لە سێواز سێ کەس بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە گیانیان لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە مانگەکانی هاویندا لە پارێزگای سێوازی باکووری کوردستان تووشبوون بە تای خوێنبەربوون زیادیکردووە. پارێزگاکە رایگەیاند، 22 تووشبوو بەو نەخۆشییە دەستنیشان کراون و بەو هۆیەشەوە سێ کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
لە بەیاننامەکەیدا، کە لە هەژماری سۆشیال میدیای بڵاوکراوەتەوە، پارێزگای سێواز رایگەیاندووە، چارەسەرکردنی دوو نەخۆشی گومانلێکراو و سێ نەخۆشی تووشبوو بە تای خوێنبەربوون لە کلینیکی نەخۆشییە گوازراوەکانی نەخۆشخانەی فاکەڵتیی پزیشکیی زانکۆی جمهورییەتی سێواز بەردەوامە.
 
لە بەیاننامەکەدا باس لەوە کراوە، پێویستە دەلینگی پانتۆڵ بخرێتە ناو گۆرەوییەوە لەکاتی چوون بۆ کێڵگە، باخی ترێ و باخچە و دارستان و شوێنەکانی سەیران، پێویستە ئەو جلوبەرگانە لەبەر بکرێن کە جەستە دادەپۆشن و قاچی پانتۆڵیش ببەسترێت. هەروەها پێویستە جلوبەرگی رەنگی کراوە بپۆشرێت بۆئەوەی بە ئاسانی گەنەکان ببینرێن و نابێت بە دەستی رووت دەست لە گەنەکە بدرێت.
 
پارێزگای سێواز داواشی کردووە، لەکاتی گەڕانەوە لە ناوچە مەترسیدارەکانی گەنە، پێویستە پشکنین بۆ جەستە بکرێت، بۆئەوەی بزانرێت گەنە هەیە، لەوانەش: پشت گوێ، ژێر باڵ، پشت و پشت ئەژنۆ.
 
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەوانەی بەرکەوتەی نەخۆشەکە دەبن، پێویستە رێوشوێنی خۆپارێزیی پێویست بگرنەبەر. دوای بەرکەوتن لەگەڵ گەنە لە ماوەی 10 رۆژدا، ئەگەر کەسەکە ئارەزووی خواردنی نەبێت، تا، ئازاری جەستە، سەرئێشە، سکچوون و رشانەوەی هەبێت، پێویستە سەردانی نزیکترین دامەزراوەی تەندروستی بکات.