماون
رووداو دیجیتاڵ
دوای دۆزینەوەی سەرچاوەی هۆکاری هەبوونی سکچوون و رشانەوە لە قەزای شارەزووری پارێزگای سلێمانی و هەوڵدان بۆ چارەسەکردنی دۆخەکە، بەرپرسێک لە نەخۆشخانەی قەزاکە دەڵێت، سکچوون و رشانەوەکە بەرەو کۆتایی دەچێت.
سامان سابیر، بەرپرسی بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی شەهید رەئووف بەگ لە قەزای شارەزوور، کە بە "هەڵەبجەی تازە"ش ناسراوە، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تووشبوون گەیشتە نزیکەی 3000 نەخۆش، بەڵام ئێستا بە تەواوی کەمبووەتەوە."
لە 7ی ئەم مانگەوە سکچوون و رشانەوە لە قەزای شارەزوور لە پارێزگای سلێمانی بڵاوبووەتەوە. سامان سابیر دەڵێت، "ئێستا تەنیا 5 نەخۆش لە نەخۆشخانە ماون کە چارەسەر وەردەگرن."
دوای زیاتر لە 48 کاژێر لە بڵاوبوونەوەی سکچوونەکە، هۆکارەکەی ئاشکرا بوو، کە ئەوە بوو ئاوی خواردنەوەی قەزاکە تێکەڵی ئاوی زێراب ببوو.
بۆ کۆتاییهێنان بە سکچوون و رشانەوەکە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی شارەکە دوو رۆژە لە رێگەی تانکەرەوە ئاوی خاوێن دابەش دەکات.